لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

مەرگی سەردەشت عوسمان سەربازە زیندووەکەی ئازادی

Thursday, 05.05.2022, 05:25 AM


  کاتێک یادی سەردەشت عوسمان دەکەینەوە ناتوانین باسی سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و ویدادو عەبدولستار تاهیر شەریف نەکەین کە خۆیان گەیاندە کاروانی پڕ سەروەری عەبدولخالق مەعروف و قادر کابان ، ئەوانەی سەردەشت و سۆران و ویدادو عەبدولستار تاهیریان شەهید کرد ئەوانەن کە ئێستا توانای حوکمڕانی و ئیدارەو بەڕێوەبردنیان نییە و خەڵکی کوردستانیان توشی دەیان قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە ، ئەگەر بمانەوێت بەر بە تیرۆری قەڵەم و قەڵەمکوژەکان بگرین بۆ ئەوەی سەدان سەردەشت و کاوەی تر نەبنە قوربانی پێویستیمان بە شۆڕشێکی ڕۆشنبیری فیکری هەیە کە ئیمکانی هەبێت قەڵەمکوژەکان رابماڵێت. مەرگی سەردەشت عوسمان یەکێکە لە سیمبوڵ و فیگەرەکانی ئازادی ، سەردەشت عوسمان سەربەرزانە ژیا خوازیار بوو کە دوژمنەکانی مەرگێکی تراژیدی پێ ببەخشن ،مەرگی سەردەشت عوسمان پێی وتین پارتی بۆ مانەوەی خوی ئامادەیە خوێنی زیاتر بڕێژێ و جەرگی زیاتری دایکان بسوتێنێت، مەرگی سەردەشت عوسمان پێی وتین دیموکراسی لە ژێر سێبەری هێزێکی فاشیزمی وەکو پارتیدا هیچ نیە جگە لە باڵۆنێکی فوتێکراو کە بە رەخنەی نوسەرێک و وتاری ڕۆژنامەنوسێک و جوڵەی قەڵەمێکی بوێر باڵۆنەکە فش دەبێتەوە ، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هەوڵێکی نەزۆکانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ دروستکردنی فەزایەکی پڕ لەترس وتۆقاندن لەنێوناخی ڕۆژنامەنوسان و قەڵەمە بوێرەکان تا کەس بوێری ئەوەی نەبێت ڕەخنە لەو بتانە بگرێت کە خێزانە سیاسییەکان دروستیان کردووە و بەرگی قەداسەتیان لەبەر دەکەن . مەرگی سەردەشت عوسمان پێی وتین کە پارتی چ هێزێکی ملهوڕ و دزێوو نامۆیە بە دیموکراسی و ڕووی دزێوی پارتی و سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵماڵین کە دەستی لە تیرۆرکردنەکەدا هەبووە ، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان یەکێکە لە تیرۆرە هەرە پلان بۆداڕێژراو و قێزەونەکان کە پارتی لە قەڵەمرەوی خۆیدا ئەنجامیداوە کە هەرگیز ئەم خوێنە ووشک نابێتەوە و لەناو ڕۆژنامەنوساندا ، سەردەشت عوسمان لە وڵاتێکدا شەهیدبوو کە سیستەمی بەریوەبردنی تێدا نییە و دام دەزگاو دادگاو یاساکانیش ئامرازێکن بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتێکی فاشیل کە بست بە بستی کوردستان بە دوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و ئازادی و نان و بژیوی لە خەڵک و لە موچەخۆران بڕیووە و نایەکسانی و ناڕوونی لە دابەشنەکردن و سەروەت و سامانی گشتی دا هەیە و یاری بە چارەنوسی هەست و شعوری خەلک و موچەخۆران و هەموو چین و توێژەکانەوە دەکرێت . بە داخەوە دوای 12 ساڵ لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هێشتا قەڵەمکوژەکانی دژ بە ئازادی ئاشکرا ناکرێن و پارتی بە هەموو ئیمکانی سیاسی و ئەمنی خۆیەوە مەترسی زیاتری لە سەر ژیان و کەرامەتی ئینسانەکان دروست کردووە و هەوڵی زیاتر دەدات بۆ لەکەدارکردنی نێوناوبانگ و کەسایەتی قەڵەمە بوێرەکان و گرتن و سزادانیان لە زیندانەکاندا، دروود بۆ ڕۆحی پاکی سەردەشت عوسمان سەربازە زیندووەکەی ئازادی و سەرجەم سەربازە زیندووەکانی تر کە بە زیندووی لە رۆحی ئازادیخوازان و کۆمەڵگادا دەمێننەوە .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟