وتار
ناساندنی کتێبی (لای کورده‌کان بووم)
Wednesday, 04.06.2022, 09:57 AM
کتێبی لای کورده‌کان بووم، بینه‌ری خه‌باتێک بۆ ژیان (Ich war bei den Kurden, Augenzeuge eines Lebenskampfes) که هی نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسی ناسراوی نه‌مسایی فریتس زیته (Fritz Zitte)یه، ساڵی ١٩٨٠ له‌ڤییه‌ننا به‌قه‌باره‌ی مامناوه‌ندو ٢١٠ لاپه‌ڕه بڵاوکراوه‌ته‌وه، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کی گه‌نج له‌سه‌ر به‌رگه‌که‌یه‌تی بهبڕنهوێکهوه. نووسه‌ری ئه‌م کتێبه ساڵی ١٩٢٤ له‌و وڵاته له‌دایکبووه‌و ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردووه، ناوبراو به‌وه ناسراوه کهڕاپۆرتی رۆژنامه‌وانی نووسین و وێنه‌یی له‌شوێنه پڕ له‌قه‌یران و جه‌نگه‌کانه‌وه ئاماده کردوه‌و له‌هه‌ندێک ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار‌و رۆژنامه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وکاتی وڵاتانی ئه‌وروپادا بڵاویکردوونه‌ته‌وه، ئه‌م به‌وه جیاواز بووه له رۆژنامه‌نوسانی سه‌رده‌مه‌که‌ی، که‌خۆی سه‌رکێشی کردووه‌و کام ناوچه جه‌نگ، کهشهڕو نائارامی و خه‌بات و شۆڕشی تێدابووه خۆی به‌هه‌ر نرخێک بووه چۆته ئه‌وێ و ماوه‌ته‌وه‌و راپۆرتی مه‌یدانی ئاماده کردووه‌و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی و کاراکته‌ره دیاره‌کاندا ئه‌نجامداوه‌و دواتر به‌شێوه‌ی کتێب بڵاویکردۆته‌وه، نموونه وڵاتانی وه‌ک یه‌مه‌ن، ئه‌نگۆلا، سورینام، نیگکهراگوا، نامیبیا، چاد، سودان، که‌مبۆدیا، ئه‌فغانسان و کوردستانه، خۆی خاوه‌نی زیاتر له ٢٠ کتێبه زۆربه‌یانی به‌م جۆره نووسیوه.
وه‌ک ده‌ریشده‌که‌وێت هه‌میشه پشتی خه‌باتگێڕان و گه‌لانی چه‌وساوه‌ی گرتووه‌و ره‌خنه‌ی لهچهوسێنهران، داگیرکه‌ران و سیستمی سیاسی ناوچه‌یی و جیهانی گرتووه. ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی له‌سه‌رکردایه‌تی و کاراکته‌ره‌کانی شۆڕشه‌کانیش گرتووه. ئه‌م به‌خۆی و کۆڵه‌پشت و کامێرا‌و جانتایه‌که‌وه ملیناوهو گوێی به‌مه‌ترسی و کێشه‌و گرفت و هه‌ندێک جار گیانی خۆشی نه‌داوه!
له‌پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی (لای کورده‌کان بووم) نامه‌یه‌کی کوردیی ده‌ستنووسی سامی عه‌بدولڕه‌حمان (سامی سنجاریی)، سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ده‌قی ئه‌ڵمانییه‌که‌شی بڵاوکراوه‌ته‌وه، که له ١٥/١٠/ ١٩٧٩دا نووسراوه، تێیدا به‌کورتی وه‌سفی ئه‌م نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانه ده‌کات و ئه‌مکاره‌ی ئه‌و بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی خه‌باتی کورد به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.
به‌ڵام چیرۆکی نوسینی کتێبه‌که به‌وه ده‌ستپێده‌کات، که نوسه‌ر زۆر پێشتر زانیاری له‌سه‌ر کێشه‌ی کورده‌کان هه‌بووه و مه‌به‌ستی بووه سه‌ردانی کوردستان بکات، له‌نیوه‌شه‌وێکی پایزی ساڵی ١٩٧٩دا ته‌له‌فونێکی لەپاریسهوه بۆ دێت، که کوردێک پێی ده‌ڵێت، گه‌ر تۆ وه‌ک جاران حه‌ز ده‌که‌ی سه‌ردانی کوردستان بکه‌یت ئه‌وا رۆژی چوارشه‌مه ئوتێلی فڵان له‌شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا یه‌کتر ده‌بینین. ئه‌میش رازی ده‌بێت و یه‌کتر ده‌بینن، دوای ئاشنابوون به‌ئامانج و بیروبۆچوونی زیته رازی ده‌بن هاوکاری سه‌فه‌ره‌که‌ی بکه‌ن، پێده‌چێت ئه‌مان سه‌ر به‌پارتی بووبێتن. رێک ده‌که‌ون که ئه‌م به‌فڕۆکه تا ئه‌سته‌مبوڵ بچێت و له‌وێ ئه‌ندامێکیان پێشوازی لێبکات، بۆ ناسینه‌وه‌شی پێنج کرۆنییهکی کاغه‌زی پاره‌ی ئه‌وکاتی سوید دوو له‌ت ده‌که‌ن و له‌تێکی ده‌ده‌نه ئه‌م و له‌تێکی ده‌نێرنه‌وه بۆ ئه‌وێ وه‌ک به‌ڵگه. دیاره ئه‌م کاره‌ی پارتی کردویه‌تی زۆر گرنگ بووه بۆ کاتی خۆی، که ده‌نگی کورد نه‌گه‌یشتۆته هیچ کوێ و دوای هه‌ره‌سی ١٩٧٥ وازانراوه که خه‌باتی کورد کۆتایی هاتووه، زۆر که‌م رۆژنامه‌نوس و نووسه‌ران ده‌گه‌یشتنه ناو پێشمه‌رگه.
به‌کورتی ناوبراو خۆی ده‌پێچێته‌وه و سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ری ١٩٧٩ ده‌فڕێت بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و وه‌ک رێککه‌وتون له‌سه‌عات دووی نیوه‌شه‌و لەئوتێلی دیڤان لەئهستهمبوڵ دێن ده‌یبه‌ن. که‌سێک به ناوی عومه‌ر وه‌ک وه‌رگێڕ و هاوسه‌فه‌ر سه‌ره‌تا به‌ئۆتۆمبیل به‌ره‌و باشوری رۆژهه‌ڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان) و له‌وێوه بۆ سنوری ئێران، دواتر له‌گه‌ڵ دووکه‌سدا به‌ڕێگه‌ی قاچاخ و به‌سواری ئێستر به سه‌ر سنوری پڕ له مه‌ترسی مین و خاڵی سه‌ربازی و شاخوداخ و دۆڵ و ڕێگه‌ی سه‌خت و که‌ندوله‌ند، تا به نایاسایی ده‌گه‌نه نێو خاکی ئێران و لای باره‌گایه‌کی پارتی ده‌حه‌سێنه‌وه. دیاره ئێران ئه‌وکات دۆخێکی زۆر نائارام و بارگاوی به‌شه‌ڕ و شۆڕی کاتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژ به‌شا و ناکۆکی نێوان رژێمی ئێران (خومه‌ینی) و حزبه کوردییه‌کان بووه، ئهتمۆسفیرهکه زۆر نائاسایی و پڕ لە‌مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکه و بارێکی ئاسایشی ناجێگیر بووه، به تایبه‌ت بۆ ئهمێکی بیانی و ئه‌وروپی، که ته‌نها ڤیزه‌ی گه‌شتیاری تورکیای هه‌بووه‌و بەنایاسایی هاتۆته ناو ئێرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌م گوێی پێ نادا و له‌سه‌ر ئه‌وه سور ده‌بێت، که بچێت بۆ سه‌رکردایه‌تی ئه‌وکاتی پارتی – قیاده مووه‌قه‌ته، وه چاوی به سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی بکه‌وێت!
پێشمه‌رگه‌کان ئه‌م تێیده‌گه‌یه‌نن که دوو رێگه هه‌یه، یه‌کێکیان ئه‌مینتره که له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌ی پ.م کانداو دوو سێ هه‌فته‌ی پێ ده‌چێت و به‌پێیه، رێگه‌ی دووه‌م به ئۆتۆمبیله و یه‌ک ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام پڕ لەمهترسییه، چونکه ده‌بێت به سێ خاڵی پشکنینی هێزه‌کانی سه‌ر به رژێمی ئیسلامی‌دا تێپه‌ڕن! دوای بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر زیته بڕیار ده‌دات که ڕێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌که هه‌ڵبژێرێت، هه‌رچه‌نده بۆ ئهمێکی ئه‌وروپی و بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌فه‌رو ڤیزه‌یه‌ک، گه‌ر بگیرێت به دڵنیایی به‌پێی یاسای ئه‌وکاتی ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێرانی گوله‌باران ده‌کرێت! به‌کورتی جانتا و کامێراکه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک پ.م دا، ئه‌میش به‌رگی کوردی ده‌پۆشێت و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به لاندرۆڤه‌رێک به‌ڕێده‌که‌ون! دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌رکێشی بەههرسێ بازگه‌که‌دا تێپه‌ڕ دهن، که‌وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئه‌و چه‌ند خوله‌که‌ی له بازگه‌کاندا ئۆتۆمبیله‌که‌یان ده‌وه‌ستاند لای ئه‌م کات به ساڵێک ده‌ڕۆیشت و وه‌خت بوو هه‌ناسه‌ش له‌خۆی ببڕێت، لای ئێواره‌که‌ی ده‌گه‌نه سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که، که پێده‌چێت ناوچه‌ی ڕاژان بووبێت. له‌وێ سامی عه‌بدولڕه‌حمان ده‌بینێت، هه‌ندێک ده‌حه‌سێته‌وه و له‌ژێر ده‌وار و چادره‌کانیاندا دێت و ده‌چێت. پاش چه‌ند رۆژێک له‌سه‌ر ویستی خۆی و به پێشنیازی سامی له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌کی پ.م دا له جه‌وله‌یه‌کدا ده‌ڕوات به‌ره‌و کوردستانی باشور، بۆ بینینی ره‌وشی ئه‌وێ، راپۆرت له‌سه‌ر کار‌و چالاکییه‌کانیان ده‌نوسێت. له‌ڕێگا زۆر سه‌رما، برسێتی، شه‌وڕه‌و و بێخه‌وی و ماندوێتی و ساتی پڕ له‌مه‌ترسی ده‌بینێت، پاش ماوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و سه‌رکردایه‌تی، نیوه‌شه‌وێک پاسه‌وانێکی سامی بانگی ده‌کات بۆ چادره‌که‌ی ئه‌و، له‌وێ سامی ده‌ڵێت: تۆ ده‌ته‌ویست گفتوگۆیه‌کی ئارام و درێژم له‌گه‌ڵدا بکه‌یت و تۆماری بکه‌یت، ئێستا کاتم هه‌یه! ئه‌ویش تۆمارکه‌ر ده‌رده‌هێنێت و چاوپێکه‌وتنێکی باشی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، که ده‌قه‌که‌ی له کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ئه‌م سامی وا ده‌ناسێنێت: پێشمه‌رگه‌یه‌کی بێ جامانه، ئه‌ندازیارو زمانزانێکی زیره‌ک و به‌ئاگا که له‌به‌ریتانیا خوێندوێتی و ژیاوه، سمێڵ تاشراو (که ئه‌وکاته سمێڵ تاشین له نێو کورد به‌گشتی و پێشمه‌رگه‌دا به‌تایبه‌تی زۆر نامۆ بووه).
وێنه‌یه‌کیشی له‌گه‌ڵ ناوبراودا له به‌رگی پشته‌وه‌ی کتێبه‌که‌دا بڵاوکردۆته‌وه. هه‌روه‌ها وه‌ک تیۆریسێن (مونه‌زیر)ی حزبه‌که‌ش باسی ده‌کات.
یه‌ک له‌و پرسیاره‌ی سه‌رنجڕاکێشانه‌ی له گفتوگۆکه‌دا هاتوه، زیته ده‌پرسێت: پارتی دیموکرات هه‌ڵگری چ ئایدۆلۆجییه‌کی زانستی و سیاسییه؟ سامی له‌وەڵامدا ده‌ڵێت: شۆڕشه‌که‌مان پێشکه‌وتووخوازانه‌یه. زیته: به‌ڵام هه‌موو شۆڕشه‌کان وا ئیدیعا ده‌که‌ن؟ سامی: وایه، به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم له‌پڕۆگرامی خۆماندا زۆر ئامانجی سۆسیالیستیمان وه‌ک خاڵ جێگیرکردووه...هتد. له شوێنێکی تردا سامی ده‌ڵێت: ئێمه جارێکی تر هه‌رگیز چه‌که‌کانمان دانانێین، وه‌ک ساڵی ١٩٧٥ و به فه‌رمانی بارزانی کردمان، گه‌لی ئێمه به خوێن باجه‌که‌یان دا! له شوێنێکی تردا زیته ده‌پرسێت: کامیان بۆ ئه‌م شۆڕشه گرنگتره، که‌سایه‌تی سه‌رکردایه‌تی یان بیروباوه‌ڕی سیاسی؟ سامی: بێگومان له خاڵی یه‌که‌مدا ئایدۆلۆجی، چونکه شه‌ڕکه‌ران ده‌بێت بزانن بۆ چ ئامانجێک خه‌بات ده‌که‌ن....هتد.
ئه‌وه‌ی سه‌یره سامی عه‌بدولڕه‌حمان هه‌رچه‌نده وه‌ک که‌سێکی رۆشنبیر و به‌ئاگا دیاره و قسه‌ده‌کات، به‌ڵام له وەڵامهکانیدا هیچ باسی حزب و لایه‌نه‌کانی تری کوردستانی باشور ناکات و ناویان ناهێنێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها حزبی ئه‌وان له مه‌یداندا بووبن. هه‌روه‌ها ئاماژه به ناکۆکی و خاڵی جیاوازیشیان له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تردا نادات، ته‌نها باسی حزبی دیموکراتی ئێران ده‌کات. وه‌ک که‌سێک ده‌رده‌که‌وێت که ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر رێچکه‌یه‌کی نوێ خه‌بات بکه‌نه‌وه. به‌ڵام مرۆڤ تێی ده‌گات، که پارتی باوه‌ڕی به فره‌حزبی نه‌بووه.
زیته لێره‌و له‌وێ لهگهڕانهکانیدا به‌نێو پ. م و گونده‌کاندا پرسیاری له پ.م و لێپرسراو و خه‌ڵکی ساده‌ش کردووه، له شوێنێکدا ده‌نوسێت: پیاوێکی سه‌رسپی پیری کورد له‌گوندێکدا به هێمنی و حه‌سره‌ته‌وه گوتی: ئێمه‌ی کورد گه‌لێکی نه‌ناسراو و مهتهڵاوین، زۆر لاپه‌ڕه‌ی مێژوومان پڕ کردۆته‌وه، به‌ڵام به‌شێکی زۆری لاپه‌ڕه‌کانی هه‌رگیز هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه، بۆیه وه‌ک راز‌و نهێنی تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه!
پێده‌چێت پاسداران پێیان زانیبێت که ئه‌م هاتووه، بۆیه دوای ئۆتۆمبیله‌که‌یان ده‌که‌ون، ئه‌م که له‌گه‌ڵ پ.م کانی پارتیدایه و پێده‌چێت ناکۆک بن له‌گه‌ڵ پ.م حزبی دیموکرات‌دا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، کاتێک له‌ده‌س هێزه ئێرانییه‌که هه‌ڵدێن بێ‌ئاگا ده‌که‌ونه نێو ئه‌و گوندانه‌ی له ژێر کۆنترۆڵی حزبی دیموکراتدایهو ئه‌وه‌نده‌ی نامێنێت ته‌قه له‌یه‌ک بکه‌ن و کێشه دروست بێت، بۆ ئه‌م سه‌خته تێبگات، هه‌ردوولا کوردن و هه‌مان به‌رگ و چه‌کیان هه‌یه بۆ ده‌بێ ناحهزو دژ به‌یه‌ک بن!
نووسه‌ر به‌شێکی کتێبه‌که‌ی ته‌رخانکردوه بۆ باس له خه‌بات و سه‌رهه‌ڵدانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ناوی (ڕاپه‌ڕینی کورده‌کان) به‌درێژی باس له راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و دواتر هاتنه‌سه‌رکاری خومه‌ینی و دڕنده‌یی و تاوانه‌کانی رژێمی مه‌لاکانی ئێران دژ به کورد و بێوه‌فاییان به‌رامبه‌ر خه‌باتی گه‌لی کورد دژ به شا، کوشت و بڕ و گوله‌بارانکردنی گه‌نجانی کورد و ...هتد ده‌کات. هه‌روه‌ها باس له‌نه‌دانی مافه‌کانی کورد و سه‌رکوتکردنی کورده‌کان ده‌کات. لەبهشێکی تردا به‌درێژی باسی ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران له‌سه‌رده‌می شادا (ساواک) ده‌کات، که چه‌ند دڕنده‌و خوێن‌ڕێژ و بێبه‌زه‌یی بوونه به‌رامبه‌ر ئازادیخوازان و زیندانییانی سیاسی کورد. ئینجا ره‌خنه له رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و سه‌رۆکی وڵاتانی ئه‌وروپاش ده‌گرێت، که به‌وپه‌ڕی رێزهوهو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێشوازییان له شا کردوه و ده‌ستی شاژن (فه‌ره‌ح زیبا) یان ماچ کردووە له سه‌ردانه‌کانیاندا.
له‌به‌شێکی تری‌دا به درێژی باسی کورده‌کانی باکور و چه‌وساندنه‌وه و دیکتاتۆریه‌ت و خوێنڕێژی ئه‌تاتورک ده‌کات، که ناوی کورده‌کانی گۆڕی بۆ (تورکه شاخاوییه‌کان)، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت دیپلۆماته رۆژئاواییه‌کان ئاگادارن که به‌فه‌رمانی ناوبراو زیاتر له ٦٠٠ هه‌زار کورد کوژراون و سه‌ربڕاون، که‌چی ئه‌م بابه‌ته که جینۆسایده که‌س له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزی ناکاته‌وه‌و باسی ناکات!
له گه‌ڕانه‌وه‌یدا به‌هه‌مان شێوه تووشی چه‌رمه‌سه‌ری و گرفتی زۆر ده‌بێت، لهئێستر به‌رده‌بێته‌وه و دانێکی ده‌شکێت! له‌گه‌ڵ قاچاخچی فه‌رش و به‌نایاسایی داخلی تورکیا ده‌بێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه به‌لایه‌وه، سه‌رجه‌م نووسین و وێنه‌کانی گرتونی به سه‌لامه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گه‌یه‌نێته‌وه ئه‌وروپا.
دوا به‌شی کتێبه‌که‌ی به‌ناوی گرێکانی یان گرفته‌کانی کورده‌کان، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی جوانی بۆ شۆڕشه‌کانی کورد‌و خه‌باته‌که‌ی کردوه، باس له نه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی جیهان و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌کات، ئه‌م جگه لهبێبهزهیی و دڕنده‌یی دوژمنان و یه‌کتربڕینی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، باس له بیرکردنه‌وه‌و ره‌فتاری دواکه‌وتوویی و عه‌شایری، ناکۆکی و ناته‌بایی ناوخۆیی، یه‌کنه‌گرتویی، خۆخۆریی ده‌کات، که‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کورده‌کان شه‌ڕکه‌ری باشن و کۆڵنه‌ده‌رن، ئه‌و هۆکارانه نه‌یهێشتوه به‌ئامانج بگه‌ن. ئه‌م (دووبه‌ره‌کی) وه‌ک قه‌ده‌ر یان نه‌فره‌تی کورده‌کان باس ده‌کات که لێیمان نابێته‌وه. دیاره ئێوه‌ش هاوڕامن که‌ناوبراو ته‌واو پێکاویەتی.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا دێته سه‌ر کۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی، که له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٧٩ له‌ئێران سازکراوه، جا نازانم خۆی ئاماده‌بووه یان نا، به‌ڵام رووداوه‌کانی نێو کۆنگره‌که‌ی به‌وردی تۆمار کردووه، باس له ناکۆکییه‌کان ده‌کات که وه‌ک دوو باڵ ده‌رکه‌وتوون، باڵی ماڵی بارزانی باوک و باڵی سامی عه‌بدولره‌حمان، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت کاتێک ئیدریس بارزانی له نێو کۆنگره داوا ده‌کات هیچ پشتیوانیه‌کی کورده‌کانی ئێران نه‌کرێت له شه‌ڕیاندا دژ به خومه‌ینی، ده‌نگ به‌رز ده‌بێته‌وه و ئاماده‌بووان ئه‌مه وه‌ک (ناپاکی) به‌رامبه‌ر به براکورده‌کانیان ده‌بینن، ده‌شڵێت کێشه‌کان زیاتر خه‌تای ئیدریس بارزانی بووه نه‌ک (مه‌سعود)، که گوتراوه ئه‌وه خۆفرۆشتنه به خومه‌ینی...هتد. له‌وێدا زۆر زه‌می شا کراوه و هه‌ڵوێستی خومه‌ینی بۆ هاوکاریی په‌نابه‌رانی عێراقی کورد له ئێران‌دا بهرزنرخێنراوه. ده‌نوسێت، له‌سه‌ر ئه‌مانه سامی عه‌بدولره‌حمان و نۆ له‌ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی کشاونه‌ته‌وه له‌سه‌رکردایه‌تی و وه‌ک ئه‌ندامی ساده ماونه‌ته‌وه.
ئه‌م راپه‌ڕینی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئازادبوونی به‌شێکی ئه‌وێ وه‌ک ده‌رفه‌تێکی زێڕین بینیوه، بۆیه لای وابووه که‌ده‌بێت به هه‌موو پشتیوان و هاوکاریان بن، تا ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست نه‌درێت، که بۆ هه‌موو کورد گرنگه. ته‌نانه‌ت ده‌نوسێت: هه‌رچه‌نده بارزانی باوک پیربووه، وه‌ک ره‌مزه و رێزێکی زۆری له‌نێو کورده‌کاندا هه‌یه، به‌ڵام کوڕه‌کانی به‌م هه‌ڵوێسته‌یان، مه‌به‌ست لهپشتیوان نه‌کردنی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاته، دووه‌م هه‌ڵه‌ی کوشنده ده‌که‌ن، دوای چه‌کدانانی ١٩٧٥ که نووسه‌ر به (ته‌سلیمبوون) باسی ده‌کات. له‌کتێبه‌که‌شیدا خاڵی نۆیه‌می به‌یانی کۆتایی کۆنگره‌ی به‌ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی بڵاوکردۆته‌وه که داوا له حدکا و رژێمی ئێران ده‌کات به‌گفتوگۆ کۆتایی به‌شه‌ڕ بهێنن.
پێم وایه ئه‌م کتێبه وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژووی نزیکی خه‌باتی کورد گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه جێگه‌ی ره‌خنه‌یه، که هیچ باسێکی له حزب و گروپه‌کانی تری ئه‌وکاتی باشوری کوردستان نه‌کردووه، وه‌ک یه‌کێتی، پاسۆک و حزبی شیوعی و ...هتد، به‌ڵام پێم وایه گرنگه وهربگێڕرێته سه‌ر زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت که نوسه‌ر که‌سێکی بیانییه و بێلایه‌نانه ڕووداو و هه‌ڵوێسته‌کانی نوسیوهتهوە.
سه‌رچاوه:
Ich war bei den Kurden - Augenzeuge eines Lebenskampfes; Sitte, Fritz; Verlag Styria, 1980, Austria, ISBN: 3222112630
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس