لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

ئەوەی سەرۆك بارزانی لەوانی تر جیا دەكاتەوە

Tuesday, 08.25.2020, 08:45 PM


دیمانە ڕۆژنامەوانییەكەی سەرۆك بارزانیم لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئیندیپێندت)ی عەرەبی خوێندەوە. لە ھەموو بابەت و میحوەرەكانی ئەو دیمانیەدا ئەوەم لێ ھەڵێنجا كە  چەند خەسڵەتێكی سەركردایەتی و سەركردەیی لە سەرۆك بارزانیدا ھەن كە لەوانی تری جیا دەكاتەوە، بە مانایەكی تر چەند خەسڵەتێكی سەركردایەتی و سەركردەیی لە سەرۆك بارزانیدا ھەن بەڵام لەوانی تردا یان نیین یان ئەو خەسڵەتانە ڕۆژێك ھەن و دوو ڕۆژ نین! ئەو خەسڵەتانەش بریتین لە:
1- سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی نەتەوەییە، نەتەوەیی بەو مانایەی كە نوێنەری نەتەوەیەكی داگیركراوی دابەشكراوە، ھەموو نەتەوەی كورد دەڵێم نەك بەشێك لە نەتەوەی كوردی بەشێكی كوردستان. ئەو كە باسی عەفرینی لەگەڵ بكەن وەك ئەوە وایە باسی كەركووكی لەگەڵ بكەن، ئەوەتا كاتێك كە باسی عەفرینی لەگەڵ دەكەن دەڵێت: (ئەمڕۆ لە باكووری سووریا چەكداری حسابكراو لەسەر توركیا ھەن و ئەوان بە پشتیوانیی سوپای توركیا كورد كۆمەڵكوژ دەكەن، بەتایبەتی لە عەفرین“. ئینجا ئەگەر سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی نەتەوەیی نەبوایە و تەنیا حسابی بۆ دراوسێیەتیی توركیا و پەیوەندییە ئابوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیا بكردایە، وەك خاوەن كۆمپانیایەك دەیگوت: با عەفرینیەكان و ئەو كوردانەی لەوێن خۆیان كێشەی خۆیان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن، جا ئێمە حەقمان بەسەر عەفرینەوە چییە؟ واتە عەفرینی لە كوردستان دادەبڕی!
2- سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی ستراتیژییە، ستراتیژی بەو مانایەی كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە تاكە چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی بۆ لە ڕەگوڕیشە دەرھێنان و كۆتاییھێنان بە زوڵمی نەتەوەیی لەسەر كورد و كوردستان دەزانێت، ئەوەتا كاتێك باسی ڕیفراندۆمی لەگەڵ دەكەن دەڵێت: ”بێگومان ڕیفراندۆم ھەنگاوی بنچینەیی و بەردی بناغەیە بۆ سەربەخۆیی، بەردی بناغەكە دانرا و ھەلومەرج قۆناغی داھاتوو دیاری دەكات یان ئەم نەوەیە یان نەوەكانی داھاتوو بەڵام ڕیفراندۆم دووبارە ناكەینەوە“. واتە سەرۆك بارزانی دەڵێت بەردی بناغەی دەوڵەتی سەربەخۆمان بۆ كوردستان داناوە، ئیتر یان ئەم نەوەیە یان نەوەكانی داھاتوو خۆیان ئەو ماڵە ھەتا سەقف دەبەن ھەتا سەقف بردنیش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە. ئینجا ئەگەر سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی ستراتیژی نەبوایە و سەركردەیەكی تاكتیكی بوایە كە باسی ڕیفراندۆمی لەگەڵ دەكرا دەیگوت ئەوەی چوو، چوو! ئێستا ئێمە ھەموومان عێراقیین و زاخۆش وەك بەسرا وایە!
3- سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی ڕاشكاو و ڕاستگۆ و بێ ڕق و كینەیە، چونكە ئەوەتا كاتێك باسی ھەڵوێستی ئەمەریكای لە بەرامبەر ڕیفراندۆم لەگەڵ دەكرێت، دەڵێت: ”سەرەتا ئەمەریكا بە ئێمەیان گوت ئەوان بێلایەن دەبن، بەڵام دواتر بێلایەن نەبوون و پشتیوانییان لە بەغدا كرد. بەڵام ھەر ئەم ڕەخنەگرتن و گلەییكردنە لە ئەمەریكا نەبووەتە ھۆی ئەوەی كە ھەر لە ھەمان ئەم گفتوگۆ ڕۆژنامەوانیەدا سەبارەت بە پێویستیی مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، سەرۆك بارزانی بڵێت پێویستمان بە ئەمەریكا نییە! بەڵكوو ئەوەتا دەڵێت: ”ئەمەریكا وڵاتێكی گەورە و مەزنە و ھەندێك بابەت ھەن بەبێ ئەو ناكرێن، كێ ڕازییە با ڕازی بێت و كێش ناڕازییە با ناڕازی بێت. ئێستاش لەدوای ئەو ململانێیەی نێوان ئەمەریكا و ئێران داوای چوونەدەرەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا دەكرێت. بوونی ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا بۆ ئاساییش و ئاییندەی عێراق پێویستە. ئەگەر ھێزەكانی ئەمەریكا بچنە دەرەوە ھەموو ھێزەكانی ھاوپەیمانان دەچنە دەرەوە و لەدوای 6 مانگ داعش بە شێوەیەكی بەھێزتر لە جاران دەگەڕێتەوە، بۆیە ئێمە دژی دەنگدانەكە وەستاین و دەنگمان نەدا“. ئینجا ئەگەر سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی ڕاشكاو و ڕاستگۆ نەبوایە یان بە ڕق و كینە مامەڵەی بكردایە و بیویستایە تۆڵەی لە ھەڵوێستی ئەمەریكا لەبەرامبەر ڕیفراندۆم بكردایەتەوە، دەیگوت عێراقییەكان خۆیان بەبێ ئەمەریكا دەتوانن وڵاتی خۆیان بپارێزن و ئیتر ئێمە نازانین بۆچی ئەمەریكا واز لە عێراق ناھێنێت؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟