وتار
نەبەزگۆران- ترسان لە پیشاندانی ماڵەكەی خۆت
Saturday, 03.13.2021, 10:53 AM
نەبەز گۆران
((بەردێك بخە لای چەپی سینەت و وەك پڵنگێك لەبەردەم دونیادا بوەستەوە و بە غرورەوە بڵێ: من كوردم.))*
لەوانەیە لەم وتارەدا كارم بە دەقێكی _شاملو_ هەبێت، بەرلەوەی باسی دەقەكەی بكەم، باس لە نەخشەی سەر (پول)ەكە دەكەم. ئەو نەخشەیە ماڵی كوردە، پیشاندانی نەخشەكە دەبێتە هۆی شێواندنی دیوە بیمارەكەی فاشیزمی _توركی و ئێرانی ..هتد_ ئەو دیوەی هەر بە پیشاندانی بوونی كورد و ماڵەكەی ئیدی پەرچەكردار لەگەڵ خۆی دەهێنێت. (خوێنەری بەڕێز: ئەو نەخشەیە لەسەر و خوارەوە كورت كراوەتەوە، نەخشە ڕاستەقینەكە نییە، چونكە نەخشە ڕاستەقینەكە لە هەردوو لاوە دەچێتەوە سەر ئاو، كۆتایی سنوورەكانی دەبەسترێتەوە بە دەریاكانەوە.) ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە ڕوونكردنەوە لاوازەكەی حوكومەتی هەرێمە، ئەم ڕوونكردنەوە لاوازە نوێنەرایەتی ڕۆحە داڕزیوو تێكشكاوەكەی ناو كۆمەڵگەی كوردی دەكات، ئەو ڕۆحەی هەمیشە لە بەردەم ئەویتری بێگانەدا چۆك دادەدات و بۆ ناوخۆی خۆشی دەبێتە پاڵەوان. هیچ كات ئەو ڕۆحە لەناو قۆناغە مێژووییەكاندا نوێنەرایەتی كوردی نەكردوە، بەڵكو نوێنەرایەتی كەسایەتییە تێكشكا و لاوازەكەی خۆی دەكات، هێندە لاوازە تەنانەت جەسارەتی ئەوەی نییە ناو ماڵەكەی خۆی و نەخشەی ماڵەكەی خۆی پیشان بدات و بەرگری لێبكات لەبەردەم هەڕەشەی ئەویتری بێگانەدا. لێرەدا بۆ تێگەیشتن لەو ڕوونكردنەوە لاوازەی حوكومەت و سازشەكەی لەبەردەم _تورك و ئێران_ییەكاندا، لەوانەیە عەرەبە فاشسیتەكانیشی بێتە سەر. نیگامان دەچینە سەر كارەكتەرێكی ناو ڕۆمانی (داگیركردنی تاریكی_بەختیار عەلی)(1) ” لەناو ڕۆمانەكەدا پڵنگێكی كەنەفتی تێدایە، پڵنگێكی ماندوو شەكەت و لاواز، كە هێمایە بۆ قۆناغێكی كورد، هێمایە بۆ ئەم جۆرە مۆدێلەی دەسەڵاتی هەرێم، كە لەبەردەم بێگانەدا لاوازە و تێكشكاوە و وزەی بەرگری تێدا نەماوە، بۆیە زۆر بە ئاسانی لە لایەن توركە فاشیستەكانەوە بە تۆڕ دەگیرێت و دەیكەنە دەسكەوتێك بۆ پیشاندانی وزە و هێزی تورك بوونیان. بەناو شوێنەكاندا دەیگەڕێنن تا وەك هێمایەكی تێكشكانی كورد پیشانی بدەن، بەڵام نەوەكانی پڵنگەكە لە وێستگەیەكی دیكەی مێژووییدا لە شاخەكانەوە دەست دەكەنەوە بە بەرگریكردن و هەر ئەو توركە فاشیستەی شانازی بە گرتنی پڵنگە كەنەفتەكەی رابردووەوە دەكات لە لایەن نەوەی پڵنگەكەوە پارچە پارچە دەكرێت و ئاماژە بۆ سەرهەڵدانێكی نوێ و بەرگریكردنێكی نوێی شوناسی كورد دەست پێدەكاتەوە.(دیمەنی پارچەپارچەكردنەكەی توركە فاشیستەكە زۆر ڕۆمانسییە)” بێگومان مەرج نییە ئەم پڵنگە لاوزەی لە بەر پولێك ڕوونكرنەوە دەدات، نوێنەرایەتی ئیرادەی كورد بكات، چونكە كورد بوون چەندە پەیوەندی بە هوشیارییەوە هەیە، هێندەش پەیوەندی بە بەرگریكردن و ئیرادە و ئازادی و ڕاوەستان هەیە لەبەردەم ئەویتری بێگانەدا.
ئەوەی جێگەی باسە بۆ منێكی كورد، خودی نەخشەكەیە نەك (كەلەسەری پاپا) نەخشەكە ماڵی منە، جوگرافیای منە، گەرچی جوگرافیاكە تەسك كراوەتەوە بەڵام فاشیزم هیچ كات ناتوانێت ماڵەكە قبوڵ بكات و وەك بێگانەیەك خۆی بەخاوەنی دەزانێت، چەند سەدەیەك پێش زایەنی (ستراڤۆنی یۆنانی) لە كتێبەكەیدا_جوگرافیا_ نەخشەیەكی پوختی دەسەڵاتی كوردە مادەكان پیشاندەدات (2) پاشان (دیاكۆنۆڤ) لە كتێبەكەیدا _مێژووی میدیا_(3) بە وردی لێكۆڵینەوە لەسەر نەخشە دێریینەكە دەكات و بە تەواوی سنوورەكانی دیاریدەكات و پێمان دەڵێن: ئەوە ماڵی ئێوەی كوردە سنوورەكەی بزانن. لەسەر بەرگری و مانەوەش لەو نەخشەیەدا، پێش زایەنی (گزنەفۆن) لە كتێبی (ئاناباس) (4) ” باس لە ئازایەتی و بڕوا بەخۆبوونی كوردەكان دەكات، چۆن رێگرییان لە دەهەزار سەربازی یۆنانی گرتووە و پەرێشانیان كردوون.” بێگومان ئەو مرۆڤەی لەناو كتێبەكانی ئەم نووسەرە دێرینانەدا هەیە، ئەو مرۆڤە تێكشاو زهن داگیركراوەی ئێستا نییە لەبەردەم بێگانەدا لاوازە و بۆ ناوخۆی خۆی بەهێزە. نامەوێت بە وردی لە سێ هەزار ساڵەوە تا سەردەمی میرنشینەكان و پاشان بۆ ئێستا بەناو ئەو داڵانە مێژووییەدا بگەڕێم، تا دیوە راستەقینەكەی مرۆڤی كورد و ماڵەكەی پیشان بدەم، ئەوە باسێكی وردە و دەكرێت بە كتێب لەسەری بدوێین.
بەڵام لەوە تێدەگەین كە بۆ نزیكەی سی ساڵە پرسیار لەم حوكومڕانییەی باشوور دەكەین، ئەو مرۆڤەی دروستی دەكەن چ جۆرە مرۆڤێكە؟ مرۆڤێكی زهن داگیركراو؟ مرۆڤێكی بە ئیرادە و بەهێز بۆ دەرەوەی خۆی و، هێمن و یەكتر قبوڵكەر بۆ ناوخۆ، یان پێچەوانەكەی؟ مرۆڤێك مێژووەكەی خۆی دەناسێت و لەناو خۆیدا قاڵ بووەتەوە و بوونی خۆی دەبینێت و بەئاگایە لێی، یان هەمیشە لە ڕێگەی دەسەڵاتی بچوك بچوكی وەك حیزب و ئایدۆلۆژیا و تەریقەتگەرا و خێڵگەڕاوە هێزی خۆی دەبینێت و خزمەت بە ئەویتری دەرەوەی خۆی دەكاتە سیمای خۆناسینی؟ بێگومان هەموومان لەوە تێدەگەین هیچ پڕۆژەیەك لەم باشوورە لە ئارادا نییە بۆ دروستكردنی مرۆڤێكی نوێ، بەڵكو پڕۆژە هەیە بۆ تێكشكاندن وبێحورمەتی كردن و وێرانكردن و تۆمەت بەخشینەوە بۆ مرۆڤەكە. هەر ئەمەشە وادەكات لەبەردەم هەڕەشەیەكی بێگانەدا دەست بكات بە ڕوونكردنەوە هێنانەوە و لەبەرامبەر خۆشیدا ئازا و دەست وەشێن بێت! ڕوونكردنەوەی ناوێت، بەڵێ ئەوە نەخشەی ئێمەیە، نەخشەی ماڵی ئێمەیە، زیاد لە پێنج هەزار ساڵە ئێمەی كورد هەر لە _كوردە هۆریاییەكان، كوردە گوتییەكان، كوردە میتانییەكان، كوردە مادەكان.. هتد لەم خاكە ژیاوین و رەگوڕیشەمان بەستراوە پێیەوە. هەمیشەش ئیرادەیەك هەبووە بۆ مانەوە و بەرگریكردن، ڕوونكردنەوە لاوازەكەی حوكومەت بۆ _توركەكان و ئێرانییەكان_ نوێنەرایەتی شكۆی كوردبوون ناكات، نوێنەرایەتی دەسەڵاتێكی لاواز دەكات ، وەك (ئەنگڵز) لە تێزێكدا دەڵێت: ” ئەو هۆز و خێڵانەی ئایدیای خێڵەكی و هۆزایەتیان هەیە، كاتێك مەترسییەك دەكەوێتە سەریان یەك دەگرن، كە مەترسییەكە ڕەوییەوە دەست دەكەن بە لێدان لە یەكتری و لە ناوخۆی یەكتریدا ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە.” ئەم تێزە وێناكردنێكە بۆ ئەم مۆدێلە دەسەڵاتە، كە هێشتا ئایدیاكانی لە خێڵگەری و هۆزگەری تێ نەپەڕیوە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە هیچ كات ترسەكەی دەرەوە وایان لێناكات یەك بگرنەوە، بەڵكو لەبری یەكگرتن هەمیشە خۆیان دەخزێننە ناو ڕووبەری ئەویتری بێگانە و لە ڕێگەی ئەویتری بێگانەوە هێز و وزە بۆ خۆیان پەیدا دەكەن، تا لە ناوخۆدا بكەونە وێزەی یەكتری، كە ئەمە یەكێكە لەو كێشە گەورانەی لە میرنشینەكانەوە تا ئەم چركەساتەش كۆمەڵگەی كوردی پێیەوە گیرۆدە كراوە.
كاتێك تۆ وەك دەسەڵاتێكی بچكۆلەی ناو چوارچێوەیەكی بچكۆلە، هێزەكانی ناوخۆت و كارەكتەرەكانی ناوخۆت وەك دوژمن وێنا بكەیت، ئیدی نە توانای بینینی خۆتت هەیە، نە ناسینی دوژمنە ڕاستەقینەكەی دەرەوەی خۆت. فاشیزمی _تورك، عەرەب، ئێران_ هیچ كات ناتوانێت تۆ وەك بوونێك كە خۆت دەتەوێت قبوڵ بكات، ڕێك دەقە شیعرییەكەی _شاملو_كە دەڵێت: (دێن بۆن بەدەمتەوە دەكەن… نەكا ڕۆژێك وتبێتت خۆشمدەوێیت،) دژەكانت هەمیشە وەك پاسەوانێك لەبەردەرگاكەتن دێن بۆن بەدەمتەوە دەكەن نەكا ڕۆژێك وتبێتت من كوردم، نەكا ڕۆژێك وتبێتت من ماڵم هەیە. ئەم سێ پاسەوانە گەرچی بەرگ و سیمای خۆیان بگۆڕن، لە جەوهەریاندا توانای قبوڵكردنی بوونی كوردیان نییە. ئەم توانایە پەیوەندی تەنها بە مێژووی مۆدێرنەوە نییە لەبەرگی فاشیزمدا دەردەكەوێت، بەڵكو پەیوەندی بە مێژووێكی دێرینترەوە هەیە، بە تایبەت بۆ _عەرەب و پارس_ەكان. (فارسەكان پێشتر پێیان دەوترا پارس، وشەكەش واتە سەرسنوور، بەوخەڵكانەیان دەوت پارس، كە لەسەر سنووری مادەكان نیشتەجێ بوون.)
توركەكان لە مێژووی دێریندا لە میزپۆتامیادا بوونیان نەبووە، لە دوو شوێنەوە هاتوون، بەشێكیان لە (قەوقاس) دوو میری كورد لە _ئەتروپات_ ئازربایجان_ی ئێستە شەڕیان بوو، هەندێك توركیان بەكرێگرت بۆ ئەوەی شەڕە ناوخۆیەكانی خۆیانی پێبكەن، كۆتاییەكەی بەوە گەیشت تەواوی _ئازربایجان_ كە پێی دەوترا میدیای بچوك، ئەتروپات واتە: پاسەوانانی ئاگر، كەوتە دەست توركەكان. بەشەكەی تری لە ئاسیای ناوەڕاستەوە وەك پاسەوان و خزمەتكاری میری _شام_ هاتن و پاشان بوون بە خزمەتكار و پاسەوانی ماڵی _عەباسییەكان_ لەوێوە گەشەیان كرد. ئەو شارانەی ئێستا تورك نشینن، پێشتر سەر بە یۆنانییەكان و ئەرمەنییەكان و كوردەكان بوون، بنەڕەتی تورك دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە شاخەكانی _ئاڵت_ بۆیە لە هەندێك شەڕی خاچ پەرستەكاندا پاشا ڕۆژئاواییەكان دەیانگوت:” دەتان نێرینەوە بۆ شاخەكانی ئاڵت.” ئێستا ئەو داگیركارە و خەڵكانی سەر سنوورەكان و تیرەكانی بیابان، هەڕەشە لە بوونی ئەو میللەتە دەكەن خاوەنی ماڵەكە و زەوییە ڕاستەقینەكەیە، زهن داگیركراوەكانیش لەبەردەمیاندا خۆیان بە لاواز پیشان دەدەن و دەیانەوێت ئەم لاواز پیشاندانە بكەنە سیمای كورد! كورتەی سەرنجەكەم بۆ ئەوەیە مرۆڤی كورد پێویست ناكات لە پیشاندانی خۆی و ماڵەكەی و زمانەكەی بترسێت، گەریلایەك چۆن بە چەكێكەوە بەرگری لە كورد دەكات و یەكێك لە گەورە هێزەكانی ناتۆ تێك دەشكێنێت، چونكە مرۆڤێكی نوێ و ئازاد و خاوەن ئیرادە و خاوەن پڕۆژەیە، بەهەمان شێوە هەر كوردێكی خاوەن بڕوا و بە ئیرادە و تێگەیشتوو لە كوردبوون و هوشیار بە بوونی خۆی و مێژووەكەی، هەمان بڕوای هەیە و وەك ڕۆحە لاوزەكەی ڕوونكردنەوە چییەكان نییە و زۆر بە شكۆوە نەخشەی ماڵەكەی خۆی و شوناس و كلتوور و زمانەكەی خۆی بەیان دەكات. (چاوەڕێی شتی دیكەش دەكرێت، چونكە لاوازییەكەی ئێرە دنەیە بۆ جوڵەی دیكەی ئەویتر.)
سەرچاوە و پەراوێزەكان:
بگەڕێوە بۆ خوێندنەوەی ئەم كتێبانە…
_*_ كۆپلەیەكی كورتی ناو كتێبی (من دوای ڕۆیشتنی تۆ دەدرەوشێمەوە) نەبەز گۆران، چاپی ناوەندی ڕۆمان.
_(1) بەختیار عەلی، ڕۆمانی _داگیركردنی تاریكی_ چاپی ناوەندی ڕەهەند
_(2) ستراڤۆن، جوگرافیا. وەرگێڕانی: عەلی فەتحی، چاپەمەنی مانگ
_(3)_ دیاكۆنۆف ئیگەر،مێژووی میدیا, وەرگێڕانی: د پێشەوا خالید. چاپی دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان
_(4)_ گزنەفۆن، وەرگێڕانی: عەلی فەتحی، چاپەمەنی مانگ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی لەیەکچوو
مەکی ئامێدی: الباراستن
مایکڵ ڕۆبن: هیوای بەهەڵەداچووی مەسرور بارزانی بۆ داخستنی کەیسی سندووقی قوربانیانی کوردستان
تەڤدا پرێس: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن سکاڵایەکی دیکەشی لێکەوتەوە
تەڤدا پرێس: ستیڤن ستیوارت بەلگەکان حکومەتی ئەمریکا ، وەزارەتی بەگری پێ ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێداوین
دەنگی ئەمریکا: چەند زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو سکاڵایانەی لە دژی چەندین کاربەدەستی هەرێمی کوردستان لە دادگای واشنتن تۆمار کراون
بابەتی تر
دانا مەنمی: شۆرشی ئەیلول و ڕێكەوتنامەی ۱۱ـی ئازار ڕۆڵی ئیسرائیل و شای ئێران
تەڤدا پرێس: دەوڵەتی تورک هەڕەشە لە بەرپرسانی باشوری کوردستان دەکات
باسنیوز: فەرهاد كەركووكی: كەسێك لە باڕەكانەوە هێنرابێتەوە و كرابێتە هاوسەرۆك هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێ
د. سەردار عەزیز: سیستەمی جووت پانتایی
دانا مەنمی: كۆمەڵگای كوردی و هونەری بەڕێوەبردنی میرنشینایەتی و مێنتەڵیەتی خێڵ.
تەڤدا پرێس: عینایەت دەشتی- هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان
ستارە عارف: بۆچی سێ تاوانبارەکە تەسلیمکرانەوە...
فەرهاد عەلی حەمید: دانپێدان ل ژێر ئەشکەنجەدانێ!
عەبدوڵای مەلا نوری: راپەڕیندزەکان!!
دانا ڕەشید: لە یادی ڕاپەریندا، حەزم دەکرد کوڕە موستەشار بومایە!