وتار
با سەری خۆ کز کەین و خەریکی باخەکەمان بین!
Monday, 11.29.2021, 07:44 PM
لەدوا گەراندا بەدوای دونیایەکی باش و کامەران ڤۆڵتێر روناکبیری شۆرشی فەرەنسی لەسەدەی ١٨دا وەک فاڵگەرەوەیەک هاتبێتە بەرچاوی کە دوای چەند سەدەیەک و ئەمرۆ لە دونیاکەماندا چی دەگوزەرێت. وەک ئەوەی بزانێت ئەمرۆی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە چ سەردەمێک و نەهامەتییەکدا تێدەپەرێت، باس لەوە دەکات کە چۆن مرۆڤ بەدوای دونیایەکی ئایدیال و باشدا دەگرێت. بەڵام بە سەردەمانێکدا دەروات لەم دونیا بۆ ئەودونیا و لە پارچەیەکی ئەم جیهانەوە بۆ ئەو پارچەیەی تری لە کۆچ و جێگۆڕیدایە و هێشتا ناتوانێت دونیایەکی باش بدۆزێتەوە. تەنها ڕێگریەکانیشی خراپەکاری هاومرۆڤاکانیەتی.
لەکاتێکدا مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە کردارو هەڵسوکەوتی خۆی، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت جیهانێکی باش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ دەوروبەرەکەی بنیات بنێت. لەهەمان کاتدا ڤۆڵتێر باس لەوە دەکات کە ئەوە بەرپرسیارێتی هەموو مرۆڤێکە کە نەک تەنها خەریکی خۆی و خیزان و ماڵەکەی بێت، بەڵکو ئەرکی ئەخلاقیشێتی کە کەم یان زۆر بەپێی توانا کانی بەرپرسیارێتی نەهامەتی مرۆڤەکانی دیکەش بخاتە ئەستۆ. ڤۆلتیر لە پەرتوکەکەی باس لە کەسێک دەکات بەناوی ``کاندیدی`` . بەسەرهاتەکانی کاندیدی بەشێوازێکە کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە لە ناخماندا ئەو هەستە دروست دەبێت کە ڤۆڵتێر باس لە بەسەرهاتی گەنجێکی کوردی خێر لەخۆ نەدیو دەکات.
کاندیدی کاتێك بە هەوڵێکی زۆر و پڕ لە مانودو لەدوا گەرانیدا بەدوای دونیایەکی باش و ئارام، دونیای شەرو کوشتار جێدەهێڵیت بۆ دونیایەکی باشتر ، توشی نەهامەتی دەبێت و دەکەوێتە دونیایەکی پڕ لە کارەساتی چاوەڕوان نەکراوی سروشتی و دونیای گومەلەرزەی وێرانکەر.پاشان بە ناچاری لەوێشەوە رادەکاتە دونیایەکی ترەوە کە هەموان سەرقاڵی شەری ئایین و نوێنەرایەتی خوا و پەیامبەرانن و یەکتری بە دارا دەکەن و خەمسارد و دڕندانە ژیانی بەرامبەرەکانیان کۆتایی پێدەهێنن. کاندیدی لەوێش سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ دونیایەکی دیکە بەنیازی دنیایەکی باشتر. بەڵام جارێکیتر دەکەوێتە دونیایەکی چڕ تر لە نەهامەتی دونیایەك کە مرۆڤەکان بونەتە کانیباڵ و قەپاڵ لە گۆشتی یەکتری دەگرن و خۆیانی پێ تێر و ئاسودە دەکەن. کاندیدی هەمیشە دەبێتە قوربانی خراپکاری مرۆڤەکانی دیکەو ناتوانێت ژیانێکی مرۆڤی ئاسایی بدۆزێتەوە.
مرۆڤی کورد لەم سەردەمەدا وەک کاندیدی قەتیس و سەرلێشێواو ماوە، رادەکات لەم دونیا بۆ ئەو دونیا دونیایەک نادۆزێتەوە لەسەر زەوی هەست بە ئاسایش و ئارامی و گوزەرانێکی ئاسایی بکات و خۆی لە ژیانێکی شکۆداردا بدۆزێتەوە. مرۆڤی کورد نەیبینیوە نە رۆژو هەفتە و مانگ و ساڵێک و ساڵانێکی بەسەردا بروات بەبێ تێپەربونی بە نەهامەتی و کێشەو دڵەوارکێ. تەواوی دونیاکانی بەرەو نەهامەتی تر و ناخۆشتر دەروات و بە خۆڕایی نیە هەمیشە دوبارە و چەند بارە دەڵێن " ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار". لەدونیای ژێردەسەلاتی ئیمپراتۆرەکانی سەدەکانی ناوەندەوە تاکو کۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالیزمی بە ناو مۆدێرنەوە و داگیرکەرانی شاهەنشاهی و کۆماری و عیلمانی و ئیسلامی و جینوسایدو ئەنفال و شەری براکوژی و ڕەوەی دەستی بێگانە و دوائەنجام گەندەڵی و زیندان و ڕەوەی دەستی دەسەڵاتی هاوزمانانی خۆیان و خنکاندن و بی تەرمی کەرامەت شکاندنو بێرێزی پێیان. ژیان لە دونیای بێنڕخی و بێ موچەیی، بێ دەرماڵەیی بەشەق لێدان و زیندان و سوکایەتی پێکردن و...هتد.
ڤۆڵتێر، ئاخۆ دەبێت کاندیدی کوردی چی بکات و چی لەدەست بێت لە کاتێکدا بستێكی بۆ نادۆزێتەوە کە بتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی ژیان و ئازادی و نرخ و کەرامەتی وەکو مرۆڤێکی ئاسایی تیادا پارێزراو بێت؟
ڤۆڵتێری ئەدیبی ڕوناکبیر، کاندیدی تۆ لەکۆتایدا گەیشتە ئەو باوەرەی ملی شۆڕ و سەری خۆی کز کات و خەریکی باخەکەی بێت. گەیشتە ئەو باوەرە تاڵەی کە ئەم دونیایە بە ئەو ناگۆرێت، بریاریدا خۆی لە شۆێنێکا قەتیس بکات و کاری بە دونیاو مرۆفی ترەوە نەبێت و تەنها و تەنها خەریکی باخەکەی خۆی بێت.
ئەوە تەنها کاندیدەکەی تۆ نەبو بەو قۆناغی بێهیوایی و داڕمانە گەیشت، مەخابن ئەمڕۆ زۆربەی تاکی کۆمەڵگای کوردی بەو باوەرە تاریك و ڕەشە گەیشتووە و بە کرداری پەیرەوی دەکەن. ئەگەر خەریکی باخەکەی خۆیان نەبن ئەوا خەریکی دوکانەکە و فەرمانبەری یا دەسگێڕی یان بازرگانی یان پیشەی خۆیانن و دەسیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات. هەموان دەڵێن: گۆرانکاری و چاکسازیمان پێناکریت و باشتر وایە سەری خۆمان کز بکەین و بێدەنگ بین.
ئەم بریارەی کاندیدی لە چیروکەکەی ڤۆڵتیر و لە چیرۆکی کۆمەڵگاکەی ئێمەشدا زۆر جێگای بایەخە لەروانگەی مۆڕاڵی مرۆڤەوە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت ماڵ و باخەکەی و دوکان و پیشەکەی خۆی چاک بکات لەکاتێکدا هەمو ئەوانە بەشێکی بچوکن لە دونیایەکی گەورە؟ دونیایەک کە کەمترین گۆرانکاری خراپ و کارەسات ئاسای بەسەردابێت روو دەکات باخ و ماڵەکەی تۆش. مرۆڤ چۆن دەتوانێت بێباک بێت و زیندانی باخەکەی خۆی بێت و خۆی گۆشەگیر بکات تەنها لە چوارچێوەی باخە بچکۆلەکەیدا بژی؟ ئەو مرۆڤەی چاوی خۆی دابخات بۆ تەواوی دونیاکانی دەرەوەی باخەکەی، دەبێت بە چ جۆرە مرۆڤێک ناوی بهێنرێت؟ ڕاستە مرۆڤ رەنگە نەتوانێت تەنانەت دونیای بچوکەکەی خۆشی پێنەگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانێت لەپاڵ باخەکەی خۆیدا بەر ماڵەکەشی پاك بکاتەوە. دەتوانێت بۆ مافی خۆی و مافی تاكە کەسی دەنگی بەرز بکاتەوە، هەر هیچ نەبێت نەبێتە بڵندگۆی کاندیدی پاڵەوانی چیرۆکەکەی ڤۆڵتێر و لە پاڵ خۆیا دەوروبەرەکەشی بە بەهانەی جۆراو جۆر و نالۆژیکیەوە بەرەو بێدەنگی و سەرکزی ببات و مۆرکی مرۆڤ بون لە خۆی داماڵێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دانا مەنمی: ڕۆمانی قەپێلک و زیندانەکانی پارتی و یەکێتی
د. شێرکۆ حەمەئەمین: ئەی لەکوێی دنیا هەیە؟
شەماڵ عادل سەلیم: لە جوغزی داواکاری خوێندکارانەوە !
دانا مەنمی: ترس و تۆقاندن کۆڵەکەی بەهێزی مانەوەی پارتی و یەکێتی
ئەیهان سەعید: ئاگاتان لێ نیە بادینان بێدەنگ نیە بەسەربازگەکراوە و دەیان قوتابی رفێنراون
یووسف مەنتک: خوێندکاران و دەسەڵاتی داپلۆسێنەرو و دووفاقی بەر پرسان
یووسف مەنتک: جەنابی خەللوسی ئاکار، ئێرەیە کوردستان
شهریف ههژاری: ئەتانەوێ تاکەی بە کوشتوبڕ، دەسەڵاتتان بەدەستەوە بمێنێتەوە!؟
دلێر محەمەد نوری: باڵدار و بێ باڵەکانی دەسەڵات
د. رزگار ئاغا: سیاسەتی ئیستیفزازکردن