وتار
ڕیشەکانی سیستەمی دیکتاتۆری لەناو دەسەڵاتی کوردیدا
Monday, 08.09.2021, 06:41 AM
دەسەڵاتی سیاسی كورد لەباشوری کوردستان لەھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوە و دوچاری قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵ بووە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە كولتووری ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس تێپەڕێنێت، سیستەم و موئەسەسات دروست بكات، ئازادی فەراھەم بكات و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت. یەكێتی و پارتی و نوخبە سیاسیەكانی ناو ئەم دوو حیزبە نەك ھەر ئەم بەھایانەی لەكۆمەڵگەدا جێگیر نەكرد، بەڵكو لە نائاگایی و نا-ھوشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بە وەزیفەكانی زانست و فیكری سیاسی مۆدێرن، كۆمەڵگەی ئێمەیان ئیفلیج كرد و ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسیەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاند و حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.
گەندەڵی و نادادپەروەری و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە سیما دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێكی وەحشیگەر بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەكات. دەسەڵاتی كوردی زۆربەی سرروشت و تایبەتمەندیەكانی كولتووری تۆتالیتاریزمی تێدایە.
ھەموو دەسەڵاتێكی ستەمكار و دیكتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت، بۆیە ھەمیشە بە سەدان ماسكی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی حەقیقەت سەركوت دەكات و ناشیرینیەكانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لەڕێگەی كوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەكردن ھەموو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەكان بێدەنگ دەكات، ھەموو ڕێگەیەكی نا ئەخلاقی دەگرێتەبەر، دژ بەھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستێتەوە كە ئیش لەسەر كەشفكردنی حەقیقەتەكان دەكەن. بۆئەو مەبەستەش ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانین، چونكە ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ڕەخنەگرە ئازاكانی كۆمەڵگەی ئێمە بونەتە مانفێستی كەشفكردنی دیوە بەد و ناشیرنەكەی دەسەڵات، بونەتە ھەوێنی حەقیقەت و لابردنی ماسك و ماكیاژی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی و پارتی.
ھەموو دەسەڵاتێكی تۆتالیتار لەسەر كوشتنی ڕەخنە و كپكردنی دەنگی ئازاد ئیش دەكات، لەسەر دروستكردنی مۆدێلی كۆمەڵگەی بێدەنگ «كردنی كۆمەڵگە بە بێدەنگخانە»ئیش دەكەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمان وایە سەردەمی ئێمە سەردەمی ڕەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگیەك نەشتەرگەری جوانكاریە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و كولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەكات. لەھەمانكاتدا كاتێك ڕەخنە دەمرێت ھەیەجانی دیكتاتۆری بەھێزتر دەبێت.
ھەڕەشەكردن، ڕفاندناندن و تیرۆری نھێنی، لێدان و سوكایەتی پێكردن، تەقەكردن....ھتر بەرامبەر بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و ڕەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی. ھەموو ئەمانەو زیاتریش ھەیەجانی دیكتاتۆری و كەشوھەوایەكی پۆلیسی لە كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردووە.
ھەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی وەكو ئەركێكی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە پێویستە ببێتە بەرگریكارێكی ڕاستەقینەی دادپەروەری و دژە گەندەڵی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەكێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاری بكات لەپێناو: چاكەی گشتی، ھێنانەدی گۆڕانكاری سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵی و پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ. پێویستە ئینسانی كورد دژی ئەو سیستەمە نامۆڕاڵی و ناشارستانیە بوەستنەوە كە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێك كە بەردەوام كاردەكات بۆ وێرانبوونی سایكۆلۆژیای مرۆڤی كورد و بێبەھاكردنی ئینسان.
دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی كولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی. تیرۆری فیكری و كەسایەتی ئینسانی كورد دەكەن، دەمانكوژن، جا كوشتنی جستەیی بێت یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنوس و نوسەر و ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەكانی خۆیان. بۆیە ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ قوربانی یەكەمن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. چونكە ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرانی سەربەخۆ كەشفكەری زۆنە تاریكەكانی سیستەمێكی گەندەڵ و مانفێستی شكست و داڕزانی ئەخلاقی سیاسی یەكێتی و پارتین. ئەم فۆڕمە لە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران بێ ھیچ بەرژەوەندیەكی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی دەنوسن، تەنھالەپێناو ھەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی كۆمەڵگەو گێڕانەوەی شكۆو بەھاو ئیعتیبار بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یاسایی لە كۆمەڵگەدا.
یەكێتی و پارتی لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی «ئابووری، دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ھێزە چەكدارەكان»و ھەموو كایەكانی تری كۆمەڵگە، درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم مۆدێلە دیكتاتۆریە ھەتادێت پایەكانی دەسەڵات خۆی بەھێزتر دەكات، لەڕێگەی: گەندەڵی ئابووری و سەربازی و یاسایی ، ترساندن و تۆقاندن و تیرۆركردن، ھەروەھا لەڕێگەی وەگەرخستنی دەزگا كولتووری وپەروەردەیی و میدیایی و...ھتر بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەكان.
مرۆڤی كورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات كە ئازادی لەھەموو شتێك گرنگترە، تەنھا ئازادی دەتوانێ مرۆڤ و كۆمەڵگەی ئێمە ڕزگاربكات. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بكەین و بەرەنگاریەكی عەقڵانی دژ بە كولتووری سیاسی یەكێتی و پارتی سەڕێگابخەین. ھیچ گروپ و ڕێكخراوێكی سیاسی بۆی نییە بەناوی ھیچ موقەدەسێكی سیاسیەوە خودی ئازادی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
بۆئەوەی لەم سیستەم و كولتورە سیاسیە نا-عەقڵانی و نا-مۆڕاڵیە نەجاتیمان بێت كە یەكێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری عەقڵانی و سەرڕێگاخستنی جوڵانەوەی كۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی كردەیەكی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
حاکم شێخ لەتیف: نەخێر ھەرگیز سەردەمی بەعسیش وانەبوە
مەریوان عەلی: هەموو شتێك بۆ حزبی كوردی ئاساییە، خەزنەیەك لەتاوان
شەماڵ عادل سەلیم: كۆماری سێدارەو پۆشینی جلی کوردی!
عوسمانی حاجی مارف: دەبێت لاهور دادگایی بکرێت
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: پشتیوانی کام باڵەی مافیاکان بین ؟!
سامانی وەستا بەكر: دووتاگەریی Dualism
زانا توفیق بەگ: کۆتایی دروشمە تەقلیدییەکان
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: سەپاندنی سیستەمی بنەماڵەیی لەژێر دروشمی پارتی پێشڕهو
میر نێروەی: بتنێ ڤی هەلویستی لهەمبەر دەستەسەرکرنا بەدەل بەرواری وەربگرن
ژیروان دەرگەڵەیی: گەشتێك بەرەو ڪەناراوەکانی خۆرئاوای ووڵات.