وتار
ئۆلیڤەر کرۆموێلەکانی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ گورک دەخۆن و لەگەڵ شوانیش دەگرێن
Wednesday, 08.11.2021, 04:26 PM
خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بەدەست دوو حزبی ئۆلیگارشی ( یەکێتی و پارتی ) لەهەموو بوارەکان ( سیاسی ، ئابوری ، كولتوری ، کۆمەڵایەتی ، خزمەتگوزاری) دەناڵێنن و رۆژ لەدوای رۆژیش ئاستەنگ و کێشەکانیان قوڵترو زەبەلاحتر دەبێت .
دیارە ئەو خەڵکە ناڕازیەش دوای ئەوەی خەباتی شەقام و چاڵاکییەکانیان بەزەبری هێزو لێدان و گرتن و بەتۆمەت بەشینەوەو، بەهەنجەتی جۆراوجۆری دەسەڵاتی داپلۆسێنەری هەردوو حزب ( یەکێتی و پارتی ) چوارچێوە گیرکرا ، ئەمڕۆ تاکە شوێن کە خەڵک بتوانێت نارەزایەتیەکانی تا ڕادەیەک بە ئازادی تیایدا دەرببڕێت ،سۆشیاڵ میدیاو چەند ماڵپەر و رۆژنامەیەکن کە خەڵک بەئازادی دەردەڵی خۆیی تیایدا دەکات .
لە بەرامبەری ئەو دەنگە ئازادانەش سوپایەک لە قەڵەم بەدەستی چاکەت و پانتۆل و یەلەگ لەبەرسەنگەریان لێ گرتوون و، لە کەناڵە جیاجیاکانی حزبەکان بونەتە زوڕنا ژەنی دەسەڵاتی هەربێنەی کوردستان . ئا ، ئەوانەی لەگەڵ گورک دەخۆن ولەگەڵ شوانیش دەگرێن !
خەباتی سۆشیال میدیا :
دیارە دەسەڵاتی هەرێم ، یان باشتر بڵێم دەسەڵاتی هەربێنە ی هەرێم ،خەباتی خەڵکی ناڕازیی لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بەدڵە ، چونکە باش دەزانێت بە هاوار و ناڕەزایی دەربڕین ، دەسەڵات ناروخێت ، ئەوان باش دەزانن کۆمێنت و وتارنووسین هیچ لەبابەتەکان ناگۆڕێت . هەراج کردنی کەرتی گشتی ، دزییەکان ، تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵک ، فەرهود کردنی قوتی خەڵک ، کپکردنی دەنگە بوێرەکان ، شکاندنی قەڵەمە ڕاستگۆکان بەردەوامی دەبێت ، ئەوەی بەدلیشی نەبێت ، خۆیان گوتەنی دەتوانێت هەرێم جێبهێڵت، وەک ئەوەی ئەوان خاوەنی هەرێمی کوردستان بن ولە باوکیانەوە تاپۆی ڕەشیان بۆ مابێتەوە!
بەلێ دەسەڵاتی جوت حزبی ئۆلیگارشی ئەمڕۆ سیاسەتی ئۆلیڤەر کرۆموێل - Oliver Cromwell – بەرامبەر خەلکی ناڕازی هەرێم پەیرەو دەکات ، بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەمڕۆ کە سۆشیال میدییای تەنیوە ، دەسپێکی ڕاپەڕینێکی جەوماریی سەرتاسەریە بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەوزوڵمەی کە ٣٠ ساڵە بەرامبەر خەڵکی بێ نازیی هەرێم دەکرێت .
سیاسەتی بێباکی ئۆلیڤەر کرۆموێل ؟:
ئۆلیڤەر کرۆموێل (١٥٩٩ـ ١٦٥٨ ) فەرماندەیەکی سەربازیی و سیاسی ئینگلیزی ومەسیحییەکی توندڕەو و ڕادیکالی تاک ڕەوی سەردەمی خۆی بوو ، توانی بە ھۆی شۆڕشی خەڵک و لایەنگرانی پارلەماندا بەسەر پاشای ( ئینگلتەرە و ئایرلەندە و ئوسکتلەندە ) چارلزی یەکەم (١٦٠٠ ـ ١٦٤٩ )وپاشایەتیخوازەکان سەرکەوێت. ئەوە بوو حوکمی سەرپەڕاندنی پاشای دەرکرد و لە ٣٠ی کانونی دووەمی ساڵی ١٦٤٩دا لە لایەن ھەندێک لە پارلەمانتارانەوە سەری پاشایان لەبەردەم خەڵکدا پەڕاند و، کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی وچینی ئەرستۆکراتی فیوداڵيی هێنراو، دەسەڵاتی بۆرژوازی و پەرلەمان بە رابەری کرۆموێل چەسپا .
هێندەی نەبرد کرۆموێل وێنەی توندڕەویی و تاکڕەوی ڕاستەقینەی خۆی بۆ خەڵک ئاشکرا کرد ، بیڕواباوەڕە جیاکان و ئازادی تاکی تاڕادەیەکی زۆر سنووردارکردو، دەستی بە گرتن و ئازاردانی خەڵکی ناڕازی کرد.
لە و سەروبەندەدا رۆژێک راوێژکاری کرۆموێل بەپەلە دێتە لایی و هەواڵی گردبوونەوەی خەڵکی توڕەو ناڕازی لەبەردەم کۆشکەکەی پێدەدا و دەڵێت : گەورەم خەڵکێکی ناڕازی زۆر لەبەردەم کۆشکەکەت کۆبونەتەوەو هۆراو هوتاف لەدژی تۆ لێدەدەن!
ـ کرۆموێل: ئایا خۆپیشاندەرەکان چەکدارن ؟
ـ راوێژکار: نەخێر !
ـ کرۆموێل بەزەردەخەنەوە: لێیان گەرێن ، لێیان گەرێن با هاوار بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن !
دیارە کرۆموێل وەک سەرکردەیەکی سەربازی باش دەیزانی تەنها بە ڕاپەڕینی چەکداریی گۆڕانکاری دەکرێت ، بۆیە لە خۆپیشاندەرە بێچەکەکان و داواکارییەکانیان بێباک بوو .
بەڵام خۆشبەختانە حوکمی سیاسی ئۆلیڤەر کرۆموێل کورت بوو و بە مردنی کۆتایی پێ هات.
پەشیمانی دادتان نادات :
لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ، کرۆموێلەکانی دەسەڵاتی هەربێنەی هەرێم ئەمرۆ زۆر بێباکن بەرامبەر داخوازیەکانی خەڵکی بێنازی هەرێم ، ئەو هەرێمەی کە بە سەدان هەزار گەنج و لاوی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تیایدا بێكارن و لە بازنەی دخراوی بێ ئومێدیدا دەخولێنەوە و ،بەسەدانیشیان رۆژانە لەدەست مافیاو چەتەی حزبی رێگای مەرگ و هات و نەهات دەگرنە بەر ، بەوهیوایەی کە لە شوێنێکی دیکە هەڵی كاریان بۆ بڕەخسێت و، وەک گەنجی وڵاتانی دونیا ژیانێکی شایستە بەمرۆڤ بگوزەرێنن .
ئەمرۆ لەم دەڤەرەی ئێمەدا ، خەڵک بەسیستەماتیک برسی دەکرێت ، شکۆی دەشکێندرێت ، بچوکترین مافی لێ زەوت دەکرێت ، بۆیە دەبینین رۆژ دوای رۆژ خەڵک رقی لەم دەسەڵاتە ئەستورتردەبێت ، نارەزایەتی خەلک شێوازی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و دەنگەکان زوڵال تروبەرزتردەبن .
پێمان وایە ئەم نارازیبونەی ئەمرۆ کە سوشیال میدیای گرتۆتەوە ،سەرەتایەكە بۆ ڕاپەڕین وهەستانەوەی برسییەکان و مافخوراوەکانی ئەوهەرێمە خێرلەخۆنەدیوە ، ئەو هەستانەوە جەماوەرییەی ﮐﻪ درﻧﮓ ﯾﺎ زو یەخەی دەسەڵاتی جوت بنەماڵەی هەرێم دەگرێت ،بەتایبەتی ئەگەر دەسەلات وەک ئێستا بەسیستەماتیک لە برسیی و تینوکردنی خەڵک و فەرهود کردنی سەروەت و سامانی میللەت بەردەوام وبێباک بێت .
باشترین نمونەش ڕاپەڕینی ئاداری ٩١ ی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانە دژی ریژێمی بەعس، کە تاهەتایە (ئەمنە سورکە )چیرۆکی خەڵکی ڕاپەریوی هەرێمی کوردستان دژی زوڵم و زۆرداری فیرعەونە بەعسییە کان دەگێرێتەوە .ئەو ڕاپەڕیوە داخ لەدڵانەی کە بەچەند رۆژێک تەخت و تاراجی بەعسییە فاشستەکانی هەڵتەکاند و ئاڵای سرکەوتنیان لەسەر کۆشک و باڵەخانەو بارەگا بەرزو ترسناکە کانیان بەرزکردەوە .
هیوادارم دەسەڵاتی کوردی بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە وبەجدی بەخۆیدا بچێتەوە،چونکە دوایی پەشیمانی دادی نادات .
١١ / ٨ / ٢٠٢١
رۆژی گردبوونەوەی خەڵکی گەرکی باداوەی هەولێر بەهۆی بێ ئاوییەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
ئارام سەعید: وەهمی دیموکراسی!
دلێر محەمەد نوری: ئەخلاقی سەربازی کورد لە شەنگال و ناوچە چۆڵکراوەکاندا
لەشکر قادر ڕەسوڵ: ڕیشەکانی سیستەمی دیکتاتۆری لەناو دەسەڵاتی کوردیدا
حاکم شێخ لەتیف: نەخێر ھەرگیز سەردەمی بەعسیش وانەبوە
مەریوان عەلی: هەموو شتێك بۆ حزبی كوردی ئاساییە، خەزنەیەك لەتاوان
شەماڵ عادل سەلیم: كۆماری سێدارەو پۆشینی جلی کوردی!
عوسمانی حاجی مارف: دەبێت لاهور دادگایی بکرێت
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: پشتیوانی کام باڵەی مافیاکان بین ؟!
سامانی وەستا بەكر: دووتاگەریی Dualism
زانا توفیق بەگ: کۆتایی دروشمە تەقلیدییەکان