لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

چیتر هەرێمی کوردستان زۆنێکی لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی

Tuesday, 01.17.2023, 11:24 AM



چیتر هەرێمی کوردستان زۆنێکی لەبارنییە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، چونكە لە ماوەی رابردوو دەزگا ئەمنی‌و هێزی نەناسراو، زۆرترین هێرشیانکردووەتە سەر ڕۆژنامەنوسان.

ئەمە پوختەی راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆیە، كە رۆژی دوو شەممە 16/1/2023 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی خرایەڕوو، بەپێی راپۆرتەكەش لە ساڵی ڕابردوودا 431 پێشێلكاری به‌رانبه‌ر به ‌301 ڕۆژنامه‌نووس‌و دامه‌زراوه‌ی میدیایی له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه.

هەر بەپێی راپۆرتی پێشێلكارییەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان بۆ ساڵی 2022، پارێزەرانی یاسا لەئەرکەکانیان هەڵدەگەڕێنەوەو زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەکانیش، یاسای ڕۆژنامەگەری پەکدەخات".

لەکاتێکدا 15 ساڵە یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، بەڵام وه‌ك میترۆ رایگەیاندووە، كە هێشتا یاساکە لەزۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاریی بەرانبەر دەکرێت‌و لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە وەکخۆی جێبەجێناکرێت، ساڵی 2022، وەک ساڵانی پێشوتر لەزۆرینەی کێشەکانی نێوان حکومەت‌و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هاوڵاتیان‌و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، یاسای ڕۆژنامەگەری پێشێلکراوەو نەکراوە بەسەنگی مەحەک.

هەروەها جەختكراوەتەوە، ئەڵبەتە لەبری یاسای ڕۆژنامەگەری پەنا بۆ بڕیارو ڕێنمایی وەزارەتی ڕۆشنبیریی‌و بەندەکانی یاسای سزادانی عێراقی براوە.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا باس لەوەش كراوە، كە پێشێلکردنی یاساکەو ڕەفتاری دژ بەپره‌نسیپەکانی دیموکراسییەت‌و مافی مرۆڤ، وایکردوە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕۆژنامەگەری، ڕەخنە لەئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان بگرن‌و داوایان لێبکەن کە پێشێلکارییەکانی لەمەڕ مافی‌ ئازادی‌ ڕادەربڕین بوەستێنن.

سه‌باره‌ت به‌ڕاپۆتە نێودەوڵەتییەکانیش میترۆ ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، ڕێکخراوەکانی پەیامنێرانی بێسنور، کۆمیتەری بەرگری لەڕۆژنامەنوسانی جیهان (CPJ)و ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لەڕاپۆرتەکانی ساڵی 2022یاندا، جەخت لەخراپی ژینگەی کاری ڕۆژنامەنوسی لەهەرێم‌و عێراق دەکەنەوەو داواش لەدەسەڵاتدارانی هەرێم‌و عێراق دەکەن کە کۆتایی بەو زەبرو زەنگانەی سەر ڕۆژنامەنوسان بهێنن".

هەروەها لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، هەرێمی کوردستان هێشتا زۆنێکی ئارام نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی‌و ڕۆژنامەنووس لەسەر پیشەکەی، ڕوبەڕوی کوشتن‌و لێدان‌و گرتن‌و بێسەروشوێنکردن دەبێتەوە.

سه‌نته‌ری میترۆ ڕه‌خنەی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان گرتوو راشیگەیاند، پاش 32 ساڵ لەحوکمڕانی هاوبەشی دوو هێزە سەرەکییە کوردییەکە، پارتی‌و یەکێتی، ڕۆژنامەنووسان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان‌و ڕوماڵی ڕوداوەکاندا، پەلامار دەدرێن‌و پێشێلکاریی جۆراوجۆریان بەرانبەر دەکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی هەرێمەکە، بەردەوام وەک شانازییەک باس لەڕەخساندنی کەشوهەوای ئازادی کاری میدیایی دەکەن.

سەنتەری میترۆ لە راپۆرتەكەدا ئاشكراشیكردووە، سەدان پێشێلکاری جۆراوجۆر بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان‌و دەزگا ڕاگەیاندنەکان تۆمارکراون، کە بەشی هەرەزۆری پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان‌و هێزی چەکداری نەناسراوەوە ئەنجامدراون، بە شێوەیەك 431 پێشێلکاریی بەرانبەر بە 301 ڕۆژنامەنوس‌و دامەزراوەی میدیایی تۆمارکراون، هەروەها ڕێگریکردن 195 حاڵەت، زەوتکردن‌و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی 68 حاڵەت، هێرش‌و هەڕەشەو سوکایەتی 46 حاڵەت، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 64 حاڵەت، دەستگیرکردن بەبڕیاری دادگا چوار حاڵەت، لێدان‌و برینداربوون 26 حاڵەت، داخستنی نوسینگەی کەناڵ یه‌ك حاڵەت، هێرشی موشەکی دوو حاڵەت، هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوس سێ حاڵەت، هێرشی ئەلیکترۆنی شه‌ش حاڵەت‌و پڕکردنەوەی بەڵێننامە 16 حاڵەت.

راپۆرتەكە بە وردی باسی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كردووەو روونكراوەتەوە، لەساڵی 2022 ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرانبەر تیمەکانی ڕاگەیاندن، لە کاتی ڕوماڵکردنی ڕوداوەکاندا، گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوەو زۆربەی ئەو ڕوداوانەی کە بەهای هەواڵیان هەیە، ئاستەنگیان بۆ ڕۆژنامەنوسان دروستکردووە تا ڕوماڵەکانیان ئەنجامنەدەن.

سەنتەری میترۆ ئەوەشی ئاشكراكردووە،  دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی دادگا، توندوتیژیی‌و شەقوەشاندن، پەلاماردانی تیمەکانی ڕاگەیاندن‌و توندکردنیان لەبنکەکانی هێشتنەوەی پۆلیس‌و زیندانی ئاسایش، هەڕەشەکردن‌و تۆقاندن، جیاکاریی‌و پێنەدانی زانیاریی، تەنانەت هەندێ ڕۆژنامەنوس بەر لەچونی بۆ ڕوماڵی خۆپیشاندان  لەبەردەم ماڵەکەیدا دەستبەسەرکراون، لەهەرە زەقترین ئەو پێشێلکاریانەی دەزگا ئەمنی‌و چەکدارییە جۆراوجۆرەکانن کە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێم ئەنجامیانداوە.

هاوكات میترۆ ئاماژەی بۆ به‌وه‌شکردوە، تیمەکانی میدیایی هەرێمی کوردستان، لەناو باخچەو تەرمیناڵ، لەبەردەم زانکۆو چێشتخانەو نەخۆشخانە، لەبەردەم بانک‌و کۆمپانیا، لەیاریگه‌، لەبەردم ماڵ‌و ئۆفیسی ڕۆژنامەنووسان، لەبازاڕی میللی‌و چایخانە، لەبەرەم قوتابخانە، پزیشکی دادوەری، یان سوکایەتیان پێکراوە یان دەستبەسەرکراون یان کەلوپەلەکانیان لێ زەوتکراوە، ئەوەتا لەباشترین حاڵەتدا وێنەی ناو کامێراکانیان پێ سڕیونەتەوەو بەزەبری هێزو لەژێر فشاری هەڕەشەو گوڕەشە لەشوێنی ڕوداوەکان دورخراونەتەوە".

میترۆ زانیارییه‌كی دیكه‌ی ئاشكراكردووه ئەویش ئەوەیە،  كە ڕۆژنامەنوسان بۆ ڕوماڵکردن، ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر بۆرمانەکان، یان یاری وه‌رزشی، لەگردبوونەوەو خۆپشاندانی مامۆستایان، خوێندکاران، خانەنشینان، دانیشتوانی گەڕەکە بێ خزمەتگوزارییه‌کان، تەنانەت "کۆنفرانسی لیژنەی بینینی شەرعیی  مانگ" جیاکاریی، یان ڕێگرییان لێکراوەو وێنەکانیان پێسڕدراوەتەوە.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرتەکەی میترۆدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، هێزەکانی ئاسایش، دژەتیرۆر، پێشمەرگە، پاسەوانی کۆمپانیاکان، هێزی نەناسراو،  تەنانەت هاووڵاتی ئاسایی هێرشییانکردووەتە سەر تیمی ڕاگەیاندنەکان‌و ڕێگریی یان کۆسپ‌و ئاستەنگییان بۆ دروستکردون، هەر لەبەر ئەوەشە کە میترۆ لەڕاپۆرتی ساڵی 2022دا پێشێلکارییەکانیانی تۆماركردوه‌".

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟