وتار
پشتیوانی کام باڵەی مافیاکان بین ؟!
Friday, 08.06.2021, 08:11 PM
دوا روداوەکانی نێوان دەستە مافیارەفتارەکانی ناو یەکێتی و بەتایبەتی بنەماڵەی یەکێتی گەلێك لێکدانەوەی هەمەلایەنەی بۆ کراوە و دەکرێت. ئەوەی ڕاستیە و گومانی لێناکرێت ئەوەیە کە چەندین دەستی دەزگا هەواڵگیریەکانی دەرەکی و ناوچەیی و بنەماڵەی بارزانی لە پشتە. ئامانجی ئەم ململانێ و کودەتایە بەو ئاراستەیەیە کە باڵی لاهور شێخ جەنگی پەراوێز بکرێت و لە مەیدانی سیاسەت و دەسەڵات دوربخرێتەوە. هۆکاری ئەوەش یاخیبونی چەند ساڵی ڕابردوی لاهور و براکانی و دەوروبەریەتی لە ڕێکەوتن و گوێڕاگری بۆ باڵی باڤێڵ- قوباد تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی و لە لایەکی ترەوە بۆ میتی تورك و هاوکاری سیناریۆ ئاسای لاهور بۆ تێکۆشەرانی ڕۆژئاوا و خۆنمایشکردن بە دۆستی تێکۆشەرانی باکور و ڕۆژئاوا. لە پێش هەمو لێکدانەوەیەك بۆ لاهور و پاڤێڵ و قوباد و شاناز و ...هتد لە بنەماڵەی تاڵەبانی بەگشتی ئەوەیە کە ئەو پلە و بنەما سیاسی و دەسەڵاتەی کە پێی گەیشتون لە ئەنجامی مێژوی خەبات و قوربانیدانیان نەبووە بەڵکو میراتگریەکی بنەماڵەییە کە بنەمایەکی ناشەرعی و ناشارستانیانەی هەیە و کەسانی دڵسۆز و بێلایەن و هۆشمەند ناتوانن نکۆڵی لێبکەن. سەرباری ئەو راستیە حاشا هەڵنەگرە، سەبارەت بە دیاردەی میراتی دەسەڵات و بنەماڵەیی زۆر لە تێکۆشەرانی دێرین و ئەوانەی تەواوی لاویان لە شاخ و شاردا لە پێناو ئایدیا بەرزەکانی خۆیان دا (جا ئیتر ئەو ئایدیایانە دروست بوبن یان نا) بەسەربردووە و قوربانیان بۆ داوە، بەڵام ئەمڕۆ لە پیناوی موچەیەکی خانەنشینی یان هەر جۆرێکی تری بەرژەوەندی مادی یان مەعنەوی خۆیان لێبێدەنگ کردووە و سەرشۆری ئەمری واقیع بون. سەەرباری ئەم شێوازە دزێوەی گەیشتن بە دەسەڵات با ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین و بپرسین ئایا ڕابردوی لاهور شێخ جەنگی و براکانی و باڤڵ و قوباد و ئەندامانی تری بنەماڵەی تاڵەبانی هەرگیز نیشاندەری ئەوە بون کە ئەمان ڕۆژێك لە ڕۆژان کەمترین خزمەتیان بە خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان و دانیشتوانی سنوری دەسەڵاتی خۆیان کردبێت؟. لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتیان لە کرداری چەتەگەرانە و سەرانە و قاچاخچێتی و داگیرکردنی موڵکی گشتی و فرۆشتنەوەی خۆیان بەدور گرتبو؟ ئەگەر جارێک باشەیەکیان لەدەستهاتبێت ئەوەش لە لایەکەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و چەواشەکردنی خەڵك بووە و بۆ ریکلامی سیاسی بووە، بەتایبەتی دژایەتی بنەماڵەی بارزانی یان هاوکاریەکی سنورداری ڕۆژئاوا. لە زۆنی سەوز هاوشێوەی زۆنی زەرد بەردەوام گوزەرانی خەڵك بەرە و خراپتر و خراپتر دەچێت. ئەگەر بە بەراورد بە زۆنی زەرد ئازادیەکی سنوردار لەو ناوچەیەدا بونی هەبێت ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بونی گیانێکی ڕوبەڕوبونەوەی زیاتر لە ناوچەی سلێمانی کە لە مێژویدا بەو شێوازە ناسراوە، لە هەمانکاتدا بونی باڵە جیاوازەکانی ناو بنەماڵەی یەکێتی و تاڵەبانی کە لە چاودێری ئەوەدان لایەنێکیان تاوانی ئەوی تریان ئبراز بکاتەوە و لێی سودمەند بن. بە پێچەوانەی زۆنی زەرد کە هێشتا لایەنە دژ بەیەکەکان لە ئاستێکی تری زۆر نابەرامبەرن لە ئاستی یەکتری. لێرەدا نامەوێت لەسەر خراپکاریەکانی باڵی باڤڵ و قوباد و سەرشۆڕی و وابەستەییان بە بنەماڵەی بارزانی بدوێم و ئەوان لای زۆر لە خەڵکی ناوچەکە و سنوری یەکێتی ناسراون و نەخوازراون، بۆیە سەرکەوتنیان و دەسەڵاتداریان کەمتر جێگای مەترسیە و ڕوبەڕوبونەوەیان لە لایەن خەڵکی ئازاد و ناڕازیەوە مەسەلەی کاتە، ئەوەی جێگای مەترسیە لاهور و ڕیکلامە فسفسپاڵەوانیەکانیەتی کە لەو ڕێگایەوە توانیویەتی ژمارەیەکی بێشومار چەواشە بکات و سۆزیان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. تەنها چەند لاف و گەزافێك بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی لە لایەن ئەندامێکی بنەماڵەیەکی تری بەرامبەریانەوە ناکرێت بە تێکۆشان و شۆشگێڕی و ئایدیالیزمەوە تێی بڕوانرێت. کەسانی بە ئاگا و هۆشیار لە شێوازی کاری ئەم جۆرە کەسایەتیە نەخوازراوانە تەنها بە هەمان شێوازی مافیاکانی ئیتالیا تێیان دەڕوانن کە چۆن پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانانیان لە جەنگی جیهانی دوهەمدا دەکرد دژ بە فاشیستەکانی ئیتاڵیا و نازیەکانی ئەڵمانیا. بەڵام ئەمەش مافیاکان و سەرانیانی نەدەکردە دیموکرات و ئاشتی خواز و وڵات و مرڤپەروەر. ئەمڕۆش روبەروبونەوەی شەرمنانەی لاهور بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی ناتوانێت لاهور بکاتە کەسێکی شۆڕشگێڕ و ئایدیالیست. زۆرن لە هاوکاری لاهور بۆ ڕۆژهەڵات دەدوێن و لەو ڕێگایەوە مەدالیای نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریان بەسەنگەوە ناوە. ئەی ئایا چۆن لە مافیاکانی زۆربەی وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بڕوانین کە مشتێ هاوکاری دەدەنە هەژاران تاکو هەستی هەندێك کەس بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و بنەمایەكی بەهێز بۆ خۆیان بنیات بنێن؟! بە کورتی ئەرکی دڵسۆزان و خاك و خەڵك پەروەر ئەوەیە هەواڵی خراپکاریەکانی هەردولایان بخاتە ڕو بە شێوازێکی بێلایەنانە و تێی بڕوانن و وەکو شەر و بەیەکدادانی نێو بنەماڵەیەکی مافیایی تاڵەبانی لەلایەك و دو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خیانەتکار و دوژمن بە خەڵك لەلایەکی ترەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
سامانی وەستا بەكر: دووتاگەریی Dualism
زانا توفیق بەگ: کۆتایی دروشمە تەقلیدییەکان
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: سەپاندنی سیستەمی بنەماڵەیی لەژێر دروشمی پارتی پێشڕهو
میر نێروەی: بتنێ ڤی هەلویستی لهەمبەر دەستەسەرکرنا بەدەل بەرواری وەربگرن
ژیروان دەرگەڵەیی: گەشتێك بەرەو ڪەناراوەکانی خۆرئاوای ووڵات.
ئیبراهیم شێخ وەسانی: بزربوونی کەرەکە بۆ دڵخۆشبوونی ئێمەیە
دلێر محەمەد نوری: کاک مەحموود لە گەڵتا بین؟
نەبەز گۆران: حیزبی مرۆڤە دوو ڕووەكان
د. سەردار عەزیز: دیموکراسی کوردی!
ئاسۆ کەمال: کودەتا نۆرمێکی حزبی میلیشیاییە نەک لادان لەبنەماکانی بێت، تێگەیشتن لەژیانی حزبایەتی لەکوردستان