وتار
جینۆسایدی کورد و تاوانباران کاڵایەک بۆ سیاسەت و بازرگانی
Sunday, 03.27.2022, 09:08 AM
ڕۆلی حکومەتی هەرێم لە ناساندنی کەیسی جینۆساید، بەداخەوە دەسەڵاتی سی
ساڵەی حوکمڕانی کوردی وەک پێویست نەی توانیوە خزمەت بەم کەیسە بکات، ڕاپەڕینی
گەلانی ئێراق لەسالی ١٩٩١ ئەنجامی کۆمەلێک فاکتەرەوە بوو وەک جەنگی درێژخایەنەی ڕژێمی بەعس لە گەل ئێران و داگیرکردنی کوەیت و
لێدانی هێزەکانی هاوپەیمانان لەئێراق، بوونە هۆوی داڕمانی شادەماری ئابووری و
سیاسی ئەم وڵاتە ، و پەنگ خواردنەوەی ڕقی هاوڵاتیانیش لە ئەنجامی چەندین دەیەی
ژیانی پڕلەشەڕو ڕاکەی زەحمەتی بژێوی ژیان، وایان کرد لەهەرێمەکانی شیعە نشین و
کوردستان خەڵک ڕاپەڕنو دام دەزگەکانی حکومەت وەدەربنێنن، ئەوە بووە وەرچەخانێکی
گەوەرە لە ناوچەکە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترس و تۆقاندنەی چەندین دەیە بوو ببوە
کابووسی مەرگی مرۆڤی ئێراقی نشین، دیارە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بە احزابی کوردیشە
هیچ بەرنامەیەکی دوور مەودایان نەبوو بۆ داهاتووی ئەم ولاتە، بۆیە کاتێک جەماوەر
ڕاپەڕین و تەواوی هەرسێ پارێزگاکانی کوردستانیان ئازاد کرد هێزی بەرەی کوردستانی
پلانی دەست بەسەر داگرتن و ئیدارەدانی دام دەزگەکانی نەبوو،( ئەوە بوو هێزی
فەرهوود و ئاڕئاڕ، زۆربەی دام دەزگەکانی حکومەتیان تاڵان کرد، حیزبەکانی نێو بەرەی
کوردستانیش پشکی شێریان بەرکەوت، هەر لە تاڵانکردن و ئاودیوکردنی مەکائین و جیهازی
بەنرخ و شوفڵ و قەلاب وچەندین کارگە)، ئینجا هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانیش هاتنە سەر
حازری، بۆ ئەوەی هەریەک لە حیزبەکان زۆرترین پشکی جەماوەری بەر کەوێ لێبوردنێکی گشتیان بەناوی بەرەی کوردستانی
دەرکرد، لەجیاتی دادگاییکردن و سزادانی تاوانبارانی جینۆسادو دژ بە گەل و شۆڕش،
کەچی پێگەی باش و پلەو دیوەخانانەیان پێدرا، دیارە حوکمڕانی سی سالەی هەرێمی
کوردستان ڕەنگدانەوەی هەمان دەسەڵاتدارێتی شاخە ، هێزە کوردییەکان ئەوەندی خەریکی
پلان گێڕی و سیاسەتی ڕق و تۆلەکردنەوە لەیەکترو هێنانی هێزی داگیرکەرانی کوردستان
بۆ سەر یەکتری بوون، بردنی داهاتی وڵات لەلایەن نوخبەیەکی بازرگانی سیاسی! بەرهەم هێنانی قات و قڕی بۆ هاوڵاتیان، مەسەلەی
جینۆساید خەمی ئەوان نەبووە، بەڵکو تاوانباران، هەمیشە ڕێزیان لێگیراوەو لەڕیزی
پێشەوەی کۆڕو کۆبوونەوەی کۆنفراسەکان و هاوشانی سەرکردەو ئەندام و کادیرانی هەردوو
حیزبی بنەماڵە بوون، حیزبە بچووکەکانیش بە قەد قەبارەیان تاوانبارانیان لای خۆیان
گل داوەتەوە، بە دیوێکی تریش پاشکۆو بخۆری هەردوو حیزبی بنەماڵەی دەست ڕۆیشتوون،
نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی جددیش زیاتر زیانی بە کەیسەکە گەیاندووە.
بەداخەوە کە هاوکاری دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقیش نەبوون بۆ دادگاییکردنی
تاوانباران، ئەم دادگایە بەپێی یاسای ژمارە دە لە ڕێککەوتی ٩-١٠- ٢٠٠٥ پێک
هاتووە، ماددەی ٢٤- ٢٧ ی دادگای باڵای
تاوانەکانی ئێراق بۆ جێ بەجێکردنی بڕیاری
ژمارە (س. ٨٣.١٠) لە ڕێککەوتی ٢٤-٦-٢٠٠٧
دەرچووە بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی جینۆسایدو ئەنفال کە ژمارەیان ٤٢١ تاوانبارە
٢٦٨ یان کوردن بەشداریان لەپڕۆسەی ئەنفال و خیانەتیان لە گەلی کورود کردووە
بەدرێژایی حوکمڕانی بەعس، کەچی ئائێستا جێبەجێ نەکراوە، لەنێو دۆلابی دادگە تۆزی لەسەر
نیشتووە و بۆتە قوربانی سیاسەتی بەرژەوەندی حیزبی و چەند بنەمالەیەک.
لێرەوە ئاماژە بە قسەیەکی باختین دەکەم دەلێت" بەلای مرۆڤەوە هیچ شتێک لە نەبوونی
وەڵام ترسناکتر نییە". حکومەتی هەرێمیش هیچ وەڵامی بۆ کەس و کاری قوربانیانی
ئەنفال ومێژوو گەلی کورد پێ نییە! لەغەیری درۆو چەواشەکردن و بازرگانی بەخوێنی هاونیشتمانیانی
کوردستان، ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا دەرئەنجامی سی ساڵی حوکمڕانیتیان.
دادگایی نەکردنی
تاوانباران پرسێکی تری گرنگی ئەم کەیسەیە،
دادگایی نەکردنی تاوانباران تا سەر ئێسقان زیانی بە کەیسەکە گەیاندووە، نەک
لە ناوچەکە بەڵکو لە کۆمەڵگەی نێو دەولەتیش جێی پرسیار و ڕامانە، پێشتر ئاماژەم بەداڵدەدانی تاوانباران دا لەلایەن هەردوو حیزبی
باڵا دەستی جووت بنەماڵە، بۆ بوونی هێزی چەکداروشەڕو شکاندنی یەکتری و پاسەوانی، تاوانباران باشترین پێکهاتە و ماددەن، دیارە بە
درێژایی مێژووی شۆڕشی کورد چ لە شاخ و چ لە شار، بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە ئەوانە
ئەوەندەی خەبات بۆ بەرژەوەندی حیزب و چەند بنەمالەیەک دەکەن، لە تەک ئەوەشدا بۆ
مانەوەیان لە دەسەلات و پاراستنی
بەرژەوەندییەکانیان دژ بە بەکترو بوونەتە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەران لە بەعس
و ئێراقی نوێوە تا دەگات بە ئێران و تورکیا، ئەوەندە بییریان بەلای پرسە نیشتمانی
و چارەنووسی هاولاتیان و تاوانباران ناچێت.
چەند نموونەیەکی گەلان دەهێنینەوە سەبارەت بە تاوانباران و کاردانەوەبەرامبەریان:
لەسالی ١٨٩٠ لەسەردەمی سوڵتان حەمیدی دووەم بەسەرپەرشتی زەکی پاشا سوارەی حەمیدیان لە چەند
عەشیرەتێکی کورد پێک هێنا، وەک سەرۆک جاشەکانی سەردەمی بەعس، سوارەی حەمیدی و
تەلعەت پاشاو ئەنوەر پاشاو جەمال پاشا و دەزگە داپلۆسێنەرەکانی سوڵتان دەوری خەراپیان گێڕا لە قەتل و عامکردنی یەک
ملیۆن و نیو ئەرمەنی و زیاتر لە نیو ملیۆنیش ئاوارە بوون جێی باب و باپیرانیان بە
جێ هێشت.
تەلعەت پاشا سەرکردەی دیاری عوسمانی دامەزرێنەری اتحادو تەرەقی و پۆستەکانی وەک سەرەک وەزیران و وەزیری ناوخۆی
پێدراوە، دوای شکستی عوسمانی تەلعەت پاشا ڕادەکات بۆ ئەڵمانیا لە شاری بەرلین لە
شەقامی هاردنبێرگ خانووی ژمارە چوار بەنێوی
عەلی سالح بەگ دەژیت، ئەرمەنییەکان بۆ تۆلەی جینۆسایدی گەلەکەیان
کۆمیتەیەکی شۆڕشگێر پێک دەهێنن بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران، گەنجێکی ئەرمەنی
بەنێوی سۆغۆمۆن تەهلیریان لەلایەن کۆمیتەی شۆڕشگێران ڕادەسپێردرێت بۆ کوشتنی
تەلعەت پاشا، ئەوەی دوای دەست نیشانکردنی شوێنی ژیانی، لەبەیانییەکی زووی ساڵی
١٩٢١ سۆغۆمۆن خۆی دەگەیەنێتە نێو ماڵەکەی تەلعەت پاشا دەیداتە بەر فیشەک و
دەیکوژێت، سۆغۆمۆن خەلکی گوندی نێرکین باگارجی سەر بە ویلایەتی ئەرزڕۆمە، تەواوی
خانەوادەکەی قەتل و عام کرابوون، دوای کوشتنی تەلعەت پاشا چووە بەردەم دادگا،
دادگا دوای گوێگرتن لە وتەکانی ئازادی کرد، ئێستا سۆغۆمۆن بە یەکێک لە پاڵەوانانی
ئەرمەنی ناودەبرێت. کۆمیتەی شۆڕشگێڕانی ئەرمەنی لە تۆلەی قوربانییەکانیان ژمارەیەکی
زۆریان لە سەرکردەکانی عوسمانی و ئازەریان کوشت.
موسادی ئیسرائیلی لەڕێکەوتی ١١٠٥٠١٩٦٠ سەرکردەی دیاری نازی ئەدۆلف
ئایشمانیان گرت لە بۆینس ئایرس ی پایتەختی ئەرجەنتین، لەڕێککەوتی ٢٢٠٥.١٩٦٠ بە
فڕۆکەیەکی تایبەت ڕفاندیان و هێنایەنەوە ئیسرائیل دادگایان کرد هەزاران بەڵگە نامە
و دەیان شاهێدیان ڕووبەڕوو کردەوە، لە ڕێککەوتی ١٠٦٠١٩٦٢ لەسێدارەیان دا. ئەوەی جێی ڕامانە ژنە سیاسی و تیۆریتیک هانا
ئارێنتی ئەڵمانی یەهودی وەک پەیامنێری گۆڤاری نیۆرک لە مانگە کانی ٤و٥و٦ ئامادەی پرۆسەی
دادگاییکردنی ئایشمان بوو.
نیلسۆن ماندێلا قسەیەکی دیاری هەیە دەلێت" من هیچ سەروەری و
بەرهەمێکم نییە خۆمی پێ هەڵکێشم، هیچ کارامە ییەکیش شک نابەم شانزی پێوە بکەم ، وا
هەست دەکەم قەدەر وای داناوە کە جیهان ڕێز لە کەسێکی ئاسایی بگرێت، بەمەش هیچ
فریوناخۆم و لە خۆم بایی نابم".
بۆیە دەلێم گەندەل و لوتبەرزو تاڵانچی و ناهۆشیارو نەزان ناتوانن
نیشتمان پەروەر بنو تاوانباران بەدادگا بگەیەنن و کەیسی جینۆسایدی کورد بکەنە
ناسنامە و لە وڵاتان کار بۆدانپێدانانی بکەن، ئەو کەیسە تەنیا وەک هۆیەک بۆ سواڵکردن
لە وڵاتان بەکاردێت. چەند چاڵاکی و کۆنفرانس لێرەو لەوێ لەسەر ئاستی کەسیی و
ڕێکخراو ئەنجامدراون بەڵام لە ئاستی پێویست نەبوون.
جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ٢٤ وڵاتی
دونیا ناسێنراوە، سەرجەم بە ویلایەتەکانی
ئەمریکاشەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس