لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

چۆن و کەی پۆشاکی ترس دەدڕێت؟!

Thursday, 07.25.2024, 01:41 PM



ترس هەست و سۆزێکی بنەڕەتی و گەردوونی مرۆڤە. رۆڵێکی هەستیار و سەرەکی لە پرسی مانەوەدا دەگێڕێت بە ئامادەکردنی جەستە بۆ هەر هەڕەشە و مەترسیەکی گەورەی چاوەڕوانکراو کە بە کاردانەوەی بەکژداچوون یان هەڵاتن ناسراوە و لە جیهانی ئاژەڵاندا بە زەقی دیارە و سەرەتای ترسی مرۆڤیش لەوێوەوە بۆی ماوەتەوە و لە مێشکدا جێگای بۆ کراوەتەوە کە شتێکی خۆڕسکی و رەمەکییە. بەڵام لەوەتەی مرۆڤ هەنگاوی ناوە بەرەو قۆناغی درککردن، ئەرلتەرناتیڤی سێیەمی بۆ هاتووتە پێشەوە، ئەویش هەنگاوی نێوان بەکژداچوون و هەڵاتنە کە بیرکردنەوەیە یان ئامرازی هەڵبژاردنی ئاگایانەی یەکێک لەو دوو ئەرلتەرناتیڤانەیە. ئیدی ترس لە دێر زەمانەوە هاو-رێبواری گەشتە بێکۆتایەکەی مرۆڤە. ترس لە نەزانراو، لە دیاردە سروشتی و گەردوونیەکان، لە دەوروبەر و .....هتد. لە گەڵ ئەوەشدا کە مرۆڤ ئامرازی بڕیاردەری یەکلاییکردنەوەی دەرفەتەکانی لەبەر دەست دایە، کەچی ترس کراوە بە کەرەستەیەکی کاریگەر بۆ دەستەمۆکردن، جڵەوکردن، کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی تاکەکان و کۆمەڵگاکان لەلایەن ئەو کەسانەوە کە شارەزای راز و تەڵسمی ئەو ئامرازە کاریگەرەن و جادۆئاسا بۆ سەرسامکردنی خەڵکەکە و فریودانیان بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان بەکار هێنراوە کە تا رۆژگاری ئەمرۆش بە شێوەی جیاجیاوە بەردەوام بەکار دەهێنێرێت.


تەنیا ناسین یان ئاشنابوون بەسەرچاوەی ترسەکە و لێ ووردنەوە لە هۆ وهۆکارەکانی و بیرکردنەوە لە رێگە و دەرفەتی خۆرزگاکردن لێی، زەمینە بۆ رەوینەوەی ئەو ترسە خۆش دەکات.


ئیدی پێویست ناکات گلەیی لە بەخت و چارەنووس و بێچارەیی خۆت، هەلومەرجی سیاسی و بارودۆخی هەرێمی و نێو دەوڵەتی، نەبوونی دەرفەت، بێمتمانەیی بە یەکتر، هەست بەلاوازی خۆت و دەوروبەر، خود کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردن بکەیت. تەنیا یەک هەنگاو بهاوێژیت، ئەوانەی لەسەرەوە باسمان لێوە کردن ئاوەژوو دەکەیتەوە و داهاتووی خۆت بە دەستی خۆت نەخشە-ڕێژ دەکەیت. ئەویش ئەوەیە کە ئامادە بیت بەرپرسیارێتی خۆت هەڵگری و بڕیاڕ بدەیت کە چارەنووسی خۆت بە دەستی خۆت دەستنیشان بکەیت. ئەو کاتە ترس دەڕەوێتەوە، دێوزمەی سەر سنگت هەڵدێت، لاوازیەکەت دەبێتە هێز، بێ ئیرادەییەکت دەبێتە هێزێکی پۆڵایینی خواست و ویست، دەرگاکان ئاواڵا دەبن، دەرفەتەکان دێنە پێشەوە، هەلومەرجی سیاسی خۆجێی و ناوخۆیی گۆڕانگارییان بە سەردا دێت. دەزانی چۆن؟ چونکە کاتێک لە ناخی خۆتدا بەهێزبوویت، لە دەرەوە رەنگ دەداتەوە، بۆیە هەموو کەس و لایەنێک حیسابت بۆ دەکەن.


ئامادەی ئەو هەنگاوە بنێیت؟ وەرچەرخانێک لە ژیانی خۆتدا وەدی بێنیت؟ قۆناغێکی نوێی مێژوو تۆمار بکەیت؟ یان بە چەرمەسەری، کوڵەمەرگی و دەردەسەری، بە پەراوێزخراوی، بە ژێردەستی وکۆیلایەتی، بەبێ شکۆمەندی، زەلیل و داماو، باڵشکەستی، ماندوو و شەکەت، سک برسی، چاو لە دەستی دەسەڵاتدارە چاوجنۆکەکان، بێویژدان و بێبەزەییەکان ژیان بەسەر بەرێت و ببیە دەسکەڵایەک یان بەردێکی شەترەنج و بە ئارەزووی خۆیان بتجووڵێنن یان دەتەوێ ببیە یاریکەرێکی سەر گۆڕەپانی خوڵقاندنی چیرۆکی سەروەری و سەربەرزی، حیکایەتی جوامێری ومەردایەتی، نمونەی ئازایەتی و ئەو بەرگەی کە بۆ تۆیان دوریوە بدڕێنی و فڕێدەیە سەر زبڵدانی مێژوو..


ترس تواناکانی مرۆڤ پەک دەخات، رووناکی ژیان تاریک دەکات، دەرفەتەکان لەبار دەبات، هیواکان دەڕەوێنێتەوە، مرۆڤ دەکاتە ئامێرێکی جووڵێنراو بە ریمۆت-کۆنترۆڵ، لە مرۆڤبوون رادەماڵێت و دەیکاتە ئامرازێکی سوودبەخش بۆ ئەوان و بێکەڵکیش بۆ خۆی.


چەندە مرۆڤ بترسێت و دوورەپەرێز بێت، ئەوەندە لە راستینەی هەبوون و شکۆمەندی و مرۆڤبوون و ژیان و داهاتووی خۆی دوور دەکەوێتەوە. نوقمبوون لە ترسدا داڵدەی مرۆڤ نادات، بەڵکو پێچەوانەکەی راستە. دەزانن بۆچی سەربڕینی مریشک زۆرئاسانە؟ چونکە ناتوانێت وەکو پێویست داکۆکی لە خۆی بکات .. ئیدی مەبە بە قۆچی قوربانی دز و جەردەکان. ئەوان لە ئاستیێکی بەرزدا ژیان دەگوزەرێنن، تۆش لە ئاستی هەرە نزمدا ژیان بەسەر دەبەیت، ژیانێکی کوڵەمەرگی.... ئەوان دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر دەبن، تۆش هەژار و هەژارتر.


سەیرەکەش لەوە دایە کە ئەوان دەتبینن و گاڵتەت پێدەکەن، تۆش بەچاوی رێزەوە سەیریان دەکەیت و سەریان بۆ دادەنوێنی! ئەوان دەتکەنە پردێک بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، تۆش بەخۆشحاڵییەوە ئەو کارەیان بۆ دەکەیت! درۆت بۆ دەکەن، بڕوایی بەدرۆ و دەلەسەکانیان دەکەیت! فریۆت دەدەن ، چەپلەیان بۆ لێدەدەیت! بەڵێن-شکێنیت لەگەڵدا دەکەن، دەیانهێنیەوە بۆسەر کورسی دەسەڵات!
نازانم دەیزانی یان خۆت گێل دەکەیت کە چۆن وایان لێکردی؟ هیوادارم کە بیزانیت، ئەگەر نا ئەوان لە تۆ زیرەکتر و لێهاتووترن کە توانیویانە وا تێتبگەیەن کە بە بێ ئەوان ناتوانیت بژیت! هەبوونت مەحاڵە و وزەکەی تۆیان سر کردووە! کەچی لەڕاستیدا خەیاڵەکت پێ دەفرۆشن و تۆش بە نرخێکی ئێجگار گران لێیان دەکڕیت! گەمژەییەکە ئا لێرە دایە؟!....



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟