لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

مرۆڤبون و بەختەوەری

Saturday, 05.01.2021, 02:56 PM



مرۆڤبوون مانای فڕێدانی خەمی ڕابردوو نەبوونی ترسە لە داهاتوو ،مرۆڤبوون مانای ئێستایە لە چی ئیستایەكدایە بۆ ژیان و هیچ شتێك ئاسۆی ژیانی لێڵ نەكات و بەختەوەری لێ نەدزێت ،بەختەوەری لەسەر سێ پایە دامەزراوە كە ئەویش لەبیركردنی ڕابردوو ــ سودوەرگرتن لە دەرفەتەكان ــ ئومێدبوون بە ئایندە .هەروەك بیرمەندی زاناو حەكیم لاوتسو پێی وایە "ئەگەر بێت و خەمناك بوویت، ئەوا تۆ لەڕابردوو دەژیت، وە ئەگەریش نیگەران بوویت ئەوا تۆ لە داهاتوو دەژیت، بەڵام هەر كە هەستت بە ئارامی ڕۆح كرد، ئەوا بێگومان لەساتی ئێستادا دەژیت". مرۆڤ بۆ ئەوەی كاتەكانی بەفیڕۆ نەداو كاری ئەمڕۆ نەخاتە سبەینێ ، دەبێ زۆر جوان لەم پەندە تێبگا كە دەڵێت :"كات وەك شمشێرە، ئەگەر نەیبڕی دەتبڕێ!".هەروەك مامۆستا ناصری سوبحانی لەو بارەوە  دەڵێت "ئینسان بگا بە دۆخێك كە نە "خەمی ڕابردوو" مێشكی داگیر بكات، وە نە "ترسی داهاتوو" دەستی لە قوڕگ نابێ". دواجار ڕێگەی گەیشتن بە بەختەوەری بریتییە لەوەی چۆن سود لە ئێستای ژیان وەربگرین و بە گرنگییەوە لە كات و بروانین و بایەخدان بە چۆنیەتی ڕۆیشتن بەڕێگاكە گرنگە نەك گەیشتن بە ئامانجەكە ، چونكە بەختەوەری خودی ڕێگاكەیە نەك ئامانجەكە ، ڕاستە مرۆڤ ناتوانێت ڕابردوو لە بیر بكات ،بەڵام دەتوانێ تێیان پەڕێنێت و نەهێڵێت ببێتە بەربەست لەبەردەم ئایندەو دەرفەتەكان لە دەست بدات .
شاعیرونووسەر و فەیلەسۆفی ئەڵمانی یۆھان ڤوڵفگانگ ڤۆن ــ گۆتە (١٧٤٩-١٨٣٢) دەلێت:" بەختەوەرترین مرۆڤ كەسێكە كەلە ماڵەكەی خۆیدا بەدوای بەختەوەریدا دەگەرێت ". ئەم دەربڕینەی گۆتە دەربڕینێكی جوانە بۆ مرۆڤی هوشیارو بەئاگا ،دەكرێت مرۆڤ لە ناو دونیای سیاسی و ژیانی تایبەتی و خیزان و كۆمەڵگا بێ ئومێد بیێت ، دەكرێت مرۆڤ لە تەوژم و تاریكییەكانی رۆژگارو لە ستەم و جەنجالی بێ ئومێد بێت ، بەڵام نابێت مرۆڤ لە بوونی خۆی و لە خولقێنەری بێ ئومێد بێت ،كاتێك مرۆڤ لە بوونی خۆی بێ ئومێد بێت هەموو خەیاڵەكانی و دەروازەی بیركردنەوەكانی و دەلاقەی هزرییەكانی ئاسۆی ڕوناكیان لێ ئەبرێت، قسەكانم دەگێرمەوە بۆ وتەیەكی "بوزا " كە دەڵێت"بەختەوەری لەسەر ڕێگا دروستدەكرێ، نەك دوای گەیشتن". مرۆڤ بۆ گەیشتن بە بەختەوەری دەبێ كارامە بێت و دڕك و داڵی سەر ڕێگاكەی هەڵماڵێ و كۆسپ و ئاڵنگارییەكانی سەر ڕێگاكەی تێپەرێنێت ، نمونەیەكی تر ڕاماندەكێشێت بۆ تێگەیشتن لە بەختەوەری كە ئەویش دیدێكی جوانی ڕۆماننوسی كۆلۆمبی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ "گابریل گارسیا ماركیز" لە وەسێتنامەكەیدا دەلێت :"زۆر لە ئێوە فێربووم ئەی مرۆڤ، تێگەیشتم هەموو ئەیانەوێ لە لوتكەی چیادا ژیان بكەن، بێئاگا لەوەی ڕازی بەختەوەری لە هەڵگەڕاندایە بەسەر چیاكەدا، نە خودی لوتكەی چیاكە كە خەونی پێوە دەبینن.
مرۆڤبوون ئەوە نییە كە دەستێكمان ئاوو بێت و دەستەكەی ترمان ئاگر بێت ، مرۆڤبون ئەوە نییە بەشێكی رۆحمان فریشتە بێت و بەشەكەی تر ئەهریمەن! مرۆڤبوون ترس نییە لە ژیان و سروشت ،ترسیش نییە لە مردن ، ترس نییە لە ململانێ و ترسیش نییە لە شكست !مرۆڤبون ترس نییە لە خودناسی و ناسینی ئەویتر!مرۆڤبون دەربرینێكی مەولانای رۆمی یە كە دەلێت :"مرۆڤ یەكەیەكە لە ئاوو گڵ و نیوەی لە گیان و دڵ ". واتا مرۆڤ خۆی دەبێ نیوەی ئاووگڵەكەی بدات بۆ بەدەستهێنانی نیوەی گیان و دڵەكە، ئەوكاتیش لاقێكت لە زەوییەو لاقەكەی ترت لە ئاسمان بە ئەوینێكی پاكەوە دەگەیت بە بەختەوەری و خەمی خۆت و ئەوانیتریش لە كۆڵ دەنێیت، هەروەك ئەحمەد شاملوو هاوار دەكات و دەلیت :" بریا دەمتوانی ئەم خەڵكە لەسەر شانەكانی خۆم دابنێم ،تاكو بزانن ئەستێرەی بەختەوەرییان لە كوییە !.
مرۆڤ بونەوەرێکی سەرسەختەو لەودیوی هەربینراوێك بۆ نەبینراوێك دەگەڕێ و وێڵی جیهانی نادیارەو دەیەوێ لەم جیهانەدا كە بووەتە "گوندێكی بچوك" لەمسەری زەوییەوە بۆ ئەوسەری زەوی گەشت بەنێو خەونە وەدینەهاتووەكانیدا بكات ، هێشتا بەشێك لەو پرسیارو گومانانەی مرۆڤ كە لە بارەی ژیان و بوون و سروشت كردویەتی لەبەرگی نادیاریدا ماونەتەوە،بەڵام بەشێك لە گومان و پرسیارەكانی مرۆڤ لەبەرگی نادیاری هاتونەتە دەرو ئاشكرابوون ،واتە نادیاری دوێنێ بووە بە دیاری ئەمڕۆ وبەشێك لەوەڵامی ئەو پرسیارانەی كە دوێنێ بێ وەڵام بوون ،ئەمڕۆ وەڵام دراونەتەوە ،مرۆڤ هەمیشە بونەوەرێكی بە گومان بووە لە ژیان و لە بوون و لە سروشت ، هەتا گومانی لە خودی خۆی و لە هەنگاوەكانی خۆیشی هەبووە ، گومانیش دەستپێكی كاریگەر بووە كە زیاتر بەناو نهێنی و نادیارەكاندا رۆبچێ  و عەقڵ چالاكتر بێت ، گومانیش شێوازێکە بۆ تاقیکردنەوەی تواناو هێز لەناو کردەی گوماندا كە شتێک هەیە بیردەکاتەوەو دەمانگێرێتەوە بۆ  گوتە بەناوبانگەكەی "رینێ‌ دیكارت" كە دەڵێت :" من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم ،من هەم بۆیە بیردەکەمەوە"!. وە دواتریش بیرمەندی جەزائیریی‌و بەڕەگەزنامە فەڕەنسی "ئەلبێر كامۆ"، لەئەدەبی یاخیدا كاریگەری ئەم گووتە بەناوبانگەی دیكارتی بەسەرەوە دەبێت و دەلێت :"من یاخی دەبم، كەواتە من هەم" .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟