لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

مورته‌زا لاخانی پیسده‌ستی نه‌وتی كوردستان

Wednesday, 01.19.2022, 10:00 AM


مورته‌زا لاخانی گه‌وره‌ نه‌وتفرۆشی نایاسایی پاكستانی ، كاتی خۆی وتویه‌تی" من ئیش ده‌كه‌م له‌وه‌دا ده‌ستیشم پیس بێت گرنگ نیه‌ " ئه‌م گوته‌یه‌ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ كردنه‌ بۆ ئیش  كردن ، ئاماژه‌ كردنه‌ بۆ ده‌ستبردن بۆ هه‌موو ئیشێك ، ئیتر ئه‌و ئیشه‌ هه‌رچی بێت ، لاخانی كوڕی ملیاردێرێكی گه‌وره‌ی پاكستانی " سوڵتان عه‌لی لاخانی "  ه‌ سوڵتان لاخانی باوكی ئیمبراتۆری میدیاو راگه‌یاندن بوو له‌ پاكستان ، هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سیش به‌ گه‌وره‌ ترین گه‌نده‌ڵكاری ئه‌و بواره‌ی ده‌زانن .
مورته‌زا وه‌ك باوكی نه‌كرد له‌ میدیادا كار بكات ، ئه‌و نه‌وتی هه‌ڵبژارد ، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ مورته‌زاو كۆمپانیاكانی له‌ كوێ‌ بن ، ئه‌و شوێنه‌سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵی و گزی كاریه‌ ، ئه‌و ته‌مه‌نی له‌ ئێستادا 60 ساڵه‌و ساڵی 1962 له‌ كه‌راتچی پاكستان له‌ دایك بووه‌و له‌ هه‌ردوو وڵاتی به‌ریتانیاو كه‌نه‌دا گه‌وره‌ بووه‌و هه‌ڵگری ناسنامه‌ی هه‌ردوو وڵاتیشه‌ ، تا ئێستا چه‌ندین كۆمپانیای نه‌وتفرۆشی و قاچاغی نه‌وتی دروستكردوه‌و یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی  فرۆشتنی نه‌وتی عیراق بووه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كان كاتی پرۆسه‌ی "نه‌وت به‌ رانبه‌ر خۆراك " بۆ ئه‌مه‌ش به‌ گزی له‌ سه‌روو ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان دایناوه‌ نه‌وتی عیراقی فرۆشتوه‌و به‌ وه‌ هاوكاری سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی كردووه‌ ، له‌و رۆژگاره‌دا موچه‌ی مانگانه‌ی گه‌یشتوه‌ته‌ 5000 پێنج هه‌زار دۆلار ، جگه‌ له‌ ده‌سكه‌وتی لابه‌لای تر,
لاخانی هه‌ر له‌ عیراق نا له‌ فه‌نزوێلاش كاری قاچاخ و فرۆشی نه‌وتی كردوه‌، له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی داعشیشا ئه‌و نه‌وتی له‌ داعشكڕیوه‌و له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی بردووه‌ ، وه‌ك چۆن نه‌وتی كوردستانیشی به‌ توركیادا گه‌یاندوه‌ته‌ ماڵتاو له‌وێشه‌وه‌ فرۆشتویه‌تی ، به‌ قسه‌ی ئاشتی هه‌ورامی هاوڕێی لاخانی و دۆزه‌ره‌وه‌ی لاخانی بۆ كاری ڕه‌ش له‌ بواری فرۆشی نه‌وتا ، ئه‌وان ناچار بونه‌ نه‌وتی خۆیان به‌ ئیسرائیل بفرۆشن ، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی لاخانیه‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت پێشتریش نه‌وتی داعشی به‌ ئیسرائیل فرۆشتوه‌ .
لاخانی له‌ گه‌ڵ سه‌دام له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای گلۆیكۆره‌وه‌ نه‌وتی عیراقی به‌ ده‌ره‌وه‌ فرۆشتوه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بووه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌یان ملیۆن دۆلار ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ به‌و پاره‌ی دزی و ساخته‌یه‌ هاوكاری و كاری خێرخوازی له‌ پاكستان كردووه‌ ، له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش ئه‌و چاوی خسته‌ سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك و كوردستان ، هه‌رێمی كوردستانیش ئامێزیان بۆ كرده‌وه‌ ، قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ هه‌ندێ‌ جار موچه‌ی مانگانه‌ی له‌ نه‌وتی هه‌رێم تا یه‌ك ملیۆن دۆلار رۆیشتوه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ 2015و دواتر كاتێك كه‌ موچه‌ خۆرانی هه‌رێم چاره‌كه‌ موچه‌ یان هه‌ر موچه‌یان وه‌رناگرت .
كۆمپانیای ئای ئێم ئێم ئێسی لاخانی له‌ كوردستان له‌ گه‌ڵ رۆز نه‌فت و ڤیتۆڵگروپ كاری كردوه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پاره‌ی خه‌یاڵی  كۆكردوه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ نه‌وتی هاڤاناو بای حه‌سه‌ن و بابه‌گوڕگوڕی فرۆشتوه‌ ، كه‌ بریتین له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك ،مورته‌زا له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ بانكه‌كانیشدا له‌ گه‌ڵ بانكی گوماناوی كار ده‌كات ، یان رونتر كاره‌كانی گوماناوین و بانكه‌كان ده‌یخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ كێشه‌كانی له‌ گه‌ڵ بانكی میدی لوبنانی كه‌ تا ئێستا ده‌ستی به‌سه‌ر بڕێكی زۆر پاره‌ی لاخانی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشدا گرتوه‌ ، قسه‌ له‌ سه‌ر چه‌ند ژماره‌یه‌ك ده‌كرێت له‌وانه‌ ملیارێك دۆلار ، یان شتێ‌ كه‌متر ، له‌وه‌ هه‌روه‌ها باسی 250 ملیۆن دۆلاری هه‌رێمیش ده‌كرێت .
كاره‌كانی لاخانی به‌ وته‌ی نوسه‌رێكی عه‌ره‌ب به‌ ناوی عه‌لی سه‌لیم عومه‌ر عه‌لی یه‌كێكه‌ له‌ هۆیه‌كانی شه‌ڕی توندی میدیای نێوان هه‌رێم و به‌غدا و رێگریشه‌ له‌ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان ، نه‌ك وه‌ك خۆی وه‌ك ئه‌و كاره‌ نایاساییانه‌ی كردویه‌تی ، عه‌بادی كاتی خۆی دڵنیابووه‌ له‌وه‌ی كوردستان له‌ رێگه‌ی لاخانیه‌وه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت به‌ ئیسرائیل ، ئه‌مه‌ش كێشه‌كه‌ی قوڵتر كردوه‌ته‌وه‌ ، لاخانی گه‌وره‌ بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ساخته‌كردنی نه‌وته‌و ده‌ستی له‌ ده‌یان كاری نایاساییدا هه‌یه‌ .
هه‌ڵبه‌ت قسه‌ كردن له‌م ساخته‌كاره‌ گه‌وره‌یه‌ی نه‌وت پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی ورده‌ ، ئه‌وه‌ی بۆمن جێی سه‌رسوڕمان بوو لاخانی بڕی یه‌ك ملیۆن پاوه‌نی بۆ ده‌سته‌یه‌كی گه‌وره‌ی پزیشك و كارمه‌ندو نه‌خۆشخانه‌ خه‌رج كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوانه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ نوساوی پاكستانی له‌ یه‌كتر جیا بكاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ سه‌رو به‌ندی ئه‌و رۆژگاره‌دا كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ ده‌گریا بۆ ئه‌وه‌ی بینێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری دوو مناڵه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی ، دواتر حكومه‌ت نا كۆمه‌كی خه‌ڵكی خێرخواز ئه‌ویان نارده‌ ده‌ره‌وه‌ .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟