وتار
کۆڕەو کۆژانی میلەتێک
Thursday, 04.01.2021, 10:59 PM
بەشی یەکەم
دە رۆژ دوای ڕاپەرینی ٧ ی مانگی ٣ ساڵی ١٩٩١ لە سلێمانی ، ئیدی هەواڵەکانی بەرەی جەنگی هێرش و پەلامار بۆ سەر پێگەو مۆڵگەو مقەر ەکانی حیزبی بعس و سوپای صدام ، ڕو لە شکست و پاشەکشێ بوو ، هەرچەندە لە ئیزگەکەوە بەردەوام بەوپەری حەماس و جۆش و خرۆشەوە هەواڵی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەو جەماوەری ڕاپەریوی دەخوێندەوە ، وەلی پەیتا پەیتا بریندارو شەهید دەهاتەوە و هەواڵی قورسی شەری دژ بە سوپای صدامیان دەهێناوە، بە تایبەت ماعسکەر خالید لە کەرکوک زۆر شەری قورس و خوێناوی و پڕ قوربانی تێدا کرا ، لە هەمو گەرەکێدا بنکەی شورا دروست کرابوو ، شورا لە کۆمەڵیک کەسانی زیاتر سەر بە ئاڵای شۆرش و سەربە بیری کۆمۆنستی و چەپ ، لەناو خۆیاندا یەک نەکەوتو بوون ، بەڵام کاری باشیان دەکرد لە کۆکردنەوەی ئازوخەو یارمەتی بۆ خەستەخانەکان و خەڵکی هەژارو لێقەوماوان ، هەرزوو یەکێتی باروبنەی پێ پێجانەوە و دەری کردن ، دوایی بە زۆری بوون بە پیاوی مەلا بەختیار و جەلالی و پۆست پەرست لە یەکێتیدا .
نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ ناو نرا نەورۆزی رزگاری ، هەمو عومری راپەرین و رزگاری ٢٣ رۆژ بوو ، لە مێژوی گەلی کوردا تەنها ٢٣ رۆژ کورد بەراستی ئازاد و رزگار بوو ، کەس بە کەسی نەدەوت تۆ سەربە چ حیزبێکی یان ئیسلامیت یان عەلمانی . ئایا شیوعیت یان پارتی یان حسک یا یەکێتی ، ٢٣ رۆژ لە تەبایی تەباتر بوو شار و وڵات ، هەموو بە روخانی رژێمی صدام دڵمان خۆش کردبوو ، ئێوارەی نەورۆزی رزگاری شەقامی توی مەلیک و شەقامی سەهۆڵەکەو سەرجەم شەقامەکانی شار ، لەبەر ئاهەنگ و هەڵپەرکێ و چرینی سرودی نیشتمانی ئاگرین و ورەبەخش دەنگی دەدایەوە ، هەروەک بڵێێ تفت هەڵبدایە نەدەکەوتە سەر زەوی ، هەرچی کوران کچان و ژن و پیاو پیرو جوانە بە خەندەو دڵخۆشی بەشداری یەکەم ئاهەنگی نەورۆزی رزگاریان دەکرد ، هێشتا تەرمی سوتاو و کوژراوی ئەمنەکەو مونەزەمەی تۆپیو عوسمان ، کە بەعس ناوی نابوو شەهید عوسمان خەڵک بە تۆپیو عوسمان ناوی دەبرد ، هیشتا کەلاکی تۆپێنراویان لە بیناکاندا بوون ، لەو رۆژانەدا جوانترین هەستی کوران و پیاوان بوونی دەمانچەو توفەنگ بوو بە شان و قەدیانەوە ، پێشمەرگە کە تازە گەرابونەوە وەک مەلائیکەو فریشتە سەیریان دەکرا ، هێندە ناوی پێشمەرگە بە قەدر بوو ، خەڵک کە یارمەتی و خواردنی دەهێنا بۆ خەستەخانە دەیوت بیدەن بە پێشمەرگە ، ژنان و پیاوان دەستە دەستە دەهاتن بە مەنجەڵە خواردنی لێنراوەوە بە ناوساجی و کولێرەوە بۆ پێشمەرگەو خەڵکی بریندارو نەخۆش لە خەستەخانەو قوتابخانەکان کرابوون بە بارەگا ، خواردنیان دەهێنا ،
دوای ئاهەنگی نەورۆزی رزگاری ، ئیدی رۆژ دوای رۆژ زیاترو زیاتر هەواڵی پاشەکشێی هێزی پێشمەرگەو جەماوەری ڕاپەریو دەگەیشتەوە شار ، خەڵک بە زۆری سامێکی گرانیان لێ نیشتبوو ، لە سەرجادەو کوچەو کۆڵانان ، بەخەمەوە لە چارەنوسی خۆیان و شارو وڵات قسە و گفتوگۆیان دەکرد ، بێ ئەوەی خەڵک پلانی ڕەوی بە کۆمەڵی دانابێ ، ترسی دووبارە نەبونەوەی ئەنفال زادەی کۆڕەوی ٣ ملیۆنی خەڵکی کوردستان بوو ، میلەت ئەنفالی دیبوو ، ترسی ئەنفال گەورەترین هۆکاری ئەو کۆڕەوە مەزنە بوو کە گشت جیهانی سەرسام کرد .
لەناکاو هەواڵێکی سەیر لەناو خەڵکدا بڵاو کرایەوە ، گوایە عیزەت دوری جێگرو دەستی راستی صدام حسێن گیراوە و بە دیلی هێناویانە بۆ مزگەوتی علی کمال لە شاری سلێمانی ، خەڵک بە سەیارەو بە پیادە بەناو شارو بازاڕدا دەگەران و دەیان وت ( عیزەت دوری گیراوە و صدام پشتی شکاوە ) هەرچی خەڵکی شار بوو لە هەموولایەکەوە بە هەڵەداوان بەرەو توی مەلیک و مزگەوتی علی کمال دەرۆیشتن ، بروایان بەوە کردبوو کە عیزەت دوری بە دیلی براوەتە ئەو مزگەوتە ، بەڵام هەیهات ئەوە درۆیەکی شاخدار و هەڵخەڵەتێنەرانە بوو کە سوپای صدام کەرکوک و هەموو چواردەوی گرتۆتەوە و پێسمەرگەو جەماوەر لە پاشەکشێدان و بە خێرایی دێنەوە بۆ سلێمانی ، تەنانەت لەو هەراوهوریایە کە گوایە عیزەت دوری گیراوە و صدام پشتی شکاوە شارۆچکەی چەمچەمالیش گیرابوەوە و بەرەوە سلێمانی سوپای صدام حەرەکەتی دەکرد ، سەرانی بەرەی کوردستانی کە دیارترینیان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفاو مام جەلال بوو ، بۆ دەربازکردنی خۆیان و دەستو پێوەندەکانیان ئەو درۆیەیان بڵاو کردبوەوە تا خۆیان برۆن و ئینجا خەڵکیش قەرارێک لە چارەنوسی خۆیان بدەن ، بۆ شەوەکەی تا دەهات سوپای صدام لە لە سلێمانی نزیک دەبوەوە ، هەرکەسەو هەواڵێکی دەهێنا ، تا بە لێشاو چەدارو پێشمەرگەو جەماوەر لە رێی کەرکوکەوە هاتنەوە و هەواڵی شکستی ڕاپەرینیان هێنایەوە ، کە سوپای صدام لە پێشرەویدایە بۆ گرتنەوەی هەموو شارو ناوچەکان ، لە قەرەهەنجیر مۆڵدراون ، خەڵکی شار هەر ئەوشەوە دەستی بە رێپێوان بەرەوشاخەکان کرد ، بە هەر وەسیلەیەک ، بە لۆری و گەڵابەو تراکتۆر و پیکاب و سەیارەی پچوک و گەورە ، منداڵ و پیرو پەکەوتەو نەخۆش و ژنو پیاو پیادە بەو کێوانەدا هەڵگەران ، بۆ شەوی داهاتو بە کۆمەڵ دەست کرا بە کۆڕەو ، ئەو کۆڕەوی کە سیازەرۆژ بارانی لەسەر خۆش نەبوەوە ، بە دەیان سەیارەو تراکتۆر قڵپ بونەوە و بە هەزاران منداڵ لە دایک و باوکیان بزر بوون و بە هەزاران منداڵ لە پشتە لۆری و عەرەبانەی تراکتۆردا چاویان بە ژینی پڕ ژان و ناسۆر هە
ڵهێنا
بۆ بەشی دوەم
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
ئەیوب بارزانی: سیاسەتی میحورەكانو ڕۆڵی حزبە كوردییەكان
ستارە عارف: ئەم غەمخواردنە لەستەمکار بۆ؟...
یادگار سدیق گەڵاڵی: ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا گیرفانی تۆ گەرم ناكاتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف: ئاسایشی خۆراک لە عێراق و کوردستان
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن
د.کامەران مەنتك: كێن دۆستە راستەقینەكانی كورد؟
دلێر محەمەد نوری: مەملەکەتی هێڵە سورەکان!
كەمال چۆمانی: خۆیان شوەیفاتیان هەیە
هیوا عومەر: داخستنی "ھەدەپە" ھەڵکشانی فاشیزمی نەتەویی مەزھەبی و رۆڵی چەپ لەوێدا
دانا سەلام: بۆ ئایندەیەکی باشتر، با لە مێروولە فێری هاریکاری بین