وتار
هەموو شتێك بۆ حزبی كوردی ئاساییە، خەزنەیەك لەتاوان
Sunday, 08.08.2021, 10:03 AM
دەسەڵات كەسەكان فاسد ناكات، تەنها گەمژەكان ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست فاسدی دەكەن
بەرنادشو
كە دەڵێین ئاساییە، بەو مانایەی رووداوەكانی سی ساڵی رابردوو وەك ئەوەی روویان نەدابێت وایە، تاوانبارانی كەیسە گەورە و بچوكەكان بێ لێپرسینەوە و بێ سزادان و سەركۆنەكردن تێپەرین، رووداوەكانی شەری ناوخۆ، كوشتنی خۆپیشاندەران، كوشتنی ژنان و رۆژنامەنوسان، پلانی فراندن و سەرانەسەندن و كەڵەگایی هەنێ لە بەرپرسەكان، سوتاندنی بارەگای حزبەكان و كەناڵەكانی راگەیاند، تجارەتكردن لەگەڵ داعش و مۆنوپولكردنی بازاڕ، نەوت.. خۆبەدەستەوەدان و چۆڵكردنی ناوچەكان بۆ داعش و حكومەت و عقدە نەوتیەكان، ریفراندوم و بەدەستەوەدانی نیوەی خاكی هەرێم.... ئێوەش دەتوانن دەیان تاوانی دی ریزبكەن بێ ئەوەی كەس سزادرابێت لەسەریان، ئەوەی سەیرە و كەمتر رووناكیخراوەتەسەر هەڵگرتنی ئەم دۆسیانەیە بۆ كاتی پێویست.
واز لە كەرتی تەندروستی و خوێندن و چارەنوسی ئەو هەزاران خوێندكارانەی زانكۆ و پەیمانگاكان بهێنە كە نائومێدانە بروانامەكانیان وەردەگرنەوە، واز لەو ملیۆنان دۆلارە بهێنە بۆ میدیاكان خەرجدەكرێت، واز لە پیسوپۆخڵی شار و وشكبونی سەوزاییەكان بهێنە، تەماشای حاڵی ئاو و بەنداوەكان مەكە، مەروانە خەدری شایستە دارییەكانی موچەخۆران، سەیری ئەو زەلكاوە مەكە كە بەناوی تجارەتی خۆراك و دەرمان و بانزین و جگەرەوە دەكرێت و وا خەریكە هەمووان ئەخنكێنێت. دیقەتبە لەوەی ئێمە كێ حوكمان دەكات، دیقەتبە لەوەی نەوەی نوێ چۆن بێزاربووە لەم جیلە سیاسیەی وەك دەعبا و نەخۆش لە سەدام خراپتریان بەم میللەتە كردووە.
كێشەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و سامان جەوهەری كێشەكانە، ئەوەی سامان و دەسەڵاتی هەبێت یەكسانە بە كەڵەگا، دەسەڵات بەتەنها و سامان بە تەنها دوو نێچیری ئاسانن دەتواندرێت زوو رامبكرێت، هاوكێشەكە لای ئێمە لە نێوان مەعریفە و دەسەڵاتدا نیە، واتە نە دەسەڵاتێكی بە مەعریفەت و نە مەعریفەیەكی بە دەسەڵات نەبۆتە كێشە و نەبۆتە جێگەی مناقەشە، ئەوەی هەیە و هاوكێشەكانی دەسەڵات رێكدەخات هێز و سامانە، بە سەرنجی ئەوەی سامان دیوە هەر ناشرینەكەی دەسەڵاتدارێتی كوردیە، هەرچی بەرپرسی زیندوو و مردوو هەیە چیرۆكێكی ناشرینی لەگەڵ ئەم دوو چەمكە هەیە.
بەڵام ئەوەی تائێستا كەمتر رووناكیخراوەتەسەر ئەو تاوانانەیە كەلە شوێنێكی قایم هەڵگیراون بۆ كاتی پێویست، وەك جبەخانەیەكی جەنگی سارد ساز و ئامادەیە تا نەیارەكان لەكاتی خۆیادا باجەكەی پێبدەن، لەم پرۆسەیەدا دەسەڵاتداران حەزدەكەن هەموومان یەك دوو تاوانمان هەبێت لای خەزنەی تاوانەكان ئەوان هەڵگیرابێت، لەمەدا كەس بێبەری نیە، هەیە تاوانی كوشتنی ژنان و رۆژنامەنوسانی بۆ خەزنكراوە، هەیە تاوانی بەفیرۆدانی سامانی گشتی، تاوانی ژەهرخواردووكردن، هەیە فلمی سیكسی هەیە، هەیشە یەك دنیایە بەڵگەنامەی سیخوریكردن و فایلی گەرموگوری بۆ هەڵگیراوە، هەیە یاریكردنی بە پشك و فریودانی خەڵك و قەرز و دزی ..هید بۆ سەیفكراوە، هەیشە عقودی نەوت، بەدەستەوەدانی جەبهەكان، تا دەگاتە تاوانی گەورەتر وەك خیانەتی نیشتمانی و كلكایەتی.. ئەم خەزنەیە رۆژانە ئەبدەیت ئەكرێتەوە و بریتیە لە رۆحی دارزاوی ناسیونالیستی كوردی.. برواناكەم كەسێك هەبێت لەو خەزنەیەدا فایلی نەبێت، لە ئیدارەدانی هەموو شتێكدا خراپ و بێكەڵك بن لەمەدا واتە ئەرشیفەكردنی دۆسیەكانی ئەم خەزنەیە یەكەمن.
رووداوەكانی ئەم دواییە هەموویان لەو خەزنەیەوە سەرچاوەدەگرێت، بیهێنە پێشچاوی خۆت تۆ كەسی یەكەمی دەزگایەكی سیخوریت بە راست و چەپ ئازاری ناحەقیانەی خەڵكداوە، سەرانەت سەندووە باڵتراوەشاندووە بەسەر كوری فەقیری ئەم میللەتەدا و بە پارەی نەوت دەزگایەكی زەبەلاحی اعلامی خۆتت هەبووە، لە پرێكدا دەست دەبەن بۆ خەزنەی تاوانەكان كارتی ژەهرخواردووكردنت بۆ رادەكێشن و سحری خۆت و پارە و دەسەڵاتت خاڵی دەكەنەوە، ئەمە راستە بۆ هەموو ئەوكەسانەی ئاسان دەكەونە گەمەی هاوكێشەكانی هێز و دەسەڵات، ئاسان دەكەونە ئەو تۆڕەی بە گەندەڵی و كوشتن و دزی و فسادی اداری و مالی تەندراوە.
تەشكلەی حزبی دەسەڵاتدار جۆرێكە لە پێكهاتەیەی نەزاندراو و نەبیندراو، هەڵبەت بەو مانایەی ئەوەی لەسەر دەستی ئەم حزبانە روودەدات شتێكە پێشتر نەزاندراوە و نەبیندراوە، بەڵام كە پێویست بكات دەبیندرێت و دەزاندرێت، هەموو شتێك بریتیە لە نەزاندراو تا ئەو ساتەی پێویست دەكات بزاندرێت ئیدی چیرۆكەكان دەستدەكەن بە گێرانەوە.
ئەو رۆژنامەنوسانەی دەسگیركران، لیستێك تاوانی فابریكەكراویان بۆ هۆنینەوە، ئەو تاجرانەی رسواكران لیستێك پێشێلكاریان بۆ ریزكران، ئەو ژن و كچانەی بە ئازارەوە كوژران دنیایەك تۆمەتیان بۆ ریزكرا، ئەو گەنج و مناڵانەی لە رێگەی سەرهەڵگرتنیاندا خنكان دنیا چیرۆك لە پشتیانەوە ئامادەیە.
ئەم بەسەرهاتانە و دەیان چیرۆكی تر قەڵەم بەدەستەكانی حزب ئەو بێژەرانەی هەر رۆژەی لە شاشەیەك دەردەكەون دەینوسنەوە و دەچێتە نێو خەزنەی تاوانەكان بۆ رۆژی خۆی و لەكاتێكی پێویستدا دەستیبۆدەبرێت و ئاشكرادەكرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
شەماڵ عادل سەلیم: كۆماری سێدارەو پۆشینی جلی کوردی!
عوسمانی حاجی مارف: دەبێت لاهور دادگایی بکرێت
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: پشتیوانی کام باڵەی مافیاکان بین ؟!
سامانی وەستا بەكر: دووتاگەریی Dualism
زانا توفیق بەگ: کۆتایی دروشمە تەقلیدییەکان
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: سەپاندنی سیستەمی بنەماڵەیی لەژێر دروشمی پارتی پێشڕهو
میر نێروەی: بتنێ ڤی هەلویستی لهەمبەر دەستەسەرکرنا بەدەل بەرواری وەربگرن
ژیروان دەرگەڵەیی: گەشتێك بەرەو ڪەناراوەکانی خۆرئاوای ووڵات.
ئیبراهیم شێخ وەسانی: بزربوونی کەرەکە بۆ دڵخۆشبوونی ئێمەیە
دلێر محەمەد نوری: کاک مەحموود لە گەڵتا بین؟