وتار
سیستمی ئابوری موڵکانەو لێکەوتە مەترسیدارەکانی!
Thursday, 03.31.2022, 10:44 AM
سیستمی ئابوری موڵکانە ، جگە لەوەی هۆکارێکە بۆ هێنانەدی سیستمی سیاسی ستەمگەری ، خەڵک لە هێزی کارو بەرهەمهێنەوە ئەگۆڕێ بۆ هێزێکی بێ کار و تەمەڵ و بەکاربەر !
چەند سەرەقەڵەمێک ، بەئومێدی ئەوەی هەندێ وەڵامی بابەتیمان دەربارەی بارودۆخی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا دەست بکەوێ ،
- ئابوری موڵکانە چیە ؟
- لێکەوتەکانی ئەم سیستمە ئابوریە چین ؟
١- ئابوری موڵکانە ؛
ئابوری موڵکانە (Economic Rent) بریتیە لە شێواز یا سیستمێکی ئابوری کە پشت بە یەک سەرچاوەی داهات دەبەستێ ،زۆر جار ئەو سەرچاوەیەش سروشتە ، وەک کەرەستە سروشتیەکانی ( ئاسنەکان ، ئاو ، نەوت و غاز ) .
دەوڵەتی خاوەن ئابوری موڵکانە ، هەموو یا بەشێکی زۆری داهاتی نیشتیمانی لە رێی فرۆشتن و بەکرێدانی کەرەستە بنچینەییە سروشتیەکانی بە کڕیارە دەرەکیان ، دابین دەکات وەک فرۆشتنی نەوت و غاز ، زەوی تەلار و باڵەخانە و کارگە و تاوەر و مارکێتە گەورەکان .. .
ئابوری موڵکانە بەگوێرەی گۆرانکاری لە نرخی بازاڕی نەوت وغازدا توشی بەرزونزمی دەبێت و رەنگدانەوەی راستەخۆی لەسەر سەقامگیری و پرۆسەی سیاسی دەوڵەت دەبێت کە رەنگە بارودۆخی عێراق و فەنزویلا کەیەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا دوو نموونەی نزیک و زیندووبن ، کە بەهۆی پشتن بەستن و لە ٩٠٪ داهاتیان بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوەیە بەردەوام کێشە و ململانێ و ناسەقامگیری سیاسی لێکەوتۆتەوە .(١)
٢- لێکەوتەکانی ئەم سیستمە ئابوریە چین ؟؛
هەروەکو وتمان دەوڵەتی موڵکانە «ریعی » سەرچاوەی داهاتی لە رێگەی بەرهەمهێنان و رێکخستنی باجەکانیەوە نیە ، بەڵکو پشت ئەستورە بە داهاتی کەرەستە سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز ، ئەمەش دەوڵەت لە کۆمەڵگە دادەبڕێ لە رووی کارو سەرچاوەی داهاتەوە ، کە لە راستیدا دەبێتە هۆی دروستکردنی ئەقڵیەتی موڵکانە (٢) .
کاتێ دەوڵەت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی خۆی لە فرۆشتنی نەوت و غاز دەست دەکەوێت ، ئەم پرۆسەیە هیچ پەیوەندیەکی بەکارەوە نیە و دابڕاوە لە بەرهەمهێنان ، واتە دەوڵەت لە پەیوەندی و بەریەککەوتنی لەگەڵ خەڵکدا دوور دەکەوێتەوە و ئەم سەروەت و سامانەی لەسروشتەوە بێ رەنج و ماندوبون و تێچویەک دەستی دەکەوێت وەک دەستکەوت و بەخششێک بەرەوای خۆی دەزانێ ،لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات هەوڵ دەدات بەشێکی داهاتەکەی بۆکرینی ولائی خەڵک تەرخان بکات لەرێگەی تۆرەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی فەرمانبەری ناپێویست لەیەکە کارگێریەکاندا ،کەلەو رێگەیەوە بەشێک لە بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی رێک دەخات و پێگەی حزبی و دەسەڵاتی توندتر ئەکات ، لەئاکامدا بەشێک لەهاوڵاتیان دەبنە سەرچاوەیەک لە قازانجە ئابوریەکان و لەهەمان کاتیشدا بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە دەوڵەت دەبەستن ، وەئەو هاوڵاتیانەش کە سەرچاوەی بژێویان کەوتۆتە سەر دەوڵەت چاوپۆشی لە کەموکوڕیەکانی دەوڵەت دەکەن و فشار ناخەنە سەر حکومەت بۆیە لەم نێوانەدا حکومەت لە پرس و ململانێ ناوخۆییەکاندا زۆر مەترسی بۆ دروست نابێ لەبەر بەشداری نەکردن و دوور کەوتنەوەی ئەو جۆرە خەڵکانە لە فشارخستنە سەر حکومەت (ئەم پەیکەرە ئابوریە هەرتەنها ئەوەنیە کە وەک خواستێکی سیستمی سیاسی ستەمگەر و ئابوری موڵکانە بێت ، بەڵکو لەهەمان کاتیشدا هۆکاری پارێزگاریکردنیشیەتی ).
ئەم جۆرە لە سیستمی ئابوریە ، رەوشێکی خراپ لە پەیوەندی نێوان جەماوەر و دەسەڵاتدا دروست دەکات و زۆرترین بڕی داهات و خێر و بێری سەرچاوەکانی داهات بۆ خێزان و بنەماڵە و هۆزی دەسەڵات دەڕوات و درزو بۆشایی گەورە لە پەیوەندی ئابوری ،سیاسی ، کۆمەڵایەتی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا دروست دەبێت لە بەرئەوەی حکومەت گوێ بەکایەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاریە گشتیەکان نادات و زۆرترین سامانی وڵات دەکەوێتەدەست دەسەڵات و دەستوپێوەندەکانی نەک حکومەت . هەروەها ئەم سەروەت و سامانە بێ شومارە بۆ ئاوەدانی و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بەکار ناهێنرێت و ناچێتە خزمەت بەرژەوەندی گشتیەوە ،بەڵکو دەچێتە سەر سامانی کەڵەکەبووی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارەهەڵتۆقیوەکان .
لەگەڵ تێپەرینی کات و چاوچنۆکی و خواستی زۆرتری دەسەڵات لە سەر کەڵەکەکردنی بڕی سامان و فراوانکردنی چوارچێوەی هەوڵەکانی لە دەستبەسەراگرتنی زۆرترین لە داهاتی فرۆشتنی نەوت وغاز ، کە ئەمەش لەسەر خزمەتگوزاریە گشتیەکان و پێداویستیە سەرەتاکانی ژیانی خەڵک دابین ئەبێ بۆیە قەیرانەکان سەر هەڵ دەدەن و لە قەیرانی ئابوریەوە دەگۆڕێ بۆ قەیرانی هەمە لایەنەی مرۆیی .لەبەر ئەوەی حکومەت توانای دابینکردنی کاڵا و پێداویستیە بنچینەییەکانی هاوڵاتیانی نامێنێ ، وە تێکڕایی گەندەڵی و قۆرخکاری ورێژەی هەژاری و هەڵاوسان و کۆچ و رێژەی تاوان و پێشێلکاری یاسایی زیاد دەکات.
دیادەی کەمبونەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان وەک کەمبون یا نەمانی داوودەرمان لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکاندا ، کەم بوونەوەی رێژەی پێدانی کارەبا و گرانی و قەیرانی سوتەمەنی ، بێ سەروبەری بازار و بازرگانی .
فەرامۆشکردنی کەرتە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەکو پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانست و کەرتی تەندروستی و هاندان و شوێنگرتنەوەیان بەکەرتی تایبەت کە مەترسی و کاریگەری خراپ و شوێنەواری زیانبەخش و قوڵی لەسەر رەوشی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵک دروست دەکات و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان دیاردەی نەگونجاو و سەدان کارەساتی جەرگبڕ .
هەروەها لەلایەکی تریشەوە رێگە بۆ سەرهەڵدانی چەندین دیاردەی تری ناشارەستانی وەک کاری توندوتیژی و چەتەگەری مافیایانە و هێزی میلیشیایی و پاشاگەردانی و بێ سەروبەری دروست دەبێت ، حکومەت و دەزگا ئەمنیەکانی زیاتر کاری ترساندن و بێ دەنگ کردنی کەسانی دیارو نەیاری دەسەڵات و تەسککردنەوەی بوار و کاری نەقابی و رێکخراوەیی دەگرنەبەر و رێگە بە دەربڕینی نارەزایەتی و خۆپیشاندان رای ئازاد و ئازادی را دەربڕین نادەن ، تالەئەنجامدا دەسەڵات بەرەو ملهوڕی و ستەمگەری مل دەنێت و (حکومەت وەک دەسەڵاتێکی تاکڕەوی بێ باک و موهەیمەن بەسەر دەسەڵاتەکانی تری وەک دەسەڵاتەکانی تەشریعی و دادوەریدا دەردەکەوێت و دەستوەردەداتە ناو هەمو کایە ئیداری و دەزگاکانی ترەوە و رۆڵ و پێگەیان لاواز و پەک دەخات ) (٣)، تالەئەنجامدا ئەم قەیران و تەنگژە ئابوریە وێرانکەرە روخێنەرە دەگۆڕێ بۆ قەیرانی سەختی مرۆیی ، قەیرابێک کە ژیان و چارەنوس و دوارۆژی گەل دەخاتە بەر مەترسی جدی لێکترازان و داڕمانی کیان و قەوارەی دەسەڵاتەکەی .
زۆربەی ئەو حکومەتانەی کە پەیڕەوی سیستمی ئابوری موڵکانە یا تەنها پشتیان بە ئابوری موڵکانە بەستوە وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی حکومەت ، لەئاکامدا بەرەو دەسەڵات و سیستمی ستەمگەری و زۆرداری و تاکڕەوی ملیان ناوە و کەوتونەتە دژایەتی کردنی ماف و ئامانجەکانی هاوڵاتیان ، بۆیە ئابوری موڵکانە جگە لەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک سەخت و دژوار دەکات لەهەمان کاتیشدا هۆکارێکە لە هێنانە کایەی سیستمی سیاسی ستەمگەر و زۆردارانە کە سەرجەم بەها باڵا و ویژدانی و مرۆییەکانی خەڵک پێشێل دەکات و حکومەت دەبێتە دەزگایەکی ئەمنی رووتی داپڵۆسێنەری پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی خۆی و دەستوپێوەندە مولتەزیمەکانی ، نەک حکومەتی خەڵک و خزمەت و خاوەن خەونی گەورە !
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس