لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لەڕێکەوتنەکەی سه‌درو پارتیدا کەرکوک کراوە بەقوربانی کورسی

Saturday, 03.26.2022, 06:15 PM


ئەگەر بەخێرایی چاو بەبەندەکانی ڕێکەوتنی نێوان ته‌یاری سه‌درو پارتیدا بخشێنێت، بەڕونی دەبینی کە چۆن، هەرچی دەستکەوتی کورد هەیە لەدەستوری نوێی عێراق، پارتی خۆیان بەشانازی وجودی کەسێتی مەسعود بارزانیان دەزانی، کاتی نوسینەوەی دەستور لەبەغدا، لەژێر ناوی هەموارکردنەوەی دەستور، لەدەستی دەدات، بۆ نمونە مادەی 140ی دەستورو کێشەی کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان.

بەکورتی‌و ئەسڵی مەتڵەب.. ئێستە لەعێراق زەمەنێکی تازە دروستبووە یاخود دروستکراوە، ئەوەش بەکەنارگیربوونی ئەوهێزانەی تائیستە بەهێزبوون‌و سەرخستنی تیاری سه‌در کە موقتەدا سه‌در سەرۆکایەتی دەکات، تاڕادەیەک هەندێ شرۆڤەی ئاوەژوکردۆتەوە، لەئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە کە بەشی زۆری خەڵکی عێراق بەگشتی بایکۆتی کرد، ئەم زەمەنە دروستکرا، واتە تیاری سه‌در، پارتی، بەشێک لەسونە کە حه‌لبوسی دیارترینیانە، ڕاگرتنی تەوازونی هێز لەنێوان ئەم سێ لایەنە زۆر دژوارە، بەتایبەت تیاری سه‌در خواستی گەورەی هەیەو ئەوانی تر بەتایبەت لایەنی کورد کە پارتی گەورەترین لایەنێتی لەحاڵەتی  جۆرێک لەبەرگریدان لەو دەستکەوتانەی هەیانە، بۆ بەشە کوردیەکەی کەڵبەی تەنهاو تەنها لەسەر کورسی سەرۆک کۆمارە، ئیدی هەموو پۆست‌و پلەو پایەکانی تر بەقوربانی بەدەستخستنی ئەو کورسیە کراوە، کە لایەنی پارتی هەڵمەتی داوەتێ.

بارزانی‌و پارتی لەڕابوردودا بەئاراستەی جیاجیا کاریانکردوە، بۆ نمونە کاتی مام جەلال وا ڕێککەوتبوون کە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی‌و مەسعود بارزانی بێت‌و پۆستی سەرۆک کۆماریش بۆ یەکێتی‌و مام جەلال بێت، بەڵام ئەم ڕێکەوتن‌و تەوازونە پارتی ئیستە بەحۆقەیەکی تر کڕین‌و فرۆشتنی پێوەدەکات.

لەڕێکەوتنەکەدا  باس لەهەموارکردنەوەی دەستور دەکات‌و جەخت لەهەڵوەشاندنەوەی پێگە هەرێمیەکان‌و چەمکە فیدراڵیەکان‌و ئازادیەکان‌و مافی نەتەوەو کەمە نەتەوەکانی عێراق، کە بەجۆرێك لەگەڵ خواستەکانی سه‌در یەکانگیربێت ئەمەش بۆ ڕازیکردنی  ئێرانە، وەک دەوڵەتێ کە هەیمەنەی لەسەر عێراق هەیە. واتە نەژێشتنی پەرەگرافی کوردبوونی کەرکوک لەقاموسی نوێی عێراقدا.

لەکاتی نوسینەوەی دەستور، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا زۆر پێداگیریی دەکات کە کارێکی خراپە بۆ داهاتوی کوردستان، ئەگەر کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت بەمادەیەکی دەستوری، چونکە ئەمە وادەکات، کە ئیدی لەو بەینەدا بمێنێتەوەو چارەسەرنەکرێ، لەلایەکی تر پێش مادەی 140ی دەستور کورد جەختی لەسەر کوردبوونی کەرکوک‌و جێناکۆکەکان دەکردەوەو عەرەبیش دژی خواستەکانی نەدەوەستا لەبەر تەوازونی هێز لەکەرکوک، بەڵام دوای 140ی دەستور، کورد گەمەی سیاسی‌و ترێ بەگەنمی پێوەکردوە بۆ دەستکەوتی حیزبی‌و عەرەبیش خۆی بەخاوەنی نیوەی هەموو کەرکوک‌و جێناکۆکەکان دەزانێ، ئەوەش بەو حەقەی کە کورد خۆی لەدەستور پێیداون، ئێستە بەناوی هەموارکردنەوەی دەستور، گەرەکیانە هەم کەرکوک‌و جێناکۆکەکان بەعەرەبی عیراق بناسێنن هەم هەرچی مافە فیدراڵیەکانی هەرێمایەتیشە، لەقاڵب بدرێت.

وا ڕێکەوتن کراوەو بەندەکانی ئەو ڕێکەوتنەش بڵاوکراوەتەوە، جا سەرنجدانی شتی سەیری تێدا بەدیدەکرێت، لەبەندێکدا باسی تەحریمکردنی پەیوەندی عێراق ئیسرائیل دەکات، کە ئەمە عێراق دەخاتە کۆڵانێکی داخراوەوە، ئاخر وا هەموو ئومەی عەرەبی بەئاشکرا پەیوەندی سیاسی‌و دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دەبەستن، بەندەکانی تر لەکارخستن‌و لەدەسەڵات خستنی هەرێمی کوردستان‌و بەمەرکەزیکردنی عێراقی نوێیە، واتە بارزانی دەبێ ڕیفراندۆمەکە نەک وەک خۆیان دەڵێن تاپۆی ڕەشە لەگیرفانیدا، دەبێ ئەسڵەن لەقاموسی بیرکردنەوەشیان هەڵیگرن، کەرکوک‌و هەموو ناوچەی جێناکۆک هەر باسینەکراوە، هەموارکردنەوەی دەستور بۆ مەبەستی لابردنی مادەی 140و هەموو بەندە دیموکراتیەکانی کە هەرێمایەتی‌و فیدراڵیەتی عێراق دەچەسپێنێت، چەککردنی هێزەکانی پیشمەرگەو هەرچی هێزی تایبەت‌و 70و 80و چی‌و چی، گێڕانەوەی مەلەفی نەوت‌و گاز بۆ بەغدا، گێڕانەوەی هەرچی داهاتی گومرگ‌و ناوخۆیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، واتە بەپێی ئەم ڕێکەوتنە بەکردەوە، پارتی‌و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نەک پچوک دەکەنەوە، بەڵکو لەدەسەڵاتی حوکمی زاتیشی  بێهێزتر دەکەن، هەتا ئێرە پارتی‌و بارزانی پێیڕازین، لەمەش خراپتر ئەو هیستریاو سایکۆپۆلیتیکیەی بارزانی‌و پارتییە بۆ بەدەستخستنی پۆستی سەرۆک کۆمار.

بارزانی دەیزانی کە هۆشیار زێباری، بەپێی یاساو دەستور بۆی نییە بۆ ئەو پۆستە کاندیدبکرێ هۆکەی ئاشکرایە، بەڵام هەر کردی ئەمەش بۆ دوو مەبەست، یەکیان خێڵەکییە، ئەوی تر سیاسییە.

یەکەم: هۆکاری خێڵەکی، ئەوەی کە ئابڕوی خۆیان بکڕنەوە، کاتێ زێباری بەدەنگی پەرلەمان  متمانەی لێسەندرایەوەو نێردرایەوە بۆ ماڵەوە، وا جارێکی تر بۆ پۆستی سەرۆکی عێراق دادەنرێتەوە.

دووەم: سیاسییە کە بەیەکێتی بڵێ ئەوە منم تاکە هێزو جەمسەر، سەردەمی تاڵەبانی باوک گوزەشت، دەبێ هەموو کوسیەکی باڵا بۆ پارتی بێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، لەیەکەمیان نوشوستی هێنا، بەڵام هەڵمەت لەبارە سیاسیەکەی دەدات.

بارزانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، وەک دەبینرێت کورد واتەنی سەردەکات بەکۆشی گاورو گازردا، هەتا دوێنی ڕیفراندۆم بوو عێراقیان تەڵاق دەدا، ئەمڕۆ خۆیا عەرابی عێراقێکی بەهێزن، دوێنێ لافی جیابونەوەیان لێ دەدات، ئێستا خۆیان پارێزەری یەکپارچەیی عێراقن، دوێنێ هەموو ئەو کەسولایەنانەیان بەجاش‌و ئەسەدی‌و چی‌و چی لەقەڵەمدەدات، ئێستە خۆیان شان‌و عەبا ماچ دەکەن‌و دەچەمێن چۆن چەمانێ، دوێنێ ئەندام پەرلەمانی هەرێمیان بەتۆپزی دەردەکرد، ئەمڕۆ لەبەغدا خۆیان دەچنە دیداری‌و دەستی ماچ دەکەن، ئەمەیە لەسەرەتاوە وتمان، بەحۆقەیەک دەکرێ‌و بەحۆقەیەک دەفرۆشێ.

دیوێکی تری بەدەستهێنانی کورسی سەرۆک کۆمار شەخسی بەرهەم ساڵحە، یەکێک لەدیاردە سەیرەکانی پارتی وەک حیزب‌و پارتی وەک خێڵ‌و بنەماڵە، لێدانە لەهەرکەسێکی خاوەن پێگەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و زانستی، ئەگەر بەجۆرێک نەچوبێتە ژێر سایەی ئەوانەوە، وەک دەبینرێت بەرهەم ساڵح لەزۆر ڕوەوە ئەگەر حیزبیشی لێبکەیتەوە، کە د.بەرهەم یەکێتی کردەوە بەخاوەنی کورسی سەرۆک کۆمار نەک بەپێجەوانەوە، خۆی کەسایەتیەکی مەقبوڵە لەعێراق، ڕەنگە خەڵکێکی زۆری عەرەب هەبێ ئەگەر بخرێتە دەنگدانەوە دەنگی پێبدات، پارتی بەیەک قەرن ناتوانێ کەسێکی وا دروستکات، لەبەر هۆیەکی سادە، چونکە پارتی بەپره‌نسیپى سیاسه‌ت‌و ڕێکخراوەیی کارناکات، بەڵکو پێشکەوتنی کەسایەتی  بەبەندایەتی‌و کۆیلایەتی خێڵ‌و بنماڵەی بارزانیەوە وابەستەیە، ئەمەش کەسایەتی نمونەی د.بەرهەم بەرهەم ناهێنێت.
 
مەخڵەسی کەلام، ئەم ئیتفاقە سێ تەرەفە، لەهەر تەرەفەوە لێی بڕوانی نمونەی پارچە گۆشتەکەت بیردێتەوە کە بەدەمی سێ پشیلەوەیە. لایەنی سه‌در مەکەزیەت‌و بەئێران کردنی تەواوی عێراق‌و لایەنی پارتی فرۆشتنی هەرچی ئیستیحقاقی کوردە لەبەغدا بۆ کورسیەکی تەشریفاتی کە غودەی سەرەتانی خێڵی پێوەبەندە، لایەنی سونە وەک خۆی هیشتنەوەی ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە بیهێڵنەوە. دەنا هیچ ئایندەیەکی ڕۆشنی لێ بەدیناکرێت، جگە لەوە هەژارەکانی عێراق هەژارترو گەندەڵکارەکانیشی گەندەڵتر جارێکی تر فۆرمات دەکاتەوە.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟