هەواڵ
داهاتی فرۆشتنی نەوتی لە ساڵی 2019 دا چەند بووە؟
Friday, 07.24.2020, 07:24 PM
داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە رێگای بۆریەوە بۆ ساڵی 2019 ( 8 ملیارو 438 ملیۆن) دۆلاربووە، بەڵام (4 ملیارو 515 ملیۆن) دۆلاری بۆ ماوەتەوە، تێكڕای فرۆشی یەك بەرمیل نەوتی هەرێم ( 52 دۆلار و 67 سەنت) بووە لە كاتێكدا تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوتی عێراق ( 61 دۆلارو 5سەنت) بووە.
كۆمپانیای وزەی توركی بۆ یەك بەرمیل نەوتی هەرێم وەك باجی گومرگی (3) دۆلاری وەرگرتووە، لە ساڵی 2019 دا بڕی ( 494 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە، كۆمپانیا توركییەكانی ( TEC) و (TPIC) لە ساڵی 2019 بڕی ( 610 ملیۆن) دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە لە بری قەرز، كە بڕی ( 3.85) دۆلار لەهەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دراوەتەوە بە قەرزی ئەو دوو كۆمپانیایە توركیە.
نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد
1
لەساڵی 2019 دا تێكڕای فرۆشتنی یەك بەرمیلی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بریتی بووە لە 52 دۆلارو 67 سەنت، بەڵام حكومەتی عیراقی فیدراڵ یەك بەرمیل نەوتی لەهەمان ساڵدا بە زیاتر لە 8 دۆلارو سی و هەشت سەنت لە نەوتی هەرێم فرۆشتووە، واتە نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 61 دۆلارو 5 سەنت بووە، لە ئەگەری ڕێككەوتنی حكومەتەكانی هەرێم و بەغداد بەشێك لە كێشەی هەرزان فرۆشتنی نەوت چارەسەر دەبێت، ئەگەر بڕی فرۆشتنی سافی نەوتی خاوی گواستراوە بە بۆڕی بۆ كڕیاران بۆ دەرەوەی كوردستان لە ساڵی 2019 وەكو نمونە وەربگرین كە بریتی بووە لە (158،512،960) بەرمیل، بە تێكڕا ڕۆژانە بڕی 434 هەزارو 284 بەرمیل هەناردە كراوە، لە چوار كاتی جیاوازدا، لە سێ مانگی یەكەمی ساڵدا بڕی (38،587،174) بەرمیل و لە سێ مانگی دووەمدا بڕی (39،764،446) بەرمیل و لە سێ مانگی سێیەمدا بڕی (39،953،584) بەرمیل و لە سێ مانگی كۆتایی ساڵیشدا بڕی (40،210،756) بەرمیل بووە ، جیاوازی پارە بە پێوەری جیاوازی نرخی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بریتییە لە (1،327،705،000) دۆلار، ئەگەر بڕی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەو نەوتە ڕادەستی حكومەتی عیراق بكرایە جیاوازی بڕی پارەی گەڕاوە بۆ خەزێنەی حكومەت بریتی دەبوو لە (764،310،000) دۆلار لەو ساڵەدا.
2
بەغداد هاوبەشی دانەوەی قەرزەكانی هەرێم دەبێت؟
لە ئەگەری ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد بە ڕادەست كردنی 250 هەزار بەرمیلی نەوت ڕۆژانە لەلایەن هەرێمەوە بە بەغداد، ئایا بەغداد هاوبەشی هەرێم دەبێت لەو خەرجی و قەرزانەی كە لەسەر هەرێمە یاخود نا؟ ئەگەر بەشداربێت ئەوا دەبێت (%57.1) پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیلە بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دابینبكات، ئەگەر نا تەنها باجی گومرگی دەداتە توركیا لەبری گواستنەوەی نەوتەكەی بەخاكی ئەو ووڵاتەدا بۆ بەندەری جەیهان لەسەر دەریایی سپی ناوەڕاست كە بڕەكەی بۆ هەربەرمیلێك (3.117) دۆلارە بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت بۆ ساڵی 2019. لەو حاڵەتەدا ئەگەر عیراق یەك بەرمیل نەوت بە 40 دۆلار لەبازاڕدا بفرۆشێت، دەبێت (3.117) دۆلاری بۆ باجی گومرگی تەرخان بكات، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە (36.883) دۆلار، ئەوكات بەهای 250 هەزار بەرمیلەكە بریتی دەبێت لە (9،220،750) دۆلار. هەرگیز حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی بەغداد بكات و بەغداد هاوبەشی نەكات لەدانەوەی قەرزو تێچونەكان لەگەڵیدا، چونكە قەرزو تێچونەكان لە وەبەرهێنان لە كەیسی نەوت و گازی كوردستاندا زۆرن و لە ساڵی 2019دا (%57.1)ی كۆی سافی داهات بوون، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان حەوت جۆری خەرجی و قەرزی ئاماژە پێكردووە كە لەپارەی فرۆشتنی نەوت داویەتییەوە بە كۆمپانیاكان، ئەوانیش بریتین لە ( پارەدان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت لەلایەن یان لە بری حكومەتی هەرێمی كوردستان، سوود و ڕسووماتی دیكە پەیوەندیدار بە كڕیارەكانەوە، پارەدان لە بەرامبەر تاریفی كۆمپانیای وزەی توركی (TEC) ، بڕی پارەی دراو بۆ كۆمپانیای بۆریی كوردستان (KPC) بەگوێرەی ڕێككەوتنی ئیمتیازی هێڵی بۆرییەكان، پوختەی گۆرانكارییەكان لە باڵانسی ژمێركاری كڕیارەكانی نەوتدا، دانەوەی قەرزی هەریەك لە كۆمپانیای وزەی توركی (TEC) و كۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیی توركی (TPCI)، پارەدان بۆ لایەنی سێیەم كە لەلایەن یان لە بری حكومەتی هەرێمی كوردستان دراوه).
3
قازانجی كۆمپانیا توركییەكان لە نەوتی كوردستان
كۆمپانیا توركییەكان زۆرترین قازانج دەكەن لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە بۆری گواستنەوەی نەوتی كوردستان بەخاكی توركیادا تێپەردەبێت و كوردستان هیچ دەرچەیەكی تری نییە تاوەكو نەوتەكەی بگەیەنێتە دەستی كڕیارەكانی لە كەنارە ئاوییە فراوانەكان، لە ساڵانی ڕابردووداو پێش توندكردنی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران بەشێكی نەوتی هەرێمی كوردستان بەكەركوكیشەوە لەڕێگەی تانكەر بەخاكی ئێراندا دەپەرییەوەو دەگەیشتە دەستی كڕیارەكان، هەروەها چەندین جار باس لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی بۆری گواستنەوەی نەوت كراوە لە كوردستانەوە بۆ ئێران و لەوێشەوە گەیاندنی بۆ كەنارە ئاوییە فراوانەكان، بەڵام بە بونی دۆناڵد تڕەمپ بەسەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توندكردنی سزا ئابوری و بازرگانییەكان ئەم قسەیەش كۆتایی هات جگە لەوەی پڕۆژەیەكی ئاوها ڕەنگە لە ستراتیژی حكومەتی هەرێمدا نەبوبێت ، لەوەتەی كوردستانیش دەستی كردووە بە هەناردەكردنی نەوت سوریای دراوسێی كوردستان و عێراق لە قەیرانێكی گەورەی ئەمنی و شۆرش و ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبیدا بووەو كوردستان نەیتوانیوە بیر لە دروستكردنی پەیوەندی ووزە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بكاتەوە.
كۆمپانیای وزەی توركی (Turkish Energy Company) بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان وەكو باجی گومرگی بڕی (3.117) دۆلاری وەرگردووە، بڕی ئەو پارەیەی كە ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2019 وەریگردووە بریتییە لە ((494,186,315 دۆلار لەبری گواستنەوەی بڕی (158,512,960) بەرمیل نەوت، جگە لەو بڕە پارەیەی سەرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019دا بڕی (610،000،362) دۆلاری ئەمریكی تەرخانكردووە بۆ دانەوەی قەرزی هەریەك لە كۆمپانیای وزەی توركی Turkish Energy Company ((TECو كۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیی توركی Turkish Petroleum International Company (TPIC)، بڕی نزیكەی 3 دۆلارو 85 سەنت لەهەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراو دراوەتەوە بەقەرزی ئەو دوو كۆمپانیایە، واتە كۆمپانیای ووزەی توركی دوو جۆری جیاوازی پارەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگردووە یەكێكیان لەبری باجی گومرگی و ئەویتریان لە بری قەرز، ئایە ئەم قەرزانە بۆچی كراون و بڕەكەیان چەندەو تا چەند ساڵی تر تەواو دەبن؟ ئەم پرسیارانە بەشێكن لە پرسیارە وەلام نەدراوەكان لەلایەن حكومەتە لۆكاڵییەكەی كوردستانەوە، هەروەها ئەگەر سەیری ڕاپۆرتەكانی دیلۆیت بكەین بۆ وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتەكانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017 شتێك نابینرێت كە ناوی قەرزی ئەو دوو كۆمپانیایە بێت و تەنانەت باسی باجی گومرگیش نەكراوە، ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بە گۆرانكاری سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت لە نێوان ساڵانی 2017 و 2019 كە گۆڕانكارییەكی زۆر دەبینرێت لە ناوهێنانی قەرزو تێچونەكان بەناوی جیاواز لەڕاپۆرتێكەوە بۆ ڕاپۆرتێكی تری دیلۆیت لەو دوو كاتە جیاوازەدا.
4
كۆمپانیاكانی نەوت و قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها لە ساڵی 2019 دا دوو جار پارەی پێشەكی دوورخایەنی لە كۆمپانیاكانی نەوت وەرگردووە بە شێوەی قەرز یەكەمیان بڕەكەی بریتییە لە (1,121,808,000)دۆلار و دووەمیان بڕەكەی بریتییە لە (450,918,900) دۆلار، كۆی گشتی دەكاتە (1،572،726،900) دۆلار، لەڕاپۆرتی چارەكی یەكەمی ئەو ساڵەدا بۆ وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتەكانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی نێوان 1ی كانونی دووەمی 2019 تا 31 ی ئاداری 2019ئاماژە بە بڕی پارەی یەكەم كراوە كە بریتییە لە (1,121,808,000) دۆلار، لە تێبینی ژمارە حەوتی ئەو ڕاپۆرتەدا بەم شێوەیە باسی ئەو قەرزە دەكات بڕی (1,121,808,000) دۆلاری ئەمریكی وەك پارەی دراوی پێشەكی دوورخایەن وەرگیراوە بەرامبەر بە كڕینی نەوتی خاو لە داهاتوودا. ئەم قەرزانە شیاوی دانەوەن، چ بە كاش یان لە ڕێگەی قەرەبوو بەرامبەر بە پارەدانی شیاوی ڕادەستكردنی نەوتی خاو، لەبەرئەوە بە شێوەی جیاكراوە لە سافی گۆڕانكاریی لە ڕەسیدی حساباتی كڕیاری ئاماژەپێدراو لە تێبینیی ژمارە )6(دا دیاریكراوە، هەرچی تێبینی ژمارە (شەش)یشە دەڵێت (كە لە بڕی پارەی دراو پێشەكی دوورخایەن، سافی گۆڕانكاریی لە ڕەسیدی حساباتی كڕیار لەم ماوەیەدا زیادەی بڕی )45،461،314( دۆلاری ئەمریكی تۆماركردووە. كۆی ڕەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك قەرز بۆ بەرژەوەندی كڕیارەكان لە كۆتایی ماوەكەدا دەكاتە )3،732،523،486( دۆلاری ئەمریكی. داواكاری كڕیارەكان كە چاوەڕوانی ڕەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەن لەم ڕەسیدەدا شوێنی نەكراوەتەوە). هەروەها بڕی پارەی پێشەكی دووەم لە ڕاپۆرتی چارەكی سێیەمی هەمان ساڵدا ئاماژەی بۆ كراوە بڕەكەی بریتییە لە 450,918,900 دۆلار، كە لە تێبینی ژمارە حەوتی ڕاپۆرتەكەدا بۆ وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتەكانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی نێوان 1 ی تەمموزی 2019 تا 30 ی ئەیلولی 2019 بەم شێوەیە ئاماژەی بۆ كراوە ( لەم ماوەیەدا، بڕی 450,918,900 دۆلاری ئەمریكی وەك پارەی دراوی پێشەكی دوورخایەن وەرگیراوە بەرامبەر بە كڕینی نەوتی خاو لە داهاتوودا. ئەم قەرزانە شیاوی دانەوەن، چ بە كاش یان لە ڕێگەی قەرەبوو بەرامبەر بە پارەدانی شیاوی ڕادەستكردنی نەوتی خاو، لەبەرئەوە بە شێوەی جیاكراوە لە سافی گۆڕانكاریی لە ڕەسیدی حساباتی كڕیاری ئاماژەپێدراو لە تێبینیی ژمارە 6 دا دیاریكراوە) هەرچی تێبینی ژمارە (شەش)یشە بریتییە لە ( جگە لە بڕی پارەی دراو پێشەكی دوورخایەن، سافی گۆڕانكاریی لە ڕەسیدی حساباتی كڕیار لەم ماوەیەدا زیادەی بڕی 62،892،731 دۆلاری ئەمریكی تۆماركردووە. كۆی ڕەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كڕیارەكان لە كۆتایی ماوەكەدا دەكاتە 4،133،361،566 دۆلاری ئەمریكی. داواكاری كڕیارەكان كە چاوەڕوانی ڕەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەن لەم ڕەسیدەدا شوێنی ناكرێتەوە).
5
هەرزانفرۆشكردنی نەوتی كوردستان
یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان هەرزان فرۆشكردنی نەوتە، چەندین جارو لەزاری بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە باس لەوەكراوە كە نەوتی كوردستان 8 بۆ 10 دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێت، بەڵام بەبەردەوامی و لەسەرەتاكانی ڕیپۆرتەكانی دیلۆیتەوە ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە كە بە كەمتریش لەو نرخە نەوتی كوردستان فرۆشراوەو هەناردەكراوە، بۆ نمونە لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2019 نرخی نەوتی برێنت بە تێكڕا بریتی بووە لە 63 دۆلارو 17 سەنت، بەڵام نەوتی كوردستان بە (51.807) دۆلار فرۆشراوە، واتە (11.363) دۆلار كەمتر لە نرخی برێنت. لە سێ مانگی دووەمی هەمان ساڵدا نەوتی برێنت بە 68 دۆلارو 92 سەنت بووە، بەڵام نەوتی كوردستان فرۆشراوە بە (57.187) دۆلار، واتە جیاوازی نرخ بریتی بووە لە (11.737) دۆلارو بۆ هەر بەرمیلێك. لە سێ مانگی سێیەمدا نەوتی برێنت نرخەكەی دابەزیوە بۆ 61 دۆلارو 93 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك، بەڵام نەوتی كوردستان بە 12 دۆلارو 52 سەنت كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشراوە كە بریتییە لە (49.410) دۆلار. لە سێ مانگی كۆتایی ساڵیشدا جیاوازی نرخەكان لە نێوان نەوتی برێنت و نەوتی هەرێمی كوردستاندا بریتییە لە (11.117) دۆلار ئەوەی یەكەمیان بە 63 دۆلارو 41 سەنت مامەڵەی پێوە كراوە هەرچی ئەوەی دووەمیانە بە (52.293) دۆلار مامەڵەی پێوە كراوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ژمارانەوە بۆمان دەردەكەوێت كە جگە لە پێوەری كەمتر لە 10 دۆلاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت، بەتێكڕا بۆ ساڵی 2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان (6.737) دۆلاری تر كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت نەوتەكەی فرۆشتووە، واتە كۆی ئەو بڕە پارەیەی كە لەم جیاوازیەدا زیانی كردووە بریتییە لە (1،067،901،811) لە كۆی فرۆشتنی بڕی (158،512،960) بەرمیل.
تێبینی : سەرچاوەی سەرەكی زانیارییەكان ڕاپۆرتەكانی دیلۆیتن بۆ وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتەكانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
6
داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ساڵی 2019 دا چەند بووە؟
كۆی بەهای نەوتی خاو و كۆندێنسەیتی فرۆشراو (هەناردەكراو لەڕێی بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ( لە ڕاپۆرتی كۆتایی ساڵی 2019 بریتی بووە لە (8,438,601,300) دۆلاری ئەمریكی بەڵام ئەو دوو بڕە پارەیەی كە دوو جار پارەی پێشەكی دوورخایەنن لە كۆمپانیاكانی نەوت وەرگراوە بە شێوەی قەرز لەگەڵیدا ئەژمار كراوە كە بڕەكەی بریتییە لە (1،572،726،900) ، لە كاتێكدا ئەو بڕە پارەیە قەرزەو دەبێت كۆمپانیا وەریبگرێتەوە نەك فرۆشتنی نەوت (وەكو لە بەشی سێیەمدا ڕونكراوەتەوە)، بۆیە دەبێت بوترێت كۆی بەهای نەوتی خاو و كۆندێنسەیتی فرۆشراو (هەناردەكراو لەڕێی بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ( لە ساڵی 2019 بریتی بووە لە (6،865،874،400) دۆلاری ئەمریكی،بەڵام سافی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی فرۆشتنی نەوت و چالاكییە پەیوەندیدارەكاندا لەو ساڵەدا بریتییە لە (2،942،694،725) دۆلاری ئەمریكی، بەڵام لە ڕاپۆرتەكەی دیلۆیتدا بڕەكەی بریتییە لە (4,515,421,625) چونكە ئەو دوو بڕە پارەیەی كە بەقەرز وەرگیراون لە كۆمپانیاكانی نەوت ئەژمار كراون كە بڕەكەیان (1،572،726،900). لەبەر ڕۆشنایی ئەم ژمارانەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019 دا (%42.9) سافی داهاتی بۆ ماوەتەوە لەماوەی فرۆشتنی نەوت. ئەگەر ڕێژەی سەدی بە سافی داهات و چالاكییە پەیوەندیدارەكان وەربگرین ( ئەو دوو بڕە پارە پێشەكییەی كە لەكۆمپانیاكانی نەوت وەكو قەرز وەرگیراون) ئەژمار بكرێت ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە بۆ (53.51%) چونكە ڕاپۆرتەكە دەڵێت كۆی بەهای نەوتی خاو و كۆندێنسەیتی فرۆشراو (هەناردەكراو لەڕێی بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ( بریتییە لە (8,438,601,300) و سافی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی فرۆشتنی نەوت و چالاكییە پەیوەندیدارەكاندا بریتییە لە (4,515,421,625) دۆلار.
تێبینی : سەرچاوەی سەرەكی زانیارییەكان ڕاپۆرتەكانی دیلۆیتن بۆ وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتەكانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس