لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شەڕ لەمەتینا قۆناغێكی تری دەستپێكرد!!!

Tuesday, 04.19.2022, 09:36 AM


وەك لە وتارەكەی پێشوومدا دەربارەی دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر باشوور پێشبینیمان كرد، دوێنی شەو لەكاتژمێر 9 ئێوارەوە چەندین كۆپتەرو فڕۆكەی شەڕكەری توركیا هێرشیان كردە سەر لوتكەی كوڕەژار ولینكێ،دواتر هێزە سەربازیەكانی توركیا دابەزێنرانە ئەو ناوچەیە وگەریلاكانی پەكەكە رووبەروویان بوونەوە ئەو شەڕە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، هیچ زانیاریەكی راستەقینەش لەگۆڕەپانی شەڕەكە نیە وەستان وئەنجامی ئەو شەڕە تا ئێستا بەراستی روون نەبۆتەوە، وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت ئێمە ئامانجی هێرشەكەمان بەدیهێنا، گەریلاكانی پەكەكەش دەڵێن هێرشەكەی توركیامان تێكشكاند. لەهەموو حالەتەكاندا ئەمە واتای ئەوەیە گەریلاكانی پەكەكە وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە ورووبەڕووی بوونەتەوە، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش خۆی لەخۆیدا ئیرادەو باوەڕێكی بەهێزی گەرەكە، لەبەرئەوەی هیچ بەرابەریەك لەنێوان هەردوو هێزی شەڕكەردا نیە
شایەنی ئاماژە پێكردنە ئەو دوو لوتكەیە، شوێنێكی ئێجگار ستراتیژین ولەروانگەی سەربازیەوە ئەو هێزەی كۆنتڕۆڵی ئەو لوتكانە بكات باڵادەستی سەربازی خۆی دەسەپێنێتە سەر ناوچەكە بەگشتی و تا دەگاتە دەشتاییەكانی مووسڵ. چڕ بوونەوەی ئەو شەڕە سەرەتایەكە بۆ هێرشێكی فراوانتر، واپێدەچێت توركیا ئەو جارە بیەوێت بە پانتایی باشووری كوردستان پڕۆسە سەربازیەكەی بەڕێوە بەرێت، بەپێچەوانەی پڕۆسەكانی تر، كە لەسێ ئاڕاستە جیاوازەوە وهەرجارەی لە ئاڕاستەیەكدا هێرشی دەكرد، لەم چەند رۆژەی دادێت رەنگ بێت شەڕەكان بپەڕێتەوە ناوچەی برادۆست وخواكوڕك ودەشتی بەرازگر، كە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدارە! هاوكات ئەگەری ئەوە هەیە شان بەشانی ئەو هێرشەی سەر باشوور پەلاماری رۆژئاوای كوردستانیش بدات، بۆئەوەی باشوور ورۆژئاوا بەیەكجاری لەیەكتر دابڕێت وزنجیرەكانی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوا وباشوور بەیەكەوە بلكێنێت.
هەڵوێستی هێزەكانی باشووری كوردستان زۆر لاوازەو وتا ئێستا هیچ هێزێكی باشوور بوێری ئەوەی نەبووە تەنانەت سەركۆنەی ئەو هێرشەش بكات، ئەمەش جێگەی شەرمەزاریەو مێژوو لێیان نابورێت، خەڵكی باشووریش بە مەسەلەی لاوەكیەوە خەریك كراوە، تەنانەت وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر دەسەڵاتی كوردی، زۆرینەی خەڵك بایەخ بەدۆخەكە نادات و ئامادەن پێشوازی لە هەر داگیركەرێك بكەن، تەنیا بۆئەوەی لەكۆڵ ئەو دەسەڵاتە ببنەوە، ئەمەش سەرئەنجامی ئەو شەڕە رۆشنبیری ومیدیایی ودەروونییەیە، كە لەم بەشەی كوردستان دەگوزەرێت، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن دۆخی كوردستان بەگشتی وهەرێم بەتایبەتی لەچاوەڕوانی قۆناغێكی سەخت دایە، سەرئەنجامی ئەو قۆناغەش دەوەستێتە سەر چارەنووسی داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی وهەرێمی، كە بەداخەوە بەگوێرەی گۆڕانكاریەكان پێناچێت لەبەرژەوەندی كورددا یەكلایی بێتەوە ووەك قۆناغی شەڕی سارد، كوردستان خەریكە دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی ودەكەوێتەوە نێوان بەرداشی زلهێزەكانەوە.

هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان دەستپێكرد!!!
د. كامەران مەنتك
17-4-2022
لە 15 ئەم مانگەوە توركیا هێرشی بۆ سەر لوتكەی كورەژارو لینك وگەلی رەشاڤەو ئاڤا مارك وبانی رینج وبراخە لەزنجیرە چیای مەتینا دەستپێكردووە، رۆژانە تۆپەكانی توركیا بە چڕی ئەو ناوچەیە بۆردەمان دەكەن ودرۆنەكانی ئەو وڵاتە بەئاستێكی ئێجگار نزم دەفڕن وناوچەكە كێوماڵ دەكەن وبەدوای سەنگەرەكانی گەریلاكانی پەكەكە دەگەڕێن، هێشتا هێرشی زەمینی دەستی پێ نەكردووە، هێزەكانی توركیا دەیانەوێت بە تەنیا هێرشەكە بكەن،  بەگوێرەی زانیاریەكانی خەڵكی ناوچەكەش، دیارە تا ئێستا پارتی بەمە رازی نەبووەو دەڵێن دەبێت هێزەكانی زێرەڤانی شان بەشانی هێزەكانی توركیا لەو زنجیرە چیایانە دابنرێن، بۆیە رەنگ بێت یەكێك لە ئەگەرەكانی سەردانی شاندەكەی پارتی لەم چەند رۆژەی دوایی بۆ توركیاو كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆگان بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە بوو بێت، توركیا بەناوی شەڕی پەكەكەوە دەیەوێت ئەو ناوچانە داگیر بكات وبنكەی سەربازی خۆی لێ دابنێت، وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن پارتی داوای لە هێزەكانی پەكەكە كردووە ئەو ناوچانە بۆ ئەوان چۆل بكەن تاوەكو هێزەكانی زێرەڤانی لێ دابنێن، بەڵام گەریلاكانی پەكەكە بەمە رازی نین وبە پلانی توركیای تێدەگەن، هاوكات داوای لە خەڵكی ناوچەكە كردووە لە ناوچە سەربازیەكان نزیك نەبنەوە.
جێگەی داخە توركیا توانیویەتی یەكڕێزی كورد تێكبدات وهیچ متمانەیەك لەنێوان هێزە كوردیەكان نەهێڵێت. بەگوێرەی ئەو دەستپێكە دەبێت چاوەڕوان بین لەچەند رۆژی ئایندە هێرشی زەمینی توركیا بەشێوەیەكی فراوان وبەرنامە بۆ داڕێژراو بۆسەر باشووری كوردستان دەست پێبكات، شایەنی ئاماژە بۆ كردنە توركیا بەیانووی شەڕی پەكەكە دەیەوێت ناوچە ستراتیژی وگرنگەكانی باشووری كوردستان لەرووی سەربازیەوە داگیر بكات، تا ئێستاش لەرێگەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیانەی ساڵانە دەیكاتە سەرهەرێم، توانیویەتی چەندین ناوچەی ستراتیژی وگرنگ داگیر بكات، دوای هەر داگیركردنێكیش ئامێرەكانی سوپای توركیا دەكەونە كار بۆ راكێشانی جادەی سەربازی ودروستكردنی قەڵاو بنكەی سەربازی، توركیا لەو ناوچانەوە بەرەو دواخاڵی هەژموونی خۆی، كە دەكاتە زینی وەرتێ بەشێنەیی هەنگاو دەنێت، بۆئەوەی بە بیانووی دابڕینی هێزەكانی پەكەكە، ناوچەكانی خەتی برۆكسل، كە رێك دەكاتە سنوورەكانی نێوان توركیاو ئێراق، بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر داگیر بكات، وەك بەشێك لە دامەزراندنی پڕۆژەی ناوچەیەكی ئارام، كە لەعەفرین وچیایی كرمانجان نزیك دەریای سپی ناوەڕاست دەستیپێكردووە دەیەوێت بیگەیەنێتە دواخاڵی سنوورەكانی خۆی و كۆتا پێگەی هەژموونی خۆی لەباشووری كوردستان، جێگەی داخە لەو دۆخە هەستیارەدا خەڵكی كوردستان بەململانێیە ناوخۆییەكان خەریك كراوە، میدیاو راگەیاندنەكانی كوردی لەجیاتی ئەوەی خەڵك لەو مەترسیانەی داگیركاری توركیا ئاگادار بكەنەوە، كەوتوونەتە فریودان وبەڵارێدانی بردنی خەڵك خەریك كردنی بەشتی لاوەكی وبێبایەخەوە!.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟