وتار
جیاماڵی لە گەڵ دزەکان!
Thursday, 03.18.2021, 03:27 PM
دزەکان؛ لەم قۆناغەدا، لە هەرێمەکەی ئێمەدا، ناوە میللیەکەی دەسەڵاتدارەکانە. دەسەڵاتدارەکانیش ناوە سیاسیەکەی دزەکانە!
دەسەڵاتداران؛ لە ساڵێکدا ٣٦٥ رۆژ هیچ شتێک بۆ هەڵەبجەی شەهید ناکەن.
بەڵام لە یەک رۆژی ساڵەکەدا، کە ١٦ی ٣یە، بارتەقای ١٠ ساڵ درۆ بۆ هەڵەبجەییەکان ئەکەن!
دزەکان؛ هەمو روداوە راستەقینە، ناخۆش و خۆشەکانی ناو مێژوی ئێمەیان گۆڕیوە بۆ سەکۆی ئەنجامدانی شانۆگەری درۆ!
لە ١٦ی ٣دا، کەسوکاری قوربانیەکان لە حەسەرەتی ژانی جینۆسایدی هەڵەبجەو درۆی دەسەڵاتدارەکاندا، حەز ناکەن لە ماڵەکانیان بێنە دەرێ.
لێ ئەو رۆژە بەرپرسەکان بەتاک و بەکۆ، بە جلی کوردی و قات و ریباتەوە، لە مۆڵگەکانیان دێنە دەرو، لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا، لە بەردەم بارەگاکانیاندا، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا، لە ریزە-کورسی پێشەوەی بۆنەکاندا، لە شانۆگەری پوچ و بێتامدا خۆیان دەنوێنن!
هەڵەبجە وەک رۆژێک بۆ درۆ، ئەنفال وەک رۆژێک بۆ درۆ، رۆژی شەهید وەک رۆژێک بۆ درۆ، جلی کوردی و راپەڕین و نەورۆز وەک رۆژانێک بۆ درۆ، هەمو ئەم رۆژانە لە ئەسڵ و مانای خۆیان داماڵراون و لەوە کەوتون موڵکی خەڵک بن!
هەمو ئەو بۆنانە بەرگی دەسەڵاتدارانیان بە بەردا کراوەو گۆڕاون بۆ رۆژانی جینۆسایدی یادگاریەکانی ئێمە!
دزەکان، لە هەمو لایەکەوە خۆیانیان لێ ئاڵاندوین و رۆچونەتە ناو هەمو ژیانمانەوە.
ئێمە یان دەبێ لە ماڵەکانی خۆماندا بمێنینەوەو نابێ پرسە بۆ خۆمان بگێڕین، یان دەبێ بە پێی نەزم و ریساو یاسای دەسەڵاتداران پرسە بگێڕین!
یان نابێ راپەڕین وەک بۆنەیەکی خۆش و پڕ شانازی تەماشا بکەین و چێژی لێ ببینین، یان دەبێ خۆشی ئەو بۆنەیە لە هەمان ئەو کاسەیەدا نۆش بکەین، کە بە دەستی دەسەڵاتدارانەوەیە.
دەسەڵاتداران وایان کردووە، ماڵی دەستکەوتەکانی جینۆسایدی هەڵەبجەو ئەنفال و راپەڕین ماڵی گەل نەبن، تەنها ماڵی سیاسیە بازرگانەکان بن.
ئێمە ئێستا خاوەنی هیچ نین، هەرچیمان هەیە رەنگ و بۆن و تامی دزەکانی گرتووە!
لە هەر دەرگایەکەوە روو لە مێژوی خۆمان دەکەین، لە گەڵ دەسەڵاتداراندا بەریەک دەکەوین.
دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم تێکەڵکردنە ئامانجدارە، جیاماڵیمان لە گەڵ دەسەڵاتداراندا، لێ دەخوازێ!
بۆیە، یەکێک لەو کارە گرنگانەی دەبێ رۆژێک زوتر بیکەین، جیاکردنەوەی ماڵی میللەتە لە ماڵی دزەکان!
جیاکردنەوەی یادگاریە تاڵ و شیرینەکانمانە لە یادگاریە-روکەشەکانی دەسەڵاتداران.
جیاکردنەوەی رابردوو ئێستاو ئایندەمانە لە هی دزەکان.
جیاکردنەوە ناکاتە دەستبەرداربون و راکردن لەو بۆنانە، بەڵکو پێویستە رۆحی شەڕەنگێزی دزەکان لە جەستەی بۆنە میللی و نیشتیمانیەکان دەربهێنین.
پێویستە خوێندنەوە و ماناپێدان و پێناسەی ئێمە، هەڵوێست و کاردانەوەی ئێمە، بۆ زاراوەو چەمک و روداوەکانی ناو مێژومان جیاوازبێت، لە هی دەسەڵاتداران.
بۆ ئەوەش هێندە بەسە لەم قۆناغەدا بۆنەکان، لە بۆنەی فەرمیەوە بۆ بۆنەی میللی بگۆڕین.
هێندە بەسە میللەت چەند رۆژێک پێش مەراسیمە فەرمیەکانی دەسەڵاتداران، پرسەو ئاهەنگی فراوان و شکۆدارو بەجەوهەر، بۆ رۆژە ناخۆش و خۆشەکان لە هەمو شوێنێک رێک بخەن.
هێندە بەسە هەمو مەراسیمە فەرمیەکانی دەسەڵاتداران بەجێبهێڵرێن بۆ خۆیان و حاشیەکانیان.
کارو هەڵوێستێکی لەم جۆرە گرنگ و شوێندانەر ئەبێ، بە ئاڕاستەی گەشەدان بە سۆزو یادگاری هاوبەش، بە ئاڕاستەی پێکەوە بونمان، بە ئاڕاستەی گێڕانەوەی ماڵ بۆ خاوەن ماڵ.
پێویستە جیاماڵی بە ئاڕاستەیەکدا ببەین، هەمو جەمسەرەکانی دەسەڵاتداران و سیستەم، لە پەراوێزی خەڵکدا، لە گۆشەیەکی تاریکدا بەجێ بهێڵرێن.
با هەر خۆیان شانۆکارو بینەری خۆیان بن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس