وتار
كورد لەسوریا، لەنێوان سیاسەتی ناڕۆشنی ئەمریكاو تێگەیشتنی ساختەی روسیا
Wednesday, 10.11.2023, 07:37 PM
- زیانی پەلاماردانی تورك بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت
- ئەمریكا ئاسمانی رۆژئاوای بەرووی سوریاو روسیا داخستووە، كەچی بێدەنگە لەپەلاماری توركیا
- 23 بنكەی سەربازیی ئەمریكا لەرۆژئاوای كوردستان هەیە، توركیا نیگەرانە لەبوونی ئەو هێزانە
-ئەمریكا تێگەیشتنێكی روونی لەبارەی چارەسەری كورد لەسوریا نییەو روسیاش تێگەیشتنێكی ساختەی هەیە
- لەمەراسیمی بەخاكسپاردنی قوربانیانی پەلاماری توركیا، كەمترین وێنەی ئۆجالان بینرا
- كورد لەسوریا، لەنێوان سیاسەتی ناڕۆشنی ئەمریكاو تێگەیشتنی ساختەی روسیا
هێرش و پەلاماری توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو زیانێكی ئێجگار گەوەی لێكەوتۆتەوە. جگە لەزیانی گیانی، زیانە ماددیەكان بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمە جگە لەزیانمەند بوونی تەواوی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان كەبەپێی بڵاوكراوەی رەسمیی بە 4.2 ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت، لەخزمەتگوزارییەكانی كارەباو ئاو و تەندروستیی و خوێندن.
رژێمی توركیا هێرش و پەلامارەكانی لەسەر ژێرخانی ئابوریی و كەرتە سەرەكییەكانی خزمەتگوزاریی چڕكردبۆوە، لەماوەی چەند رۆژێك دا 24 ناوچەی پیشەسازیی و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو پرۆژەی كەرتی تایبەتی ئابوریی وێرانكرد.
بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی بەردەستە، 5 وێستگەی ئاوی خواردنەوە وێرانكراون، ناوچەكانی كۆبانی و حەسەكەو قامیشلۆو چەند ناوچەیەكی دیكەی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان پەكی كەوتووە كە دانیشتوانەكەیان بە 680 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. هەروەك بەهۆی بۆردوومانی 7 وێستگەی كارەباوە زیاتر لەیەك ملیۆن و 200 هەزار هاوڵاتی بێ كارەبای نیشتیمانین! هەروەك بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە تەواوی پرۆسەی خوێندن راگیراوەو زیاتر لە 910 هەزار خوێندكار لەخوێندن دابڕاون. هەر بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە 12 ناوچەی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بەتەواوی پەكیان كەوتووەو قەیرانێكی چاوەڕواننەكراوی سوتەمەنی لە تەواوی رۆژئاوای كوردستان دروستبووە، بەجۆرێك نرخی یەك لیتر گەیشتۆتە سەرووی یەك دۆلارو بەرمیلێك نەوتی سپی ماڵانیش گەیشتۆتە سەروو 70 دۆلار، لەكاتێكدا دەبوو بەنیوەی ئەو نرخە بێت. ئەمە لەكاتێكدا رۆژئاوای كوردستان بەدۆخێكی ئابوریی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و لیرەی سوریی نزمترین ئاستی تۆماركردووەو ئێستا 1350 بۆ 1400 لیرەی سوریا بەرامبەر تەنها یەك دۆلارە.
بیانوی پەلاماردانی تورك، ئەو تەقینەوەیەی ئەنقەرەبوو كە بەرلەچەند هەفتەیەك لەلایەن پەكەكەوە كرا. من پێموایە هەڵەبوو پەكەكە بەرپرسیارێتی خۆی لەم چالاكییە راگەیاند.
ئەمڕۆش رێڤەبەری خۆسەر لەشارەكانی قامیشلۆو كۆبانیی و حەسەكە قوربانیانی پەلامارەكەی ئەكادیمیای ئاسایش لە دێریك بەخاكسپارد بەئامادەبوونی هەزاران هاوڵاتیی. ئەوەی جێی سەرنج بوو، لەم مەراسیمانەدا یەكەمجارە كەمترین وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان بەرزكرابویەوە، ئەمەش ئاماژەی گۆڕانێكی نوێیە لەسیاسەتی رێڤەبەری خۆسەرو كاربەدەستانی رۆژئاوای كوردستان.
تائێستا هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ئەو پەلاماردانەی توركیا روون نییە، تەنها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەسوریا بەیاننامەیەكی دەركرد تێیدا پەلاماردانەكەی رەتكردەوە، بەڵام كاردانەوەیەكی دیكە هەستی پێنەكراوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوان توركیاو ئەمریكا لە كۆتایی 2019 نابێت توركیا سنوری رۆژئاوای كوردستان ببەزێنێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەمریكا تەواوی ئاسمانی رۆژئاوای كوردستانی بەرووی فرۆكەی جەنگی سوریادا داخستووە، هەروەك رێگا بەفرۆكەی روسیاش نادات بەبێ هەماهەنگی و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە بێتە ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بێدەنگە بەرامبەر پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن فرۆكەی توركەوە.
ئێستا 23 بنكەی سەربازیی ئەمریكاو هاوپەیمانان لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەركی ئەو هێزانە چاودێریكردنی ناوچەكەو مەشقپێكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتە. بەرلەچەند رۆژێكیش ئەردۆغان ئاماژەی بەبوونی بنكەو بارەگای هێزەكانی ئەمریكاكردو ناڕاستەوخۆ نیگەرانی خۆی لەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە دەربڕی.
یەكێك لەگرفتە دیارەكانی كورد لەرۆژئاوای كوردستان نەبوونی تێگەیشتن و ئەجێندایەكی روونی ئەمریكایە لەبارەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان و دۆخی سوریا بەگشتیی. ئەم نارۆشنیە لەسیاسەتی ئەمریكا، كوردی روبەرووی دڕدۆنگی و قەلەقی زۆر كردۆتەوەو ناتوانێت لەنێوان مانەوە لەچوارچێوەی ئەجێندای ئەمریكاو گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سوریا خۆی یەكلایی بكاتەوە، بۆیە لەگەڵ هەر هەڕەشەو پەلاماردانێكی توركیا، كورد ناچارە پەنا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوریا ببات، بەڵام رژێمی سوریا تێگەیشتنێكی شۆڤینیانەی بۆ چارەسەری پرسی كورد لەسوریا هەیەو روسەكانیش تێگەیشتنێكی (ساختە)و دووڕویان هەیە. لەمیدیاكان هیچ لەخۆیاندا ناهێڵنەوە دەرهەق بەكوردو لەسەر مێزی گفتوگۆش لەچوارچێوەی تێگەیشتنی سوریا مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد دەكەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی لەیەکچوو
مەکی ئامێدی: الباراستن
مایکڵ ڕۆبن: هیوای بەهەڵەداچووی مەسرور بارزانی بۆ داخستنی کەیسی سندووقی قوربانیانی کوردستان
تەڤدا پرێس: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن سکاڵایەکی دیکەشی لێکەوتەوە
تەڤدا پرێس: ستیڤن ستیوارت بەلگەکان حکومەتی ئەمریکا ، وەزارەتی بەگری پێ ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێداوین
دەنگی ئەمریکا: چەند زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو سکاڵایانەی لە دژی چەندین کاربەدەستی هەرێمی کوردستان لە دادگای واشنتن تۆمار کراون
بابەتی تر
تهڤدا: مامۆستایانی سنوری سلێمانی بهم شێوهیه وهڵامی هێرشهكانی عهلی عهونی دهدهنهوه
سەرتیپ جەوهەر: ریفراندۆم، لەشكستەوە بۆ لەدەستدانی دەرفەتی سەدە
قهیدار حسێن: دەسهەلاتێ تاکێ کوڕد یێ کریە د قەفەسەکا بێ ئومێدیێ دا
ئهیوب بارزانی: أقليم كردستان هل يشهد وضعا
نهزیر عهلی: دهۆک..گۆهەڕتنا هێزێ
مهسعود عبدلخالق: ڕاست دهكهن ههمو خهلكی كوردستان خۆفرۆشن
تاكۆر زهردهشت: بانگهوازیا ئهدههم بارزانی تشتهكێ پڕه ژ پیویستیێن سهردهما ههی ژبۆ ههرێمێ
دلێر محەمەد نوری: ئەخلاقی سەربازی کورد لە شەنگال و ناوچە چۆڵکراوەکاندا.
سهرتیپ جهوههر: هەڵبژارنی داهاتوو، رۆژی ئاهەنگی خەڵك و ماتەمی دەسەڵاتداران
هێڕزڵ سورچی: هەر كەسێك هیوای گەل بدۆرێنیت پۆڵابێت قەڵای هەر هەرەس دێنێت!