وتار
لەبارەی کۆچەوە
Saturday, 01.01.2022, 10:14 PM
(١)
لە ئێستای ئێمەی کورددا مرۆڤ بە ویستی خۆی و لە دۆخێکی ئاساییدا نیشتیمان جێناهێڵێت. خەڵکی ئێمە لەبەردەم کارەساتی ژینگەیی و سروشتیشدا نییە تا وەک پاڵنەرێک بۆ کۆچ بیبینین، فاکتەری ئابووری و گەڕان بە دوای سەرزەمینێکی دیکەدا بۆ تێرکردنی حەز و غەریزە تابووکانیش بەس نین بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە کۆچی مرۆڤی ئێمە بەرەو دڵنیاییەکی نادیار، هەر وەک چۆن بە تەنیا گیرفانێکی پڕیش بەس نییە بۆ شەتەکدانەوەی رۆحی مرۆڤ بە نیشتیمانەوە.
لە ئێستادا مرۆڤی کۆچبەر لە ڕووی سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتییەوە گەیشتووە بە دۆخێک، کە دەکرێ بە دۆخی (هەڵوەشاندنەوەی ئینتیما)، یان (هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی) ناو بنرێت، دۆخێک حاڵەتی ترازان و پچڕانی پەیوەندی بە زێدی یەکەمەوە تێپەڕاندووە. کۆی ئەو رایەڵ و لینکە پیرۆزانەی مرۆڤیان بە خاک و نیشتیمانەوە گرێدەدایەوە، لە رۆژگاری ئێستاماندا لەبەریەک ترازاون و بەرەو هەڵوەشانەوە، یان پێداچوونەوەی نوێ دەچن. بە مانا کۆچی نوێ، دەشێ وەک سەرەتایەک بۆ پێناسەکردنەوە و مانای نیشتیمان و ئینتیما ببینرێت، سەرەتای هەنگاو بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێناسە و دروشم و مانایانەی، کە لە رابردوودا وەک خەرمانەیەکی پیرۆز بە دەوری باڵای شەنگی نیشتیماندا کێشرابوون، نیشتیمان وەک جوگرافیایەکی سیاسی و کولتوری، کە دەسەڵاتی سیاسی رۆژانە دوا مۆدێلی ناشیرینییەکانی خۆی تێدا نمایش دەکات.
قسەکردن لە هەڵوەشاندنەوە، قسەیە لەبارەی دروستبوونی پرسیاری نوێ، خوێندنەوەی نوێ، دیدی نوێ بۆ جوگرافیا و بۆ نیشتیمان، گومانکردنە لە ئەفسانەی پیرۆزی. شێرکۆ بێکەس لە قەسیدەی "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" ڕوو دەکاتە نیشتیمان و دەڵێت: "تۆ ئەتەوێ هەر چۆنێک بی و هەر چییەک بی خۆشم بوێی؟". شێرکۆ لەو دەقەدا بە وردی قسە لەو دابڕانە رۆحییە قوڵەی نێوان مرۆڤی کوردی بە نیشتیمانەوە دەکات و دەڵێت: "تەواو تەواو لە ڕۆحەوە دابڕاوین". ئەو گوتارە رەنگاڕەنگ و ئەفسوناوییە پووچەی دەیان ساڵە مرۆڤی ئێمەی پێ فریو دەدرێت و دەکرێتە قوربانی، ئێستا لە ئاگایی بێت، یان بێئاگا، بە پراکتیکی کەوتووەتە ژێر باری قورسی پرسیاری تازەوە، پرسیارێک خەریکی گەڕانە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە سیحری پیرۆزی و جادووی نیشتیمانی ئەبەدی، نیشتیمانی بۆ هەمیشە بە هەر جۆرێک بێت و هەر چۆنێک بێت پیرۆز، پرسیارێک سەوداسەری دۆزینەوەی ئەو پارچە جوگرافیایەیە کە ناوی نیشپیمانە، کە بۆ مرۆڤی کۆچبەر هەم نیشتیمان و هەم خۆیشی وەک ئینسانێک تێیدا ونن.
مرۆڤی ئێمە لە جوگرافیایەکدا دەژی، بەڵام رۆژ بە رۆژ و چرکە بە چرکە لە فیکری پچڕانی پەیوەندی و هەڵّوەشاندنەوەی پەیوەندی راستەوخۆیە بەم رووبەرە جوگرافیایەوە. کۆچبەری کورد لە یەککاتدا سەرقاڵی گەڕان و دۆزینەوەی خۆی و نیشتیمانیشە، گەرەکییەتی هەم لە مانای بوونی مرۆیی خۆی و هەم لە مانای بایەخی نیشتیمان تێبگات. نیشتیمان مانای چی، بوونی ئەو وەک مرۆڤێک لە نیشتیماندا واتای چی، پەیوەندی ئەو بە نیشتیمانەوە چییە، هەر بە ڕاست نیشتیمان هی هەمووانە، وەکیەک موڵکی ئەو و خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانیشە.
ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە تەواوی کۆمەڵگەی ئێمەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئەگەر نیشتیمان هی هەمووانە، بۆ دەبێ بەشێکی گرنگ لە هێز و وزە فیزیکییە پەراوێزخراوەکەی رۆژانە لە هەوڵی پەڕینەوە بە تونێڵەکانی مەرگدابن بۆ گەیشتن بە جوگرافیا و سەرزەمینێکی کولتوری دی، بۆ دەبێ کۆچی ناچاری و ڕاکردن لەم رووبەرە جوگرافییە ببێت بە خەون و ئومێدێکی نوێ بۆ تامکردنی ژیان. دەتوانین پرسیارەکە بەمجۆرەش بکەین، بۆچی مرۆڤە پەراوێزخراوەکان نیشپیمان جێنەهێڵن، ئەوان کە دەیان هۆکاری کۆچ و جێهێشتنی نیشپیمان بەردەرگای پێگرتوون، چیتر پێناسە کلاسیکییەکەی نیشتیمان و پیرۆزییەکانی نیشپیمان هێزی راگرتنی ئەوانی نەماوە، چونکە ئەوان لە ناوەوەی نیشتیمان بن، یان لە رێگەی کۆچ، هەر لە سەفەری کۆچکردندان.
(٢)
کار و ئابووری گرنگن، بەڵام خواستی مرۆڤ لە ئێستادا زۆر لەوە زیاتر هەڵکشاوە، مرۆڤ تەنیا بە بوونی کارێک و گیرفانێک بۆ ژیان تێر نابێت، ئەو هاوشانی ئەوە بە دوای چێژی ژیان و ئارامی و دڵنیاییدا دەگەڕێت، دەیەوێ دڵنیایی هەبێت، لە ئایندەی ژیانی خۆی و خێزان و منداڵەکانی بێ خەم بێت، ئەوە ببینێت لە نیشتیمانێکدا دەژی، قانون دەتوانێت ژیان و ئایندە و مافەکانی بپارێزێت. مرۆڤ ئارامی و ئازادی دەوێت، نیشتیمانی نائارام دۆزەخە، ژیان لە دەرەوەی ئازادیدا پارچەیەکە لە تاریکی و زیندان. مرۆڤ لە هەر شوێنێک ژیان بکات، خواستی ئەوەی هەیە بوون و بەها و پێگەی مرۆییانەی رێزلێگیراو و دانپێدانراو بێت، شەڕی مێژوویی مرۆڤ بەپێی هیگڵ هەر ئەوە بووە، شەڕی رێزگرتن لە پێگە و بەها و دانپێدانان بە بوونی مرۆییانەی. لە نیشتیمانی ئێمەدا هیچ یەکێک لەمانە بوونی نییە، کۆی ئەو چەمک و مانایانە لە ناوەرۆکی راستەقینەیان بەتاڵ کراونەتەوە و دەسەڵات وەک سەرپۆشێک بۆ داپۆشینی دزێوییەکانی خۆی بە کاریان دەهێنێت. ترسناکترین شتێک دەرهەق بە گروپە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگە بکرێت، نائومێدکردنییەتی. ئەم نائومێدییەی ئێستای خەڵکی کورد، بەشێکی پەیوەندی بەو چاوەڕوانییە گەورەو نادروستەی شەقامی کوردییەوە هەیە کە لەسەر (تێکۆشەرانی شاخ) هەڵیانچنیبوو، بەشەکەی دیکەیشی پەیوەندی بەو بێدادی و ستەمە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئازاردانە دەروونییەوە هەیە، کە دەسەڵاتی کوردی خەڵاتی گەلێکی تا سەر ئێسک شەکەت و ماندووی کردووە. هەر مرۆڤێکی بە ئاگا ئەو ڕاستییە تێدەگات، ئەو هۆکارانەی مرۆڤی ئێمە بەرەو کۆچ دەبات، ئەگەر لە ئەمریکا، فرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیاش هەبن، کۆچ لە خەیاڵی مرۆڤەکانیدا دەبێتە بژاردەیەک و وەک ئاڵتەرناتیڤێکی نوێی ژیان هەڵیدەبژێرن.
دەسەڵاتی کوردی ناتوانێت لەو ڕاستییە تێبگات، کە کۆچی کورد لە باشور زۆر لەوە فراوانترە، کە ئەوان مەزەندەی دەکەن. ئەوان بڕوایان وایە تەنیا ئەوانە کۆچبەرن، کە رۆژانە ناوەندە میدیاییەکانی ناوخۆ و جیهان خەریکی پەخشکردنی ئازار و نەهامەتییەکانیانن و هەندێجاریش وەک کارتی ململانێی سیاسی نێوان وڵاتانی دونیا بەکاردەهێنرێن. دەسەڵاتی سیاسی لە باشور لەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە تێناگات، یان نایەوێت تێبگات، کە زۆرینەی خەڵکی ئێمە لە حاڵەت و دۆخی کۆچکردندا دەژین. ئەوانەی سەفەر دەکەن لە روناکیدا و بە ئاشکرا سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییان بە نیشتیمانەوە رادەگەیەنن، ئەو بەشە زۆرینەیەش کە هێشتا لە نیشتیماندایەو لە ژێر سێبەری بێدادی دەسەڵاتی کوردیدا ژیان دەکەن، ئەوانیش ناڕاستەوخۆ لە دۆخی کۆچی ڕاستەقینەدان. ئەم گروپەی نیشتیمانیش لە ناوەوەی خۆیاندا پەیوەندییە رۆحییەکانیان بە نیشتیمانەوە بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە، کە بۆ زۆرینەی رەهایان رووبەرێک نییە بۆ ئارامی و ژیانێکی رێزلێگیراو. بە مانا زۆرینەی رەهای کۆمەڵگەی ئێمە لە دۆخی کۆچدا دەژین، هەندێکیان، کە بەشە بچووکەکەی کۆمەڵگەن، ڕوو بە دەرەوەی نیشتیمان، بەشە گەورەکەیشی لە ناوەوەی نیشتیماندا و ڕوو بە ناوەوەی خۆیان کۆچ دەکەن، دەگەڕێنەوە بۆ وزەی ناوەکی خۆیان و لە ئاگایی و تێگەیشتنەوە، یان لانیکەم ئەو ئەزموونە کوردییەی چەندین ساڵە لە ناویدا و لەگەڵیدا دەژین، بەرەو بیرکردنەوە لە تێگەیشتنی نوێ بۆ نیشتیمان و مانای نیشتیمانی بردوون. نیشتیمانێک لە ژێر سایەی بێدادیدا پیرۆزییەکانی خۆی دۆڕاندووە، ئەو گروپە مرۆییە ئەگەرچی هێشتا قاچەکانیان بە نیشتیمانەوە گرێدراون، بەڵام لە ڕووی خەیاڵ و سایکۆلۆژییەوە لە دۆخی کۆچبەریدا دەژین، کۆچێک لە سەفەرێکی ناوەکی قوڵ دەچێت بەرەو ناخ و دەروونی مرۆییانەی خۆیان و دابڕان لە پیرۆزی، کۆچێک رۆژانە بە ناو مێژووی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی کوردیدا دەیگێڕێت، لە هەر جێگەیەک، لە هەر بڕگە و وێستگەیەکی ئەم چەندین ساڵەدا پشوویەک بدات، ئازار و بێدادی، گەندەڵی و ناشیرینی خێزان و بنەماڵە سیاسییەکانی باشور ئێسقانەکانی دەهاڕن.
پرسیار ئەوەیە، ئایا چیتر مرۆڤ ئامادەیە بە هەموو نرخێک نیشپیمان بە هی خۆی بزانێت، ئایا بە ڕاست نیشتیمان هی هەمووانە، یان ڕاستتر بڵێین ئەو خەیاڵە شاعیری و یۆتۆپییەی پێیوایە رۆژانێک نیشتیمان هی هەمووان بووە، هیچ ڕاستییەکی واقیعی و مێژوویی تێدایە. بڕوام وایە هیچ رۆژێک، نە لە شاخ و نە لە شار، ئەم نیشتیمانە هی هەمووان نەبووە، تەنانەت ئەو رۆژانەش کە رووبەرێکی بچووکی ئەو شاخ و گوندانەی کوردستانیان لەبەردەستدا بووە، هەرگیز وەکیەک بۆ هەمووان ئازاد و هی هەمووان نەبووە. گووتەزای "رۆژانێک نیشتیمان هی هەمووان بووە"، پڕیەتی لە خورافە و لە بنەڕەتێکی ناواقیعی و پووچەوە هاتووە.
ئێمە زۆرینەی رەهامان خەریکی کۆچین، نیشتیمانێک سەرڕێژ بووە لە کۆچبەر، چ ئەوانەی بە واقیعی کۆچ دەکەن، چ ئەوانەی لە ناوەوەی نیشتیماندا بە دیار هەواڵی تراژیدییانەی کاروانی نەبڕاوەی کۆچبەرانەوەن. ئێمە لە ئێستادا لەبەردەم کۆچی ژمارەیەکی دیاریکراو لە گەنجانی نیشتیماندا نین، بەڵکو لەبەردەم کۆچێکی گشتیداین، کۆچێک رۆحی هەمووانی خستووەتە ناو فارگۆنی قیتارێکەوە بەرەو دۆزینەوەی سەرزەمینێکی دی، نیشتیمانێکی نوێ، سەرزەمین و نیشتیمانێک بۆ ژیان ئازاد و ئارامتر، بۆ مرۆڤیش پارێزراوتر و رێزلێگیراوتر بێت. کۆچی ئێستا هەڵگری پەیامی ڕاستەقینەی نامۆبوونی مرۆڤە بە نیشتیمانەوە، چی لەوە بە ئازارترە مرۆڤ لە نیشتیمانی خۆیدا بە ئازاری نامۆبوونی دەروونییەوە بژی، کۆچی ئێستا لەو هەستە قوڵەی مرۆڤی ئێمە بە نامۆبوونەوە سەرچاوەی گرتووە.
خەڵکی ئێمە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا توشی نامۆبوون نەبووەتەوە، نامۆبوون بەخۆی، بە نیشتیمان، بە هەموو ئەو مانا سیمبولی و پیرۆزییانەی رۆژانێک ئامادەیی هەبوو لەپێناویاندا بە نرخترین سەرمایەی خۆی ببەخشێت. ئەمڕۆ کۆی ئەم پیرۆزییانە، کە دەسەڵاتی کوردی ماوەی سی ساڵە وەبەرهێنانی حیزبی و بنەماڵەیی و شەخسی لەسەر دەکات، بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، نەک هاونیشتیمانیان، بەهایەکی گرنگ و ڕاستەقینەیان نەماوە، ئیدی پیرۆزییەکان و سیمبولەکانی پیرۆزی بەهای پێشتریان لە دەستداوە، چیتر هێزی ئەوەیان نەماوە بە نەغمەی فریودەرانەی ئەو مانا سیمبولی و پیرۆزییانە بە نیشتیمانەوە گرێی بدەیتەوە، نیشتیمانێک لە دابەشکردنی هیچ شتێکیدا دادپەروەری تێدا نییە، نیشتیمانێک کۆی چێژ و خۆشییەکانی بۆ چەند خێزانێکی سیاسی و نەهامەتی و خوێن و قوربانییەکانیشی بۆ گروپە پەراوێزی و بێبەشکراوەکان. ئیتر مرۆڤ چۆن ناچێتە دۆخی بێ ئومێدی و نامۆبوونەوە، بێ ئومێدی و نامۆبوونیش چۆن مرۆڤەکان بە ژمارەی گەورەوە بەرەو دابڕان و پچڕانی پەیوەندی بە نیشتیمان و سەفەری کۆچ نابات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دلێر محەمەد نوری: بەستەڵەک یان کرانەوەی بیر؟ گەڕانەوە بۆ بیری ئەشکەوت نشینان!
دانا مەنمی: لە مەلا مستەفاوە فێربوون کە حیزب لەسەر خۆیان تاپۆ بکەن
لەتیف فاتیح فەرەج: رهواندنهوهی شهوه زهنگ
دانا سەلام: سەرکردەی ڕزگارکەر یان تراویلکە؟
جەواد خەلیل: ڕۆشنبیری مشەخۆر، ڕۆشنبیری ئازاد.. ( لەبارەی وەزیفەی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیرەوە)
سەرکۆ یونس: هاوسەرگیری ناشەرعی، لەنێوان دەسەڵات وساماندا
دانا مەنمی: پارتی لە کوێی سیاسەت و ئەخلاقی سیاسیدایە ؟!
سالار فەتاح: دنیابینی بەدیل یا سەرکردەی بەدیل
ئارام قادر حەمەسور: شۆکبوونی چەوساوەکان
دانیار محەمەد: حکومەت و ڕاگەیاندن