لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

سیستمی پارێزگاری لە "دزە پیرۆزەكان" لە هەرێمی كوردستان

Monday, 12.28.2020, 12:18 PM


سیستمی گەندەڵی كورد تەواو پارێزراوە. چونكە، بنەماڵە باڵادەستەكان، كەرەستەكانی وەك هۆز، پارتی سیاسی، دەزگای ئەمنی‌و هەواڵگری، گروپە چەكدارەكان‌و كەناڵە ئاسمانییە زۆرەكان، كە لەبری گەل‌و نیشتیمان هاوسۆزی كەسی بەسەریاندا زاڵە‌و بوونەتە بەكرێگیراو، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی بەكاردەهێنێت.

دەسەڵاتەكەی هەولێر خۆی خستۆتە گۆشەیەكی بەرتەسكەوە، كە سەرتاپای پەیوەستە بە بەرژەوەندییە داراییەكانییەوە، خوازیاریش نیە لێی دەربچێت. هاوكات، گوێی خەواندووە لە داڕمانی دارایی‌و ئابووری، دزینی سامانی گشتی‌و، ئەو گەندەڵییە بێهاوتایەی، لە هەموو دامودەزگا گشتییەكاندا هەیە. دەسەڵات كات دەكوژێت، بەوهیوایەی لەسەرچاوەیەك لە سەرچاوەكانەوە ، یاخود لە بەغدادەوە قەرزی پێبدرێت، تا بتوانێت لە بەرپرسیارێتی ڕاستەخۆی داڕمانی دۆخەكانی هەرێم خۆی ڕزگاربكات. بەڵام، دەسەڵات لەبیریكردووە، یاخود لەبیرخۆیی بردۆتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە متمانەی گەلی كوردی لەدەستداوە‌و، ئێستا كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش متمانەی پێی نەماوە.

زۆرێك لە بەرپرسانی سیستمە گەندەڵەكەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لوتكەی بنەماڵەی دەسەڵاتدار، بوونەتە ئامڕازی جێبەجێكردنی فەرمانی وڵاتە دەرەكییەكان، هەرێم-یش بەشێوەیەكی ئاشكرا دەروازەی بەڕووی دەستوەردانە دەرەكییەكاندا كراوەیە.

لەڕاستیدا، چینی سیاسەتمەدارە كوردەكان بوونەتە بارگرانییەكی لەڕادەبەدەر، بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستاش ئەستەمە، تەنها بەلابردن‌و داداگایی كردنیان‌و، گەڕاندنەوەی سامانە تاڵانكراوەكان نەبێت.

چەندین هۆكار وایان كردووە، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بۆ ماوەی سێ دەیەی یەك لەدوا یەك بەردەوام بێت، لێرەشدا بواری چوونە نێو وردەكارییمان نیە، بەڵام، تەنها ئاماژە بۆ چەند هۆكارێك لەوانە دەكەین.
بودجەی هەرێم دەدرێتە بنەماڵەی دەسەڵاتدار‌و، بەڕێكەوتن لەنێوخۆیاندا دابەشی دەكەن، بۆ خواستی كەسیش خەرج دەكرێت. بۆنمونە، هێزە چەكدارەكان، كڕینی ویژدان، یاخود دامەزراندنی كەناڵە ئاسمانییەكان، تا دەسەڵات بەشێوەیەكی جوان خۆی نمایش بكات، تاوانەكانیشی لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی ئەو درۆیانەوە پەردەپۆش بكات، كە بەڕادەی هۆشیاریی كۆمەڵگای كوردی داڕێژراون. ئەمەش، دوای ئەوەی نیشتیمانیان كردە دوو بەش، لەگەڵ دوو ئیدارە، دوو دەزگای ئەمنی‌و، پەیوەندی دەرەكی لەیەك جودا. هەر لەسەرەتاشەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەسەڵات‌و سامان، هەلە مێژووییەكانیان كردۆتە شكستی نیشتیمانی.

بەڵام، گەلی كورد، لەگەڵ گشت لایەنە نەرێنییە مەترسیدارەكانی ئەو سیستمە دەسەڵاتدارە بنەماڵەییەدا، هەر پاڵپشتی ئەو دەسەڵاتەی كردووە، تا دەسەڵات گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی چەند سوكایەتی بە گەل بكات، ئەو لێ ڕاناپەڕێت.

سەرباری ئەوەش، گەلی كورد هەرگیز شۆڕشی دژی دیكتاتۆرێكی خۆماڵی نەكردووە. ستەمكارە كوردەكانیش توانیویانە وابكەن توڕەیی گەلی كورد ڕووە‌و دەسەڵاتدارانی بەغداد ئاڕاستە بكەن‌و، ئەو گەلە ستەمی دەسەڵاتدارە كوردەكان پشتگوێبخات. ئەم لایەنەش، واتا پشتگوێخستنی ستەمی ناوخۆیی‌و تەنها بەرەنگاربوونەوەی چەوساندنەوەی دەرەكی، هۆكارێكی لاوزایی كوشندەیە لە مێژووی خەباتی گەلی كورددا. چونكە، ناكرێت بزاڤێكی شۆڕشگێڕانەی پێشكەوتنخواز بۆ ڕزگار بوون لە چەوساندنەوەی دەرەكی، لەژێردەستی سەركردەی بازرگان‌و ناكۆكدا بەرپابكرێت، كە هیچ ئەرزشێك بۆ دادپەروەری دانانێت‌و، بەهزرێكی خێڵەكی‌و دواكەوتوو كاردەكات. بۆیە، نامۆ نیە گشت بزاڤە ڕزگاری خوازەكانی كورد، لە شەستەكانی سەدەی ڕابردووەوە، سەرەڕای قوبانیدانێكی زۆر، بە كارەساتی نیشتیمانی‌و، دەوڵەمەندبوونی بێئەندازەی ئەو سەركردایەتییە پشتاوپشتە كۆتایی هاتبێت، كە ئامانجی سەرەكی خۆدەوڵەمەندكردنە‌و، خواستە نەتەوەییەكان دەقۆزێتەوە، بۆ ئەنجامدانی قێزەونترین شێوازی بەتاڵانبردنی سامانی گشتی.

گەل خۆی داوەتە دەست خواستی گەورە گەندەڵكارەكان، بەتایبەت لە وڵاتە تازەهەڵكەوتووەكاندا، یاخود ئەوانەی تازە بە سیستمی دیموكراتی ئاشنا بوون، پێدەچێت ئەمەش هۆكاری خۆی هەبێت. دەبینین سەركردە گەندەڵەكانی هەرێم پاڵپشتیی كۆمەڵگایان بەدەستهێنانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو كۆمەڵگایە ئاگاداری ساختەكاریی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كڕینی دەنگەكان، شێوازی هەڕەشەكردن‌و، تاوانەكانی كوشتنە، كە جگە لە ناوەكەی، هیچ تایبەتمەندییەكی دیكەی دیموكراتیی تێدا نیە.

میدیا لە پێكهێنانی ڕای گشتیدا ڕۆڵێكی بنەڕەتی هەیە، كاتێكیش كۆمەڵگا متمانەی بە سەرچاوەی زانیارییەكان هەبوو، ئەوا ئەوسەرچاوەیە ڕۆڵیكی گەورە لە دیاریكردنی پەرچەكرداری كۆمەڵگادا دەبینێت. دەسەڵاتەكەی هەولێر‌و پارتە بەشدارەكانیش تێیدا، خاوەنی 90%ی هۆیەكانی ڕاگەیاندنی هەرێمن. میدیای ئۆپۆزسیۆنیش دووچاری فشاری دەسەڵات‌و دەزگا ئەمنییەكان دەبێتەوە‌و، توانای داراییشی كەمە. بۆیە، دەنگی بیستراو، دەنگی بنەماڵەی دەسەڵات‌و بەكرێگیراوەكانێتی. ڕاگەیاندنە حیزبییەكان، دەیانەوێت پیرۆزی‌و شكۆیەكی هەڵخەڵەتێنەر بە سەرۆك‌و خزم‌و دارودەستەكەی بدەن، بەو ئامانجەی دۆخە ڕاستەقینەكە‌و، ئەو كارە نایاسیی‌و گەندەڵی‌و ئابڕووچوونە گەورانەی سەرانی دەسەڵات ئەنجامی دەدەن، لە جەماوە بشارێتەوە.

یەكێكی دیكە لەو هۆكارانەی پێویستە ئاماژەی بۆ بكەین ئەوەیە، ئەندامی پارتەكان هۆشیاری سیاسییان نیە‌و، كوێرانە دوای پارتەكانیان كەوتوون. چونكە، لەكوردستان، ئەندامی مەدەنی‌و سەربازیی پارتەكان، گوێی خۆیان لە گەندەڵی سەركردەكانیان خەواندووە. لەهەمان كاتیشدا، هێرشدەكەنە سەر گەندەڵی پارتەكانی دیكە‌و، بەشێوازێكی دەماگیرانەی سەرسوڕهێنەر بەرگری لە سەركردە گەندەڵەكانیان دەكەن. ناشیبینن لە داهاتوودا بە چ ڕادەیەك گەل‌و نیشتیمانیان وێران دەكەن. چونكە، لای ئەو ئەندامانە، ئینتیمای سیاسی، یا ئایدۆلۆجی، یاخود خێڵەكی، لە ئینتیمای نیشتیمانی‌و مێژوویی بەهێزترە. هەر لایەنێك لە لایەنەكان، هەڵە، تاوان‌و گەندەڵیی سەركردەكانی خۆیان نابینن. لەبەرامبەریشدا، هێرشی میدیایی‌و سیاسی دەكەنە سەر نەیارەكانیان‌و، هەڵەكانیان گەورە دەكەن. ئەمەش، خزمەت بە سیستمە گەندەڵەكە دەكات‌و، پێگە‌و دەسەڵاتەكەی پتەودەكات.

هەتا هۆشیاری سیاسی زیادبكات‌و، ڕیشەی ئینتیماكەی بگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان، ئەوا كادری حیزبیی هەڵوێستی توندتر بەرانبەر ئەو كەیسی گەندەڵییانەی پەیوەندییان بە سەركردەكانیانەوە هەیە، دەگرێتەبەر‌و، داوای لێپرسینەوە‌و شەفافییەت دەكات.

لەڕاستیدا، خەباتی نەتەوایەتی كورد، لەچاو نەتەوەكانی دیكەدا زۆر دواكەوتووە. ئەمەش بەهۆی پشتگوێخستنی ستەمی ناوخۆییەوە، كە لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی‌و سیاسەتمەدارە بەكرێگیراوەكانیدا خۆی دەبینێتەوە. هەر ئەمەش لە ڕابردوویەكی نزیكەوە بۆ ئێستا، گرنگترین هۆكاری كارەسات‌و دواكەوتنی گەلی كوردە. جا ئایا ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا سەرانسەری سیستمە گەندەڵەكە ڕادەماڵێت، تا بتوانێت ڕووبەڕووی یەخەگیرییە گەورەكان ببێتەوە‌و، چارەسەری واقیعیی بۆ كێشە كەڵەكەبووەكانی بدۆزێتەوە‌و، ئازادی، كەرامەت‌و، سامانە بەتاڵانبراوەكەی بگەڕێنێتەوە؟

وەرگێڕانی: حسێن ئەحمەد حسێن

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟