هەواڵ
کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان داوای بەتەنگەوە هاتنی زیندانیان لە دەزگا و ڕێکخراوە بیانی و ئێراقیەکان دەکات
Saturday, 01.30.2021, 06:37 PM
کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان، دەربارەی مەترسییەکان لەسەر ژیان و دۆخی دەستگیرکراوانی بادینان و هەولێر، نامەیەک ئاراستەی دادگا و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، یوئێن، وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا و باڵیۆزخانەی وڵآتان و ڕەوەندی کوردی و خەڵک دەکات و داوای بەهاناوە چوون دەکات
دەقی نامەکە:
کەسوکارو هاوڕێیانمان لە بادینان و هەولێر ئازاد بکەن
بەڕێزان …
– سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق
– دادگای فیدراڵی عێراقی
– وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا
– وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا
– سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان
– بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
– ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان
– نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە عێراق
– سەرجەم باڵیۆزخانەی وڵاتان، لە بەغداد
– سەرجەم کونسوڵخانەی وڵاتان، لە هەولێر
چەندین مانگە دەسەڵاتە خۆسەپێن و تاوانکارەکەی هەرێم، زیاتر لە ٧٥ مامۆستا و چالاکوانی بادینان و هەولێری ڕفاندوە و لە زیندانەکان بەندیکردوون و مەترسی گەورە لەسەر ژیانی لانی کەم ٢٦ کەسییان دروستبووە، دەسەڵات دەیەوێت بە کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕاست و هەڵبەستراو کەیسەکانییان بگۆڕێ، تاوەکو بە یاسای کۆنی سزادانی عێراقی و یاسای ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر دادگاییان بکات، لە دۆخێکی وادا سزاکانییان دەگاتە ٥ تا ٢٠ ساڵ زیندانی، ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ئەو دەستگیرکراوانە ژمارەیەک هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنین و داوای مووچە و دادپەروەریی و چاکسازی دەکەن و هیچ کاریکی نایاساییان ئەنجام نەداوە.
ئێوە دەزانن حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت و بڕێکی زۆر گازی سروشتی دەفرۆشێت، هەروەها داهاتی شەش دەروازەی نێودەوڵەتی و داهاتی ناوخۆ و چەندینجار ٣٢٠ ملیار دینار لە عێراق و هاوکاری هاوپەیمانان وەرگیراوە، بەڵام بە دوو مانگ جارێک بە لێبڕینی ٢١%وە مووچە دابەشدەکات و زۆرینەی داهاتی هەرێم بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و کۆمپانیا حیزبی و کەسییەکانییان دەڕوات.
لەبەرامبەردا هەر کەسێک خۆپیشاندان بکات، یان بە نیازی خۆپیشاندان بێت، لە لایەن هێزە ئەمنی و چەکدارە حیزبییەکانەوە بە دڕندانەترین شێوە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی پارتی دیموکراتی کوردستان (هەولێر و دهۆک) ڕوبەڕوی لێدان و گرتن دەبێتەوە، بە هەمان شێوە لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا (سلێمانی و هەڵەبجە)، لە چەند مانگی ڕابردودا ٧ خۆپیشاندەریان شەهیدکرد.
مەخابن لەبەرامبەر ئەم هەموو تاوانانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی پێداگرانە نییە و تا ئەم ساتەش نەتانتوانیوە سنورێک بۆ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەم هەرێمەدا دابنێن، سەرانی هەرێمیش ئەم بێ دەنگییەیان قۆستوەتەوە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان و واهەست ئەکەن لەسەرووی یاساو لێپرسینەوەوەن.
لە تازەترین نامەشدا کە لە ٢٩ی ١ی ٢٠٢١ کەسوکاری زیندانییەکان ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤییان کردوە، بە ڕاشکاوی مەترسی خۆیان لەوە دەخەنە ڕوو کە ئەم دەسەڵاتدارانە، لە ڕێگەی دادگا بە حیزبیکراوەکانەوە باوک و کوڕو براکانییان بە تۆمەتی ناڕاستی قورس، ڕوبەڕوی حوکمدان بکرێنەوە.
لەم سۆنگەیەوە، داواکارین بەپەلە لێکۆڵینەوە لەژیانی ڕفێندراو و دەستگیرکراوەکانی ناو زیندانەکانی هەردو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن و فشاریش بکەن بۆ ئازادکردنیان و لە بەرامبەردا بەرپرسانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی دادگا بکەنەوە، بۆ ئەمە چاوەڕێی هەوڵ و هیمەتتانین.
پەیامێکی تریشمان بۆ دامەزراوە فیدراڵیەکانی عێراق و ڕەوەندی کوردی و خەڵکی کوردستانە:
سەرەتا داوا لە نوێنەرانی کوردو کوتلەکانی تری ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین کار بکەن بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت، بۆ ئەوەی لەوێوە فەرمانی دەستگیرکردن و داگاییکردن بۆ ئەو بەرپرسانەی هەرێم و شارەکانی دیکەی عێراقیش دەربکرێت، کە بە ئارەزوی خۆیان خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و هاوڵاتییان ڕووبەڕووی گرتن و لێدان و پاکتاوی جەستەیی دەکەنەوە.
هاوکات داوا لە ڕەوەندی کوردی ئەکەین، لە سەرجەم وڵاتان، دژی دەسەڵاتدارە خۆسەپێن و تاوانکارەکانی هەرێم بڕۆنە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان و لە دادگاکانیش سکاڵا لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم تۆماربکەن، کە تۆمەتبارن بە دەستگیرکردن و شەهیدکردنی هاوڵاتییان.
لەم ڕوەوە دەتوانن کاری گەورەو کاریگەر بکەن و بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆیی ئێوەیە، دونیای دەرەوە لە ترسناکی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ئاگادار بکەنەوە.
دوا پەیاممان بۆ هاونیشتیمانیانی کوردستانە، بەڕێزان، ئەم دەسەڵاتە بێ دەربەستە مەترسیدارەی هەرێم سودیان لە بێدەنگی ئێوە وەرگرتووە، با خۆمان بخەینە شوێنی منداڵ و خێزان و کەسوکاری زیندانییانی بادینان و هەولێر، با خۆمان بخەینە شوێنی کەسوکاری شەهیدەکان، ئایا چ ئازارو چ هەست و چ ژینێکمان دەبێ؟ ئایا تاکەی ئێمە لە ئاست ستەمی ئەم دەسەڵاتەدا نەبینە هاوئازارو هاوخەم و هاوخەباتی یەکتر؟ تا کەی سەرکزی و بێ دەنگی هەڵبژێرین؟ دڵنیابن بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، ئایندەیەکی مەترسیدار چاوەڕێی هەموومان دەکات.
کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان
۳۰ ــ ۱ ــ ۲۰۲۱
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی لەیەکچوو
گۆران هەلەبجەیی: پارتی بەعسیە تاوانبارەکان داڵدە دەدات بە نموونەی "سعدون صبری"
گۆران هەلەبجەیی: ئایا بواری ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ماوە؟
ئەیهان سەعید: کێ پێویستی بە پیشەییبوون و ئامۆژگاری یە ؟ وەڵامێک بۆ سەرۆکی حکومەت
دلێر ئاکرەیی: دوا هەواڵ سەبارەت بە سكاڵای بەرزکراو دژ بە بەرپرسانی هەرێم
زانکۆ ناصر احمد بگ: ڕیستۆرانت و قاوەخانە ٣ ملیۆن دۆلاریەکەی (( شاسوار عبدالواحید ))لە کالیفۆرنیا
بابەتی تر
تەقە کەوتە نێو بنەمالەی بارزانیەوە
بنەماڵەی شەهاب ئەنۆشە بەدوای بێسەروشوێنکردنی کوڕەکەیان وێڵن!
عەلی مەحمود موحەمەد: لە یادی 43 ساڵەی گیانبەختكردنی رابەری رەنجدەرانی كوردستان كاكە ئارامی نەمردا
قارەمان شوکری ڕۆژنامەنووس لەلایەن هیزە دەمامکدارە تێرۆریست ڕەفتارەکانی پارتیەوە دەسگیرکرا
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی: دوا بڵاوکراوەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی(٢٠/١/٢٠٢١-٢٥/١/٢٠٢١)
ئارێز عەبدوڵا: پارتی هێزی بردووە بۆ گەمارۆدانی پەکەکە و هاوکارییکردنی تورکیا
بکوژی خۆپێشاندەرێک ئامافدە نیە خۆی ڕادەستی دادگای مەدەنی بکات
تەڤدا پرێس: مەرجەکانی هاوپەیمانی بۆ دابەشکردنی موچەی پێشمەرگە
قادر نادر: ئەو سێ جەلادەی پارتی کە دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەر زیندانە سیاسییەکان
تەڤدا پرێس: حکومەت پارەی سندوقی ژینگەی بۆ مەبەستی تر بەکارهێناوە