وتار
نامەیەکی کراوە بۆ داواکاری گشتی یان داواکاری دەسەڵات!
Sunday, 02.28.2021, 04:32 PM
وەك ئەركی فەرمانبەری و مۆرالیتان گوایە ئێوە نوێنەری ئێمەی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردین لەناو دادگاکان.
گوایە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزو نمونەیین بۆیە لەخۆتان ڕادەبینن ببنە نوێنەری تاوانباران و تاونبارکراوان یان بێتاوان بە گشتی . کاری ئیوەیە داواکاربن بە ناوی ئێمەی تاکی کورد مافمان بپارێزێت دژ بە ناداپەروەری و ستەمکاری.
ئێوە سوێندتان خواردبوو کە ئەرکی مۆڕالی پێشەیی خۆتان ئەنجام بدەن، دور لە ناراستی لەگەڵ خۆتان و پیشەکەتان و خەڵک. سوێندتان خۆاردبوو کە هەرگیز ئامادە نەبیت خۆتان و ویژدان و نە پرنسیپتان بفرۆشن بە هیچ نرخێك. بەڵێنتان دابو بێلایەن بن و سەربەخۆبن و داواکاریەکانتان یەکسان بێت لەگەڵ هەست و ڕۆحی کۆمەڵگاکەتان.
گوایە نمونەیین و و چۆک دانادەن بۆ هیچ نادادپەروەری و سستەمکاریەك. گوایە خاوەن کەسایەتیەکی بەهێزن، بۆیە ئەم پیشەیەتان هەڵبژاردووە، کە گوایە یەکسانە لەگەڵ بیرو هۆش و زانست و توانای خۆڕاگریتان و هەستی ناسک و مرۆڤ دۆستیتان. گوایە هەمیشە ئارەزومەندن نوێنەرایەتی کەسانی بێدەسەڵات و مافخوراوان و زۆرلێکراو بن.
گوایە بەیەک چاو رەفتار لەگەڵ تاک بەتاکی کۆمەڵگاکەتان دەکەن و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، بە بێ جیاوازی هەمووان وەک کەس و منداڵی خۆتان دەیانپارێزیت.
گۆایە ئێوە چاودێرن بەسەر یاساوە و هەوڵ دەدەن بەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگادا بیسەپێنن. مەخابن، کردارتان لەگەڵ کەیسی هاوڵاتیانی ئازادیخوازان و مافخوراوان تەواو پێچەوانەی کەسایەتی داوکاری گشتی بو. دۆڕاندنی بێباوەریمان بەرامبەرتان لە ناخماندا سەریهەڵدا، هەر بۆیە ئەمرۆ ئێمە توڕەین وهاتوێنتە دەنگ و هاوار.
لە کەیسی شێروان شڤان و گۆهدار و ئەیاز و هەریوان، بۆمان دەرکەوت و بونە بەڵگە بۆمان کە؛ ئێوە تەنها وتەنها کارتان تاوانبارکردنە نەک پارێزگاری کردنی بە ناڕەوا تاوانبارکراوانی تاکەکانی کۆمەڵگاکەتان.
گوایە خاون دەنگ و ئیرادەی بەرزی خۆت و دادپەروەریت، بەڵام بینیمان کە ئێوە تەنها توتیەکی دوبارەکەرەوەی ئاوازی بەرپرسانی بنەماڵەکانن.
گوایە ئێوە لە ئاستێکی هۆشیاری وادان کە شرۆفە بۆ کەیسەکان بکەن هاوتەریب لەگەڵ یاساکان. هەروەک ئەوەی ئێمەی بێ دەسەڵات چاوەروانی ئێوەی فریادرەسین چاوەڕوانی ئەوەتان لێدەکەین کە پەنجەتان بۆ تاوانباران ڕادەکێشن و پشتگیری بێتاوانان بکەن و مافی مافخۆراوانیش بگێڕنەوە. مەگەر ئێوە مافپارێز نین. سوێندتان نەخواردوە بە تاوانبارکردنی تاوانبار و پارێزگاری بێتاوان؟
گوایە ئەرکی ئێوە بەرپرسیارێتی ڕگرتنی هاوسەنگیە لە نیوان تاوانبار و بێتاوانا، لە پێناوی سەقامگیری و ئارامی و شکۆ و بەهای مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەمان؟ مافی ئەوەتان پێدراوە کە دادپەروەری رابگرن لەنێوان دەسەڵات وهاوڵاتیان. ئەی بۆچی ئەو بوێریەتان نەبو ئەو ئەرکە ئەخلاقییەتان بەجێ بهێنایە، بۆ تەنها جارێکیش بێت تاوانە بێشومارەکانی دەسەڵات و بنەماڵەکانتان ببینن و بانگیان بکەنە بەر دادگا بۆ تەواوی ئەو دزی و گەندەڵییانەی ڕۆژانە بەربەرچاوی هەموان ئەنجامدەدرێت؟ بۆ ئێوە هێشتا بێئاگان لەوەی کە دەسەڵاتێکی ڕەهان و یەکێکن لە سێ دەسەڵاتە سەرەکیەکان؟
لە یادتان نەماوە چ سوێندێکتان بە قورئانەی خواو بە خوا خواردووە؟ ئاوا ڕێز لە ئایین و خواکەتان و کتێبی پیرۆز دەگرن؟ یان ڕێزی ئیوە تەنها لە ڕێگای سەرپۆشێكەوەیە کە تاڵەکانی قژتان بشارێتەوە و ناوەرۆکتان و ویژدان و مۆراڵ و پرنسیپتان روتکاتەوە؟ ئێوە لە وانەی یاسادا نەتان خۆێندوە کە بێ بەڵگە و تەنها گومان، دوودڵی و ڕاڕایی لە تاوانی تاوانبارکراوا دروست دەکات. یان ئێمە دەبێت بیرتان بخەینەوە بەوەی کە لەو ئایینەدا کە تەنها سەرپۆشێکت بۆ پۆشیوە لە حەدیسی سەحیحدا دەڵێت: ''ان الظن مستقبح'' بە واتەی گومانکردن جێگای قێزە، ئەو بنەمایە لە یاسا و دادگاکانی وڵاتانی ئەوروپا پەیڕەو دەکرێت کە نە دەزانن حەدیس چیە و نە دەزانن سەحیحە یان کازیبە!.
لەسەر بنەمای بەڵگە گۆمانکراوەکان تۆ و داورەکان ویستتان بازرگانەکانی دەسەڵات رازیبکەن، بێ تاوانەکان تاوانباربکەن هەربۆیە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیتان توشی قێزو شۆک و تۆرەیی کرد و ئەنجامی چاوەڕوان نەکراوی تیشی بەدوادا دێت.لەناوەرۆکتانا بە ڕۆحیەتێکی زەمانی بەعس ڕەفتار دەکەن، وەک ئەوەی لەو خەیاڵەدا بیت کە هێشتا لەسەردەمی رژێمدا دەسەڵات دەنوێنیت.
ئەوە داواکاری گشتی نییە کە گوێگری یاساکان و سیستەمەکانە، بەڵکو ئەوە یاساکان و سیستەمەکانە کە گوێگرو وەڵامدەرەوەی هەلومەرج و داواکاریەکان وپێویستیەکانی کۆمەڵگاکانن، کە دەکرێت بە ئەخلاق و ڕێزەوە پەیڕەوی بکرێن و بکرێنە یاسا بۆ راگرتنی شکۆی تاکی کۆمەڵگا.
ئەوە بیرو هەستی کۆمەڵگایە کە دەچەقێتە ناو سیستەم و بنەماکانی و دەبێتە یاسا، نەک سیستەمێکی بێ مۆڕاڵ لە بەرژەوەندی کۆیلەداری دڕندە و درۆزندا بچەقێتە ناو ژیانی کەسانی مافخوراو و ئازادیخواز.
ئێوە بەڵێنتان دا مافی گشتی بپارێزن، نەک داواکانی دەسەڵاتداران! ئێمە ئەو راستیە دەڵێین و سەدان جار دوپاتی دەکەینەوە، کە ئێوە هەرگیز شایەنی نازناوی ''داواکاری گشتی'' نین، مافی خۆمانە لە ئەمرۆوە ناوت بنێین، داواکاری دەسەڵات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس