لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

سەربەخۆیی دارایی و دابەشبوونی جوگرافی کێڵگەکانی نەوت وگازی هەرێم

Monday, 01.11.2021, 07:09 PM


لێڕەو لەوێ و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەنگۆی جیاکردنەوەی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی تری هەرێم سەر هەڵدەدات، جیاکردنەوەی ناوچەی سلێمانی و گەرمایان و هەڵەبجە  لە ناوچەی هەولێر ودهۆک .  ڕاشکاوانەتر جیاکردنەوەی زۆنی سەوز و نیلی لە زۆنی زەرد.  بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەم ناوچەیە داهاتی زۆرە و خەڵکەکەی لێی بێبەشە، یان داهاتی ئەم دەڤەرە بۆ هەولێر دەچێت. من لێرەدا ناچمە ناو هۆکارە سیاسیەکانی پشت ئەم مەسەلە و باسی گەندەڵی هەردوو ناوچەکەش ناکەم کە لە ئاستێکی مەترسیداردایە، کۆمپانیاکانی حیزب پنتێکی ئەم  وڵاتە نەماوە قۆرخی نەکەن، هەر لە لوتکەی چیاکانەوە بگرە تا سەر قەبران و بۆ ژێر قەبرانیش  شۆڕبووەتەوە.
بەڵکو دەمەوێت ئەو واقیعەی لە دابەش بوونی سەروەتی سروشتی هەرێم هەیە بیخەمە بەرچاوی ئەوبەڕێزانەی کە داوای یاخود هەوڵی سەربەخۆیی مالی بۆ ناوچەی سلێمانی و چواردەوری دەکەن،بەبێ ئەوەی بچمە ناو مەعمەعای دروستی و نادروستی هەوڵەکەوە. چوونکە یەکێک لە بیانووە زەقەکان ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و سامانەکەی بۆ خزمەتی ناوچەکە و خەڵکەکەی بەکار نایەت.
هەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئێراقەوە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان واڵاکرا لەبەردەم کۆمپانیا بچوک و مام ناواندو هەندێک جار گەورەی نەوتی و گازی تاوەکو گەڕان و پشکنینی تێدا بکەن و بەدوای ئەو سامانە سروشتییەدا دەگەڕان   و دەگەڕێن، بەو هیوایەی ببێتە هۆی بوژاندنەوەی ئابوری و وەکو چەکێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم بتوانرێت مامەڵەی پێوە بکرێت و بژێوی دانیشتوانی ئەم جوگرافیا بچکوکە بگەشێتەوە.. هەندێ لەو کۆمپانیایانە سەرکەوتوبوون و هەندێکی تریش دەستیان لەبنی هەمانەکەوە دەرچوو (نەوت یان گازی پێویستیان نەدۆزییەوە و هەرێمیان جێ هێشت).  ئێستا دوای نزیکەی ١٥ ساڵ لە دەستپێکردنی  ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی چڕ و پڕ  بزانین بەکوێ گەشتووە و واقعی  دابەشبوونی  جوگرافی ئەو سامانە سروشتییە چۆنە لەئێستادا.
کێڵگەکان دابەش دەکەین بەسەر سێ  جۆردا  دوانیان  نەوت (ئەوانەی لە بەرهەمدان و ئەوانەی لەقۆناغی پێش بەرهەمدان)، سێهەمیان کێڵگەکانی گاز لە گەڵ پێگەی جوگرافی و ڕێژەی بەرهەمی هەر ناوچەیەک .
یەکەم: کێڵگە نەوتیەکانی کە لەبەرهەمدان.   
  لە هەرێمدا تائێستا تەنها نۆ(٩) بلۆکی نەوتی لە قۆناغی بەرهەمهێناندان. هەشت( ٨) لەم بلۆکانە  دەکەونە پارێزگای هەلێرەوە کە بە هەمویان رێژەی  ٧,٩٢%  هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دەهێنن. دوو لەو  کێڵگانە  (تاوکی و تەق تەق) لەقۆناغەکانی پێشوتردا حکومەتی ئێراق چەندین بیری لێداوە تیایداو نەوتی تیا دۆزراوەتەوە دەتوانین بڵێین تا رادەیەکی باش زانیاری هەبووە لەسەر کێڵگەکە و حەشارگە نەوتییەکانی. کێڵگەی خورمەڵەش کێڵگەیەکی بەرهەم هێن بووە سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکور بووە لە ساڵی ٢٠١٤ وە حکومەتی هەرێم خستیە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. تەنها ئەم سێ کێڵگەیە بەرهەمیان دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
تەنهایەک کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوت لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان تا ئێستا هەیە ئەویش  بریتییە لە (کێڵگەی گەرمیان) کە بەرهەمی ڕۆژانەی بە پێی دوا ئامارەکان بریتییە لە ٢٤ هەزار بەرمیل نەوت.
هەرچەندە کێڵگەی تەقتەق لەڕووی ئیدارییەوە کەوتووەتە سەر پارێزگای هەولێر بەڵام لێرەدا لەسەر ناوچەی سلێمانی حسابی دەکەین و  لە کۆتایی ٢٠٢٠ دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بریتی بووە لە ٨ هەزار و ٥٨٠ بەرمیل نەوت ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٥ یەکێک بووە لە کێڵگە گەورەکانی هەرێم و ئەوکات بەرهەمی رۆژانەی  ١٢٨ هەزار بەرمیل زیاتر بوو، بەڵام چەند ساڵە بەرهەمی بەوشێوە زۆرە کەمی کردووە. ئەم دوو کێڵگەیەی ناوچەی کۆیە و گەرمیان تێکڕا ڕێژەی  ٣,٧% ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنن.
بە لیوردبوونەوەیەکی ئەوخشتەیە زۆر بەڕونی ناوچەی چوگرافی و بڕی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکان وپشکی کۆمپانیاکان لە نەوتی هەرێم وڵاتی خاوەن کۆمپانیاکان جیاکراوەتەوە. ئەوەی جێی تێبینییە لەناو ١٤ کۆمپانیا کە پشکیان هەیە لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێم و بەرهەمیان هەیە زۆرترین پشک  بەر کۆمپانیای کار و  دی ئێن ئۆی نەرویچی دەکەوێت بەو  دوو کۆمپانیایە  نزیکەی ٥٧٪ی  بەرهەم  پێک دەهێنن، بەڵام بە دوو کۆمپانیای ئەمریکی    (ئێچ کەی ئێن و شێڤرۆن)    تەنها رێژەی  ٩٩,٣% بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنن.
دووەم: ئەو ناوچەو کێڵگانەی لە قۆناغی گەڕن و پشکنیندان:
هەر دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن  لە هەرێم وەبەرهێنان دەکەن بەڵام هێشتا لە قۆناغی گەڕان و پشکنیندان. لەساڵی ٢٠١٥ دا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کشانەوەی لە سێ کێڵگە ڕاگەیاند لەکۆی ٦ کێڵگە، بریتی بوون لە ( بەعشیقە، ئالگوش،پیرمام ، بێتواتە، قەرە هەنجیر وە ڕۆژهەڵاتی عەربەت) ئەو سێ کێڵگەیەی کە کشایەوە و نەوتی بازرگانی تیا نەدۆزییەوە هەرسێکیان لە پارێزگای سلێمانی بوو( بێتواتە، قەرە هەنجیر، رۆژهەڵاتی عەربەت).لە کۆتایی  ساڵی ٢٠١٦دا ڕاپۆرتێکی شیکاریم لەسەری نوسی و ئەوپارانەی کە ئێکسۆن و کۆمپانیای ئی تی سی تورکی لەو کێڵگانەدا خەرجیان کردووە باس کردووە. لینکی بەشێک لە شیکارییەکە:
http://www.shanpress.com/details.aspx?jimare=8959
لەبەعشیقە ئێکسۆن بەردەوامە لەگەڵ گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆدا. زانیاری نوێ  لەسەر پیرمام و ئالگوش بەردەست نییە.
کۆمپانیایی شیڤرۆن لە کێڵگەی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی  لەگەڵ گەنێڵ ئەنێرجی لە قۆناغی گەڕان و پشکنینە.
کۆمپانیای رۆزنەفتی روسیش لە ساڵی ٢٠١٧ دا گرێبەستی لە پێنج بلۆکی نەوتی لەگەڵ گەرێم هەیە ،هەر پێنج بلۆکەکە لە ناوچەی هەولێر و دهۆکە.
لەماوەی ٢٠٠٧ تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ گرێبەستی نەوتی کراوە ،  بەپێێ نەخشەی حکومەت هەموو کوردستان دابەشکراوە  بۆ بلۆکی نەوتی.، بەڵام  لەهەموو ناوچەکانی کوردستان لە زاخۆ تا خانەقین لەبواری نەوتدا ئامانە ئەوانەن کە ئێستا چالاکن. زۆرێک لە کێڵگەکانی تر یا ڕادەستی هەرێم کراونەتەوە  یان کاری گەڕان و پشکنین و پەرەپێدان تیایاندا زۆر سستە.
سێهەم: سەکتەری گاز:
لەسەکتەری گازدا چەند ناوچە و کێڵگەیەکی دیاری کراو هەیە، بە سەیرکردنێکی خێرای ئەو خشتەیەی بۆ کێڵگە گازییەکانمان کردووە دەردەکەوێت تەنها ٤ کێلگەی گاز ئێستا لەهەرێم هەیە کە یەکێکیان کۆرمۆر - چەمچەماڵ لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە بەرهەم هێندانایە و خورمەڵە کێڵگەی نەوت و گازە  زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمی ڕانەگەیەنراوە و سوتەمەنی بۆ ویستگەی کارەبا دابین دەکات، دوانەکەی تریش  هێشتا لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و پەرەپێداندایە.
کۆمپانیای پێرێڵ لە چەمچەماڵ کە پێکدێت لە پێنج کۆمپانیا وەبەرهێنان دەکات لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر- چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی . گرێبەستی پیتێڵ ( ناسراو بە داناگاز، دانا گاز بەشێکە لە پێرێڵ) یەکێکەلە خراپترین گرێبەستەکانی هەرێم و تەنها بڕێکی گاز تا ٦٥٠ ملیۆن پێ سێجا دابین دەکرێت و بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ ویستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر زیادەی ئەو گازەی بەرهەم دێت کۆمپانیا خۆی دەی فرۆشێت لەگەڵ کۆندێنسینت و ئێڵ پی جی یان گازی ماڵان ئەوەش موڵکی کۆمپانیا وەبەرهێنەکەیە.( ئەمە جگە لەوەی هەرێـم ٢ ملیار و٢٣٩ ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو لە٢٠١٧ دا داوە بە پۆمپانیاکە و ماوەی گرێبەستەکەش تا ساڵی ٢٠٤٩ درێژکراوەتەوە و ناوچەی گرێبەستەکە فراوان کراوە).
کێڵگەی میران لە ناوچەی بازیانە لەسلێمانی بنەباوێ لە هەولێرە دوو کێڵگەی  گازین و گەنێڵ ئەنێرجی پەرەپێدانی تیادا دەکات و بڕیارە گرێبەستێکی جیا لەگەڵ هەرێم بکات بۆ جیاکردنەوەی گرێبەستی نەوت لە گاز و سەبارەت بە گرێبەستی فرۆشتنیش زیاد لەساڵێکە لەگەڵ هەرێم نەگەشتوون بەڕێکەوتن.  
ئەوە واقیعی کەرتی نەوت و گازی هەرێمە چ کێڵگە بەرهەم هێنەکان وە چ ئەوانەشی  هێشتا لە پەرەپێدانداندان و نەکەوتونەتە بەرهەم.  مرۆڤ هەرکارێکی بازرگانی دەکات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستە جەدوای ئابوری بۆبکات تاوەکو بەرچاو ڕونبێت لەو هەنگاوانەی دەینێت. گەرئەمە بە بزنسیش سەیربکرێت( کە بەڕای من نابێت بەوشێوە سەیر بکرێت) ئەوا دەبێت حساباتی ووردی بۆ بکرێت، گەرنا وەکو هەربزنسێک مایەپوچی چاوەڕێی دەکات.
لەبری ئەوەی هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دارایی دەدرێت هەوڵ بدرێت سەربەخۆیی کارگێڕی بچەسپێنرێت و دەستەڵاتە کارگێڕییەکان شۆڕبکرێتەوە بۆ پارێزگاو قەزاو ناحییەکان پێ دەچێت سودی زیاتربێت بۆ هاووڵاتی لە سەربەخۆیی دارایی.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟