لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئایا مرۆڤ كائینێكی ئەخلاقی سیاسییە؟!

Tuesday, 03.02.2021, 04:11 PM



سیاسەت و ئەخلاق یەکێکە لەو پرس و بابەتانەی کە لە مێژووی فکر و فەلسەفەی سياسيدا پانتاییەکی فراوانی داگيرکردووە ، بەشێک لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان پێکەوە گرێداوە  بەشێکی تریش لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان لێکجیاکردووەتەوە ،ئەرستۆ تاليس دەڵێت: مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی سياسيە. کەواتە سياسەت دياردەیەکی مرۆییە و مرۆڤ ناتوانێت سياسەت نەکات ،سیاسەت بووەتە پێویستی ژیان بۆ ئینسانەکان و کۆمەڵگا ، لەبەرامبەردا  فەيلەسوفی ئەڵمانی ئيمانويل کانت پێی وایە کە مرۆڤ کائينێکی ئەخلاقيە. دیارە مەبەستی کانت لە تێزەکەیدا ئەوەیە کە مرۆڤ کائينێکی ئازادە و دەتوانێت لە نێوان کاری باش و کاری خەراپ، یەکێکيان بە ئيرادەی خۆی هەڵبژێرێت ، کەواتە مرۆڤ کائینێکی ئازادەو یەکێک لە مەرجەکانی ئەخلاق بريتييە لە ئيرادەی ئازاد، ئێستا ئەتوانین بڵێین لە مرۆڤدا سیاسەت و ئەخلاق وجودیان هەیە و لە پەیوەندی دەرەوەی خۆی و ناوەوەی خۆیدایە .

ئەوەی پێویستە بپرسین ئەوەیە ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟!  زانستی سیاسەت هاوشێوەی زانستە مرۆییەکانی تر پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆ سیاسەت نییە ، چونکە سیاسەت لەکات و لە شوێن و لە قۆناغێکەوە بۆ کاتێک و شوێنێک و قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەردادێت ، بەڵام سیاسەت و زانستی سیاسەت دوو بابەتی جیاوازن و لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا جیاوازی هەیە ، سياسەت پراکتيکە و زانستی سياسەتیش تيۆرە، سیاسەت لە واقیع دا مومارەسە دەکرێت بەڵام زانستی سياسەت هەوڵدانە بۆ تەفسير و تێگەيشتن لەو  دياردەیە،یەکێک لە پێناسەکانی زانستی سیاسەت بۆ سیاسەت بریتی یە لە (هونەری بەڕێوەبردن ) لێرەدا  سياسەت دەبەسترێتەوە بە بوونی دەزگاکانی دەوڵەت و دەستور و سەروەری یاسا کۆمەڵێک ئۆرگانی دەوڵەتی .

با بێینەوە سەروەڵامدانەوەی پرسیارەکەمان ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟! ئەفلاتون و ئەرستۆ ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین، بەڵام لەڕوانگەی میکیاڤێلییەوە ئەخلاق و سیاست هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکەوە نییە،تێزی میکیاڤێلی بۆسیاسەت و ئەخلاق ئەوەیە كە هیچ شتێ سیاسەتمەدار پابەند ناکات بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و مانەوە پەنا بۆ هەموو تەکنیکێکی فێڵ و تەنانەت درۆش دەبردرێت . ئیمانوێڵ کانت لەبارەی ئەخلاق و سیاسەت دەڵێت: ئەوەی بۆ خۆت بەرەوای دەبینی بۆ خەڵکیش بەرەوای ببینە.  کانت پێی وایە مرۆڤی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت.

چەمکی ئەخلاقیش لە کۆمەڵێک بەها و چاکە یان کۆمەڵێک یاساو ڕێنمایی کە ڕەفتاری مرۆڤ ڕێکدەخەن ،چەمک و فەلسەفەی ئەخلاقیش وەکو سیاسەت لە کۆمەڵگایەک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت ،ئیمانوێڵ کانت پێی وایە کە بەها ئەخلاقی و یاسا ئەخلاقيەکان کۆمەڵێک یاسای بابەتی و رەها و گشتين، لە هەموو سەردەم و لە هەموو شوێنێک بەها ئەخلاقيەکان ئامادەگی هەیە ولە ناو ناچن ، کەواتە مادام ئەخلاق دەبەسترێتەوە بە بەهاکان و بەهاکانیش لە لقە فەلسەفییەکاندا بەتایبەت ئاکسیۆلۆژیا فەلسەفەی ئەخلاقی تێدا ڕوون کراوەتەوە ، لای ئەرستۆ بەختەوەری بريتييە لە چاکەی باڵا و بەختەوەریش دەبەستێتەوە بە حیکمەت و حیکمەتیش باڵاترین فەزیلەتە ، واتە دۆخێکی عەقلانی و فەلسەفيە ، هەموو ئەم تیۆرانە کە پێشتر باسمان کرد قسە و باسێکی زیاتری دەوێت،بەڵام لێرەدا تەنها کورتەیەکمان لەبارەیانەوە باس کرد تا بەرچاو ڕوونیەکمان هەبێت لە بارەی سیاسەت و ئەخلاق ، ئەگەر نا ئەم بابەتە و ئەو چەمک و تێزانەی دەکەونە ناو ئەم تیۆرانەوە بمانەوێت هەقی خۆیانی بدەينێ پێويستی بە نووسين و کتێبی تايبەت هەیە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟