لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

لێم بپرسه‌.. بۆچی پێناكەنێت؟

Friday, 07.10.2020, 09:32 PM


یه‌كێك له‌ كار و هەنگاوەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی رابردوودا، ته‌رخانكردنی كات و دەرفەتێكی باشە هەم بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەم بۆ خودی سەرۆك وەزیران، كە تیایدا لەڕێی پرۆگرامی (لێم بپرسە)ەوە، هاووڵاتیان لەڕێی پێوەندیی سۆشیال میدیاوە بە كەیفی دڵی خۆیان بەوپەڕی ئازادی پرسیاری خۆیان ئاراستە سەرۆكی حكوومەت بكەن و ئەویش وەڵام بداتەوە.

بەدەر لە هەموو شت، تەرخانكردنی ئەم دەرفەتە بە هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگ و تازە دەزانم و دڵنیام رۆڵی دەبێ لە بنیاتنانی پردێكی پەیوەندی و نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له هاووڵاتیان، دەرفەتێكە كە لەو دەروازە نزیك و راستەوخۆیەوە، هەردوو لا، ئاگاداری را و سەرنج و دۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی یەكتر بن، نەخاسمە ئاگاداربوونی خەڵك لە دیدی سەرۆك وەزیران بۆ حوكمڕانی و ئیدارەدان و چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و وڵات، لە بەرامبەریشدا ئاگاداربوونی زیاتری سەرۆك وەزیران لە وردەكاریی كێشە و گرفت و خەمەكانی خەڵك، هەر بەڕاستی گرنگە سەرۆكی حكوومەت بزانێ پرسیاری خەڵك بۆ ئەو چییە؟

یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی كه‌ سه‌رنجی راكێشام و زۆر بەوردی گوێم لە وەڵامەكەی گرت، پرسیاری هاووڵاتیه‌ك بوو له‌ به‌رێز مه‌سرور بارزانی: داخۆ بۆچی زۆر پێناكه‌نێت؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌مه‌ بوو: ”ئه‌گه‌ر پێویست به‌ پێكه‌نین نه‌بێ نازانم چۆن پێبكه‌نم... پێویستیش بێت زۆر حه‌ز ئه‌كه‌م پێبكه‌نم...“

لێره‌دا من هه‌ڵوەستەیه‌كم كرد، لە راستیدا پرسیاری هاووڵاتیه‌كه‌ له‌ جێی خۆیدا بوو، رەنگە كەسانی تریش هەمان پرسیاریان هەبێت، بەڵام وام بینی وه‌ڵامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تیش زۆر لە جێدا بوو،‌ كە ئاماژەی بەوە دا كە ئەویش وەك هەر مرۆڤیكی ئاسایی حەز بە پێكەنین دەكات، بەڵام ناتوانێ‌ لەخۆڕا و بێ ئەوەی دۆخەكە بخوازێ یان گونجاو بێت، پێبكەنێت، گوتیشی ئەگەر پێویست بێت حەز ئەكەم پێبكەنم.

جارێكیان رای نووسەرێكم خوێندەوە لەبارەی (پێكەنینی سیاسییەكان)، لە راستیدا بیرم نەماوە ئەو نووسەرە كێ بوو، بەڵام رایەكەی لەنێو زەین و یادگەمدا مایەوە، دەمێ گوێم لە وەڵامەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستانیش بوو، ئەو وتەیەم وەبیر هاتەوە، ئەو نووسەرە دەڵێ: ”سیاسییە دڵسۆزەكانی گەل، دەبێ دوای ئەوەی گەلەكەیان پێكەنی، ئنجا ئەوان پێبكەنن، پێكەنینی سیاسییەكان شۆیەكی ناشرین و بێ بەهایە، لە دەمێكدا كە گەلەكەیان بگری“. قسەكانی بەڕێز مەسرور بارزانییش لە وەڵامی ئەو هاووڵاتیە بەڕێزەدا، دەقاودەق، قسەی ئەو نووسەرە دەگەیەنێت. ئەو كاتێك لە دڵەوە پێدەكەنێت كە خەڵكی كوردستان ئاسوودە بن.

هەموومان دەزانین، ئەم یەك ساڵەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، ساڵێكی نائاسایی بوو هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێمی كوردستان و هەم بۆ جیهان و ناوچەكەش، كۆرۆنا قەیرانی گەورەی ئابووری و مرۆیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەغدا سەرەڕای ئەوەی دۆخێكی زۆر ناجێگیری هەبوو، ئەو بڕە پارە كەمەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی دەنارد، ئەویشی بڕی، نرخی نەوت زۆر خراپ دابەزی و دەوام و بازاڕ داخرا و داهاتی ناوخۆش بە رێژەیەكی زۆر دابەزی، بەم هۆیەوە كێشە بۆ مووچە و قووتی خەڵك دروست بوو، كاسبكاران بازاڕیان لێ شێوا، كۆرۆناش وەك مۆتەكە بینەقاقای خەڵكی گرت و ترس و نیگەرانیی لەنێو خەڵكدا دروست كردووە تا ئێستاش، ئیدی هەژاری و بێكاری خەریكە سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە پێكەنین لەنێو خەڵكی كوردستاندا كەم بووەوە.

سیاسییەك كە لە خەمی خەڵكدا بێت، دەبێ لە خەمی نەمانی پێكەنینی خەڵكیشدا بێت، لەم سۆنگەیەوە زۆر ئاساییە ببینین سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەم بارودۆخەدا كەمترین پێكەنینی هەبێت، خۆ ئەمە ئەكت و شۆ و نواندن نییە، بەڕاستی دۆخێكی ناخۆش دروست بووە و شایەنی ئەوەیە سەرۆك وەزیران لە جدیترین كاتی كاركردنی خۆیدا بێ بۆ گەیشتن بە چارەسەر و تێپەڕاندنی قەیران بە كەمترین زیان، كە ئەو رۆژە هات، ئەوكات نەك هەر سەرۆك وەزیران هەموومان پێدەكەنین.

لە لایەكی ترەوە، دڵنیام نەك هەر سەرۆك وەزیرانی كوردستان، هەر سیاسییەكی باڵای هەر وڵاتێك كە بەجدی قیادەی پرۆژەی چاكسازی و شەڕی گەندەڵیی كرد، بەدڵنیاییەوە كەم پێدەكەنێت تا ئەو رۆژەی رێژەیەكی باش لە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.
لە ئێوە دەپرسم: كێ بینیویەتی راهێنەری تیمێكی تۆپی پێ بەتەواوی و لەدڵەوە پێبكەنێت، تا ئەو كاتەی فیكەی كۆتایی گەمەكە و سەركەوتنی تیمەكەی لێ نەدرێت؟!


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟