لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

کوردو بێ ناوەڕۆک بوونی چەمکی خیانەت

Sunday, 10.17.2021, 09:30 AM


لەسایەی وروژاندن و بە حیزبی کردن و سەقەت دەست بردن بۆ مەسەلەی خیانەت لەکوردستاندا،
چەمکەکە شێواوو سواوە. تەنانەت لەھەندێ ڕوەوە، وەزیفەی پێچەوانەی خۆشی دەبینێت؟!
لەسایەی دیارنەبون و نەبوونی:

١- نەگۆڕەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئامانجی نەگۆڕو تەوافوق لەسەر کراوی کوردایەتی و ملکەچ بوونیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ھەل و مەرج و ڕەوشە جۆراوجۆرەکاندا ، کەیەکسانە بەبوونی ناسیونالیزمێکی کرچ و کاڵ.

٢-  ناسنامەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی و گەلی کوردستان.

٣- دەسەڵات و قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوو بەدامەزراوەیی کراو.

٤- دام و دەزگای داوەری بەھێزو بێ لایەن و سەربەخۆ،
بەزیندوویی ڕاگرتنی حیزبیانەو تەقلیدیانەی باسی خیانەت و بەپڕوپاگەندەکردنی، لەجیاتی ئەوەی ببێتە ھۆکاری بنبڕکردنی و بەھێزکردنی ڕیزەکانی گەل دژ بە خیانەتکاران ،

بەگشتی  خیانەتی لەناوەڕۆکە نیشتیمانیەکەی بەتاڵکردۆتەوەو گۆڕیویەتی بەماف، تۆڵەکردنەوە و ھەوڵدان بۆ تێکنەدانی ھاوسەنگی ھێز، پڕوپاگەندەی حیزبی و ناوزڕاندن دژبە یەکتر؟!

لەوسۆنگەشەوە کە ھەردوو تایەفە سیاسیەکەی کوردستان، لەڕوانگەی خۆیانەوە پێناسەی خیانەت دەکەن و  پێناسەیەکی نیشتیمانی یەکگرتوو ھاوبەشمان بۆچەمکەکە نیە، کە دام ودەزگایەکی نیشتیمانی بەرجەستەی بکات و ڕایەکی گشتی لەپشتەوە بێت، وروژاندنی بابەتەکە لەجیاتی ڕێگری لەدوبارە بوونەوەی، پرسەکە زۆرتر ئاسایی دەکاتەوە! ناکۆکی وڕق  بەرامبەر یەکتر زۆرترو قوڵتر دەکاتەوە،

دامەزراوە گشتیەکان بێ بەھاتر دەکات، زۆرتر واتا بۆ گەلی کوردستان نامێنێتەوە ھێندەی تر کەم ڕەنگتری دەکات. ھەموو ئەوانەش وادەکات لەچاوی ئەنجامدەرانیدا، خیانەتکردنەکان ببنە خیانەتی پارتی و یەکێتی بەرامبەر یەکتر نەك خیانەت لە گەلی کوردستان و نیشتیمان و مەسەلە ڕەواکەی و ناسیونالیزمی کوردی!  ئەوەی ئەم بەخیانەتی دەزانێت ئەوی تر بەشانازی یاخود مافی تۆڵەکردنەوەو گێڕانەوەی  ھاوسەنگی ھێز لەقەڵەمی دەدات؟! کەئەمەش خۆی لەخۆیدا کارەساتێکی گەورەیە، چونکە حیزب و تایەفەی سیاسی دەکات بە ئامانج وگەل و خاك ومەسەلەی کوردستانیش بەئامراز؟!

بۆیە وەك کەسێك کەلەبواری ناسیونالیزمی کوردیدا کاری زۆرم کردووە و خۆم بە پەرۆشی دواڕۆی نەتەوەکەم و گەلی کوردستان و مەسەلە ڕەواکەی دەزانم، داواکارم سنورێ بۆئەم یادکردنەوەو وروژاندنە حیزبی و نانیشتیمانیەی (خیانەت) کۆتایی پێ بێت، کەھێندەی تر جەستەی نەتەوەیمان دادەڕزێنێت و لەئامانجە ستراتیژەکانمان دوورترمان دەخاتەوەو گەلی ئێمە دوچاری نائومێدی و تەنانەت بێ ھودەیی زۆرتر دەکات.
ئێیتر ھیچی تر لە٣١/ ئاب و١٦/ ئۆکتۆبەردا بیرمان مەھێننەوە ئێمە خەسڵەتی گەلمان تێدا نیەو کۆمەڵێ خێڵی سیاسی پشت لەیەکتر کردووین، خاوەنی ناسیونالیزمێکی پەککەوتەو دەردەدارین.
عاقڵمەندو بەشێ لەخاوەن تیۆرەکانی بواری ناسیونالیزم و ئەزمونی دورودرێژی خۆشمان پێمان دەڵێن: ھیچ گەل و نەتەوەیەك نابن بەگەل و نەتەوەو ئایندەیان نابێت، ئەگەر توانای ئەوەیان نەبێت جەنگ و کۆنەقینەکانی  ڕابردووی ناوخۆیان دژ بەیەکتر لەبیر بەرنەوەو تێیان نەپەڕێنن و نەگەنە تەوافوقێکی نیشتیمانی نوێی پایەدار.
ئەگەر ئەمەش بۆ نەتەوەو گەلانی خاوەن قەوارەی دێرینی سیاسی و دەوڵەتیش جارێك ڕاستبێت، ئەوا بۆگەل و نەتەوەیەکی بەدبەخت و پارچەپارچەکراوی وەك ئێمە دەجار ڕاستە. بۆیە ڕێگەی ڕاست ئەوەیە ئەم یەکتر بەخیانەتکار دانانە  و یادکردنەوەی ھەندێ بۆنەی جەرگبڕ، بەم جۆرەی ئێستا کۆتایی بێت. پەڕلەمان بڕیاری پێ دەربکات و قەدەغەی بکات. بۆئەوەی بپەرژێینە سەر باس کردن لە ڕەگ و ڕیشەکانی خیانەت و دوبارە خۆ بیناکردنەوە، کەلە  درێژەکێشانی ناکۆکیە نەزۆکە تایەفیە سیاسییەکان، لاوازیی ناسیونالیزم و نەخەمڵینی ناوەڕۆکی چەمکی گەلی کوردستان، دابەشبونی نێوخۆیی و لاوازی دام ودەزگا گشتیەکان و گەندەڵی و ناعەدالەتیدا، بەرجەستە دەبێت.

تەنھا  بەتێپەڕاندنی ئەم کەماسیە ستراتیژانە و گەیشتن بەپەیمانێکی کۆمەڵایەتی و ڕێکەوتنێکی سیاسی و نیشتیمانی نوێش، چارەسەر دەکرێت و لێی دەرباز دەبین.

جا بارزانی و پارتیەکان و تاڵەبانی و یەکێتیەکان ئامادەن ئەم ئەرکە نیشتیمانی و ئەخلاقیە دوواکەوتووەتان ڕاپەڕنێن، یاخود لەبەر بەئەسیری مانەوەتان لەزیندانی کۆنەقین و بەرژەوەندییە حیزبییەکانتان، درێژە بەسەرگەردانی میللەتەکەتان  لەم ڕوەوە  دەدەن؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟