لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

ڕۆژ ژمێری شه‌قامه‌ خوێناویه‌كانی 17ی شوباتی 2011

Thursday, 02.16.2023, 01:50 PM


دوای تێپه‌ڕبونی 12 ساڵ به‌سه‌ر روداوه‌كانی (شوبات و ئازار و نیسانی) 2011، كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی له‌ روداوه‌كانی (17)ی شوبات ده‌ستپێكرد و به‌ (19)ی نیسان كۆتایی پێهات، له‌م راپۆرته‌دا گرنگترین روداوه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم له‌و ماویه‌دا بیرده‌خاته‌وه‌.
كورته‌ی روداوه‌كانی دو مانگی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

رۆژمێری مانگی شوبات:
* رۆژی (14/2/2011)
تۆڕی به‌رگری له‌ ماف و ئازادییه‌كانی خه‌ڵك له‌ سلێمانی، بانگه‌وازی بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێك له‌ رۆژی (17/2/2011) بڵاوكرده‌وه‌، بۆ پشتگیری له‌ شۆڕشه‌كانی تونس و میسرو فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، له‌ به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی به‌ به‌شدارییه‌كی مه‌ده‌نیانه‌و دور له‌ توندوتیژی
.
* كاتژمێر (2)ی رۆژی 17ی شوبات
خۆپیشاندان له‌به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی ده‌ستپێكرد، سه‌ره‌تا خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌و دواتر كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخه‌ره‌كانیه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی له‌به‌شداران ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌یان گۆڕی به‌ره‌و شه‌قامی مه‌وله‌وی و له‌وێوه‌ به‌ره‌و شه‌قامی سالم، له‌سه‌ره‌تای شه‌قامی سالم دوای روبه‌روبونه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی لقی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كراو به‌ هۆیه‌وه‌ گه‌نجێك به‌ناوی (رێژوان عه‌لی) شه‌هید بو زیاتر له‌ (50) كه‌یش برینداربون.
* هه‌مان شه‌وی روداوه‌كه‌ مه‌كۆكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ولێرو سۆران و دهۆك سوتێنران.
* قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ 7ی ئێواره‌ بۆ (7)ی به‌یانی هاتوچۆ له‌ سلێمانی قه‌ده‌غه‌كرا.

* رۆژی 18ی شوبات
هێزێكی گه‌وره‌ی پۆلیس و چه‌كدار له‌ سلێمانی بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌زاران چه‌كداری پارتیش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و سلێمانی جوڵێنران.
رۆژی 18ی شوبات، وه‌ك هاوخه‌میه‌ك بۆ سوتاندنی باره‌گاكانی گۆڕان، جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌به‌رده‌م مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان له‌ سلێمانی كۆبونه‌وه‌و قه‌ڵغانێكی مرۆییان دروستكرد.
* هه‌مانڕۆژ پرسه‌ی شه‌هید رێژوان عه‌لی له‌ سلێمانی دانراو باوكی شه‌هیده‌كه‌ش رایگه‌یاند: سكاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسانی لقی 4ی پارتی تۆمارده‌كات
.
* رۆژی 19ی شوبات
خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی به‌رامبه‌ر كوشتن و برینداركردنی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت.
* هه‌مان رۆژ له‌به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی خۆپیشاندان ده‌ستپێكرده‌وه‌ داواكاریی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بو هێزه‌كانی زێره‌ڤانی سلێمانی به‌ جێبهێڵن، نوسه‌رو روناكبیر فاروق ره‌فیق و هاوسه‌ره‌كی به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه‌یان كردو ناوی سه‌را نرا (مه‌یدانی ئازادی).
* له‌كاتی به‌ڕێوه‌چونی خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كاندا ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا كرا و له‌ زۆربه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناوبازاڕ و نزیكی سه‌رای ئازادی پێكدا هه‌ڵپژان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان رویداو به‌هۆیه‌وه‌ 14كه‌سیش برینداربون.
* خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی دو به‌یاننامه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ داواكاریه‌كانیان خسته‌ڕو.
* ئێواره‌ی هه‌مانڕۆژ كه‌ناڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، كوردستانی به‌جێهێشتوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كه‌ناڵی(ك.ن.ن)ده‌ركه‌وت و وه‌ڵامی تۆمه‌ته‌كانی دایه‌وه‌.
* رۆژی (19)ی شوبات، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌كانی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی سلێمانی بڵاوكرده‌وه‌، داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ جوڵه‌پێكراوه‌كان و ئازادكردنی گیراوه‌كان و سزادانی ته‌قه‌كه‌ره‌كان و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیكرد، هه‌مان شه‌و مه‌كۆی گۆڕان له‌ شه‌قڵاوه‌ سوتێنرا
.
* به‌ره‌به‌یانی 20ی شوبات
زیاتر له‌ 50 چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی(ن.ر.ت)له‌ سلێمانی و سوتاندیان، كه‌ماوه‌ی ته‌نها سێ رۆژ بو ده‌ستی به‌ په‌خشكردبو.
* ره‌وشی سلێمانی ئاڵۆزتر بو، هێزێكی زۆری ئه‌منی و چه‌كدار له‌ناو شاردا بڵاوكرانه‌وه‌.
* خۆپیشاندانه‌كانی ناو زانكۆی سلێمانی به‌ردوام بو، گروپی زانكۆی سلێمانی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.
* رۆژی 20ی شوبات خۆپیشاندانه‌كانی به‌رده‌ركی سه‌را (سه‌رای ئازادی) ده‌ستپێكرده‌وه‌، 47 كه‌سیش له‌و كه‌سانه‌ی رۆژانی پێشو ده‌ستگیركرابون ئازادكران.
* له‌ شه‌قامی سالمی شاری سلێمانی (سه‌هۆڵه‌كه‌) خۆپیشاندان ده‌ستپێكردو بۆ بڵاوه‌پێكردنیان ته‌قه‌یان به‌سه‌ردا كرا و 47 كه‌س برینداربون، له‌ گه‌ڕه‌كی چوارباخیش خۆپیشانده‌رێكیش به‌ناوی (سوركێو زاهید) شه‌هیدكرا، زیاتر له‌ (20) كه‌سیش له‌به‌رده‌ركی سه‌را له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیكران.
* هاوكات له‌گه‌ڵ سلێمانی، رۆژی 20ی شوبات له‌ رانیه‌ و كفری و ده‌ربه‌ندیخان و كۆیه‌ خۆپێشاندان ده‌ستپێكرد.
* سه‌نته‌ری میترۆ ئاشكرایكرد له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه‌دا زیاتر له‌ 25 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان تۆماركراوه‌.

* رۆژی 21ی شوبات
ته‌رمی سوركێو زاهید مه‌حمود دوه‌م شه‌هیدی خۆپیشاندانه‌كان به‌ خاكسپێردرا.
* هه‌مانرۆژ یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی دوێنێ به‌ناوی (شێرزاد ته‌ها) گیانی له‌ده‌ستدا.
* ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر به‌ گوڵه‌وه‌ به‌ربه‌ستی ئه‌منی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان شكاند.
* نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی ژماره‌ی چوار رۆژی رابردوی ئاشكراكرد كه‌ تا ئه‌و كاته‌ گه‌یشتبوه‌ 124 كه‌س که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ بریدار کرابون.
* مامۆستایانی زانكۆی سلێمانیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایانكرد ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی قوربانیه‌كان ئاشكرابكرێت.
* خۆپیشاندان له‌ قه‌زای سه‌یدسادق و ده‌ربه‌ندیخانیش ده‌ستپێكرد.
* خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادی پێی نایه‌ رۆژی پێنجه‌میه‌وه‌، زانكۆش به‌رده‌وام بو له‌ خۆپیشاندان.
* خۆپیشاندان له‌كه‌لار ده‌ستپێكردو پێنج كه‌سیش ده‌ستگیركران.
* یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوباتی به‌رده‌م لقی چوار به‌ناوی (زمناكۆ رزگار) به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ نێردرایه‌ توركیا
.
* رۆژی 22ی شوبات
خۆپیشاندان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، رانیه‌، سلێمانی ده‌ستپێكرد.
* چه‌ند گروپێكی جیاواز له‌ هه‌ولێر به‌یاننامه‌ی پشتگیریان بۆ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ركرد.

* رۆژی 23ی شوبات،
خۆپیشاندانی سه‌رای ئازادی ده‌ستپێكرده‌وه‌و به‌یاننامه‌ی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانه‌كه‌ به‌چه‌ندین داواكارییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌.
* وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی خۆپیشانده‌رانی زانكۆی سلێمانی كرد، كه‌ ماوه‌ی چوار رۆژ بو، له‌ناو حه‌ره‌می زانكۆدا ده‌ستیانپێكردبو.
* خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌ڵه‌بجه‌ توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ پۆلیسێک شه‌هید بو ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ریش برینداربون.
* كۆیه‌ش خۆپیشاندانی ده‌ستپێكرده‌وه‌.
* په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی نائاسایی ئه‌نجامدا بڕیاری ژماره‌ی 1ی په‌سه‌ندكرد، كه‌ به‌بڕیاره‌ 17 خاڵیه‌كه‌ ناسراوه‌.
* هه‌مانرۆژ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ روداوه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی پێكهێنرا.

*رۆژی 24ی شوبات
بازگه‌كانی شاری هه‌ولێر رێگریان له‌ چونه‌ ناوه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان كرد.
* دوای ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌كی پشتگیری بۆ خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ژماره‌یك خوێندكاری زانكۆكه‌وه‌، هه‌مانرۆژ به‌ بڕیاری یه‌كێتی قوتابیانی سه‌ر به‌ پارتی ده‌وامی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین تا رۆژی (1/4) راگیرا و خوێندكارانی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێریش له‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان نێردرانه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی خۆیان.
*17 رێكخراو و كه‌سایه‌تی هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی زانكۆ و په‌یمانگاكانیان كرد.
* گروپی سه‌رده‌شت عوسمان له‌هه‌ولێر به‌یاننامه‌ی دوه‌می پشتگیری خۆپیشاندانه‌كانی ده‌ركرد.
* هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیكردنی خۆپیشانده‌ران و رێكخه‌رانی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستپێكرد.
* خۆپیشاندان چوارقوڕنه‌شی گرته‌وه‌.

* رۆژی 25ی شوبات
له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق خۆپیشاندانی هه‌ینی توڕه‌ییان ئه‌نجامدا.
* گروپی خۆپیشانده‌رانی خۆڕسك له‌ هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایانكرد خه‌ڵكی به‌شداری خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن.
* له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ زۆربه‌ی دوكان و بازاڕه‌كانی هه‌ولێر داخران.
* له‌ زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌ و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا.
* یه‌كه‌م نوێژی هه‌ینی له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی به‌رێوه‌چو.
* خۆپیشاندان له‌ كه‌لار به‌رێوه‌چو له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی لقی پارتیه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كراو گه‌نجێكیش به‌ناوی (بیلال ئه‌حمه‌د) شه‌هیدكراو زیاتر له‌ 10 كه‌سیش برینداربون.
* خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ینی چه‌مچه‌ماڵیش توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌وه‌ به‌هۆی ته‌قه‌ی پاسه‌وانه‌كانی لقی 19ی پارتیه‌وه‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 12 ساڵان به‌ناوی (گه‌رمیان ئه‌حمه‌د) شه‌هید بو 5 كه‌سیش برینداربون.
* هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی پارتی له‌ هه‌ولێر به‌ جلی مه‌ده‌نی و سه‌ربازیه‌وه‌ له‌ نزیك بازاڕی نیشتیمان هێرشیانكرده‌ سه‌ر چه‌ند كه‌سێك كه‌ به‌مه‌به‌ستی خۆپیشاندان كۆببونه‌وه‌.
* هه‌مانرۆژ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ له‌هه‌ولێر (د.پشتیوان عه‌بدوڵڵا) رفێنرا.
* هه‌مانرۆژ به‌یاننامه‌ی خۆپیشانده‌رانی خۆڕسك له‌هه‌ولێر بڵاوكرایه‌وه‌ داوای خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریان كرد

* رۆژی 26ی شوبات
ژماره‌یه‌ك له‌رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای سلێمانی ده‌ستگیركران.
* ئێواره‌ی هه‌مانڕۆژ بۆمبێكی ده‌نگی له‌ نزیك سه‌كۆی سه‌رای ئازادی ته‌قیه‌وه‌.
* پێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سه‌رای ئازادی دروستبو.
* له‌ ئه‌نجامی پێكداهه‌ڵبژانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و خۆپیشانده‌ران له‌ نزیك مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانی، گه‌نجێك به‌ناوی (ئومێد جه‌لال) شه‌هید بو 11 كه‌سیش برینداربون.
* ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پشتگیری خۆی بۆ داواكاری خۆپیشانده‌ران راگه‌یاند.
* دوای روداوه‌ خوێناویه‌كی رۆژی پێشو، خۆپیشاندان له‌كه‌لار ده‌ستپێكرده‌وه‌ هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كران و له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌دا ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا كرد.

* رۆژی 27ی شوبات،
خۆپیشاندان له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌ستپێكرده‌وه‌.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی ماته‌مینی و مانگرتنی راگه‌یاند.
* مانگرتن له‌ زانكۆی سلێمانی به‌رده‌وام بو، خوێندكارانی په‌یمانگای كۆمپیوته‌ریش خۆپیشاندان و مانگرتنیان راگه‌یاند.
* دوای روداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردو هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری له‌كه‌لار له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد.
* یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی رۆژی 25ی شوباتی كه‌لار به‌ناوی (ره‌شید ئه‌حمه‌د لالۆ ته‌مه‌ن 50 ساڵ)، ئه‌مڕۆ گیانی له‌ده‌ستدا.
* دوای خوێندنه‌وه‌ی وتارێك له‌ سه‌رای ئازادی، مه‌لا كامه‌ران له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.

* رۆژی 28ی شوبات
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له‌ سلێمانی و زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وام بو.
* بنه‌ماڵه‌ی د.پشتیوان عه‌بدوڵڵا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ترسی خۆیان له‌ چۆنێتی دادگاییكردنی له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ نیشاندا، هه‌مانڕۆژ له‌ژێر فشاری حكومه‌تی ئوسترالیا د.پشتیوان ئازادكرا.
* كه‌مپه‌ینی تۆم به‌ سه‌رۆك قبوڵ نییه‌، به‌رامبه‌ر مه‌سعود بارزانی، له‌ زانكۆی سلێمانی راگه‌یه‌ندرا.
* لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی سه‌ردانی سه‌رای ئازادی سلێمیانیان كردو داواكاریی خۆپیشانده‌رانیان وه‌رگرت كه‌ بریتی بو له‌ داواكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان و داواكاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان.

رۆژمێری مانگی ئازار
* رۆژی 1ی ئازار،
ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایكرد ده‌ستبه‌جێ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ئازادبكرێن كه‌ له‌ 17ی شوبات و رۆژانی دواتر ده‌ستگیكراون.
* ئیداره‌ی كۆیه‌ داواكارییه‌كی گروپی ده‌نگی ره‌تكرده‌وه‌ بۆ مۆڵه‌تدان به‌ خۆپیشاندانێكی رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌عات.
* خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی به‌رده‌وام بون له‌ خۆپیشاندان و مانگرتن.
* كه‌مپه‌ینی تۆم به‌سه‌رۆك قبوڵ نییه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی برده‌ سه‌رای ئازادی و به‌رده‌وام بو له‌سه‌ر ئیمزا كۆكردنه‌وه‌.
* گروپی بێده‌نگ نابین له‌ بادینان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایانكرد دیواری بێده‌نگی بڕوخێنرێت.
* حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ راگه‌ینراوێكدا وه‌ڵامی داواكاری خۆپیشانده‌رانی دایه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند راگه‌یاندنه‌كه‌ وه‌ڵامی داواكارییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی خۆپیشانده‌ران نییه‌.

* رۆژی 2ی ئازار
هه‌رسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتو) بایكۆتی دانیشتی په‌رله‌مانیان كرد.
* له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رایگه‌یاند: ئه‌و واده‌یه‌ كۆتایی هاتوه‌، كه‌ خۆپیشانده‌ران بۆ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمیان دانابو بۆ جێبه‌جێبكردنی داواكارییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانیان كه‌ له‌رۆژی (28/2) رایانگه‌یاندبو.
* هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن پرۆژه‌یه‌كی (22) خاڵیان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان كرد.
* بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پرۆژه‌یه‌، سورن له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ حه‌وت خاڵیه‌كه‌ی خۆیان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و پێكهێنانی حكومه‌تێگی ئینتیقالی.

رۆژی 3ی ئازار
* هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ كه‌لار (20) خۆپیشانده‌ریان ده‌ستگیكرد و رێیان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی گرت.
* خۆپیشاندان له‌ رانیه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌.

* رۆژی 4ی ئازار
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی په‌یامێكی ئاراسته‌ی میدیا ئازاده‌كان كرد.
* خۆپیشاندان له‌ رانیه‌و قه‌ڵادزێ و حاجیاواو پێنجوێن ئه‌نجامدرا.
* خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادی سلێمانی پێی نایه‌ رۆژی شانزه‌یه‌مییه‌وه‌ دوه‌م نوێژی هه‌ینی له‌سه‌را ئه‌نجامدرا.

رۆژی 5ی ئازار
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رۆژی 5ی ئازاری وه‌ك رۆژی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری راگه‌یاند.
* رۆژی 5ی ئازار كۆبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و مانگرت له‌سه‌رای ئازادی سلێمانی ده‌ستیپێكرد.
* خۆپیشاندان له‌ پیره‌مه‌گرون و پێنجوێن و سه‌یدسادق و رانیه‌ و ده‌ربه‌ندیخان و پێباز و زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كانی پارێزگای سلێمانی و گه‌رمیان و كۆیه‌ ئه‌نجامدرا.
* له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی چادر هه‌ڵدرا بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ شه‌ودا.
* له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر مانگرته‌وه‌كانی سه‌رای ئازادی و چادره‌كانیان سوتاند.
* دره‌نگانی شه‌و ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار و كه‌لوپه‌له‌كانیان تێكشكاند.

* رۆژی 6ی ئازار
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ئاماری پێشێلكاری و هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسانی له‌دوای 17ی شوباته‌وه‌ راگه‌یاند.
* خۆپیشاندان له‌ قه‌زای دوكان ده‌ستپێكردو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان رێگریان لێكرد.
* له‌ ساڵیادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991دا دانیشتوانی بازیان خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌یان ئه‌ندجامداو له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا چه‌ندین داواكاریان خسته‌ڕو.
* به‌هۆی ئه‌وه‌ی رۆژانی راپه‌ڕین كرایه‌ پشوی فه‌رمی، گروپی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا له‌ دادگای ئیداری سكاڵای یاسایی تۆماربكات.
* ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و روناكبیر و نوسه‌ر له‌ هه‌نده‌ران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كرد رێگه‌ به‌خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ بدرێت له‌ هه‌ولێر.

* رۆژی 7ی ئازار
گروپی 25ی شوبات له‌ كه‌لار پێشێلكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌رای گشتی و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گه‌یاند.
* گروپی زانكۆی سلێمانی بڕیاریاندا درێژه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان بده‌ن و رو له‌ سه‌رای ئازادی بكه‌ن.
* هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌وڵیاندا به‌ زه‌بری هێز رێگری له‌ خۆپیشاندانه‌كانی كفری و كۆیه‌ بكه‌ن و ته‌نها له‌ كۆیه‌ 14 كه‌س ده‌ستگیریكران و له‌كفریش بڵاوه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران كرا.
* له‌ ساڵیادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی شاری سلێمانی، خۆپیشاندانی سه‌رای ئازادی به‌رده‌وام بو، ژماره‌یه‌كی زیاتر به‌شداریان له‌ كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان و خۆپیشاندانه‌كاندا كرد.
* باڵێوزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی سوتاندنی كه‌ناڵی نالیا و رادیۆی ده‌نگی كرد.

* رۆژی 8ی ئازار
خۆپیشاندان له‌ زۆربه‌ی شارو قه‌زاو ناحیه‌كیان به‌رده‌وام بو.
* هه‌ردو نوسه‌ر به‌ختیار عه‌لی و ئاراس فه‌تاح له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕانه‌وه‌و له‌ سه‌رای ئازادی وتاریان خوێنده‌وه‌.
* یادی 8ی مارس له‌ سه‌رای ئازادی كرایه‌وه‌.
* به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بون هۆڵی په‌رله‌مان به‌جێبهێڵن، به‌بڕیاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆندا داخرا.

* رۆژی 9ی ئازار
هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی له‌ كفری.
* به‌ختیار عه‌لی و رێبین هه‌ردی و ئاراس فه‌تاح به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی زانكۆی سلێمانیان كرد.
* خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی، به‌ره‌و سه‌رای ئازادی چون بۆ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانه‌كان.
* بۆ دوه‌مجار هێزێكی چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه‌ی سه‌ر رادیۆ ده‌نگ له‌ كه‌لار.
* په‌رله‌مانی كوردستان بانگی سه‌رۆكی حكومه‌تی كرد بۆ لێپرسینه‌وه‌.

رۆژی 10ی ئازار
* دكتۆر فائیق گوڵپی ‌له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بڕیاریدا ده‌ست له‌موچه‌ی‌ خانه‌نشینیه‌كه‌ی هه‌ڵگرێ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك له‌ داواكاریه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ كوردستان كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانتاران و وه‌زیره‌كان بو جێبه‌جێبكات.
* 10ی ئازار خۆپیشاندان له‌ زۆربه‌ی شارو قه‌زاو ناحیه‌كان به‌رده‌وام بو.
* له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا گروپێك له‌ گه‌نجانی هه‌ولێر داوایانكرد، رۆژی 11ی ئازار خۆپیشاندان له‌و شاره‌ ئه‌نجامبدرێت.

*رۆژی 11ی ئازار
نوێژی هه‌ینی (خۆڕاگری و مانه‌وه‌) له‌سه‌رای ئازادی سلێمانی ئه‌نجامدرا.
* خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به‌رده‌وام بو، هێزێكی گه‌وره‌ی چه‌كداریش گه‌مارۆی خۆپیشاندانه‌كه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵیاندا.

*رۆژی 12ی ئازار
گروپی نه‌وه‌كانی راپه‌ڕین، له‌ رانیه‌، داوایان له‌ هاوڵاتیانی سنوره‌كه‌یان كرد به‌ شداری له‌ خۆپیشاندانی مه‌یدانه‌كانی ئازادیدا بكه‌ن.

*رۆژی 13ی ئازار
هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌ سێ مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كرا.
* خۆپیشاندان له‌سه‌رای ئازادی به‌رده‌وام بو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجانی هه‌ولێر و پیره‌مه‌گرون و كه‌لار و زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌كان به‌شداریانكرد.
* مه‌فه‌ره‌زه‌یه‌كی ئاسایش بۆ ده‌ستگیركردنی چونه‌ سه‌ر ماڵی فاروق ره‌فیق.

*رۆژی 14ی ئازار
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زیندانیانی سیاسی چونه‌ نێو خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادییه‌وه‌.
* له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ دواخرا.
* پۆلیسێكی ژینگه‌پارێزی گه‌رمیان خه‌ڵات كرا، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كانی 25ی شوبات رێگری له‌ پاسه‌وانێكی لقی پارتی له‌كه‌لار كرد ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران بكات.

*رۆژی 15ی ئازار
بازگه‌كانی هه‌ولێر، رێگریان له‌ چونه‌ ژوه‌ره‌وه‌ی خه‌ڵك كرد بۆ ناو شاری هه‌ولێر.
* له‌خانه‌قین هێرشكرایه‌ سه‌ر باره‌گای گۆڕان و له‌ قه‌ڵادزێش بۆمبێك به‌ هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕاندا ته‌قیه‌وه‌.
* خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ خورماڵ ده‌ستپێكرد، هاوكات له‌ زۆربه‌ی قه‌زا و ناحیه‌كانیش خۆپیشاندان به‌رده‌وام بو.

*رۆژی 16ی ئازار
چالاكوانێك به‌ناوی عه‌لی مه‌حمود، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا مانگرتنی راگه‌یاند، دواتر له‌لایه‌ن هێزێكی پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا دوای چوار سه‌عات ئازادكرا.
* له‌ ساڵیادی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌به‌جه‌دا خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رێوه‌چو.
* خۆپیشاندانی سه‌راكانی ئازادی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بو.
* سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كۆبوه‌وه‌.
* ساڵیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، به‌ بێده‌نگی و جیاواز له‌ ساڵانی پێشو كرایه‌وه‌.

*رۆژی 17ی ئازار
* رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌ولێر داوایه‌كی ره‌سمیان پێشكه‌شكرد بۆ مۆڵه‌تدان به‌ خۆپیشاندانێك له‌ رۆژی 17/3.
یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنی دو تۆمه‌تباری سوتاندنی كه‌ناڵی نالیا به‌رێوه‌چو.
* بازگه‌كانی هه‌ولێر رێگریان له‌ په‌رله‌مانتاری گۆڕان (د.جه‌عفه‌ر عه‌لی) كرد بچێته‌ شاری هه‌ولێر.
* دوای 23 رۆژ مانگرتن، ئه‌یوب ره‌سوڵ مانگرتنه‌كه‌ی له‌ سه‌رای ئازادی شكاند.
* به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی مانگێك به‌سه‌ر كاره‌ساته‌كه‌ی 17ی شوباتدا، ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.
* له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵادزێ و زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كانی دیكه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زای به‌رده‌وام بو.

*رۆژی 18ی ئازار
* جه‌لال تاڵه‌بانی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی كرد و داوكارییه‌كانیانی به‌ ره‌وا دانا.
* له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی ئاسایشی سلێمانی، فاروق ره‌فیق بانگهێشتی دادگا كرا.
* په‌رله‌مانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ راپۆرتی لیژنه‌ی به‌دواداچونی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی په‌سه‌ندكرد.
* نوێژی هه‌ینی له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی و سه‌كۆی ئازادی كۆیه‌ به‌رێوه‌چو.

*رۆژی 19ی ئازار
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رایگه‌یاند، كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی په‌رته‌وازه‌ركردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌دات.
* كه‌مپه‌ینی (تۆم به‌سه‌رۆك قبوڵ نیه‌) زیاتر له‌ 50 هه‌زار ئیمزایان بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆكرده‌وه‌.

*رۆژی 20ی ئازار
ئاگری نه‌ورۆز له‌ سه‌رای ئازادی له‌ سلێمانی و گۆڕه‌پانی شه‌هید گه‌رمیان له‌ چه‌مچه‌ماڵ و قه‌ڵای شێروانه‌ له‌ كه‌لار و باخی ئازادی له‌ رانیه‌ سه‌كۆی ئازادی كۆیه‌، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ كرایه‌وه‌.
* نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ردانی سه‌رای ئازادی كرد و به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دابه‌زێت و وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات.

*رۆژی 21ی ئازار
ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی مه‌دالیای رێزلێنانی به‌خشیه‌ باوكی شه‌هیدان، سوركێو زاهید و گه‌رمیان ئه‌حمه‌د.

*رۆژی 22ی ئازار
خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادی پێی نایه‌ 34 رۆژه‌یه‌وه‌ و كه‌س و كاری قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كانیش به‌شداریان كرد.
* هێزێكی چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌ و پۆلیسێكی به‌رگری شارستانی به‌ ناوی (عه‌لی ره‌سول) شه‌هید بو، 5 كه‌س به‌ فیشه‌ك و 10 كه‌سی دیكه‌ش به‌به‌رد برینداربون.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی ره‌تیكرده‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كردبێت.
* له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ 22/3 سه‌ردانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدی كردبو و ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌و وتاری خوێنده‌وه‌، بەرپرسانی هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاری‌ ده‌ستگیركردنیان بۆ دكتۆر فائیق محه‌مه‌د گوڵپی‌ دەرکرد، دواتر چوه‌ به‌رده‌م دادگا و له‌ رێگه‌ی‌ یاساوه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركرا.

*رۆژی 23ی ئازار
به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری گۆڕان، خۆپیشاندان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی توندوتیژیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی خسته‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات.
* له‌سه‌رای ئازادی مه‌دالیای رێزلێنان به‌خشرایه‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان (رێژوان عه‌لی، ئومێد جه‌لال).
* خۆپیشاندانی سه‌رای ئازادی به‌رده‌وام بو، بۆ تێكدانی ره‌وتی خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان، چه‌ند كه‌سێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نێردرانه‌ ناو خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌و هوتافیان كێشا.

*رۆژی 24ی ئازار
له‌ چه‌مچه‌ماڵ و رانیه‌ و كۆیه‌ و پێنجوێن و قه‌ڵادزێ كۆبونه‌وه‌ و ناڕه‌زایی به‌رده‌وام بو.

*رۆژی 25ی ئازار
به‌به‌شداری زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س نوێژی هه‌ینی له‌سه‌رای ئازادی به‌رێوه‌چو و له‌ زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كانیش نوێژی هه‌ینی و كۆبونه‌وه‌ و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری به‌رده‌وام بو.
* خوێندكاران و فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كرد به‌ كردار به‌ڵێنه‌كانیان بسه‌لمێنن.

*رۆژی 26ی ئازار
باری نائاسایی رانه‌گه‌یه‌نراو له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وام بو هێزێكی زۆری چه‌كداریش له‌ناو شاره‌كه‌دا بڵاوكرابونه‌وه‌.
* خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له‌ ته‌كیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی و زۆربه‌ی قه‌زاكانی به‌رده‌وام بو.

*رۆژی 27ی ئازار
له‌ وه‌ڵامی داواكاریی خۆپیشانده‌راندا فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆگرتنه‌به‌ری هه‌مو رێ و شوێنێك تا هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیشیان.
* به‌به‌شداری شانۆكاران خۆپیشاندان له‌سه‌رای ئازادی سلێمانی به‌رده‌وام بو، یادی رۆژی جیهانی شانۆش كرایه‌وه‌.

*رۆژی 28ی ئازار
گردبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی سه‌رای ئازادی كرایه‌ رۆژی ماته‌مینی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كان.
* مامۆستا كامه‌ران عه‌لی، به‌هۆی پێشكه‌شكردنی وتارێكه‌وه‌، له‌لایه‌ن پۆلیس و ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.
* خۆپیشاندان له‌ وارماوه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌نگه‌سه‌ر و كۆیه‌ و چه‌مچه‌ماڵ به‌رێوه‌چو.

*رۆژی 29ی ئازار
هه‌رسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد.
* خۆپیشاندان له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌مچه‌ماڵ و وارماوه‌ و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی گه‌رمیان و كۆیه‌ برده‌وام بو.

*رۆژی 29ی ئازار
ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ پاڵ بكوژان و ته‌قه‌كه‌ره‌كاندا، ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌ستگیر بكرێت كه‌ خۆپیشاندانی بێمۆڵه‌تیان ئه‌نجامداوه‌.

*رۆژی 31ی ئازار
بۆ رێگرتن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی كه‌لار، هێزێكی زۆری چه‌كدار ره‌وانه‌ی ئه‌و شاره‌ كران.
* له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی یه‌كێتیه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری گۆڕان و په‌رله‌مانتار نه‌ریمان عه‌بدوڵایان برینداركرد.
* له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵادزێ و زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كان خۆپیشاندان به‌رده‌وام بو، ژماره‌یه‌ك خوێندكاری زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانیش چونه‌ ریزی خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادییه‌وه‌ له‌ سلێمانی.
* له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ مایسی‌ 2011 فائیق گوڵپی ‌وه‌ك شاهیدێك چوه‌ به‌رده‌م دادگاو شاهیدی له‌سه‌ر ته‌قه‌كه‌ره‌كانی‌ شه‌قامی‌ خانه‌قادا كه‌ چۆن ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كرد و له‌ ئه‌نجامدا سوركێو و شێرزاد شه‌هید كران.

رۆژمێری مانگی نیسان
*رۆژی 1ی نیسان
هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی كۆیه‌، نوێژی هه‌ینی له‌ سه‌كۆی ئازادی شاره‌كه‌ به‌رێوه‌چو.
* ئاسایشی سلێمانی له‌ راگه‌یاندنێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ مه‌لا كامه‌ران به‌ماده‌ی 2ی تیرۆر ده‌ستگیكراوه‌.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا په‌یامی هه‌ینی توڕه‌یی بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: توڕه‌ین له‌ تاوانه‌كانتان له‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانتان، له‌ بێباكیتان له‌ سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاریتان.
* نوێژی هه‌ینی له‌ به‌رده‌م باخی گشتی رانیه‌ به‌رێوه‌چو.
* پێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا له‌ سلێمانی رویداو زیاتر له‌ 42 خۆپیشانده‌ر و پۆلیس برینداربون.
* دوای پێكدادانه‌كه‌ی نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، هێزێكی زۆر له‌ نزیك سه‌رای ئازادی سلێمانی بڵاوكرانه‌وه‌ و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.
* ته‌قه‌ له‌ یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ كرا.

*رۆژی 2ی نیسان
دوای توندوتیژیه‌كانی رۆژی رابردو خۆپیشاندان له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی ده‌ستیپێكردوه‌، پێشتریش ئاسایش داوای چۆڵكردنی سه‌كۆی سه‌رای ئازادی كردبو.
* خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی له‌ زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی و گه‌رمیان و كۆیه‌ به‌رده‌وام بو.
* له‌نزیك مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانی پێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا رویداو هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی هێرشیانكرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادیش راگه‌ینراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

*رۆژی 3ی نیسان
خوێندكارانی په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی مانگرتنیان له‌ خوێندن راگه‌یاند، دژی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خوێندكارانی به‌شی ناوخۆیی په‌یمانگاكه‌.
* هێزه‌كانی ئاسایش مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سروڵایان ده‌ستگیكرد، كه‌ یه‌كێك بو له‌ به‌شدارانی خۆپیشاندان و نوێژی هه‌ینی له‌ سه‌رای ئازادی.
* له‌ راگه‌یندراوێكدا سه‌نته‌ری میترۆ ئاشكرایكرد له‌ماوه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا 100 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ زۆربه‌یان به‌رامبه‌ر میدای ئه‌هلی و ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌.
* له‌ رانیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌لار و كۆیه‌ و چه‌مچه‌ماڵ خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا.
* هێزه‌ دامامكداره‌كان 3 خوێندكاری خۆپیشانده‌ریان برینداركرد.
* گروپی زانكۆی سلێمانی له‌ راگه‌یندراوێكداا ئیدانه‌ی كاره‌ دوزێوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان كرد.

*رۆژی 4ی نیسان
خوێندكارانی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌ستگیكردنی هاوڕێكانیان خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا.
* ئاسایش سلێمانی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند مه‌لا محه‌مه‌د نه‌سروڵا به‌یاسای تیرۆر ده‌ستگیكراوه‌.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی سلێمانی داوای ئازادكردنی ده‌ستگیكراوه‌كانیان كرد.
* هه‌رسێ فراكسیۆنه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن و زه‌حمه‌تكێشانی سه‌ربه‌خۆ بایكۆتی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان كرد.
* ژماره‌یه‌ك خوێندكاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین رێپێوانێكیان بۆ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئه‌نجامدا دژی داخستنی زانكۆو په‌یمانگاكانی هه‌ولێر.

*رۆژی 5ی نیسان
فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد.
* ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ دانانی پارێزگاری سلێمانی به‌ نایاسایی دانا.
* به‌به‌شداری خوێندكاران و قوتابیان و چین و توێژه‌كانی دیكه‌ خۆپیشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادی سلێمانی به‌رده‌وام بو..
* له‌خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌رای ئازادی سلێمانیدا، به‌كۆی ده‌نگی به‌شدارانی خۆپیشاندانه‌كه‌ متمانه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كابینه‌ی شه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كان سه‌ندرایه‌وه‌.
* هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن كۆبونه‌وه‌و به‌لاغێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌.

*رۆژی 6ی نیسان
بۆ دوه‌مجار ته‌قه‌ له‌به‌شی ناوخۆی په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی كرا و خوێندكارانیش خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا.
* هه‌رسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن له‌ یاداشتێكدا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ئاڵۆزكردنی دۆخی هه‌رێم تۆمه‌تبار كردو ره‌خنه‌یان له‌به‌رده‌وامی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان گرت.

*رۆژی 7ی نیسان
خوێشاندانه‌كانی سه‌رای ئازادی به‌رده‌وام بولۆگۆی شۆڕشی نێرگزیش به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا دابه‌شكرا.
* له‌ چه‌مچه‌ماڵ په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری شه‌هید گه‌رمیان ئه‌حمه‌د لادرا.
* خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ قه‌ڵادزێ و رانیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و چه‌مچه‌ماڵ و پێنجوێن به‌رێوه‌چو.
* یه‌كێتی و پارتی وه‌ڵامی پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن و داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و پرۆژه‌ 22 خاڵیه‌كه‌یان دایه‌وه‌.

*رۆژی 8ی نیسان
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌شداری خۆپیشاندانه‌كاندا، نوێژی هه‌ینی ئومێد له‌سه‌رای ئازادی و مه‌راسیمی نوێژی هه‌ینی له‌ رانیه‌ و كۆیه‌ و قه‌ڵادزێ به‌رێوه‌چو.

*رۆژی 9ی نیسان
وته‌بێژی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن وه‌ڵامی راگه‌یندراوه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی دایه‌وه‌.

*رۆژی 10ی نیسان
لیژنه‌ی گه‌ڕان به‌دوای راستیه‌كاندا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێكهێنرابو داوای به‌ڵگه‌ی له‌ خه‌ڵك كرد.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی نه‌خشه‌رێگای چاره‌سه‌ری ریشه‌یی قه‌یرانی سیاسی به‌ناونیشانی (گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان) بڵاوكرده‌وه‌.
* لیستی ده‌سه‌ڵات له‌په‌رله‌مان متمانه‌یان به‌خشیه‌وه‌ به‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و هه‌رسێ فراكسیۆنه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد.
* كۆبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی له‌ كۆیه‌و رانیه‌و چه‌مچه‌ماڵ به‌رێوه‌چو.

*رۆژی 11ی نیسان
خوێندكارانی زانكۆی كۆیه‌ خۆپیشاندانه‌كانیان گواسته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ.

*رۆژی 12ی نیسان
خوێندكاره‌ گه‌رمیانیه‌كانی زانكۆی سلێمانی یادی ئه‌نفالیان له‌ناو زانكۆدا كرده‌وه‌.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئزادی وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی دایه‌وه‌و رایگه‌یاند كێشه‌ی شه‌خسی و خێڵایه‌تیمان نیه‌ تا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی یان حیزبی بكه‌ین.
* به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری گۆڕان خۆپیشاندان له‌ كۆیه‌ به‌رده‌وم بو.
* لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پێشوازی له‌ هه‌م دیالۆگێكی جدیكرد له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كه‌یدا.

*رۆژی 13ی نیسان
خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی فولكه‌ی كاوه‌یان گرت و به‌رده‌وام بون له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی.
* خۆپیشاندان له‌ زۆربه‌ی قه‌زا و ناحیه‌كان به‌رده‌وام بو.

*رۆژی 14ی نیسان
به‌به‌شداری هه‌زاران كه‌س رێوره‌سمی یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی به‌رێوه‌چو.
* له‌ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌سانی ئه‌نفالدا هێزه‌كانی ئاسایش هێرشیانكرده‌ سه‌ر خوێندكارانی زانكۆی گه‌رمیان، له‌ناحیه‌ی رزگاریش هێزه‌كانی ئاسایش هێرشیانكرده‌ سه‌ر كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و ژماره‌یه‌كیان لێده‌ستگیركردن.
* له‌كۆیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌رێوه‌چو.

*رۆژی 15ی نیسان
یه‌كه‌م رێوره‌سمی نوێژی هه‌ینی له‌ باخی ئازادی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رێوه‌چو، نوێژی هه‌ینی له‌ قه‌ڵادزێ و كۆیه‌ش ئه‌نجامدرا.
* رێوره‌سمی نوێژی هه‌ینی نه‌خشه‌رێگا له‌ سه‌رای ئازادی به‌رێوچو.
* بۆ پشتوانیكردن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی، ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له‌ كۆیه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ سلێمانی.

*رۆژی 16ی نیسان
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رایگه‌یاند شێوازی خۆپیشاندانه‌كان ده‌گۆڕن.

*رۆژی 17ی نیسان
فاروق ره‌فیق به‌ مانگێك زیندانیكردن حوكمدرا و ناسك قادریش به‌كه‌فاله‌ت ئازادكرا.
* پێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا رویدا و زیاتر له‌ 50 كه‌س ده‌ستگیكران و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ گازی فرمسێك رێژ به‌كارهێنرا.

*رۆژی 18ی نیسان
له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی ره‌شاد موفتی خۆپیشاندانی ژماره‌یه‌ك خوێندكار به‌رێوه‌چو له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ هێرشیانكرایه‌ سه‌رو ژماره‌یه‌كیان لێده‌ستگیكرا.
* هێزێكی ئه‌منی هێرشیانكرده‌ سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێكردن.
* گروپی زانكۆ رایانگه‌یاند سبه‌ی ده‌چنه‌ به‌رده‌م دادگای سلێمانی و خۆپیشاندانێك ئه‌نجامده‌ده‌ن.
* هێزێكی هه‌واڵگری فه‌رمانده‌یی سه‌كۆ وتاردانی سه‌رای ئازادیان سوتاند.
* له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی سلێمانیدا زیاتر له‌ 102 برینداری لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ردی فاروق یه‌كێك له‌ برینداره‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی گوله‌یه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتبو گیانی له‌ده‌ستدا.
* ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی رایگه‌یاند سوتاندنی سه‌كۆی وتاردان خنكاندنی ده‌نگی خه‌ڵكه‌.
* هێزێكی ده‌مامكدار ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌نجیان له‌ كه‌لار ده‌ستگیركرد.

*رۆژی 19ی نیسان
هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و ئه‌منی له‌ناو شاری سلێمانیدا بڵاوكرایه‌وه‌.
* هێزێكی ئاسایش كۆیه‌ چوار خوێندكاری زانكۆی كۆیه‌یان به‌ره‌و هه‌ولێر رفاند.
* خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی به‌ره‌و دادگای سلێمانی به‌رێكه‌وتن و له‌ناوچه‌ی چه‌قچه‌ق له‌لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه‌ گه‌مارۆی خوێندكارانیان دا و ژماره‌یه‌كی زۆریان لێده‌ستگیركردن له‌ناویاندا ئه‌ندامانی گروپی زانكۆ و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ئه‌ندامانی هه‌مان گروپ.
* زیاتر له‌ 100 پارێزه‌ر له‌به‌رده‌م دادگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.
* دژی ده‌ستگیركردنی هاوڕێكانیان خوێندكاران له‌به‌رده‌م زانكۆی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.
* له‌به‌رده‌م دادگای سلێمانی هێزێكی چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر رێبین هه‌ردی و دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانی به‌ره‌و زیندانێكی زانیاری پێشمه‌رگه‌ رفاندیان.
* هه‌ردو رۆژنامه‌نوس سیروان ره‌شید و هیوا جه‌مال سكرتێرانی نوسینی رۆژنامه‌، له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانیان برانه‌ زیندانیه‌كانی به‌شی زانیاری فه‌رمانده‌یی.
* سه‌رباری گه‌مارۆی سه‌ربازی خۆپیشاندان له‌ رانیه‌ به‌رێوه‌چو.
* لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن رایگه‌یاند: به‌رده‌وامبونی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر شێوازه‌كانی توندوتیژی ده‌رگای گفتوگۆ داده‌خات.
* هێزه‌ چه‌كداره‌كان رێگریان له‌ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی سلێمانی گرت.
* هێزه‌ چه‌كداره‌كان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر حه‌ره‌می زانكۆ و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی ئیسكان و ژماره‌ی خوێندكاریان ده‌ستگیكرد و ئه‌شكه‌نجه‌ی ژماره‌یه‌كی دیكه‌یاندا.
* لیستی ده‌سه‌ڵات له‌په‌رله‌مان متمانه‌یان به‌خشیه‌وه‌ به‌ وه‌زیری ناوخۆ و پێشه‌وا تۆفیقی په‌رله‌مانتاری گۆڕان دو ده‌به‌ ئاوی گرته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
* له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ خۆپیشاندان به‌رێوه‌چو.
* گروپی زانكۆی سلێمانی داوای ئازادكردنی سه‌رجه‌م خوێندكاره‌ ده‌ستگیكراوه‌كانیان كرد.

*رۆژی 20ی نیسان
هێزه‌ چه‌كداره‌كان هێرشیانكرده‌ سه‌ر شوێنی كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان و سه‌كۆی وتاردانیان تێكدا.
* هێزێكی ئاسایشی یه‌كێتی، رازاو عه‌بدولی پارێزه‌ریان رفاند.
* پشكۆ حه‌مه‌ فه‌ره‌جی چالاكوانی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ڵه‌به‌جه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداره‌وه‌ رفێنرا.
* مامۆستا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی به‌ قۆڵبه‌ستكراوی ره‌وانه‌ی ئاسایشی سلێمانی كرا.

* رۆژی‌ 21ی نیسان
له‌ خاڵی‌ كونتڕۆڵی‌ تاسڵوجه‌ فائیق گوڵپی‌ له‌گه‌ڵ چوار كه‌س له‌ هاوڕێکانی له‌ لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانیه‌وه‌ به‌ بێ‌ بڕیاری‌ دادگا ده‌ستگیركران و بۆ ماوه‌ی‌ 24 سه‌عات له‌ ژوری‌ تاكه‌كه‌سی‌ له‌ زیندانی‌ فه‌رمانده‌یی‌ پێشمه‌رگه‌ زیندانی كران، وەک ناڕەزایی دەربڕینیش مانی له‌خواردن گرت.
هاوکات رۆژی‌ 24-4-2011 لەلایەن فائیق گوڵپیەوە سکاڵا‌ دژی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ تۆمارکرا، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌بێ‌ بڕیاری‌ دادگا ده‌ستگیریان كردبو، به‌ڵام وەک خۆی ئاماژەی بۆ کرد، تا ئه‌مڕۆ (17ی شوباتی 2013) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ بانگی‌ دادگا نه‌كراوه‌.
* 21ی نیسان هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌یاننامه‌یه‌كیان دژ به‌ به‌كارهێنانی هێز له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.
* له‌ چه‌مچه‌ماڵ و كۆیه‌ و رانیه‌ و پشده‌ر هێزی چه‌كدار بڵاوكرانه‌وه‌ و رێگری له‌ خۆپیشاندان كرا.
* ژماره‌یه‌ك دادوه‌ری سلێمانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایانكرد ده‌ست له‌كاروباری دادگاكان وه‌رنه‌درێت و سه‌روه‌ری یاسای بپارێزرێت.

لیستی ناوی تیرۆرکراوانی ١٧شوبات و رۆژانی دوایی
17ی شوبات2011 - رێژوان حاجی عه‌لی ته‌مه‌ن 14 ساڵ به‌ده‌ستی پاسه‌وانانی لقی 4ی پارتی شه‌هید بوو
19ی شوبات2011 - سۆركێو زاهیر ته‌مه‌ن 17 ساڵ له‌ گه‌ره‌كی چوارباغی شاری سلیمانی به‌هۆی ته‌قه‌ی چه‌كدارانی ده‌سه‌ڵات شه‌هید بوو
19ی شوبات2011 - شێرزاد ته‌ها ته‌مه‌ن 29 ساڵ له‌ شاری سلیمانی به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منی شه‌هید بوو
25ی شوبات2011 - گه‌رمیان ئه‌حمه‌د ته‌مه‌ن 11 سال له‌ چه‌مچه‌مال به‌رده‌م بینای لقی 19ی پارتی به‌ ته‌قه‌ی چه‌كدارانی پارتی شه‌هید بوو
25ی شوبات 2011- بیلال ئه‌حمه‌د ته‌مه‌ن 15 ساڵ له‌به‌رده‌م لقی 22ی پارتی له‌ كه‌لار شه‌هید بوو
25ی شوبات 2011- ڕه‌شید ئه‌حمه‌د لالۆ ته‌مه‌ن سه‌روو 50 ساڵ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ خۆپێشاندانی كه‌لار شه‌هید بوو
26ی شوبات 2011- ئۆمێد جه‌لال ته‌مه‌ن 27 ساڵ له‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ نزیك مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانی شه‌هید بوو
18ی نیسان 2011- هه‌ردی فارۆق ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فاترۆق شه‌هید بوو

سه‌ركار حه‌مه‌ سه‌عید ته‌مه‌ن 28 ساڵ له‌ هه‌له‌بجه‌
عه‌لی ره‌سول ته‌مه‌ن 27 ساڵ له‌ هه‌له‌بجه‌

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





بابەتی تر

تەڤدا پرێس: هەواڵێکی گرنگ: لەسەر تیرۆرکردنی ئەمەریکییەک لە دەڤەری بارزان تەڤدا پرێس: بەشدار حسن پاڵەوانی هێڵی پێشەوە بەهۆی کارە بوێرانەیەکانی لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ خەلاتکرا تەڤدا پرێس: مەسرور بارزانی وەڵامی سكاڵاكەی شنیار ئەنوەری دایەوە تەڤدا پرێس: بـەرپرسێکی بــاڵای پـارتی بە تــۆمەتی گەندەڵی لە ئــیمارات دەستگیـرکرا کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادیەکان: خەڵاتکردنی به‌شدار حـه‌سه‌ن پارێزه‌ری زیندانییانـی بادیـنان نیشانەی شکستی دەسەڵاتە تەڤدا پرێس: پێگەی میدل ئیست ئای بەریتانی تەڤدا پرێس: ته‌رمی 8 كۆچبه‌ر له‌ كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا دۆزرانه‌وه‌ تەڤدا پرێس: باوکی ئەیوبی 13 ساڵان بەپۆلیسی راگەیاندووە کە ئەوە تەرمی کوڕەکەیەتی ته‌ڤدا: وه‌زاره‌تا ده‌رڤه‌ یا ئه‌مریكا به‌شدار حه‌سه‌ن پارێزه‌رێ گرتیێن به‌هدینان خه‌لات دكه‌ت تەڤدا پرێس: کۆمپانیاى ترافیگوار: رێکا خۆ دێ دگەل هەرێمێ جوداکەین و دێ داخازا ٢٧٣ ملیۆن دۆلاران دکەین

وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟