لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بایکۆت و بەرەنگاری

Sunday, 10.03.2021, 11:12 PM


هاونیشتمانی بەڕێز..

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیراق، کۆمەڵێک چالاکەوانی سیاسی خۆبەخش و ژمارەیەک لە نوێنەری گرۆ و بازنەکانی گفتوگۆی جیاواز لە ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەماوەی ڕابردوودا ڕێکخست. سەرئەنجام گەیشتینە بڕیار بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتێك بۆ بۆیکۆت و بەرەنگاری هەموو ئەو پرۆسانەی ئەمڕۆ بە ناوی هەڵبژاردنەوە لە ئێراق و کوردستاندا بەڕێوەدەچن. ئەم هەڵمەتە پشتیوانی لە هەموو ئەو هەڵمەتە هاوشێوانەی خۆی دەکات کە لەلایەن گرۆ و کەناڵە جیاوازەکانی ترەوە لە کوردستان و ئێراقدا ڕاگەیندراون.

ئەمڕۆ لە ئێراقدا پرۆسەیەکی بەرەنگاری خۆڕسک و سروشتی بەڕێکەوتووە دژ بەو باند و پارتە دەسەڵاتدارانەی بێشەرمانە ژیانێکی سیاسی تاڵانکاری و ستەمکاری بەڕێوەدەبەن.
لە دۆخی پەرتەوازەکردنی شەقامی سیاسی و پشتگوێخستنی داواکاری و خۆپیشاندانەکاندا بۆیکۆتی هەڵبژاردن بەهێزترین چالاکی سیاسی ئەو بەرەنگارییە خۆڕسك و سروشتییەی خەڵکە. هەروەها یەکەم هەنگاوی سەرەتایی گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆی ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر خەڵکی ئەم نیشتمانە دەکرێت. بەشداری نەکردنی خەڵک لەسەراسەری ئێراقدا، بەجۆرێک پەرەی سەندووە تەواوی دەسەڵاتدارانی هەراسانکردووە و لێرە و لەوێ بەعس ئاسا خەریکی بەرتیل بەخشینەوە و هەڕەشەی نانبڕینن، ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکات. بەڵام ئەم کردەوانە جگە لە شکست هیچ دەستخستێکی تری بۆ ڕژێمە باندگەراییەکەیان نابێت.

دەسەڵاتی دەرفەت دزی ئەمڕۆی ئێراق و کوردستان، هەرچی پێ بکرێت بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو قەیرانانەی تێی کەوتووە دەیکات، لەوانە بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەختە. هەر لەناو ئەو هەڵبژاردنانەشدا لیست و باندەکانی قاچاخچێتی سامانی سروشتی، کەوتوونەتە شەڕێکی چەواشەکارانەوە لە ناو خۆیاندا بۆ گەرمکردنی شایی و گەمەکانی هەڵبژاردن. ئەم باندانە کۆکن لەسەر بەشبەشێنەی گەندەڵی و جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک هیچی تریان لێ چاوەڕوان ناکرێت. تەنانەت، دەنگدان بە تاکی سەربەخۆ و سەرخستنی هەندێک کەسایەتی بەڕێز بۆ ناوەندەکانی بڕیار، جگە لە ناشرینکردنیان هیچی تری لێ سەوز نابێت. ئەم باندانەی ستەمکاری کە ئەمڕۆ لە کوردستان و ئێراقدا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، هیچ کات گوێبیستی دەنگ و سەدای ئەوانە نابن کە دەخوازن مافەکانی خەڵک بۆ خۆیان بگەڕێتەوە. بەڵکو ئەوان چی بخوازن دەیکەن بێ گوێدانە شەرعییەت و بێ گوێدانە پرسەکانی خەڵک و نیشتمان. ئەم باندانە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە تەعینکراون و بەکرێگیراوانە لەسەر گەمەی دەسەڵاتداری لە ئێراقدا دەژین. سەبارەت بە کوردستانیش، هەتا ئەمڕۆ پرسەکانی هەرێمی کوردستان پرسێکن بەستراوەن بە ئێراقەوە و لە یەکتری جیانین، بۆیە گەمەی باندە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش بەشێکە لەو پرۆسەی گەندەڵییەی لە ئێراق و ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. هەر ئەم باند و قەوارانەش ناتوانن یەك هەنگاو پرسە نیشتمانییەکان بەرنە پێشەوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵک باشتر بکەن.

نەچوون بۆ دەنگدان و بەشداری نەکردن لەم پرۆسە گاڵتەجاڕییەدا و پەکخستنی پرۆسە و ناوەندەکانی دەنگدان ئەرکێکی نیشتمانی شەرەفمەندانەیە بۆ هەرکەسێک بە هۆشیارییەوە بەشداری تێدا بکات. ئەم ئەرکە بەتەنیا ئەرکێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسی گشتی جدییە و ڕەتکردنەوەی دۆخ و پرۆسەیەکی گێلکردنی نەخوازراوە. بەشداری نەکردن و ڕێگری کردن لەم پرۆسەیە لایەنی کەمی توانایی تێگەیشتنی هەر تاکە کەسێکی پێویستە و ستەمکاریش چەند ئەستووربێت، ناتوانێت هیچ بەرامبەر ئیرادەیەکی یەکگرتووی خەڵک بکات.

هەڵمەتی بایکۆت و بەرەنگاری


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟