لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شێروان شێروانی نوێنەری ڕیاڵێکە سیستم ناتوانێت داگیری بکات

Wednesday, 07.10.2024, 11:23 AM



یەکێک لە چەمکە بنەڕەتی و گرینگەکانی ناو فیکری دەروونشیکاری ناسراوی فەڕەنسی (ژاک لاکان) بریتییە لە چەمکی ڕیاڵ. بەبێ تێگەشتن لە ڕیاڵ ئەستەمە لە ماناکانی دەرباز بوون لەسیستم تێبگەین.
ڕیاڵی لاکانی جیاوازە لە ڕیاڵیتێت یاخود واقع بەمانا باوەکەی، ڕیاڵ ئەو ڕووبەرەیە کە خەیاڵی و ڕەمزی بۆیان ناگیرێت، ڕیاڵ دەکەوێتە دەروەی واقع بەمانا سایکۆلۆجیەکەی و دەروەی سیستەم بە مانا سیاسیەکەی. ڕیاڵ شتێکە ناهێتە ناو زمان و تۆڕی چنراو و سیستمی ماناوە. پانتایی ڕیاڵ ڕوبەرێکە تەسلیمی واقع و سنورەکانی نابێت، هێزێکی نەگیراو و ڕام نەکراوە لەدەرەوەی ماناکانی واقع و نەزمی ڕەمزیەوە. ڕیاڵ دەرکەوتەی ئەو دیو تخوب و هێڵانەن کە یاسا و نۆرمەکان ناتوانن داگیری بکەن، ڕیاڵ دەرخەری شکستی سیستمی ڕەمزیە و دەرخەری جۆرێک لەنوقستانی ناو ڕەمزی و ئەویتری گەورەیە، ئەو ماتەر و تەنەیە کەنایێتە ناو تۆڕ و ڕەمزاندن و دونیایی سیمبولیەوە. ڕیاڵ شەبەقێک و دەلاقەیەکە لەناو سیستمی مانادا، ڕیاڵ کۆتا وێستگەیە کە زمان و خەیاڵ دەتوانن پێی بگەن و ئیدی لەوێوە نەتوانن تێی بپەڕێنن. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم بریتیە لە پەیوەندی نێوان ڕیاڵ و سیستم. پەیوەندی نێوان تێزی کۆتایی مێژوو و درزی ناو ئەو تێگەشتنە کۆنکرێتیەی سیستم بۆخۆی نیگاری دەکات، قسەیە لەسەر ئەو بەشەی دونیا و ئەو هەرێمە سیحرییەی کە هەرگیز دەسەڵات و سیستم ناتوانن دەستگیری بکەن.

شێروان شێروانی لەدونیای ئێمەدا نوێنەرایەتی ئەم ڕیاڵە لاکانیە دەکات. دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی سیاسی لەدونیای ئێمەدا شتێکی تازە نییە و بۆتە جۆرێک لە خوو و وەک نینۆک خواردن وایە لای دەزگا پۆلیسیەکانی دەوڵەت. بەڵام ئەوەی ئەم بونەوەرە دەکاتە شتێکی دەگمەن، مامەڵەی سیستم و دەسەڵاتە وەک شکستێکی ناکۆتا بۆ ڕامکردنی و ئیحتواکردنی تا بکەوێتە ناو مانا و بازنەکانی سیستم. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەوڵانە جار دوای جار دەبنە هەوڵی ئیفلیج و شەلەل.
شێروان وەک ئایکۆنێکی سیاسی تەنیا نوێنەری ئەوبەشە سیاسی و یاخیبوە نییە کە تەسلیم بەگەمەکانی سیستم نابێت، تەنیا کەللەڕەقێک نییە کە چۆک بۆ داواکاریە کۆمیدیەکانی دەسەڵات دانادات، بەڵکو نوێنەرایەتی ئەو درز و دەلاقەیە دەکات کە سیستم ناکەن بەشتێکی حەتمی و داخراو. ئەو وێستگەی دەسەڵاتی کوردیە کە بەر ئەو مەحاڵە ڕەق و سفتە دەکەون بەوەی درزێک هەیە ئەوان نای بینن. ئەوەی ڕای گشتی سەرسام کردوە ئەو هێزەی شێروانە کە ناچێتە ناو دوکان و ڕووبەرەکانی سیستمەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاڵنگاریەکانی بەردەم سیستم سەختتر دەبن لەهەمبەر جڵەوکردنی ئەم گەنجەدا. گەمژەترین دوژمن لەمێژودا دوژمنەکانی شێروان و سەردەست عوسمان بونە، دۆخی سەردەشت لەکەیسێکی جودادا هەمان دۆخی شێروانە کە سیستمی سیاسی و سیمبولەکانی نەیانتوانی داگیری بکەن، سەردەشت درزێکی بەرینی لەسیستمدا نیشاندا و شەبەقێکی مەزنی کردەوە و ڕۆیشت، لەدۆخی سەردەشتدا بەتەواوی توشی سەراسیمە دەبین کاتێک کار دەگاتە ئەوەی بەفیشەک کۆتایی پێبهێنن بەبێ ئەوەی بزانن ئەو هەوڵە هێندەی تەقەکردن بوو لە جەستەیەک، هێندە تەقەکردن نەبوو لە مانا و ناوەڕۆکەکەی سەردەشت، هێندەی تەقەکردن بوو لەسێبەری سەردەشت هێندە تەقەکردن نەبوو لە ڕیاڵی سەردەشت، بەجۆرێک کە ڕۆژ دوای ڕۆژ مەرگی سەردەشت دەمی درزی ناو سیستم گەورەتر و فراوانتر دەکات. ڕیاڵ تەنیا شتێکی سەخت و سفت نییە کە قانون و دەزگا سیمبولیەکان پێی نەوێرن، بەڵکوو نیشانەیە بۆ بێشومار ئەگەری کراوە کە مێژووی داخراو و نیزامی داخراو دەکەنە کۆمیدیایێک، ڕووبەرێکە تالەڕێیەوە دەمی دەلاقەیەکی گەورەش ببینین لە هەناوی ئەم داخراویەدا.
شێروان لەدادگادا ڕستەیەکی سەیری فرێدا کە دەشێت زیاتر نزیکمان بکاتەوە لەم بۆچونە کاتێک گوتی(من نەڕوخاوم، ئەوە ئێوەن لەبەردەم ئیڕادەی مندا ڕوخاون).

ئەم شکستەی سیستم دروست لە شکستی ڕەمزی دەچێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕیاڵ. ئەوەی شێروان وەک شتێکی دەست لێنەدراو دەهێڵێتەوە ئەو پاڵهێزە مێژوویەیە کە شێروان دەکات بە نوێنەری نوقستانی ناو سیستم. نەڕووخانی شێروان هێمایەکی نەستەکیە بۆ شتێکی بونیادی و مێژوویتر کە فیتڕەتی ڕیاڵە.
لە شانۆنامەی بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهاندا هەمان تەحەدا ڕووبەروی سیستم دەبێتەوە. کاتێک کارەکتەری ڕێبەر موستەفا ناچار دەکەن دەبێت دان بەتاوانی سوتاندنی کتێبخانەدا بنێت و خۆشی سزای خۆی دیاری بکات،
دوای مردن و جێبەجێ کردنی سزاکە نامەیەک لەدوای خۆی لەبەرچاوی هەموان دەخوێنرێتەوە کە ڕوون و ئاشکرا دان بەو تاوانە نانێت کە سیستم پێی وابوو دانی پێدانەوە.

ڕێبەر موستەفا وەک جەستە دەگیردەکرێت بەڵام وەک ڕیاڵ و چاڵێک هەرگیز نەگیرا و بەڵکوو دەرگاشی لەسەر بێشومار پەنجەرە کردەوە تا داخراوێتی بکاتە نامومکین.

نامەکەی ڕێبەر و ڕستەکەی شێروان هەمان ڕاستی مێژوویی نیشان دەدەن کە ئەستەمە هیچ سیستمێکی سیاسی هەبێت و درزو نوقستانیێکی مەزنیشی نەبێت.

دیارە درز لێرە مەبەست لەکەم و کوڕی بەمانا ڕوکەشیە میدیایەکەی نییە، بەڵکوو مەبەست لەو پەنجەرەیە کە لەناو ئەو مەنتقە داخراوەدا دروست دەبێت تا سوبێکت لێیەوە هەڵبێت. بۆیە بانگەشەی سیستمی بێ درز لەنوکتەیەکی بێتام دەچێت کە هەم لەتێنەگەشتنەوە و هەمیش لە ڕۆحی ترسنۆکیەوە سەرچاوەی گرتووە. لەکۆتاییدا دەڵێم هیچ سیستمێک نییە لەدونیادا داخراو و ئەبەدی و نەگۆڕ بێت هیچ بونیادێکیش نییە چاڵێک و شەبەقێک لە ناوجەرگەیدا نەبێ کە شەبەقی ڕیاڵە، شەبەقی داگیرنەکردن و کۆنتڕۆڵنەکردنە، شێروان دەرخەر و نوێنەری ئەوڕیاڵەی ناو سیستمە و نیشتمانی تەجەلابوونی ئەو شتانەیەکە لە بونیادە نەگۆڕەکەی سیستم ناچن…!



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟