وتار
راستکردنەوەی هەڵەیەکی زەق لە یادی ( ئەنفال ) دا
Saturday, 04.16.2022, 08:02 PM
کورد ناخوێنێتەوە ، ئەگەر خوێندیشیەوە بەسەرەوژێری حاڵی دەبێت :
هەواڵ و وێنەی ساختە
( FAKE ) لە سۆشیال میدیای کوردی لە هەرێمی
کوردستان بوەتە دیاردە ، دیارە ئەوش لە کەمی یان نەبوونی زانیاری و نەگەڕان بەدوای
ڕاستییەکان و تەمبەڵی و بێ ئاگایی تاکی کورد سەرچاوەی گرتووە .
بۆ نموونە ، لەساڵیادی ئەنفالدا ، چەند وێنەیەکی
فۆتۆگرافەری ئێرانی بەناوبانگ ( جاسم غەزبان پور خورەم شەهری ) کە لە کاتی
کۆڕەوەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا گرتوویەتی ، بەشێک
لەوێنەکان وێنەی مناڵانی کۆڕەون و، ریزیان گرتووە بۆ وەرگرتنی ( خورما و سەموون ).
ئەو وێنانە لە سۆشیاڵ میدیای کوردی لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئەنفالدا بەشێوەیەکی بەر
بڵاو سۆشیال میدیای تەنیوە ،گوایە مناڵانی ئەنفالن (پێش زیندەبەچاڵکردنیان )،
هەروەها چەندین شیعرو پەخشانیشان لەسەر نووسیوە ، دیارە ئەم کارەش زیانی لە قازانج
زیاترە ،بەتایبەت بۆ کەیسی ئەنفال و بەدیکۆمێنت کردنی ڕاستییەکان ، چونکە ئەوە
تەنها کوردە هەواڵی ناڕاست و وێنەی ساختە
(FAKE ) لە یادی ئەنفالدا بڵاو دەکاتەوە ، کەچی (
جاسم غەزبان پور خورەم شەهری )کە خاوەنی فۆتۆکانە ، چەندین جار روونکردنەوەی
نووسیوەو ئەم هەڵەیەی ڕاستکردۆتەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد ناخوێنێتەوە ، گەر
خوێندیشیەوە بە سەرەوژێری تێدەگات ، روونکردنەوەکان هەمووی بێ سوود بوون .
فۆتۆگرافەرو رۆژنامەنووسی ئێرانی ( جاسم غەزبان پور
خورەم شەهری ) زۆر بە ئاشکرا ئەم هەڵەیەی ڕاستکردۆتەوەو نووسیویەتی :
(وێنەی ئەو مناڵە کوردانەی کە لەدوای یەک ڕاوەستاون ، من خاوەنی ڕاستەقینەی
وێنەکانم و لە ٣١ ئاداری ١٩٩١ دا وێنەکانم وەرگرتووە ،ئەو
مناڵانە بۆ وەرگرتنی ( خورما و سەموون ) لەسەر سنووری عیراق /ئێران ریزیان گرتووە
، لە دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان لە دەست دڕندەیی سەدام حوسێن لە بەهاری
ساڵی ١٩٩١ کە بە بەهاری کۆڕەوەکە ناسراوە ڕایانکردوە ، تکایە ئەو
وێنانە هیچ پەیوەندییەکی بەئەنفالەوە نییە )
!
لە
کۆتاییدا هیوادارم ئەم ڕونکردنەوەیەم ببێتە مایەی ڕاگرتنی ئەو چەواشەکارییەی
کە زیان بە ڕاستییەکان و کەیسی ئەنفاڵ دەگەیێنێت ،ئاخر لەبری ئەو وێنە
فەیکانە کە زیان بە دیکۆمێنت کردنی کۆمەڵکوژی ئەنفال دەگەینێت ، بۆ وێنەی
گۆڕەبەکۆمەڵەکان وقەسابخانەی نوگرەسەلمان و تۆبزاوەو بیابانەکانی سەماوە و
عەرعەر بڵاوناکەنەوە؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس