وتار
چیرۆکەکانی نیشتمان - زنجیرەی دوەم: چیرۆکی گوڵ و کیژ و گەنجانی نیشتمان
Friday, 04.08.2022, 03:44 PM
لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٥ گۆرانیبێژی ئەمریکی Pete Seeger سێ کۆپڵەی یەکەم و میلۆدی دەقێکی نوسیوە دەڵێت: " هەمو گوڵەکان چیان لێهات، کیژەکان گولەکانیان چنیەوە. کیژەکان لە کوێن، هەمویان شویان کرد، پیاوەکان لە کوێن، هەمویان بونە سەرباز". بەپێی چەند سەرچاوەیەک سەرچاوەی ئەم دەقە دەگەرێتەوە بۆ لایەلایەکی تەقلیدی قەوقازەکان.
پێم بڵێ گوڵەکان لە کوێن
چیان بەسەر هاتوە
کاتێکی زۆر بەسەرچو
کیژەکان گوڵەکانیان چنی
پێم بڵی کیژەکان لە کوێن
چی رویداوە
کیژە گەنجەکان شویان کرد
پیاوە گەنجەکان
هەمویان بەرگی سەربازیان پۆشی
پێم بڵێ سەربازەکان لە کوێن
هەمویان بۆ سەرقەبران رۆیشتن
هەمویان بە گوڵ داپۆشران
لە سەر گڵکۆکان شنەبایەک هەڵیکردوە
پێم بڵی گڵکۆکان لە کوێن
گوڵەکان لە هەوای هاویندا دەگەشێنەوە
کەی مرۆڤ لەوە تێدەگات
کەی مرۆڤ لەوە تێدەگات
دەیان گورانیبێژی دنیا بە زمانە جیاکان ئەم کۆپڵانەیان وەک گۆرانی چریوەتەوە و یەکێکە لە ناودارترین میلۆدی فۆڵکلۆری دنیا.
جاران لەم بەشە باشورەی نیشتمانەکەمان چەند شاعیر و نوسەری ناودار هەڵبەست و نوسینیان نزیک لە ناوەرۆکی ئەو کۆپلانەی سەرەوە نوسیوە، هەندێک لێیان وەک هەڵبەست و گۆرانی و سرود زیندو ماونەتەوە و تام ئەم چرکەیش ناخ و دەرونی کوردپەروەرە رەسەنەکان دەورێژێنن. سەردەمانێک بو گوڵ و کیژ و رۆڵەکانی میللەت گوڵزاری نیشتمان و روخسارە قەشەنگ و بێگەردەکەیان دەرازاندەوە، ئەو ساتانەی خۆبەخشین و کڵگۆ و هاژەی تاڤگە و شنەبای ناسک و فێنکی هاورێی شەفەقی بەیانیان تەواوکەری سیمفۆنیای رەسەنی کوردبون بون.
زۆر واردە کەسانێک لەم سەردەمەدا پرسیار بکەن و بڵێن کوردبونی ئەو سەردەمە چۆن بو؟ ئایا ئەم گرێدانەوەیە بەو شۆڤینزم و نەستۆلژیا بەسەرچوە لە دۆخی ئیستادا چ سودێکیان هەیە؟ خەڵک پر بەدەم هاوار دەکات و داوای موچە و خزمەتگوزاری و دادپەروەری و ژیانێکی ئاسودە دەکات، باسکردنی ئەو مێژوە و چیرۆکەکانی گوڵ و کیژ و رۆڵەکان چی لەم واقیعە تاڵ و دژوارەی ئێستا دەگۆرێت!
بۆ خۆم لەو باوەرەدام هەر کەسێک بە چیرۆکەکانی مێژوی خاک و نەتەوەکەی ئاشنا نەبێت هەروەک گەڵایەکی زەردهەڵگەراوی سیسی تەمەن بەسەرچوی بێ رەگ و ریش لە سوچ و قوژبنەکانی سەرجەم کەلاوە و وێرانەکانی زەمەندا دەگیرسێتەوە. لە رۆژانی ئێستای کوردستانەکەمان سەدان نمونەی ئەو جۆرە بێشەرم و رسوابوانە لە لوتکەوە تا بنکە لە دەسەڵات و حزب و دەرەوەیان دەبینین.
کەسانێک هەن، بێگومان ناو و پرۆفایلیان نهێنی نین، سەردەمانێک پاککەرەوەی نەعلەکانی سەدام بون، دەرپێشۆری تاوان و بەدرەوشتیەکانی بون، بازرگانیان بە هەڵوەراندن و سوتاندنی گوڵەکانی کوردستان دەکرد و هەڵبەستی مەدح و سەنایان بۆ دەنوسی، لە سەردەمی ئەنفالەکاندا بە کیژەکانی کورد لە بازارەکانی عەکازی سعودیە و خەیمە بەدناوەکانی بیابانەکانی پاشا و ئەمیرە بەدرەوشتە عەرەبەکان مامەڵە و سەودایان دەکرد، رۆڵەکانی کوردیان، بە سەدان هەزار، زیندە بەچاڵ دەکرد، کەچی ئەمرۆ موعەززەز و موکەرەم لە کۆشکەکانی کوردستانیان پارێزراو و زۆر خۆشتر و ئازادتر لە کیژ و رۆڵەی سەربازە بێ ناوەکانی قەبرستانەکانی نیشتمان دەژین.
ئەم جۆرە چیرۆکانەی نێشتمانەکەمان دەبێت هاندەری گردار بن بۆ شکاندنی بێدەنگی و کرداری پێویست، دەگینا خۆشمان و مێژو و چیرۆکەکان هیچ بەها و مانایەکیان نامێنێت. پێویستە چیرۆکەکانی نێشتمان کانیاوی بوژاندنەوە و بەخشینەوەی خۆشەویستی و ئەمەک و متمانە بن بە خۆمان و بۆ ئایندەی نیشتمان و نەتەوە.
تا چیرۆکێکی تر
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس