وتار
تاڵیبانو ئیسلامییەكانی هەرێم
Tuesday, 08.17.2021, 03:16 PM
هیچ لۆژیكێك ڕێگەنادا ئەم دووانە بەراورد بكەین، گەر كەمێك واقیعی لە چوارچێوەی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، تاڵیبان بووە بە شوێنگرەوەی سیستەمێكی پیسخۆر، كە _ئەمریكا_ كولبوو بە دەستییەوە و نەیتوانی چارەسەری پیسخۆرییەكەی بكات، ناچار لەگەڵ شوێنگرەوەكەیان، كە _تاڵیبان_ ە، ڕێككەوتنی كرد و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ڕوویدا. ئەو دڵخۆشییەی ئیسلامییەكانی هەرێم جۆرێكە لەوەهم، وەهمێك بەبێ ئەوەی ڕابردووی خۆیان ببینن، بەبێ ئەوەی بزانن تاچەند خزاونەتەوە ناو سیستەمە پیسخۆرەكەوە، خۆیان بەراورد دەكەن بە_تاڵیبان! با بزانین بەو جۆرەیە؟
تاڵیبان خاوەن بڕوای خۆیەتی، ئیسلامییەكانی هەرێم مشەخۆری ناو سیستەمی دەسەڵاتن. تاڵیبان، بیست ساڵە لەبەرگریدایە تەنها بۆ ساتێكیش سازشی لەسەر پرنسیپەكانی خۆی نەكرد، ئیسلامییەكانی هەرێم، سی ساڵە وەك مشەخۆرێك لكاون بە سیستەمی دەسەڵاتە پیسخۆرەكەوە، هەم بەژدارن تێیدا، هەم كۆڵەكەیەكن بۆ ڕاگرتنی سیستەمە پیسخۆرەكە و دەشیانەوێت بە گوتاری ئایدۆلۆژی و فریودەرانە سیمای خۆیان لەبەرچاو بگۆڕن. تاڵیبان، سەركردەكانیان لەناو ئەشكەوت و شوێنەكان خۆیان دەشاردەوە تا نەكوژرێن، سەركردە ئیسلامییەكانی هەرێم، وەك هەموو پیسخۆرەكانی ناو دەسەڵاتەكە، خۆیان بە پلەی باڵا ماڵنشینكرد و مانگانە باوەشێك پارەی نەوت و قاچاخ و گومرگی حەڵاڵیان بۆ دەچێتە ماڵەوە، سەرقاڵی خانووی گەورە و كۆشكن، منداڵەكانیان لە ڕۆژئاوا و خوێندنگە تایبەتییەكان دەخوێنن، بە ڕیز ئۆتۆمبێلی بە دوایانەوەیە، لەسەر داهاتی گشتی میدیای بینراو بیستراویان هەیە، دۆستی نزیكی پیسخۆرەكانن، سەرقاڵی مانگی هەنگوینی تازەن، ژیانە شاهانەكەیان لەگەڵ ژیانی پیسخۆرێك وەك یەكە و سەرچاوەی هەردووكیشان داهاتی گشتییە، جیاوازییەكەیان لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی كۆڵەكەی پیسخۆرییە تەنها نمایشیانە لە تەنیشت ئاینەوە.
سەركردایەتی تاڵیبان، سەركردایەتییەكە لەسەر بەرگریكردن لە بنەما دینییەكان نیوەیان كوژران، بەشەكەی دیكەشیان لەبەرگریدا بوون، بە هەموو بڕوایەكەوە لە پێناو نەخشە و ئایدیاكانی خۆیاندا هەنگاویان ناو جەنگان، زلهێزێكیان ناچاركرد لەگەڵیان ڕێكبكەوێت و سیستەمێكی سیاسیی بخاتە ژێر دەستیان و بەشوێنگرەوەیان بزانێت، سەركردایەتی حیزبە ئیسلامییەكانی هەرێمیش، چوونە ناو سیستەمەكە، بە پلەی باڵا خۆیان ماڵنشینكرد، لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وەك نمایشكار خەریكی سپۆنسەرن بۆ كارە بچوكەكانیان، هیچكامیان نییە لەسەر داهاتی گشتی ژیانی خۆی و نەوەكانی بونیاد نەنابێت، گەر پارەیەكیش لەم و لەو وەربگرن نەك لە گیرفانی خۆیان، وەك درۆزەكەرێك مرۆڤی هەژار دەهێننە ئاستی داڕزین و پاڕانەوە پیشانی دەدەن، تا وێنەی خۆیان لەبەردەم حەشاماتێكدا پێ بڕازێننەوە و شكۆی هەژاكەش بشكێنین، بەڵام خۆیان و ماڵ و منداڵایان لەسەر ئەو پارانە دەژین موڵكی گشتییەو بە یاسا چەوتەكانی سیستەمە پیسخۆرەكە دەچێتە ماڵەكانیان.
ئەمانەو چەندین خاڵی دیكەی جەوهەری دێنە بەردەمان، كە ناشێت _تاڵیبان_ لەگەڵ ئەم ئیسلامییە مشەخۆرانەی ناو سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم بەراورد بكەین و شاگەشكەبوونیان وەك شوێنگرەوە بكەن بە وەهمی خۆیان، ئەگەر گۆڕانكارییەك لە سیستەمەكەشدا ڕووبدات، بەرپرسێكی ناو دەسەڵاتە پیسخۆرەكە و بەرپرسێكی ئیسلامییەكان پێكەوە دەبینرێن و پێكیشەوە دەمیان خستوەتە ناو كێكەكە، بۆیە خۆ بە شوێنگرەوە زانینیان جۆرێكە لەو كۆمیدیایەی _گوارێك_ ئەنجامی دەدا. (گوار... بەچكە كەو، كە خۆی دەشارێتەوە سەری دەكا بە بن بەردێك و لاشەی بە دەرەوەیە، وادەزانێت سەری بشارێتەوە ئیتر ڕاوچی نایبینێت! ئیسلامییەكانی ئێرەش هەوا دەكەن و دەشیانەوێت وەك _تاڵیبان_ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت!) ئەشێت بۆ ئایندە بە بەژداری _تاڵیبان_ لەناو سیستەمدا، قسە لەسەر ئەوە بكرێت ئەوانیش وەك ئیسلامییەكانی تر دەست دەكەن بە پیسخۆری، یان لەسەر بڕوا دینییەكەی خۆیان دەمێننەوە، ئەمە جارێ ڕوون نییە.
ئەو دیدگایەی لەسەر _تاڵیبان_ی پێشوو هەبوو، لەگەڵ ئەم _تاڵیبان_ەی ئێستا كەمێك گۆڕانكاری تێدا كراوە، بزانین ئەو گۆڕانكاریانە چین. ئەمڕۆ: كەناڵی _تڵوع_ ئەم هەواڵانەی بڵاوكردەوە:" یەكەم. شارەوانییەكانی ویلایەتەكان بە ستافەكانی خۆیانەوە گەڕانەوە سەركاری خۆیان، هاتووچۆ دەستی بەكارەكانی خۆی كردەوە، چاوەڕێی گۆڕینی بەرپرسەكانیان دەكرێت. ئەمڕۆ بڕیاردرا خوێندگاكان ئاسایی بن و كچان و كوڕان بتوانن تێیدا بخوێنن، كێبخانە و بازاڕەكان بەرەو كرانەوە دەچن، فەرماندرا هەر چەكدارێكی تاڵیبان هەڵكوتێتە سەرخەڵك سزا بدرێت.
تاڵیبان لێبوردنی گشتی بۆ ئەوانە دەركرد پێشوتر لەگەڵ ئەمریكاییەكان یان سیستەمی حوكومڕانی پێشودا بوون. هەرسێ سەركردە_كارزای، حیكمەتیار، عەبدوڵا، ماڵەكانی خۆیان جێنەهێشت و لە سێ پەیامدا داوایان لە خەڵكی كرد ڕانەكەن، چونكە لیژنەیەكیان پێكهێناوە گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی تاڵیبان دەكەن بۆ چارەسەركردنی ئاسایش و پڕكردنەوەی بۆشایی بەڕێوەبردن."(1) لە هەواڵەكانی دیكەدا هاتووە:" سەركردە باڵاكانی تاڵیبان هێشتا نەگەڕاونەتەوە و لە دەوحە لەگەڵ ئەمریكایەكان و هاوپەیمانە عەرەبەكان لە گفتوگۆدان، لەوێوە سەرپەرشتی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكەن."(2) سەرۆكی ئەمریكا بە ڕاشكاوی دەڵێت:" ئێمە ئیتر ناتوانین لەوە زیاتر لە ئەفغانستان و عێراق بمێنینەوە، ئەم پەیامەشی گەیاندوەتەوە سەرۆكی حوكومەتی عێراق، و پێشوتریش بە سەرۆك غنی ئەفغانستانی ڕاگەیاندوە. لەهەمان كاتدا سەفیری ئەمریكا ئەو هەواڵانەی بە درۆخستەوە ئەفغانستانی جێهێشتبێت."(3)
بە پێی زانیارییە میدیاییەكان، لە ڕێككەوتنەكەدا دوو خاڵی جەوهەری ئاماژەیان پێدراوە، یەكەم: ڕێزگرتن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ، دووهەم ڕێگریكردن لە داعش و توندوتیژی، كە بۆ ئاسایشی ئەمریكا و ڕۆژئاوا خراپە.(4) بەم پێیە، ئەمریكا گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی _تاڵیبان_ لەم ساتەدا دەتوانێت هەردوو خاڵەكەی بۆجێبەجێ بكات، بۆیە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەكە ڕوویداوە، ئەوەی تەنها جێگەی سەرنجە لای ئەمریكایەكان ئەوەیە:" بڕیاربوو ماوەی سێ مانگ ئاڵوگۆڕەكە ڕووبدات، بەڵام زوتر ڕوویدا، كە ئەمەش هەندێك پەلەپەلی پێوە بوو.(5) بەبێ ڕێككەوتن ئەم دیمەنەی دەیبینین ڕووی نەدەدا، ئەمریكاییەكان هەمیشە ئەو كارە دەكەن بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان و ئاسایش و ئارامی خۆیان گرنگ بێت. كشانەوەشیان لە _عێراق_ بە تایبەت بۆ هەرێم كاری لە پێشینەیە، بەڵام نە لە _عێراق_ نە لە هەرێم_ شوێنگرەوەیەكی وەك _تاڵیبان_ نییە تا ڕێككەوتنی لەگەڵ بكەن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی لێدروست بكەن، بەڵكو جێی دەهێڵن بۆ ئەو گروپ و تاقم و هێزانەی هەریەكەیان سەر بە هێزێكی دەرەكییە.
بەڵام ئەمڕۆ لە كەناڵی _تلوع_ هەواڵێك بڵاوكرایەوە، نازانرێت تا چەند ڕاستە، گوایە (محەمەد ئیسماعیل خان) بەرەو ئێران ڕۆیشتوە. ئەم سەركردەیە ویلایەتێكی بە دەستەوەیە، هێزی میلیشیای هەیە، یەكێكە لە بەرگریكارە سەرسەختەكان دژی شەڕی ڕوسیا، پاشان شەڕی تاڵیبان، پێری خۆی تەسلیمكرد، كەچی ئەمڕۆ هەواڵەكان شتی دیكە دەڵێن! بۆچوونێكی دێرین هەیە دەڵێن: نزیكە لە ئێران، گەر ئەم هەواڵە ڕاستبێت، لەوانەیە ئێرانییەكان نیگەران بن لە ڕێككەوتنەكەی _تاڵیبان و ئەمریكا_، ئەم پیاوە بەرەو ئەوێ ڕۆیشتبێت كە خاوەن نفوس و چەكداری خۆیەتی، بێگومان لەوسەرەوە بگەڕێتەوە بە پاڵپشتی ئێرانییەكان میلیشیاكانی بەهێز دەكات و دورنییە شەڕێكی ناوخۆ دروست بكات. بەڵام ڕۆیشتنی ژەنەراڵ _عەبدولڕەشید دوستم و سەرۆك غەنی _هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، دوو كارەكتەری پیسخۆربوون پێشوتر هیچیان پێنەكرا، لە داهاتووش هیچیان پێناكرێت جگە لە نەفرەتی خەڵك.
ئەوەی لە ئێستادا ماوەتەوە، سێ سەركردە دیارەكەی ئەفغانستانن (حیكمەتیار، كارزای، عەبدوڵا) كە هەرسێكیان پێكەوە گروپێكی ئاشتیان دروستكردوە و بەردەوامن لە گفتوگۆ لە نێوان تاڵیبان و ئیدارە ڕوخاوەكە و خەڵكدا، بۆ ئەوەی چارەنووسی وڵاتەكە بەرەو شەڕێكی دیكە نەڕوات. ئەم سێ سەركردەیە لەوە تێدەگەن ئەمریكایەكان و ئێرانییەكان دەیانەوێت لە ڕێگەی سێبەرەكانیانەوە لەناو خاكی ئەفغانستان ململانێكانیان بكەن و لەوەش دەترسن شەڕێكی ناوخۆ دروست بێت، بۆیە لە پەیامەكانیان بۆ هەموو لایەنەكان ئەوەیە، وەرن پێكەوە گفتوگۆبكەین بۆ دروستكردنی ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵك، تا ئەم ساتەش كە زۆر زووە، شتێكی زۆر مەترسیدار ڕووینەداوە، هێشتا تاڵیبان لە شاگەشكەبوونی سەركەوتندایە، حوكومەت و لایەنەكانی دیكەش لە شۆكی ڕوخاندا، بزانین لە ئایندە چارەنووسی ئەو گەلە بەدەس هێزەكان و سیستەمە نوێیەكەوە چی بەسەر دێت.
سەرچاوەكان
_(1)_ گلوع، گزارش حسیبه اتکپال خبرنگار گلوع نیوز از شهر کابل.
_(2)_ بی بی سی، خبر
_(3)_ هەمان سەرچاوەی پێشوو، بی بی سی، فارسی.
_(4)_هەمان سەرچاوەی پێشوو، بی بی سی، فارسی.
_(5)_ ئای تیڤی نیوز، فارسی.
وێنەكە: كارزای، حیكمەتیار، عەبدوڵا. لیژنەی هەماهەنگی و ئاشتی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
مەریوان قەرەنی: سەرۆك و فەرهەنگی خۆنەچەماندن
شهریف ههژاری: بۆچی ئەمریکا تاڵیبانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵات!؟
د. سەردار عەزیز: کەوتنی کابول
نیاز حەمید: کێ لە پشت تیرۆرکردنی ویداد ئایدن و ویداد حوسەینە ؟!.
کەمال جەمال موختار: شەڕی زڕئامۆزاکان بەرەو کوێ؟ (بەشی یەکەم)
سەرتیپ قەشقەیی: حکومهتى موختارهکان !
عوسمانی حاجی مارف: یەکێتی لەمیانەی گێژاوی نەخشەی سیاسی بافڵ و لاهوردا!
شەماڵ عادل سەلیم: ئۆلیڤەر کرۆموێلەکانی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ گورک دەخۆن و لەگەڵ شوانیش دەگرێن
ئارام سەعید: وەهمی دیموکراسی!
دلێر محەمەد نوری: ئەخلاقی سەربازی کورد لە شەنگال و ناوچە چۆڵکراوەکاندا