لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

سیاسەتی میحورەكان‌و ڕۆڵی حزبە كوردییەكان

Thursday, 04.01.2021, 01:10 PM



بەیاننامە هاوبەشەكەی وەزیرانی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو شانشینی بەریتانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیاو ئیتاڵیا بەبۆنەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر تەنگژەی سوریادا، بەدرۆیەكی گەورە دەستیپێكرد بەوەی ئۆباڵی هەموو كارە قێزەوونەكانی ئەو تەنگژەیان خستە ملی بەشار ئەسەد، لەكاتێكدا واقع دەڵێت بەشێكی ئەو خوێنڕشتنە لەئەستۆی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسییە (ناتۆ) بەگشتی‌و بەتایبەتیش توركیاو هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەكەنداو.

ئەمریكا زیانێكی گەورەی بەسوریا گەیاندووە، بانكی نێودەوڵەتی مەزەندەی ئەو زیانەی لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2016 بە 226 ملیار دۆلار كردووە.

لەساڵی 2003وە ناتۆ دەستی لەكاروباری عێراق وەرداوە، ئینجا ڕوویكردە لیبیاو دواتریش لەدوای ساڵی 2011 نۆرەی سوریا هات، كەچی سەرباری ئەو فشارە زۆرەی ئەمریكا ڕژێمەكەی سوریا نەگلاو مایەوە.

ئۆباما یەكەم سەرۆكی جیهان بوو كە لەئابی 2011 داوای ڕوخانی ڕژێمەكەی ئەسەدی كرد، ئینجا سەرۆكی ئاژانسی هەواڵگری سی ئای ئەی جەنەڕاڵ "دیڤید پتڕایۆس" دوو سەردانی ئاشكرای لەمانگەكانی مارس‌و سێبتێمبەری 2012 بۆ توركیا ئەنجامدا، ئامانجی هەردوو سەردانەكە ڕازیكردنی توركیا بوو كە لەژێر ناونیشانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پشتیوانی پڕۆژەكەی ئەمریكا بكات لەڕوخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد لەسوریا.

هاوپەیمانانی ئەمریكا وەك سعودیەو قەتەرو ئیمارات بارگرانییە داراییەكەی ئەو پڕۆژەی ئەمریكایان گرتەئەستۆ لەپڕچەككردن‌و پارەداركردنی هەزارەها چەكداری جیهادی‌و ڕەوانەكردنیان بۆ سوریا. دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییە سەرەكییەكانیش پشتیوانی سیاسی‌و سەربازی‌و لۆجستییان پیشكەشی ئۆپۆزسیۆنی سوریاو گروپە یاخییەكان كرد، ئەو پڕۆژەی ئەمریكاو خۆرئاوا لەلایەن ئیسلامی سیاسی تەكفیری‌و كۆنەپارێزی عەرەبییەوە پشتیوانی لێدەكراو خستیانە بواری جێبەجێكردنەوە، لەو كاتەشەدا ڕوسیا خەریكی بنیاتنانەوەی خۆی بوو، وڵاتی چین- یش ووردە ووردە شوێنپێ‌و ڕۆڵی سەرەكی خۆی لەبازنەی ئابووری جیهانی‌و كۆڕو كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا قایمتر دەكرد، ئێرانیش ملی بۆ فشارەكانی خۆرئاوا نەداو برەوی بەتوانستە سەربازی‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵییەكانیدا، ئەمەش وایكرد ڕۆڵێكی گەورەتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، ئەمانە سامپێك بوون بۆ دەرچوون لەتاك جەمسەری جیهانی كە هەژموونی ئەمریكای بەسەردا زاڵبوو بەهەموو نەوسنی‌و چڵێسییەكانییەوە.

دەستتێوەردانی ڕوسیا لەسوریا لەساڵی 2015 هاوكێشەكەی سەرەوژێر كردو پلانەكانی واشنتۆن‌و هاوپەیمانە جیهادییەكانی هەڵوەشاندنەوە كە لەلایەن هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەهەرێمەكەدا پشتیوانیان لێدەكرا.

لەساڵی 2011 ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گڕی گرتبوو، جەنگە سەربازییەكان گۆران بۆ هێرشی تیرۆرستی‌و جەنگی بەلەجیاتی‌و سەپاندنی سزا قورسەكان‌و سیاسەتی برسیكردن‌و گەمەكردن بەبەهای دراوە ناوخۆییەكانەوە، هەموو ئەمانە لەپێناو سەركەوتنی پڕۆژە هەژموونخوازییەكی ئەمریكادا بوو.

پرسی كورد بۆ ئەمریكا كارتی فشار بوو بۆسەر چوار دەوڵەت (توركیا، ئێران، عێراق‌و سوریا)، ئەم پرسە لەماوەی سەدەیەكی ڕەبەقدا بێ چارەسەر مایەوە، كەڵكەڵەی دكتاتۆریەت‌و خۆبەزلزانینی نەتەوەیی‌و گرتنەبەری چارەسەرە سەربازییەكان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كوردەكان‌و كوردستان – جگە لەعێراق كە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە- لەبەرژەوەندی ئەمریكاو خۆرئاوادابوون، ئەوانیش زۆر بەباشی پرسی كوردیان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان قۆزتەوە؛ سەرەتا پشتیانگرت‌و دواتریش دەستبەرداری بوون، لەحەفتاكانی سەدەی ڕابردوو كە ئەمریكا ڕژێمی بەعسی عێراقی بەلایەنگری یەكیەتی سۆڤیەت دەزانی، هانی شای ئێرانیدا دژ بەعێراق بوەستێتەوە، لەوكاتەدا واشنتۆن‌و ئیسڕائیل بەناردنی تیمی هەواڵگری‌و چەك‌و تەقەمەنی پشتیوانی لەكوردەكانی عێراق لەدژی بەغدا كرد، كەچی كاتێك شای ئێران لەساڵی 1975 لەگەڵ سەدام حوسێن ڕێككەوت، تاران پشتی لەكوردەكان كردو ئەمریكاو ئیسڕائیلیش هەمان شتیان كرد.

لەجەنگی دووەمی كەنداو (1990-1991)  جۆرج بۆشی باوك ڕاستەوخۆ هانی هەریەك لەكوردو شیعەكانیدا لەڕژێمەكەی سەدام حوسێن یاخی بن، ئەوانیش باوەڕیان بەبۆشی باوك كرد، بەڵام دواتر ڕژێمەكەی سەدام بەئاگرو ئاسن‌و زۆر دڕندانە ڕاپەرینی كوردەكانیان سەركوتكرد، لەئاكامیشدا زیاتر لەملیۆنێك كورد ئاوارەو دەربەدەری توركیاو ئێران بوون، لەمەشەوە ناوچەی دژەفڕینی ئاسمانی بۆ پاراستنی كوردەكان دروستبوو، بەمەش كوردەكان گەڕانەوە سەرماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و زۆر بەخێراییش حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دامەزراند، هێزی سەربازی ئەمریكاش بەپارەو ڕاهێنان‌و چەك‌و تەقەمەنی پشتیوانییان لەپێشمەرگەی سەر بەهەردوو حیزبە كوردییەكە (یەكیەتی‌و پارتی) كرد.

تا ئەمڕۆش سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كوردەكان ڕوون‌و ئاشكرانییە، تەنها تاڕادەیەك دەیانپارێزێت، بەڵام هەمیشە بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی پرسی كوردەوە دەبینێت، بۆیە هەمیشە پشتی حكومەتەكان دەگرێت دژ بەكوردەكان، كاتێكیش حكومەتەكان دژ بەپڕۆژەكانی ئەمریكا دەوەستنەوە، واشنتۆن كارتی كوردییان بەڕوودا بەرزدەكاتەوە، ئەمەش چەندەها جار لەعێراق‌و سوریادا ڕوویداوە، تەنانەت لەو ماوەی پێشوودا كاتێك بارگرژییەكان كەوتنە نێوان ماكڕۆن‌و ئەردۆغانەوە، فەرەنساش كارتی كوردی دژ بەئەنقەرە بەرزكردەوە، لەولاشەوە توركیا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك كارتێكی فشار دژ بەبەغداو پەكەكەو یەكیەتی‌و یەپەگە بەكاردێنێت.

بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق‌و سوریا وایكردووە جۆرێك لەهەماهەنگی لەنێوان واشنتۆن‌و هێزو لایەنە كوردییەكان دروستبێت، هەر لەسەرەتاشەوە هەرێمی كوردستان خۆی ڕادەستی ئیرادەی توركیا كرد. ئەنقەرە یەكینەكانی پاراستنی گەل بەدوژمنە سەرەكییەكەی خۆی دەزانێت، لێرەوە توركیا گلایە نێو بازنەی ململانێیەكی ڕوون‌و ئاشكرا دژ بەئەمریكا، ئیدارە سەربەخۆكەی كوردستانی خۆرئاوا لەسوریا نەچوونە ژێرباری ئەنقەرەوە، بۆیە توركیا بەبیانووی پاراستنی سنورەكانی‌و دامەزراندنی قەوارەیەكی كوردی سەربەخۆ كەوتە دژایەتیكردنی ئیدارە سەربەخۆكەی ڕۆژئاوای كوردستان.

واشنتۆن‌و هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی لەهەوڵی ئەوەدان نەیەڵن كوردەكانی سوریا لەدیمەشق نزیكبێتەوەو لەگەڵی پێكبێت، ئەمەش تائەوكاتە بەردەوامدەبێت كە ئامانجە جیۆسیاسییەكانیان لەسوریا دێتەدی، ئامانجی سەرەكیشیان شكستپێهێنانی سیاسەتەكانی ڕوسیایە كە دەیەوێت كوردەكان‌و دیمەشق بگەنە ڕێككەوتنێك، گومانیش لەوەدانییە كە بڕیارسازە ستراتیژییە ئەمریكییەكان بەگرنگی دەزانن كارتی فشاری زۆریان لەژێر دەستدا بێت، ئامانجیشیان سەپاندنی پڕۆژەكەی خۆیانە لەناوچەكەدا، لەلایەكی دیكەشەوە ئامانجیان شكستپێهێنانی بەرەی بەرەنگارییە كە ڕوسیاو ئێران‌و یەمەن‌و سوریاو حزبوڵای لوبنانی ڕابەرایەتی دەكەن.

لەو گێرمەو كێشمە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییە گەرموگوڕەدا لەسوریاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كوردەكان مەودایەكی باشی چارەسەر یان ئاڵۆزبوونی كێشەكانیان بەدەستەوەیە، بەڵام دەبێت كۆششی كوردەكان بەرئەنجامەكەی هێنانەدی مافە ڕەواكانیان بێت نەوەك ببنە دەستكەلای هێزە دەرەكییەكان‌و وەك كرێگرتەیەكی چەكدار بەكاریان بێنن‌و بكەونە خزمەت پڕۆژەی ئیمپریالیزم لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لەوەش گرنگتر بۆ كوردەكان ئەوەیە كە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەزەلكاوی پاشكۆبوون بۆ توركیا دەربازبكرێت كە لەئێستادا بەپێودانگێكی خێزانی‌و هۆزگەرایی هەرێمەكە بەڕێوەدەبەن، ئەمەش تەنها كاتێك ڕوودەدات كە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حكومەتێكی نیشتمانی عێراقی دڵسۆز بكرێت لەبەغدا.

هێزە كوردییەكانی سەر گۆڕەپانی سوریا خاوەنی خۆیانن‌و سەربەخۆن، گەلی كوردی سوریا بەرژەوەندی لەوەدانییە لەململانێ هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكانەوە تێوەگلێت، بەدووری دەزانم ئەمریكا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارە كوردییە سەربەخۆكەی سوریادا دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی بێت لەگەڵ توركیا، پێشموانییە ئەمریكا بتوانێت توركیا بەوە ڕازیبكات كە دان بەبوونی گەلی كوردا بنێت لەپارچەیەك لەپارچەكانی كوردستان.

بۆیە باشترین ڕێگەچارە بژاردەیەكی مامناوەندە لەنێوان ئەو دوو بژاردەدا بەوەی ڕێخۆشكەری بكات بۆ ڕێككەوتنی نێوان ڕژێمەكەی ئەسەدو ئیدارە سەربەخۆ كوردییەكەدا، بەتایبەتیش كە كوردەكان ئەفسانەی داعشیان تێكشكاندو میدیاكانی جیهانیش گەواهی بۆ ئەو نەبەردییەی كوردەكان دەدەن، ئەمەش لەكاتێكدا دەبێت كە حكومەتی سوریا بەڕووی كوردەكاندا بكرێتەوەو ئەقڵمەندانە ڕەفتاربكات‌و پێیان بڵێت:"ئێوە بۆ گەیشتن بەمافەكانتان پێویستیتان بەئەمریكی‌و ڕۆژئاواییەكان نییە، وەرن با لەسەر هەموو شتەكان ڕێكبكەوین، نیشتمانێك بنیات بنێین بۆ هەمووان بێت‌و لەماف‌و ئەركدا یەكسان بین‌و تیایدا شكۆمەندبین‌و بەر بەدەستتێوەردانە دەرەكییەكانیش بگرین".

پوختەی قسەو پرسیارە جەوهەریەكەش ئەوەیە:
ئاخۆ لەدوای ئەو هەموو كارەسات‌و ماڵوێرانییە كە سەدەیەكە بەردەوامە، ئەقڵی سیاسی ڕۆژهەڵاتی بای ئەوە پێگەیشتووەو پەرەیسەندووەو سوودی لەئەزموونی مێژوو وەرگرتووە تاوەكو دەست بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە بكات كە (مامۆستا ئەنیس نەقاش)ی كۆچكردوو لەپەرتووكی "كۆنفیدڕاڵییەتی ڕۆژهەڵاتی"دا بانگەشەی بۆ كردووە؟ ئایا سەرەتای ئەو پڕۆژەیە لەدیمەشقەوە سەرهەڵدەدات یاخود لەپایتەختێكی دیكەوە؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟