وتار
ئه‌و گه‌نجه گه‌رمیانییه‌ی له وڵاتی غه‌ریبیدا بوو به مامه‌خه‌مه‌ی کوردان
Friday, 03.04.2022, 10:27 AM
بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆم
له‌م ماوه‌یه‌دا کتێبی به‌سه‌رهاتی ژیان، یان بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆمم خوێنده‌وه، که به ناوی کاردۆخ، کورده‌که(Kardox, der Kurde، Lebensbericht)یه و چاپی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٨ له ئه‌ڵمانیا له سه‌ر کاغه‌زێکی بریقه‌دار و جوان و قه‌باره‌ی مامناوه‌ند که ٣٦٤ لاپه‌ڕه‌یه بڵاوکراوه‌ته‌وه،. زیاتر له ٣٠ وێنه و ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی کوردی و ئه‌ڵمانی له پاشکۆیدا چاپکردوه، کتێبه‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردوه.
دیاره من یه‌ک له ئاره‌زووه‌کانم خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی مرۆڤه‌کانه، جا کورد بێت یان بێگانه، که گۆڕانکاری و به‌رزی و نزمی زۆریان له ژیاندا بینیوه و تاڵی و سوێری و ساردوگه‌رمی ڕۆژگاریان زۆر چه‌شتوه. رۆژێکیان به رێکه‌وت چاوم که‌وته سه‌ر ئه‌م کتێبه، زانیم هی کوردێکی خه‌مزه‌ده و کهسهردیدهیه بۆیه یه‌کسه‌ر کڕیم، به‌ڕاستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی کاکیخۆم محیه‌ددین تام و چێژێکی تایبه‌تی پێ به‌خشیم، ئه‌شێ له‌به‌ر ئه‌وه بێت هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌ش له نێوانماندا هه‌یه، هه‌ر چه‌نده جیاوازی ته‌مه‌نیشمان بڕێک زۆره، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌ویش کورده و خه‌ڵکی گه‌رمیانه، خاک و وڵاتی خۆی له‌بیرنه‌کردوه، ئاواره‌ی ئه‌وروپا بووه و لێره توانیویه‌تی زمان باش فێرببێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئێره‌دا ئاوێته ببێت. یان ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بێت، یه‌که‌مجاره بیره‌وه‌ریی کوردێکی په‌ڕاگه‌نده‌ی هه‌نده‌ران به زمانی بیانی ده‌خوێنمه‌وه.
دیاره نوسینی بیره‌وه‌ریی، که یه‌کێکه له ژانره گرنگه‌کانی ئه‌ده‌ب و خوێنه‌ری زۆره له جیهاندا، بۆ ئێمه‌ی کورد و به زمانی بێگانه بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه، چونکه له سه‌رێکه‌وه له میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه که به‌سه‌ر خۆمان و گه‌له‌که‌مان هاتوه، چه‌وسانه‌وه و خه‌بات و به‌رگری و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی گه‌له‌که‌مان به خوێنه‌ری بیانی ده‌ناسێنین، هاوکات دابونه‌ریت و که‌لتوری گه‌له‌که‌مان پێیان ئاشنا ده‌که‌ین، وه‌ک لێبورده‌یی، میواندۆستی، به‌خشنده‌یی، هاوده‌ردی و هاوخه‌می که‌سوکار و دراوسێ بۆ یه‌کدی... هتد. له سه‌رێکی تریشه‌وه بۆ هاوزمانه‌که‌مان گرنگن، که ده‌یخوێننه‌وه، له‌و ڕووه‌وه که پڕه له ئه‌زمونی ژیانی ده‌ربه‌ده‌ریی و ئاواره‌یی و کارکردن و خوێندن و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاواییدا، هاوکات دانه‌بڕان له خه‌بات بۆ ئازادی و مانه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وایه‌تی به مانا مرۆڤایه‌تییه پێشکه‌وتووخوازییه‌که‌ی له‌و کوردانه‌ی له وڵاتانی بیانی و هه‌نده‌ران ده‌ژین، ئینجاش فێربوون و زانیاری ده‌رباره‌ی که‌لتور و دابونه‌ریت و ره‌فتاری ژیانی رۆژئاوا و یاسا و ڕێساکانیان له ژیانی رۆژانه‌دا.
کاکیخۆم له گوندی عوسمانهلهکه ی نزیک که‌رکوک ساڵی ١٩٥٥ له‌دایکبووه، له خێزانێکی گه‌وره‌دا، له‌وێوه به‌سه‌رهاتی ده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ری ژیانی ده‌ست پێ ده‌کات، که ئه‌م هێشتا مناڵێکی هه‌شت ساڵانه و باوکی به هاندانی دراوسێیه‌کیان ده‌ینێرێته به‌ر خوێندن. ئیتر له‌و کاته‌وه چیرۆکی ده‌ربه‌ده‌ریی و گوندسوتانیان ده‌ست پێ ده‌کات، ئاواره‌ی که‌رکوک ده‌بن، له هه‌ژاری و ناچاریدا هه‌ر به مناڵی له‌گه‌ڵ براکه‌یدا نۆکی کوڵاو ده‌فرۆشن، سه‌ره‌تای لاویی به خوێندن و کرێکاری و به پاسکیلێکه‌وه به‌سه‌ربردوه، له‌گه‌ڵ عه‌شقبازی و سیاسه‌تدا هاوته‌ریب خه‌ریکبووه، ئه‌و لاپه‌ڕانه قه‌سیده ناوداره‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌سی نه‌مری به‌ناوی (یاده‌وه‌ریی پاسکیلێکی که‌رکوکی) بیرخستمه‌وه.
ناوبراو ساڵی ١٩٧٨ له کوردستان دوای زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌عس و ئه‌منی که‌رکوک هه‌ڵدێت و ده‌گاته ئیتالیا و دواتر به‌رلین، له‌وێوه له‌پاڵ کار و زمان فێربوون و دواتر خوێندنی زانکۆیدا، به‌رده‌وام به‌هانای ئه‌و کورده ئاوارانه‌وه ده‌چێت، که تازه دێنه ئه‌و وڵاته و به‌تایبه‌ت به‌رلین، به چاوپۆشین له‌وه‌ی خه‌ڵکی کوێن و له کام پارچه‌ی کوردستانه‌وه هاتون، ده‌گێڕێته‌وه که چۆن ئه‌م وه‌ک خوێندکارێک له شوقه‌یه‌کی بچوکدا ژیاوه، په‌یتا په‌یتا کورده په‌ناخوازه تازهگهیشتووهکانی بردۆته‌وه بۆ ماڵی خۆی و هاوڕێکانی، ته‌نانه‌ت جارێکیان و سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که سێ خێزان که ژماره‌یان ١٣ که‌س بووه له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌وێوه ده‌باته‌وه به‌ره‌و شوقه‌که‌ی خۆی! که ته‌واو که‌نه‌فت و ماندووی ڕێگه بوونه، نانی داونه‌تێ و خۆی لای هاوڕێکه‌ی خه‌وتوه تا چه‌ند رۆژێک لای ئه‌م حه‌ساونه‌ته‌وه و ئینجا خۆیان ته‌سلیمی فه‌رمانگه‌کانی ئه‌وێ کردوه. هاوکات خه‌ریکی خه‌باتی سیاسی بووه له خۆپیشاندان دژی رژێمی به‌عس و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له ئه‌وروپا، که چالاکترین رێکخراوی ئه‌وکاتی کورده‌کانی ئه‌وروپا بووه. هاوکات له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی کورد و ئه‌ڵمانی تردا گروپێکی هه‌ڵپه‌ڕكێی کوردیشیان دامه‌زراندوه و له‌وێ و وڵاتانی تری ئه‌وروپا له نه‌ورۆز و بۆنه‌کانی تردا چالاکی هونه‌رییان سازکردوه.
کاکیخۆم خۆی ناوی کاردۆخه، بەڵام بەردەوام لە قسەکردندا "کاکی خۆم"ی بەکارهێناوە و ئیدی کوردەکانی بەرلین له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ناویان ناوە کاکیخۆم. خۆیشی ئەو ناسناوەی پێ خۆش بووە و کردویەتییە نازناوەکەی. ناوبراو زانستی کۆمەڵایەتیی (سۆسیۆلۆجی) ی له به‌رلین خوێندووە، پڕۆژه‌ی ده‌رچوونه‌که‌ی به‌ناوی (ژنانی کورد و ژیانیان له ئاسۆی مێژوودا)یه.
کاکیخۆم ده‌ربه‌ده‌ریی و کۆڕه‌وی کورد ١٩٩١ زۆر کاری تێده‌کات، چه‌ند رۆژێک ده‌رگه له‌سه‌ر خۆی داده‌خات و ته‌له‌فونیش هه‌ڵناگرێت، نامه‌یه‌کی کاریگه‌ر بۆ دایکی ده‌نوسێت، دواتر ده‌یکاته ئه‌ڵمانی و له رۆژنامه و ڕادیۆی به‌رلیندا بڵاوده‌کرێته‌وه، هاوکات سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کی کورد و چه‌ند دۆستێکی کورددا، که ناویانی یادداشت کردوه، کۆمیته‌یه‌ک بۆ فریاکه‌وتن و به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵکی لێقه‌وماوی کورد دروست ده‌که‌ن، به هاوکاریی ژووری پزیشکانی به‌رلین چه‌ند دکتۆر و چه‌ندان تۆن ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی پزیشکی ره‌وانه‌ی سه‌ر سنور و نێو ئاواره‌کان ده‌که‌نه‌وه، دواتر ده‌ست ده‌که‌ن به کاری تر له‌مانه ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پێنج نه‌خۆشخانه‌ی سه‌فه‌ری له ناوچه جیاجیاکانی باشوری کوردستان به بادینانیشه‌وه، دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له هه‌ڵه‌بجه، مه‌سره‌ف و پشتیوانی ماددی ئه‌م نه‌خۆشخانانه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ باشور له ئاواره‌یی و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوند و شارۆچکه ڕووخاوه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو له گه‌رمیان سێ گوندیان ئاوه‌دانکردۆته‌وه له‌گه‌ڵ دروستکردنی دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، هاوکاری ماددی بۆ پاککردنه‌وه‌ی کانیاو و کارێزه‌کان، جۆماڵکردنی جۆگه‌کان، دروستکردنی ئاشێکی ئاو له گه‌رمیان، بنیادنانی ته‌نکییه‌کی ئه‌مباری ئاو له خانکێ نزیک دهۆک.
هاوکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان به‌هۆی گه‌مارۆی ئابوری له‌سه‌ر عێراق و هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌مارۆی ئابورییه‌ی رژێمی سه‌ددامیش له‌سه‌ر ناوچه ئازادکراوه‌کانی دانابوو، ره‌وشی ئابوری خه‌ڵک له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، جوتیاران گه‌ڕابوونه‌وه گونده‌کانیان به‌ڵام پاره‌ی بنه تۆویان نه‌بوو، کۆمه‌ڵه‌که له سێزده گوندی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان و قه‌ڵاسێوکه ١٢ جۆر تۆویان به‌سه‌ر ده‌یان جوتیاردا دابه‌شکردوه. هه‌موو ئه‌م کارانه نزیکه‌ی ٢٠٠ هه‌زاردۆلاری تێچووه، که به کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ک و پشتیوانی کوردانی ئه‌وکات و دۆستانی کورد له ئه‌ڵمانیا و به‌تایبه‌ت به‌رلین ئه‌نجامیانداوه. دوای هاوسه‌رگیریش له‌گه‌ڵ ئوتای هاوڕێیدا، که کچێکی ئه‌ڵمانی بووه له گروپی ههڵپهڕكیی کوردیهکهیاندا، پێکه‌وه بەردەوام سەرقاڵی خزمەتکردنی کورد و ناردنەوەی هاوکاری بوونه بۆ کوردستان. به‌ڵگه‌نامه‌کانی پاشکۆی کتێبه‌که که نزیکه‌ی ٣٠ لاپه‌ره‌یه به کوردی و ئه‌ڵمانی، گه‌واهیده‌ری ئه‌م کارانه‌ن.
شتێکی دی که ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له هی زۆربه‌ی که‌سانی تری رۆژهه‌ڵاتی و کورد جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که کاکیخۆم بێ شآردنه‌وه، باسی سه‌روه‌ختی لاوی و سه‌ره‌تای گه‌نجی خۆی و یه‌که‌م عاشقبوون و ده‌سله‌ملانێی پهناوپهسیر و سه‌ربانان و مهمکگرتن ده‌کات، کاتێکیش له ئه‌ڵمانیا ئه‌م گه‌نجێکی باڵابه‌رز و قیت و قۆزبووه له‌وه‌دا به‌خته‌وه‌ر بووه، که چه‌ندان کچه هاوڕێ و دۆست و دولبه‌ری ئه‌ڵمانی عاشقی ده‌بن و ئه‌میش به وردی و بێپه‌رده باسی چێژبینین له حه‌زوئاره‌زووه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵیاندا ده‌کات، دیاره ئه‌م شتانه زۆربه‌مان کاتی گه‌نجی گه‌ر بۆمان لوا بێت کردومانه، به‌ڵام به هۆی فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژیانماندا به نهێنی ده‌یانهێڵینه‌وه و نایاندرکێنین، له‌مڕوه‌وه کاکیخۆم له زۆربای یۆنانی ده‌چێت، که‌سه‌ره‌ڕای کار و خه‌بات و به‌جێهێنانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و نه‌ته‌وه و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی به‌ڵام هه‌میشه‌ش چێژبینین و ڕابواردن و خۆشی بینین له کات و ساته‌کانی ژیانی فه‌رامۆش نه‌کردوه.
ئه‌وه‌ی که بیرهورهییهکانی ناوبراوی زۆر سه‌رنجڕاکێش کردوه، ئه‌وه‌یه ئه‌م له یه‌كکاتدا چۆن توانیویه‌تی، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی، هونه‌ر و خوێندنی زانکۆ و ئینجاش عه‌شقبازی له‌گه‌ڵ کچانی ئه‌وروپی خۆی فه‌رامۆش نه‌کات و کۆبکاته‌وه! هه‌ر به‌ڕاستی سه‌رسامم بووم به‌م توانایه‌یان.
شایه‌نی باسه له نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ندان که‌سایه‌تی سیاسی و نوسه‌ر و ئه‌دیب سه‌ردانی ماڵی کاکیخۆمیان کردوه و له ده‌فته‌ری یادداشته‌کانی ماڵیاندا یاده‌وه‌ریی خۆیان تۆمارکردوه، له‌وانه، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر، دکتۆر که‌مال میراوده‌لی و ...هتد. که نامه‌کانیان له پاشکۆی کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه:
Kardox, der Kurde, Lebensbericht , Berlin, 2018, Bus Verlag,
Kachichom Muhyaddin,
ISBN: 978-3-944909-54-7
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دلێر محەمەد نوری: فیستیڤاڵی مەرگ
د. نیاز نه‌جمه‌دین: ئایا ببین بە غازفرۆش؟ وانەیەک لە نەوتەوە
تەڤدا پرێس: دانا مەنمی هاوڕێم بوەستە
ڕەنجدەر گڕاوی: مەلامستەفا و هەستی خۆبچوککردنەوەی بەرامبەر دوژمنەکانی کورد ..
دانا مەنمی: پارتی لە نوسینەوەی مێژودا درۆی گەورەی بۆ مەلا مستەفا هۆنیووەتەوە
یاسر حەکیم: بۆچوونەكانی نازیەكان هێشتا ماوە ونەمردون
ئاسۆ کەمال: ئۆکراین لەژێرپێی میلیتاریزم و ئۆلیگارشی ترانسناشناڵی ڕوسیا و ناتۆ
گۆران هەلەبجەیی: جەنگی ڕژێمەکان
دلێر محەمەد نوری: پشتگیری ڕووسیای پۆتین، لە پای چی؟
دانا مەنمی: پارتی و سیاسەت ،ڕقێک لە خۆمان ڕقێک لە عێراق