هەواڵ
روونکردنەوەیەک لە کەس و کاری رۆژنامەنووس شێروان شێروانیەوە
Saturday, 10.10.2020, 05:13 PM
دوای ئەوەی ئێوارەی ٧ی ئۆکتۆبەر، هێزێکی تێکەڵاوی حزبی و حکومی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی و دوور لەهەر رێکارێکی یاسایی، میلشیا ئاسایی چەکیان خستە سەر سەری شێروان و دەستگیریان کرد، هاوسەرو مناڵەکانیان کردن بەڕەهینەو سەراپای ماڵەکەیان شێواند، تا ئێستا چارەنووسی دیار نییەو کەسمان نازانێت بۆ کوێ بردراوەو بەچ تومەتێک دەستگیرکراوە؟.
ئەزانین زیاتر لە پانزە ساڵە شێروان باجی کاری رۆژنامەنووسی و دڵسۆزی بۆ خەڵکی کوردستان دەدات، لەم پێناوەش چەندان جار زیندانی کراوە، غەرامەکراوە، ئەشکەنجەدراوە، تووشی سەدان جۆر لە هەڕەشەو سوکایەتی بووەتەوە، بەڵام هیچ کام لەجارەکانی پێشوو بەقەدەر ئەم جارەیان مەترسی راستەقینە بۆ سەر گیانی دروستنەبووە، بێ ئەوەی بچوکترین هەڵە یاخود کاری نایاسایی کردبێت.
بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو چەندان جۆر هەڕەشەی شاراوەو ئاشکرا هەبوون، کە هەر کامێکیان مەترسی راستەقینەبوون لەسەر ژیانی، هەموو ئەو هەڕەشانەش دووربوون لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی.
لە سێ هەفتەی رابردوودا جارێکیان کەسێک لە ئاسایشی شاوەیس و کەسێک لە ئاسایشی بەختیاری، بەناوی ئەوەی کە گوایە ماڵی شێروان گواستراوەتەوە، کە لەراستیدا ماڵیان هەر لەجێگای خۆیبوو، داوای زانیاری کەسی و عائیلیان دەکرد، کە سەرئەنجام وەرگرتنی زانیاری پەیوەندی بە ماڵگواستنەوەوە نەبوو، بەڵکو بڕیارێکی حزبیانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی هەبووە، ئێستاش بێ سەروشوێنیان کردووە.
لەبەرئەوە داوا لە خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و عێراقی و رێکخراوەکانی تایبەت بەکاری رۆژنامەنووسی و مافی مرۆڤ دەکەین. داوا لە هەر ئازادیخوازێکی سەرانسەری دونیا دەکەین کە بەهەموومان کار بۆ ئازادکردنی شێروانی رۆژنامەنووس بکەین و فشاربکەین کەچیتر لەدەرەوەی یاسا ژیانی ئەو و خانەوادەکەی نەخرێتە مەترسییەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس