لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ڕۆمانی قەپێلک و زیندانەکانی پارتی و یەکێتی

Monday, 11.29.2021, 06:13 PM


زیندان هەموو كات سەنگەرێك بووەو شێوەیەک بووە لە شێوەكانی خەبات و تێکۆشان دژ بە ستەمکاران ، مرۆڤ و زیندان، ئازادی و زیندان، دەسەڵات و زیندان هەموو ئەمانە پەیوەندیكی راستەوخۆیان پێكەوە هەیە، هەموو هەوڵێکی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەیە مرۆڤ داببڕن و بێبەشی بکەن لە ژیان و زیندانیش بۆخۆی دابڕانە لە ژیان ، ئەو زیندانەی ئیستای یەکێتی و پارتی شوێنی ئەو کەسانە نییە كە ئازاریان بۆ مرۆڤایەتی هەیەو دەستدرێژی دەكەنە سەر ئازادی و مافی كەسانی دیكە،بەپێچەوانەوە زیندانەکانی پارتی ویەکێتی شوێنی ئەو کەسانەیە کە لەسەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد و خۆپیشاندان لە پێناو مافە ڕەواکانیان دەستگیر دەکرێن و لە  زیندانەکاندا ئازار دراون ، سەرباری ئەوەی بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان لە زینداندان چەندین ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی بە سیناریۆی سیاسی کوژراون و کەیسەکانیان تائێستاش هەر بە هەڵپەسێردرای ماونەتەوە.
پارتی ویەکێتی لەمێژووی سێ دەیەی فەرمانڕەوایەتیدا بەناوی سەروەری یاساوە هەموو جەنایەتێكیان دژ بە كۆمەڵگای کوردی ئەنجام داوە و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری و پێشکەوتنی کۆمەڵگادا، ئازیزترین ڕۆڵەکانی کورد لە سنورەکانی بلاڕوسیاو پۆڵەندان کە  بەهۆی ئەم فۆڕمە لە بەرێوەبردن و ئیدارەدان هەڵهاتوون ، باشترین ڕۆڵەکانی کۆمەڵگای کوردیش ئیستا لە زیندانەکانی پارتی و یەکێتی دان کە ڕۆژانە سوکایەتیان پێ دەکرێت و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن ،شێوازەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ و پرۆسەی لە مرۆڤخستن لە زیندانەکاندا كە تێیدا پارتی و یەکێتی بە چەندین شێوە دژ بە ئازادیخوازان و چین وتوێژەکانی تری کۆمەڵگا پیادەی دەکەن و کەم نین ئەو چیرۆك و رووداوە تراژیدیایانەی کە دیوە شاراوەكانی ناو زیندانەکانی پارتی و یەکێتیمان بۆ دەگێڕنەوە ، هێشتا زۆر رووداو و تراژیدیاش هەن لەوە گەورەترن زمان بتوانێ‌ گوزارشتیان لێ بكات.
زیندان ئامرازێکی دەستی پارتی و یەکێتی یە بۆ داماڵینی مرۆڤ  و لەمرۆڤخستن لە هەموو ئەو بەها ئینسانیانەی پێی دەناسرێتەوە، من هەتا زیندانم نەبینی تێنەگەیشتم لە ئازارەکانی زیندان ، دەبێ خۆمان ئەو فەزا پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێیەمان بینیبێ ،دەبێ هەموو ئەو دڵشكان و بێبەهاكردنانەمان ئەزموون كردبێت کە لە زیندانەکانی پارتی و یەکێتیدا ئەزموونی دەکەیت ، هەر چرکەیەک لە زیندان دا ڕوح بەر لە جەستە دەڕووخێت، بەڵام سەرباری ئەو فەزا پڕ لە ترس و تۆقاندنەی ناو زیندانەکان ئێمە سەدان پاڵەوانمان هەیە وەك پاڵەوانی رۆمانی (قەپێلك)!
رۆمانی (قەپێلك) وێنەیەكی واقیعی بەرجەستەکراوی مرۆڤێکە لە زیندانەکانی بەعس لە سوریا ،كە نووسەری سووری (مستەفا خەلیفە) نووسیویەتی و باس لە جەلادە داماڵراوەکان لە هەموو هەست و نەستێكی مرۆییانە دەکات ، سەرگوزشت و وێنە دڵتەزێنەکانی زیندان ، لێدان و ئە شكەنجەدان و ئەتككردنی مرۆڤ! و دیوە شاراوەکانی زیندانی بەعسمان لە سوریا پێ ئاشنا دەکات ،هەمان فۆڕمی ئەشکەنجەدان و ئەتککردنیش لە زیندانەکانی پارتی و یەکێتی دا هەیە و  مرۆڤ لەڕێی ئازار و ئەشكەنجەی زیندان و هەڕەشەی سێکسییەوە دادەماڵن لە بەهای مرۆییانەی خۆی، من هەمیشە دەڵێم ؛ لەکوردستان هیچکات كارەسات لە گرتندا نیئە،بەڵکو کارەسات ئەو پاساوە كۆمیدی و گاڵتەجاڕیانەیە كە یەکێتی و پارتی خەڵکی پێ زیندانی دەكەن ! کەواتە زیندان هەرگیز پرۆسەیەك نییە بۆ چاكسازیی زیندانییەكان و  بەقەد ئەوەی شوێنێكە بۆ لەمرۆڤخستن!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟