لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

سێمالكا، دەروازەیەك لەبەردەم رەحمەتی سیاسی

Friday, 05.19.2023, 08:07 PM



🔻 داخستنی سنوری رۆژئاوای كوردستان، بارودۆخێكی زۆر سەختی بۆ هاوڵاتیان دروستكردووە.
🔻 قەبارەی ئالوگۆری بازرگانی نێوان هەرێم و رۆژئاوا لەساڵێكدا لەنێوان 500 بۆ 550 ملیۆن دۆلارە
🔻 بەر لە 12 ساڵ 4600 لیرەی سوریا دەیكردە 100 دۆلار، ئێستا 4600 لیرە دەكاتە نیو دۆلار
🔻 ناكرێت گرتنی دەروازە وەك فشارو كاردانەوەی سیاسی بەكاربهێنرێت
🔻 دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان بەشێك نین لەململانێی سیاسی، نابێت سنوریان لێ‌ دابخرێت
.
🔹 سێمالكا، دەروازەیەك لەبەردەم رەحمەتی سیاسی
سەرتیپ جەوهەر
بەهۆی گرتنی دەروازەی سێمالكا لەلایەن حكومەتی هەرێم (هەولێر) نرخی كاڵاو خواردن لەرۆژئاوای كوردستان روو لەگرانبوونەو كاریگەری زۆر خراپی لەبازاڕ دروستكردووە بەتایبەتیش كەرستەی بیناسازیی كە لەماوەی یەك هەفتە بەنزیكەی لە 50% گرانتر بووە.
بەپێی زانیاریی لایەنی پەیوەندار لەرۆژئاوای كوردستان قەبارەی ئالوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان لەنێوان 500 بۆ 550 ملیۆن دۆلارە. جگە لەدەروازەی سێمالكا (خابور) خۆراك و پێداویستی لەناوچەكانی حكومەتی سوریاو ناوچە داگیركراوەكانی توركیا-ش دێتە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئاستەنگ و گرفتیان هەیە.
داخستنی سنوری سێمالكا كاریگەری زۆر خراپ و گرانی لەسەر دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان دروستكردووە، بەتایبەتیش نرخی لیرە بەشێوەیەكی زۆر چاوەڕواننەكراو دابەزیوەو ئێستا 9100 لیرەی سوریا دەكاتە تەنها یەك دۆلار، لەكاتێكدا 2011 سەرەتای خۆپێشاندانەكانی سوریا 4600 لیرەی سوریا بەرامبەر 100 دۆلار بوو. واتە بەر لە 12 ساڵ 100 دۆلاری ئەمریكا دەیكردە 4600 لیرە، كەچی ئێستا 4600 لیرە دەكاتە تەنها نیو دۆلار یان 50 سەنت.
12ی مانگ لەیەك رۆژدا هەریەكە لە حكومەتی هەرێم (پارتی) و حكومەتی دیمەشق بەیەكەوە دەروازەكانیان بەڕووی رۆژئاوای كوردستاندا داخست. حكومەتی دیمەشق دوای رۆژێك دەروازەكانی كردەوە، بێئەوەی هیچ بیانوەك بۆ داخستن بخاتەڕوو.
حكومەتی هەرێم (پارتی)یش بەهۆی رێگەگرتنی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان (پەیەدە) لەدەربازبوونی ژمارەیەك لایەنگری پارتی واتە ئەندامانی (ئەنەكەسە) بۆ باشوری كوردستان دەروازەی سێمالكای داخست. لەبەیاننامەیەكیشدا ئەنەكەسە ئەم زانیارییەی پشتڕاستكردەوە.
بۆ رۆژی دواتر بەیاننامەیەك بەناوی بەڕێوبەرایەتی دەروازەی فیشاخابور بڵاوكرایەوە كە لەبەیاننامەیەكی سیاسی حزب دەچوو نەك بەیاننامەی دەروازەیەكی سنوریی. بەتوندی هێرش كرابویە سەر پەیەدەو دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان.
هەق نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان (پارتی) گرتنی دەروازەی سێمالكا بەمەبەستی فشار و كاردانەوەی سیاسی لەبەرامبەر رۆژئاوای كوردستان بەكاربهێنێت، چونكە دانیشتوانی مەدەنیی رۆژئاوای كوردستان بەشێك نین لەململانێی نێوان پارتی و پەیەدە. خۆ ئەگەر ناكۆكیی و خیلافی سیاسی یاخود فشاری دەرەكیش هەیە، نابێت خەڵكی مەدەنی ببنە قوریانیی ئەو ململانێیە، بۆیە هەقە پارتیی بەو بڕیاردا بچێتەوەو ئەو سنورە بۆ بازرگانیی خۆراك و پێداویستی و پێویستی مرۆیی واڵابكات.
پێشتر هەوڵ هەبوو بۆ كردنەوەی دەروازەی تەل كۆچەر یاخود رەبیعە و گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان هەبوو، بەڵام لەسەر وردەكاریی بەڕێوەبردنی دەروازەكە رێكنەكەوتن. ئەگەر ئەو دەروازەیە بكرێتەوە ئەوا دەروازەی سێمالكا ئەو رۆڵەی ئێستای نامێنێت.
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟