وتار
خەزرەجی و زۆری دی لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نین؟
Tuesday, 06.14.2022, 07:28 PM
تۆمەتبارانی ئەنفال هەر ئەو 423 كەسە نین كە دادگای باڵای تاوانەكان بە ناو (قائمة باسماو الاشخاص المطلوب اتخاذ الاجراوات القانونية بحقهم) لیستی ناویانی بڵاوی كردۆتەوە.
لە پرۆسەی دادگایی تۆمەتبارانی ئەنفال لە دەستپێكدا حەوت تۆمەتبار دادگاییكران, ئەو حەوت كەسەی دادگایی كران, ئەوانە بوون پێشتر دەستگیركرابوون و زیندانیبوون, بریتی بوون لە: سەدام حسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی سەرۆك كۆماری عێراق كە رۆژی شەممە رێكەوتی 30-12-2006 لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا, ئەمەش تاوانێكی گەورە بوو بەرامبەر بە كەیسە گەورەكانی دواتر كرا لە ناویاندا هەموو كەیسەكانی خەڵكی كوردستان. عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی بەرپرسی بیرۆی باكووری پارتی بەعس. لیوا روكن سابیر عەبدالعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی. فەریق روكن حوسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتكریتی یاریدەدەری ئەركانی سوپا بۆ كاروبارەكانی ئۆپەراسیۆنەكان. لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەكەم. تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سكرتێری لیژنەی كاروباری باكوور و پارێزگاری موسڵ, عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ ساڵەح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێكخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.
تۆمەتباران پاش ساغبونەوەی تاوان لەسەریان حوكمی قەتعی خۆیان بە سزای جۆراو جۆر وەرگرت و تاوانبار كران بە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید, تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی جگە لە سەدام حسێن و تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو, ئەم بێ تاوانیەی ناوبراو پرسێارێكی گەورەی دروست كرد بۆ هەموو ئەوانەی شارەزان لەو بوارە.
هاوكات لە پاڵ ئەو تاوانبارە سەرەكیانە, كۆمەڵێك تۆمەتباری دیكەش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن, لێ ئامادە نەبوون لە دادگا و كەیسەكەیان بە هەڵپسراوی مایەوە, ئەوان لە ناو دەستگیركراوەكان نەبوون, بۆیە بەرەو رووی دادگا نەكرانەوە, بەشێكشیان لە ژیان نەمابوون. هیچ كەسێك تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال دەستگیر نەكراو تەسلیم بە دادگا نەكرا.
وەك لە دوو داوانامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا كە لە خوارەوە ئاماژە بە ناوەڕۆكەكانیان دەدەین, ناوی 24 تاوانبار هاتووە" بە پێی نووسراوی ف2 1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, ژمارەی فایل 9101 و 9102 لە كۆی 9302 فایلی ئامادەكراو بۆ دادگا لە كەیسی تاوانی ئەنفال, بڕیاری گرتن بۆ 24 تاوانبار دەرچووە لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە, كە بریتین لە"1- نزار عەبدوالكەریم خەزرەجی ( ناوی لە لیستی 423 تۆمەتبار نەهاتووە) , 2- یونس ئەلدرب ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 3-ئەیاد خەلیل زەكی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) - 89 -اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و 4- رەمزی مەحمود (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33 , 5-سەعید مەحمود باریكە ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 6-قاسم دڕەیی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 216-قاسم رشید درەیی , 7-معتەسەم بەرزنجی ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 8- یاسین رەئوف ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 9-تەحسین شاوەیس(ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 409-تحسین شاویس سعید = , 10-قاسم ئاغای كۆیە (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و ,11- بایز عەبدالڕەحمان ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 12-عەلی ئەحمەد رەشید ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 13-نیعمە فارس (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب , 14-حەمید شەعبان ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 15-نەجم عەبدوڵا دوری ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 16-عیسمەت سابیر (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4 , 17-عەدنان جەباری (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 179-سعید عدنان جباری, 18-جیهان موسا ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 19-رەفعەت گلی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 275-شمال رفعت كلی امر سریە , 20-عوسمان شێخ سەعید ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 21-شێرزاد ساڵەح, 22-تۆفیق جەبار قارەمان (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 159-توفیق جبار قارمان, 23-حوسێن شێخ سەعید( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 24-حەسیب حەمە ئینجە,( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە) ".
لە 24 ناوی داواكراو 14ەیان لە لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفالدادوای پرۆسەی دادگایی ئەنفال لەسەری ساغ بوونەوە ناویان نەهاتووە؟؟, لە پێشیانەوە نەزار خەزرەجییە, كە یەكێكە لە تاوانبارە سەرەكیەكان, دەتوانم بڵَم لە دوای سەدام و عەلی حەسەن مەجید تاوانبارە لە دۆسیەكە, ئەگەر هیچ پۆست و بەرپرسیارێتی سەربازیشی نەبووایە, تەنها وێنەكەی لە گوندی عەسكەری قەڵاسێوكە, قەبارەی تاوانەكانی ئەنفالی چوار كە سەرپەرشتی كردووە, بەس بوون بۆ ئەوەی ناوی لە لیستەكەدا هەبوایە, بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە سزا بدرابایا.
هەروەها "لە رێكەوتی 21-12-2005, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان ژمارە ف2 1474, فایلی ژمارە 9099 دۆسیەی ئەنفال, بە واژۆی رائید جوجی سەرۆكی دادوەرانی لێكۆڵینەوە, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات لەوانەی لە نامەی پێشوو زۆریان ناویان هاتبوو, كە بریتین لە تاوانباران: " 1- سەعید مەحمود باریكە, 2- عەدنان عەبدوڵا جەباری, 3-شێخ رەئوف (نوێ), 4-شێخ جەعفەر (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە (نوێ), 5-شێخ رەمەزان (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) (نوێ), 6-قاسم دڕەیی, 7-جیهان موسی, 8-معتەسەم محەمەد بەرزنجی, 9-رەفعەت گلی, 10-یاسین رەئوف, 11-غەسان شێخ سەعید (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) (نوێ), 12-تەحسین شاوەیس, 13-شێرزاد ساڵەح, 14-قاسم ئاغای كۆیە, 15-تۆفیق جەبار قارەمان, 16-بایز عەبدالڕەحمان, 17-حوسێن شێخ سەعید, 18-عەلی ئەحمەد رەشید, 19-حوسێن حەمە ئینجە (نوێ) ".
لە لیستی دووەمدا 5 ناوی دیكەی هاتۆتە سەر 24 ناوی پێشوو, بەمەش ژماری ئەم داواكراوانە دەگاتە 29 تاوانباری داواكراو, پێی دەچێت دوبارەی ناو بە هەڵە هەبن, لەو ژمارەیە تەنها 11ەیان وەك تۆمەتبار ناویان هاتۆتەوە, 18ەیان ناویان لە لیستی تۆمەتباران نەهاتۆتەوە, كە پلەی جۆراو جۆریان هەیە و هەندێكیشیان هاووڵاتیان سكاڵایان راستەوخۆ لە دژیان تۆمار كردووەو دۆسییەكانیان چۆتە چوارچێوەی كاری دادگاوە, سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی دیكەش لە تاوانباران لە لایەن قوربانیانەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە ناویان لەناو لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفال نەهاتۆتەوە تەنانەت لە لیستی 24 كەسەكەو لیستی 19 كەسەكەش.
تەنها بەهۆینەبوونی ناوی خەزرەجی وامان لێدەكات گومانمان بۆ دروست ببێتو بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد لەم ناوانە بكرێت, هۆكاری نەبوونی ناویان لە ریزبەندی لیستی تۆمەتباران وەڵام بدرێتەوە, ئەم دوو بەڵگەنامەیە پێویستیان بە ساغكردنەوەی زیاترە لە لایەن نووسەران و لێكۆڵەرەوانی تایبەتمەند لە بوارەكە, لە گەڵ دەرخستنی ناسنامەی ئەو كەسانەی ناویان هاتووە .
پێش بڵاو كردنەوەی لیستی ناوی 423 تۆمەتبارەكەی ئەنفال, لە پشكنینی دۆسیەی ئەنفال, وێرای لیستی ناوی ئەوانەی نیشانەی ئازایەتیان وەرگرتبوو بە تایبەت 77 كەسەكەی ئەنفالی 1 و 2, یان لە بەڵگەنامەكان راستەوخۆ ناویان هاتبوو, یاخود لە ریزی 163 بەشدار بووەكەی ئەنفالی 8 دا بوون و وەك بەڵگە كەوتبووە دەست دادگا, لیستێكی داواكراوانم بۆ چاودێری كوردۆساید دروست كرد لە پشكنینی ئەو سكالایانەی پێشكەش دادگا كرابوون, لە رۆژنامەی هەواڵ و پەرتووكی (كوردۆساید -عەلی مەحمود محەمەد- 2008 چاپخانەی رۆمان-بڵاوكراوەی وەزارەتی رۆشنبیری زنجیرە 630- ل176 بۆ 183) بڵاوكرایەوە, زۆر ناوی تێدایە لە دۆسیەكە سكالای لەسەر تۆمار كراوە , بەلام لە ریزبەندی 423 ناوەكەدا ناویان نییە؟؟؟.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس