هەواڵ
هەردی مامۆستا ئەحمەد نامەیەكی کراوە ئاراستەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی دەکات
Tuesday, 03.16.2021, 02:40 PM
یەکێك لە ئەندامانی یەکێتی کە لە بنەماڵەکەیدا چوار شەهیدی هەیە بەناوی هەردی مامۆستا ئەحمەد نامەیەكی کراوە ئاراستەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی دەکات و کۆمەڵێك ڕاستی سەبارەت بە گەندەڵکاریەکان و سەرشۆڕی ڕێواس فایەق بۆ تورکیا و پارتی دەخاتە ڕوو.
" -رێواز فایەق بەپێچەوانەی بڕیاری مەكتەبی سیاسی، برازای مێردەكەی كردە بەڕێوبەری گشتیی. - رێواز بەڕێككەوتن لەگەڵ لێپرسراوێكی پارتیی، برازاكەی خەلیل عوسمانی كردە بەڕێوبەری گشتیی. - براو سێ مامم شەهیدە، ناوم لەلیستی كاندیدەكان هەبوو، كەچی دورخرامەوە "
هەردی مامۆستا ئەحمەد لە قوربانیەکانی بنەماڵەکەی دەدوێت، کە شەهیدانی نەمری ڕێگای ئازادی بون، وەك ئەوەی لە خەڵکانێکی قۆنتەراتچی و وەبەرهێنەر بدوێت کە ئەنجامی کارەکانیان دەبوایە بۆ میراتگرەکانیان بمێنێتەوە و ئێستا ڕێواس فایەق و نمونەی ئەو دەیخۆن، لە بری ئەوەی لە تەواوی ناڕەواییەکان بدوێت بەرامبەر خەڵکی زەحمەتکێش و ستەم دیدە، لە ناسۆریەکانی بنەماڵەکەی لە سەردەمانی ساخ دەدوێت و دەڵێ: "ئەوەی سەرەوە بەسەرهاتی خێزانێكی هەشبەسەری ئەم نیشتیمانەیە، ئێستا نەوەكانی گەورەبوون و دەیانەوێ لەسایەی ئەم قوربانیدانە كەمێك رەنجی باوك و براو خێزانەكەیان بچننەوە، "
"من وەك كوڕە پێشمەرگەیەك، خاوەن شەهید و روبارێك خوێن، سیڤی-م پڕكردەوەو بەپێی رێكاری ئسوڵی حزبیی ناوی خۆم پێشكەشكرد. دوای هەڵاوێردكردن، لەلایەن مەكتەبی سیاسی دەستنیشانكرام بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتیی دیوانی دەستەی مافی مرۆڤ، نوسراوی رەسمیی ئاراستەی حكومەت كرا بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت، بەڵام مخابن، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەدەر لەهەموو رێكارێكی قانونیی و حزبیی، بە رێككەوتن لەگەڵ لێپرسراوێكی پارتی لەپەرلەمان، برازای خەلیل عوسمانی مێردی بەناوی (هێمن) وەك بەڕێوبەری گشتیی دیوانی دستەی مافی مرۆڤ دانا"
دەقی نامەکەی هەردی مامۆستا ئەحمەد و لینکی فەیسبوکی ناوبراو .
نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان
- رێواز فایەق بەپێچەوانەی بڕیاری مەكتەبی سیاسی، برازای مێردەكەی كردە بەڕێوبەری گشتیی
- رێواز بەڕێككەوتن لەگەڵ لێپرسراوێكی پارتیی، برازاكەی خەلیل عوسمانی كردە بەڕێوبەری گشتیی
- براو سێ مامم شەهیدە، ناوم لەلیستی كاندیدەكان هەبوو، كەچی دورخرامەوە
- خۆزگە كات دەگەڕایەوە بۆ دواوە، تا بە براو مامەكانم گوتبا، خۆتان لەسەر ئەم نیشتیمانە بەكوشت مەدەن، رێوی و داڵە كەرخۆرە بەرهەمەكەی دەخۆن.
هەردی مامۆستا ئەحمەد
بەداخەوەم كە ئەم راستیانە دەخەمە روو، لەناو بێشكەو ئەم شاخ و ئەو دۆڵ بەكۆڵی دایكمەوە، ئاسمان چەترمان بوو، ئەشكەوت ماڵ و گەنمە كوتراو خواردن بوو. ئەوكاتە ئێمە لەپێناوی ئەم نیشتیمانە برایەك و سێ مامم شەهیدبوون، پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتیمان بوو، دوای روخانی رژێمی سەدام لەڕێگەی بەغدا كەوتە بۆسەوە، توشی بارودۆخێكی نارۆشن بوو، دوای چەند رۆژێك گیانی سپارد.
ئەوەی سەرەوە بەسەرهاتی خێزانێكی هەشبەسەری ئەم نیشتیمانەیە، ئێستا نەوەكانی گەورەبوون و دەیانەوێ لەسایەی ئەم قوربانیدانە كەمێك رەنجی باوك و براو خێزانەكەیان بچننەوە، كەچی بەسەرسەری ئەواندا كوڕو براو برازای لێپرسراوانی ماندوو نەبوو، عەشیقەو خزمانی یار، دزو گەندەڵانی ئەم وڵاتە، بەبێ تواناو نەخوێندەوار لەشوێنی كوڕانی شەهید و خوێنبەخشانی نیشتیمان دەكرێنە بەرپرس لەحكومڕانیی.
من وەك كوڕە پێشمەرگەیەك، خاوەن شەهید و روبارێك خوێن، سیڤی-م پڕكردەوەو بەپێی رێكاری ئسوڵی حزبیی ناوی خۆم پێشكەشكرد. دوای هەڵاوێردكردن، لەلایەن مەكتەبی سیاسی دەستنیشانكرام بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتیی دیوانی دەستەی مافی مرۆڤ، نوسراوی رەسمیی ئاراستەی حكومەت كرا بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت، بەڵام مخابن، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەدەر لەهەموو رێكارێكی قانونیی و حزبیی، بە رێككەوتن لەگەڵ لێپرسراوێكی پارتی لەپەرلەمان، برازای خەلیل عوسمانی مێردی بەناوی (هێمن) وەك بەڕێوبەری گشتیی دیوانی دستەی مافی مرۆڤ دانا.
ئەو كارەی رێواز فایەق جگە لەوەی عەیبەو شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ خودی خۆی وەك سەرۆكی پەرلەمان كە چۆن دەكرێت بەدەر لەهەموو قانون و رێكارێكی مەنتقی برازای مێردەكەی بكاتە بەڕێوبەری گشتیی كە پۆستێكی ئیدارییەو پێویستە لانیكەم 20 ساڵ خزمەتی هەبێت، هاوكات عەیبەیەكی گەورەترە بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە رێگە دەدات یان چاوپۆشی دەكات لەسەرۆكی پەرلەمان كە بەخۆی كۆڵێك عەیبەو ناشرینی دیكەی هەیە، ئەمجارە ئەو تجاوزە لەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسیەكەی بكات؟!
من پرسیار لە مەكتەبی سیاسی دەكەم، ئەرێ ئێوە نوسراوتان كرد بۆ حكومەت بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان، ئیحتیرام و رێزی نوسراوەكەتان لەلایەن رێواز فایەق نەگیرا؟ بەتەمان چی بكەن؟ ئەرێ عەیب نیە حزبێك نوسراوی رەسمیی بكات و كەچی لەپەناوە كەسێكی دیكە كە برازای خەلیل عوسمانی مێردی سەرۆكی پەرلەمانە دابنرێت؟
بێگومان ئەو كەیسەی من یەكەم كەیس نییە، یەكەم عەیبیش نییە سەرۆكی پەرلەمان بێ سڵەمینەوەو شەرمكردن لەخوێنی شەهیدان و قوربانیانی ئەم حزبە دەیكات! بەڵام سەرۆكی پەرلەمان كە موحاسەبە نەكرا لەسەر ئەوەی سەردانی كونسڵخانەی توركیای كردو تازیەباری ئەردۆغانی كرد لەسەر كوژرانی پیاوێكی ئەردۆغان، یان لەرۆژی ریفراندۆمی 2018 بەپێچەوانەی سیاسەتی یەكێتی دەستی خستە سەر سنگی و هۆڵی پەرلەمانی خستە خزمەت سیاسەتی پارتی و یادی ریفراندۆمە شومەكەی كردەوە! یانن لەسەر بەشداریكردنەكەی لەكۆبونەوەی نێچیرڤان نەكەین بەپێچەوانەی بڕیاری مەكتەبی سیاسی، یان لەسەر هەوڵی فرۆشتنی ڤێلاو خانوەكانی پەرلەمان كە لەمیدیاكان و سۆشیال میدیا بڵاوبویەوە، یان لەسەر یادكردنەوەی وەفاتی بارزانی لەهۆڵی پەرلەمان كە داهێنانی رێواز بوو، ئیدی ئەو كەیسەی من هەر هیچ نییە!
من وەك خاوەن شەهید قوربانیی و كوری پیاوێكی تێكۆشەری ئەم وڵاتە، داوا لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی دەكەم نەك تەنها لەسەر ئەو كەیسەی من، بەڵكو لەسەر هەموو ئەو عەیب و سەرپێچیانەی سەرەوە باسمكردن، رێواز فایەق و هاوكارانی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، ئەگینا ئەم نوسینە سەرەتایەك دەبێت بۆ بڵاوكردنەوەی زنجیرەیەك بەڵگەنامە، كە من لێی بەرپرس نیم وەك خانەوادەكەم كاردانەوەی دیكەشمان دەبێت.
خۆزگە كات دەگەڕایەوە بۆ دواوە، بۆ ئەوەی بە باوك و براو مامەكانم گوتبا، خۆتان لەسەر ئەم نیشتیمانە بەكوشت مەدەن، رێوی و داڵە كەرخۆرە بەرهەمەكەی دەخۆن. ئەوەتا رێواز فایەق و مێردەكەی كە رۆژێك بەم نیشتیمانە ماندوو نەبوون، ئێستا یەكێكیان خانەنشینە بەشەش ملیۆن دینارو ئەویدیكەیان بەناوی سەرۆكی پەرلەمان جگە لەژیانێكی شاهانە لەباشترین ڤێلا، خەریكن خزم و كەسوكارو ئەندامانی تەكەتولیان لەپەرلەمان دادەمەزرێنن و ئێمەی قوڕبەسەرو ماڵوێرانیش بەهەق و ئیستحقاقی خۆمان، بەبەرچاومانەوە ئیهانە دەكرێین و پەراوێز دەخرێین.
برای شەهیدم : هەندرێن مامۆستا ئەحمەد
مامە شەهیدەكانم: حاكم جەمال، مامۆستا عەزیز، رزگار
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی لەیەکچوو
بابەتی تر
حاکم شێخ لەتیف: گرنگی دادگای فیدراڵی باڵا
تەڤدا پرێس: هەواڵگری پارتیو یەكێتی بە ڤیدیۆ شەڕی یەكتر دەكەن
تەڤدا پرێس: دەقی گفتوگۆی راشکاوانەی کوردستان تایمز لەگەڵ مایکل رۆبن
تەڤدا پرێس: نوێترین هەواڵی پەیوەندی تەلەفۆنی زیندانیانی بادینان بە هاوسەر و کەسوکاریانەوە
تەڤدا پرێس: پەرلەمانی ئەوروپا، کۆمەلێک بڕیاری گرنگ دەردەکات..
تەڤدا پرێس: عـوسمان شــاوری زیندانیکراوێکی پــــارتی و شاخ و بەعس
تەڤدا پرێس: ٤٢ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوان و ھونەرمەندی کەنەدی بۆ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێم:
تەڤدا پرێس: مستەفا شاوری باسی دڕندەیی جەلادەکانی نێو زیندانەکانی پارتی دەکات
تەڤدا پرێس: حکومەتی هەرێم دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ رۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی گفتوگۆ بكات
ئەیوب بارزانی: ضحية الخلافات الكردية... أبطال بلا قبور!