لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

کۆمپانیای پەیوەندی خیانەت کۆڕەک تیلیکۆم

Sunday, 07.14.2024, 12:54 PM



لە هەموو جیهاندا کۆمپانیاکانی پەیوەندی بۆ دوو مەبەست بەکار دەهێنرێت، یەکەم بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی باش و خێرا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان پێش بخەن و بە کاتێکی کەمتر کارەکانیان جێبەجێ بکەن، دووەمیش بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە لەڕووی ئاسایشەوە بەهێزن و کەس و وڵاتی تر نەتوانی چاودێری هاووڵاتییانیان بکەن و تایبەتمەندییەکانیان پارێزراو بیت. بەلام لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی هەموو جیهانەوە کۆمپانیاکانی پەیوەندی لەسەر ئەساسی پارە کۆکردنەوە و چاودێری هاووڵاتییانی خۆی بەکار دەهێنرێت. لەوەش خراپتر هەندێک کۆمپانیایی پەیوەندی بوونەتە چاو ساغی داگیرکەر و دوژمنانی وڵاتەکەیان. لەم ڕاپۆرتەدا باسی کۆمپانیایی کۆڕەک تیلیکۆم دەکەین کەوا بووەتە چاو ساغی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و دەستی لە شەهیدکردنی دەیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ڕێگای خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی لە بواری پەیوەندییەوە بەردەوام کار دەکات.
لەم ڕۆژانەی دوایدا هاووڵاتییەکی قەزای ئامێدی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کەوا لە نزیکی قەزای ئامێدی لەلایەنی کۆمپانیای کۆڕەکەوە نامەی بۆ هاتووە و دەڵێت بە خێر بێت بۆ تورکیا و وەکوو ئەوەی دەربازی سنووری تورکیا بێت. ئەم نامە بە هەڵە هاتووە یانیش بە زانابوون، هۆکاری ئەم نامەیە چییە، لە چی کاتێکدا ئەو نامانە دێت بۆ تەلەفۆنەکان، پەیوەندی کۆڕەک تیلیکۆم بە هەواڵگری پارتی = پاراستن و هەواڵگری تورکیا=میت وە چییەوە، میت و سوپای تورکیا چون کۆڕەک بەکار دەهێنن، ڕۆڵی کۆڕەک لە دەیان ڕووداوی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە چییە و هەندێک پرسیار و باسی تر لەم ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەدا وەڵامی دەدەینەوە.
کۆڕەک کەی دامەزراوە و کێ خاوەندارێتی دەکات؟
کۆڕەک تیلیکۆم کۆمپانیایەکی ئەهلی گەیاندن و ڕاژەکانی پەیوەندیکردنە سیستەمی GSM لە عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٠ دامەزراوە. کۆمپانیاکە لەلایەن سیروان بارزانی دامەزراوە و خاوەندارێتی دەکرێت، هەروەها ناوبراو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەیە. لە ١٧ی ئابی ٢٠٠٧ کۆڕەک یەکێک بوو لەو سێ کۆمپانیایەی کە مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل.
سیروان بارزانی برازای مەسعوود بارزانییە و کراوە بە فەرماندەی میحوەری مەخموور و گوێری پێشمەرگە و لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر هەر دوو شاری مەخموور و گوێر بەبێ شەڕ تەسلیم بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کران. سیروان بارزانی خاوەنی ٥٦٪ی گرووپی ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگە کە بارەگای سەرەکی لە شاری دوبەیە و کۆمپانیای کۆڕەک بەشێکە لەم گرووپە. هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی کۆمپانیایی کۆڕەکەش پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نیوان یەکیتی و پارتی و کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکانی هاووڵاتیی سنووری هەولێر و دهۆکەوەیە هەیە. چونکە پارتی و پاراستن دەیانویست لەو ڕێگەیەوە چاودێری تەواوی هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرانە بکەن. لە ساڵی 1999 کۆمپانیای ئاسیا سیل لەلایەنی فارووق مەلا مستەفا لەسەر پێشنیازی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا و ساڵێک دوای ئەوەش بنەماڵەی بارزانی وەکوو تەحەدایەک فەرمانیان بە سیروان بارزانی کرد کەوا کۆمپانیایەکی پەیوەندی دامەزرێنیت و ڕکابەری یەکێتی بکەن.
پەیوەندی کۆڕەک بە پاراستنەوە چییە؟
لەبەر ئەوەی لە بناغەدا هۆکاری دروستکردنی کۆمپانیایی کۆڕەک لەلایەنی پارتییەوە چاودێری کردن و زانیاری کۆکردنەوەیە لەسەر هاووڵاتییان. هەر بۆیە لە ڕۆژی دروستبوونییەوە لەلایەنی پاراستنەوە بەڕێوە دەبرێت، ئێستاش بەشی چاودێریکردن، گوێگرتن لە پەیوەندییەکان و شوێنی سیم کارت دیاری کردن لەناو بینایەتی پاراستن دایە لە مەسیف کە بە بینایەی ڕێکخستنی تایبەت دەناسرێت لە بەرامبەر مەکتەبی سیاسی پارتی. لەو شوێنەوە سیخوڕی لەسەر هاووڵاتییانی بەشداری خزمەتگوزاری کۆڕەک دەکرێت بەبێ هەبوونی بڕیاری دادگا. ئەو کەسانەی لەو بەشە کار دەکەن هەموو ئەندامی پاراستنن و ڕاستەوخۆ بە بەشی تەکنیکی پاراستنەوە گرێدران و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیدارەی کۆڕەکەوە نییە و فەرمانیش لە ئەوان وەرناگرن. بەپێی ئەو زانیارییە لە ئەندامێکی پاراستن وەرمانگرتووە ئەندامانی پاراستن خاوەنی سیم کارتی تایبەتی کۆڕەکن کەوا لە چوار ژمارە پێک دێت، دەرەوەی ئەو بەشی کۆڕەک کەوا لە مەسیفە، ئیدارەی گشتی کۆڕەکیش ناتوانیت شوێنی ئەو سیم کارتانە بزانێت و گوێبیستی پەیوەندییەکانیان بن. بۆیە ئەو ئەنجامەی لە لێکۆڵینەوەکانمان بەدەستمان هێناوە کۆمپانیایی کۆڕەک کۆمپانیایەکی سیخوڕی بنەماڵەی بارزانییە و ئەرکی سەرەکی چاودێری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
پەیوەندی کۆڕەک و میت چۆنە؟
پەیوەندییەکانی پاراستن و میت لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوودایە، میت پاراستن وەکوو لقێکی هەواڵگری خۆی دەبینی لە هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە لەڕووی تەکنیک و پەیوەندیشەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیانە هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوا لەناو پەکەکە بە دەستمان کەوتووە، کاتێک پەکەکە دوو ئەندامی باڵای میتی دەستگر کرد لە ساڵی 2017 بە قەزای دۆکان و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو بەرپرسیارەی میت دەربەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک و میت زانیارییەکی زۆریان دابوو. یەکێک لە زانیارییەکان دەڵێت «میت ڕاستەوخۆ لە ناوەندی خۆیەوە لە ئەنقەرە دەتوانی چاودێری تەلەفۆنەکە بکات، گوێ لە پەیوەندییەکان بگرێت و شوێنی سیم کارتەکە کۆڕەک بزانی». چونکە سێرڤەرەکانی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاستەوخۆ بە ئەنقەرە و ناوەندی میتەوە گرێدراوە. بەو واتایەی بەڕێوەبردنی کۆڕەک لە سەنتەری سەرەکی چۆن بێت لە ناوەندی میت لە ئەنقەرە یش بەو شێوەیە. بۆیە زۆربەی کاتەکانی میت چاودێری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات بەبێ ئەوەی تەنانەت پاراستنیش بزانێت، بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەندامانەی میت، بەو شێوەیە میت توانیویەتی چاودێری دەیان بەرپرسی پارتی بکات و زانیاریان لەسەر کۆ بکاتەوە و دواتریش بەو زانیارییانە تەهدیدی ئەو کەسەی پێ بکات ئەو کەسە تەجنید بکات و کار بۆ میت بکات.
کاری هاوبەشی میت و پاراستن لە ڕێگەی کۆڕەکەوە؟
کۆمیتەی هاوبەشی پاراستن و میت بۆ دژایەتی پەکەکە، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوبەشی دەکەن، ڕۆڵی پاراستن زۆرتر لە زەوییەوە زانیاری کۆکردنەوەیە و تورکیاش لە ئاسمانەوە ئامانجەکانی دەپێکێت. لەم ئۆپەراسیۆنانەدا سوودێکی زۆر لە کۆمپانیایی کۆڕەک بینراوە بە شێوەیەک لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاو و یەکلاکەرەوەی هەبووە. لە ژمارەی 37 هەفتەنامەی ئاژانس دا لە مانشێتی سەرەکی هەواڵێکدا بڵاو کرایەوە کە «بەر لە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر شەنگال تۆڕەکانی کۆڕەک لە کار خراون». لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان بۆمان دەرکەوت ئەو کاتە لە شەنگال بە ڕێژەیەکی زۆر سیم کارتی کۆڕەک بەکار دەهێنرا و بۆ ئەوەی پەیوەندی ئەوی ببرێت بە دەرەوە لەناو شەنگال نەتوانرێت یەکتری ئاگادار بکرێنەوە پاراستن لە ڕێگەی کۆڕەکەوە تۆڕەکانی داخستووە و لە ئەنجامدا تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی شەنگالی بۆردوومان کرد. لە بەرنامەی «دوژمنی کۆکی» تەلەڤزیۆنی چرا تی ڤی دا کەوا چەند سیخوڕی هاوبەشی پاراستن و میت دەستگیر کرابوون، لە ددانپێدانانەکانیاندا دەڵێن کەوا چەند جی پی ئێس یان بۆ کەسایەتییە سیاسییەکانی شەنگال داناوە لەناو سەیارەکانیان بە سیم کارتی کۆڕەک کار دەکەن. ئەو جی پی ئێسانە بە سیم کارتی کۆڕەک کار دەکەن و لە ڕێگەی کۆڕەکەوە بە درۆنەکانی میتەوە گرێدراون و سیگناڵی شوێنی مەبەست دەدات و ئامانجەکان بۆردوومان دەکرێن و هەتا ئێستا چەند بەڕێوەبەر و کەسایەتی شەنگال شەهیدکراون. زانیارییەکدان باس لەوە دەکەن ئەگەر سیم کارتی کۆڕەک نەبن و لەبەر دووری سنووری تورکیا لەو ناوچانە، تورکیا هەرگیز ناتوانیت ئامانجەکانی بپێکێت بەلام بە هاوکاری پاراستن و کۆڕەک ئامانجەکانی دەپێکێت.
پەیوەندی درۆن و کامێرا شاراوەکانی سوپای تورکیاوە بە کۆڕەکەوە چییە؟
دەوڵەتی تورکیا لەم ساڵانەی دوایدا درۆنەکانی پێشخستوو و بە مانگی دەست کردەوەی گرێداوان پێشتر هەمووی لە ڕێگای بورجەوە کۆردیناتی دەکردن، ئێستاش هەندێک لە درۆنەکانیان هەر بەو شێوەیە کار دەکەن. ئەو درۆنانەی کەوا لە ڕێگای بورجەوە کار دەکەن توانی فڕین و دوورکەوتنەوەیان زۆر نییە، بۆیە پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەست بورجەکانی بگۆڕیت. دەوڵەتی تورکیا لە پارێزگاکانی شرناخ، جۆلەمێرگ و هەندێک سەربازگەی سەربازی ئەو بورجانەی دانابوو بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنوور، بەڵام بۆ ئەوەی قووڵایی سنووری باشووری کوردستان کۆنترۆڵ بکات پێویستی بە بورجی تر هەبوو. هەر بۆیە سوودی لە بورجەکانی کۆڕەک بینی و لەو ڕێگەوە دەیتوانی چاودێری قووڵایی ناوچەکانی هەرێم بکات بورجەکانی کۆڕەک لە بادینان، بارزان، چیایی کۆڕەک و هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سنووری سلێمانیش بە هەمان شێوەی ئەو بورجە سیخوڕیانە بادینان، بورجی کۆڕەک بۆ سیخوڕی بەکار دەهێنیت. بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکانمان لەناو ئاژانسی پاراستن پێیداین، لە نێوان چیایی قەندیل و ناوچەی برادۆست سوپای تورکیا چەندین کامێرای شاراوەی داناوە چونکە شوێنی تێپەڕبوونی گەریلاکانی پەکەکەیە، ئەو کامێرایانە لەبەر دووریان لە سەربازگەکانی سنووری تورکیاوە بە سیم کارتی کۆڕەک کار دەکەن و ئەو زانیاری و وێنانەی دەگرێت لە ڕێکەی ئەو سیم کارتەوە دەیگوازێتەوە بۆ ناوەندە سەربازییەکانی سوپایی تورکیا.
هۆکاری نامەکانی کۆڕەک چییە؟
هاووڵاتییەکی سنووری شارۆچکەی ئامێدی پێش چەند ڕۆژێک لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت کاتێک دەچمە ناوچەی ئامێدییەوە لە دهۆک، پەیامێکم لە کۆڕەک تیلیکۆمەوە پێ دەگات، کە بەخێرهاتنم دەکات بۆ ناو تورکیا. شارۆچکەی ئامێدی بە دەیان کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە، ئەو کاتە هۆکاری ئەو نامانەی کۆڕەک چییە کە دەڵێت بەخێربێن بۆ تورکیا، لە سەرووەش باسمان کرد کەوا سێرڤەرەکانی کۆڕەک بە ناوەندی میت لە ئەنقەرەوە گرێدراوە بۆیە هەر کاتێک سوپای تورکیا هەر شوێنێک داگیر دە کات ئەو شوێنە لە هەموو ڕوویەکەوە بە خاکی تورکیاوە گرێ دەدات. هەر بۆیە ئێستا ئەو شوێنانەی کەوا تورکیا داگیر کردوون وەکوو بەشێکی خاکی تورکیایە، ئەم شێوازە لە سووریاش هەروایە ئەو شوێنانەی کەوا تورکیا داگیر کردوون وەکوو خاکی تورکیا دەبینرێت. هەر بۆیە هەر تۆڕێکی پەیوەندی لەو ناوچانەدا کار بکەن وەکوو ئەوەیە کەوا لەناو خاکی تورکیادا بێت.
وەکوو ئەنجام:
کۆڕەک تیلیکۆم کۆمپانیایەکی سیخوڕی بنەماڵەی بارزانییە و ئەمڕۆ لە خزمەتی دوژمنانی گەلی کورد دا کار دەکات، ئەم کۆمپانیایە دەستی لە دەیان کۆمەڵکوژی و شەهیدکردنی هاووڵاتیی و شۆڕشگێڕانی کوردستان دا هەیە. کۆمپانیایەکە کەوا چاو ساغی بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەکات و زانیاری هاووڵاتییانی باشوور دەداتە دەوڵەتی تورکیا. بۆیە وەکوو هەڵوێستێکی شەرەفمەندانە و پاراستنی کەرامەتی کەسی و گەلی کورد پێویستە ئەو تۆڕە بایکۆت و شەرمەزار بکرێت و بە کار نەهێنرێت.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟