وتار
خەونی دەوڵەتی کوردی یان خەونی کۆشکی سەلام !
Friday, 02.04.2022, 09:15 PM
دوای ئەوەی کاک مەسعود بەرزانی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی کوردو هێزە کوردییەکان ڕێککەوتنی لەگەڵ سوننەكان و ڕەوتی سەدردا واژۆ کرد ،لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەشدا كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکەش کرد ، پارتی بە لێکترازانی نێوماڵی کورد دڵی ئاوی نەخواردووەتەوە و بە دوای تۆڵەی زیاترەوەیە لە یەکێتی و لەو لایەنانەی کە پارتیبونێک قەرزارن ! کاندیدکردنی هوشیار زیباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دوو ئامانجی لە پشتە ،ئامانجێکیان هەوڵدانە بۆ پاككردنەوەی زێباری لەو دۆسییانەی کە شەش ساڵ لەمەوبەر بەسەریدا ساغ بووەتەوە،ئامانجەکەی تریش پارتی دەیەوێ دەرسێکی نوێ بە یەکێتی دکتۆر بەرهەم ساڵح بدات و تۆڵەی هەموو ئەو ڕوانینە جیاوازانە بکاتەوە کە لە هەندێک وێستگەو مانۆڕی سیاسی دا هاودیدی پارتی و سەرۆکی پارتی نەبوون ، هوشیار زێباری شەش ساڵ لەمەوبەر لەسەر گەندەڵی لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق دوورخرایەوەو پێنج ساڵ لەمەوبەریش شۆڕەسواری ڕیفراندۆم بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی کوردیمان بۆ دروست بکات و جیابینەوە لە عێراق ، ئێستا زێباری بە كۆڵێك دۆسیەی گەندەڵییەوە خەون بوون بەسەرۆککۆماری عێراقەوە دەبینی چاوی لەوەیە بچێتە كۆشكی سەلام .
لینین دەڵێت؛ ھەر راپەرینێک یان بزوتنەوەیەک بەبێ پلان و بەرنامە بێت و سەرەنجام شکست دەخوات و ھەر کەسێکیش پێشڕەوی بکات خیانەتێکی گەورەیە لەمیللەتەکەی! پارتی کاتێک پێنج ساڵ لەمەوبەر قۆڵی لێ هەڵماڵی دەوڵەتمان بۆ دروست بکات و جیابینەوە لە عێراق یەکەمین هەنگاوی لەناوبردنی یەکڕیزی کوردو هیزو لایەنەکان بوو ،لە جەوهەردا ڕیفراندۆم گەمەیەکی سیاسیی دۆڕاو بوو بە مەبەستی دۆزینەوەی وەزیفەیەک بۆ سەرۆکی ھەرێمی ماوە بەسەرچوو ! هیچکات نە پارتی و نە سەرۆکەکەی تواناو ئیمکانی دروستکردنی دەوڵەتیان نییە و هیچ پرۆژە و پلانێکیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتیک بەناوی دەوڵەتی کوردییەوە نییە ، ئێستا پاڵەوانەکانی ڕیفراندۆم بەبێ ھیچ شەرمکردنێک زیاتر لە خەمی یەکپارچەیی خاکی عێراقن و زیاتر شەڕلەسەر پلەو پۆست و ئیمتیازات لە بەغداد دەکەن ، لەکاتێکدا دەبوایە پارتی و شۆڕە سوارەکانی ڕێفراندۆم سەیرێکی خۆیان بکردایە و تەریقببونایەتەوەو شەرمیان لەو ھەموو درۆیە بکردایە کە بەناوی دەوڵەتی کوردی جیابونەوە لە عێراق بەخەڵکیان دابوو! ریفراندۆم کە هیچ ئینجازێکی بۆ کورد تێدا نەبوو جگە لە شکست ماڵوێرانی ولەدەستدانی رێژەی ٥١%ی خاكی كوردستان لە "16ی ئۆكتۆبەر"و رۆژانی دواتردا، وەلێ ئێستا پارتی هەموو هەلبژاردنێک كەیسی ریفراندۆم وەک کەرەستەیەکی سیاسی بەکار دەهێنێت بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵک ، ئۆباڵی شکستەکەیشی خستووەتە ئەستۆی یەکێتی! دەوڵەت دروستکردن پیاوی خۆی دەوێت هێندەی پرسێکی دەستوریی و یاسایی و نێودەوڵەتی و کەلتورییە ،هێندە چوارچێوەیەکی جوگرافی نییە ،تاکو ئێستا هەنگاوەکانی پارتی رێک پێچەوانەی مەبەستەکەی ریفراندۆمی پێکاوە.
شەڕی پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق زیاترە لە بێدەنگی پارتی لە بەرامبەر پێشێلکاری مافە دەستورییەکانی هەرێم لە بەغداد ، پارتی لە هیچ مناوەرەو مانۆڕێکی سیاسی خۆیدا نەیتوانیوە بێدەنگی بشکێنیت و شەڕ لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەلکی کوردستان و جێبەجێكردنی مادەی "١٤٠"ـی ناوچە جێناکۆکەکان و بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان بکات ،پارتی وەکچۆن بە دروشم هەڵگری دیموکراسی و ئاشتی و دادپەروەرییە ، ئاوەهاش لە ململانێی سیاسی دا لەگەڵ هیزە کوردییەکان لە بەغداد دروشمێکی کرچ و کاڵی بەرزکردووەتەوەو خۆیی پێ پارێزەری کوردە ، لەکاتێکدا پێچەوانەی ئامانج و بەها نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان هیچ بەهایەکیان بۆ شوناسی نەتەوەیی نەهێشتووەتەوە ، پارتی هەرکاتێک گڵۆڵەی بکەوێتە لێژی بۆ داپۆشینی فەزیحەکانی پەنا بۆ یەکڕیزی کورد دەبات وەکچۆن شەش ساڵ لەمەوبەر پارتی بۆ داپۆشینی عەیبەکانی زێباری داوای یەکڕیزی لە لایەنە کوردییەکان دژ بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرد .
بارزانی سازشێکی زۆر بۆ لایەنی سەدریی و بەرەی سوننەکان کردووە و ئاسانترە بۆی کە برا بچوکی سەدریی و بەرەی سونییەکان بکات وەک لەوەی نێوماڵی کوردی ڕێکبخاتەوەو براگەورەی یەکێتی و هێزەکانی تر بێت ، ئەم هەموو سازشەی بارزانی بۆ سەدرو سوننیەکان بۆ ئەوەیە کە بە یەکێتی و هیزەکانی تر بڵێت بڕیاری کۆتایی کورد لای خۆیەتی! هەرچەندە جارێ ڕوون نییە کێ دۆڕاو و کێ براوەیە بەڵام ئەگەری هەیە دوبارە بارزانی تووشی شکستێکی مەعنەوەی و رەمزی تر بێت وەک ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ ڕوویدا !
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
عەبدوڵا کەریم مەحمود: کۆچ و ڕهو و ماچی سهدام
عەبدوڵا کەریم مەحمود: کۆچ و ڕهو و ماچی سهدام
هیوا ئەحمەد: دهوڵهتی تورك رووی خۆی ئاشكرا دهكات!
ئارام سەعید: کامیان دروستە عەقڵ یان سۆزداری؟
دانا مەنمی: رەخنە لە پێناو فراونکردنی مەساحەی ئازادیدا
سەلاح حسێن ئەفەندی: هاوپەیمانی سیاسی بۆ دەستکەوتی حیزبی؟ یان ڕێکەوتن لەسەر لایەنی کەمی چاکسازی؟
غازی غەریب زۆراب: هەرێمی کوردستان، لە چاوەڕوانیی یەکێتییەکی بچوکتردا !
جەعفەر کەریمی: شکستەکان مەکەن بە جەژن!
ئارام هادی: کاندیدێکی بێ شکۆ
کامەران عەزیز: لە شەڕی دۆڵەکانەوە بۆ شەڕی پۆستەکان..!!