لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

تا درزەکە گەورەتر نەبوە

Sunday, 08.29.2021, 07:27 AM



                               "ئەوانەی رابردو لە بیردەکەن، مەحکومن بە دوبارەکردنەوەی"

                                                      جۆرج سانتایانا
                                                               ١٩٠٥

رەنگە کەم نەتەوە هەبێت لە دونیای هاوچەرخدا، هێندەی کورد سیاسی ونبو لە خەیاڵی قارەمانێتی و فانتازیای ئیرادەو داستانی پاڵەوانێتی هەبێت.

خەیاڵی سیاسییەکانی ئێمە لە شوێنێکە، نە شکست دەناسێ، نە چۆکدادان و چەمانەوە، بێئاگا لەوەی نەتەوەیەکیان روبەڕوی هەڵوەشانی ناوەکی و شکستی ئیرادەو ملکەچی کردوەتەوە.

سیاسییەکانی ئێمە خاوەنی خەیاڵێکی ناواقیعی و پڕ لە غرورن، غروری پیاوەتی، غروری خێڵەکیانە، غروری ئازایەتی، غرورێک وەک تەمێکی ئەستور بەرچاوی تاریک کردون و دەرفەتی گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی روداوەکانی چەند ساڵ پێشتری ژیانی خۆشیانی بیر بردونەتەوە. ئاخر مەعقول نییە تۆ پێتوابێ لە وڵاتانی عەرەبی وەک میسر، تونس، لیبیاو عیراق ناچیت، تۆ لە ئەفغانستان و سەرۆکە راکردوەکەی و جەنەڕاڵە گەندەڵ و شکستخواردوەکەی ناچیت، لەکاتێکدا وێڕای بونی جیاوازیش، بەڵام لە دەیان شاڕێگەوە دەچیتەوە ناو دونیا سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناشیرینەکەی ئەوان. ئەگەر وا نەبێ دەبێ خەیاڵی بێ خەیاڵیان بەرەو ئەوەی بردبن، کە لە پاریس و نیویۆرک و لەندەن دەچن.

سیاسی هۆشیار، حیزبی بەئاگا، نەتەوەی زیندو، بۆ هەر روداوێک کە لە دەوروبەریدا رودەدات، دەیانجار پێداچونەوە بە خۆی، بە رەفتاری سیاسی و کارەکانی دەکات. سیاسییەک کەمێ ئاگایی و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبێت بە رستەی ئامادەی تێپەڕو نەغمەی شۆڕشگێڕانە وەڵامی پێشهات و گۆڕانکارییە مێژویی و سیاسییەکان ناداتەوە، لەبری ئەوە هەڵوەستەی جددی و پێداچونەوە دەکات، ئامادەکاری بۆ پێشهات و روداوە تازەکان دەکات، کە ئەگەری رودانی هەرگیز مەحاڵ نییەو ئاساییە لە هەر چرکەساتێکدا روبدات.

کورد لە ناوچەیەکی ئارام و دیموکراسیدا ژیان ناکات، تا بێباکانە لە بەرامبەر روداوە سیاسییە دراماتیکییەکاندا، خوێن ساردانە لێدوان و بەیاننامە بڵاوبکاتەوەو پێیوابێ هاوکێشەو پەیوەندییە سیاسییەکان چۆنن هەروا دەمێننەوە. ئێ خۆ دور نییە ئەشرەف غەنی و دوستەمیش چەند مانگ بەر لە کەوتنی کابول هەروایان بیرنەکردبێتەوە، چونکە ئەوانیش مەستی ژمارە بون، ژمارەی چەکدارو وڵاتانی هاوپەیمان، بەڵام لە چاوتروکانێکدا، هەمو شتێک ژێرەوژور بویەوە، کاتێک ئەمریکا هەمو شتێکی لەگەڵ تاڵیباندا بڕاندەوە، ئیدی نە ژمارەی زۆری چەکدار فریای کابول کەوت، نە جەنەڕاڵی نەخشێنراو بە میدالیای رەنگاوڕەنگ. هۆکارەکەشی سادە و رونە، سیاسییەکانی ئەفغانستان لەنێو خێزان و بنەماڵەو ژورەکانی خۆیانەوە سەیری ژیانی ئەفغانییەکانیان دەکرد، جۆرێک لە سەیرکردن هەرگیز نەیانویست بڕوا بەو راستییە بهێنن، کە جیاوازییەکان گەورەو زەبەللاحن، درزی نێوان ژیانی سیاسییە بڕیار بە دەستەکان و خەڵکی ئاسایی تا دێ بەرینترو فراوانتر دەبێ. سیاسییەکان کاتێک خۆیان لە بینین و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی درزە کۆمەڵایەتییەکە دەدزییەوە، هەمانکات درز بەرەو کەلێن و قڵیشێکی گەورەی ترسناک دەڕۆیشت، قڵیشێک سەرەنجام سەرۆکی بە کۆشکە رازاوەکەی و جەنەڕاڵیشی بە ئەستێرەو میدالیاکانی سەر شان و سنگییەوە هاوشانی دەست و پێوەندەکانیان، بە یەکەوەو لە گۆڕانێکی دراماتیکیدا بەرەو چارەنوسێکی مێژویی نادیار لوشدا.

کاتێک سیاسییەکان ناتوانن دەوڵەت بۆ هاوڵاتیانیان دابمەزرێنن، کاتێک مرۆڤی ئەفغانی لەژێر سایەی دەسەڵاتی غەنیدا لەوپەڕی هەژاریدا دەژی و هەست بە دڵنیایی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناکات، کاتێک ماف و ژیان و کەرامەتی رێزلێگیراو و پارێزراو نابێت، لەوەش خراپتر دەوڵەت لە بری بەخشینی ئارامی و ژیان بە هەموان، دەبێتە ئامڕازی بەشینەوەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دەست نوخبەیەکی بیرۆکرات و گەندەڵ، ئیدی دوبارەبونەوەی روداوە سیاسییەکانی ئەفغانستان لە فۆرمی جیاوازتردا لە هەر جێگەیەکی دیکەی ئەم رۆژهەڵاتەدا، کە دەموچاوی سیاسییان لە سەروسیمای کابولییەکان دەچێت، ئەگەرێکی دور لە چاوەڕوانی نابێت.

سیاسی هۆشیار ئەوەیە نە تەنها لە ئەزمونی وڵات و نەتەوەکەی خۆی، بەڵکو سود لە ئەزمون و روداوەکانی دەرەوەی خۆیشی وەردەگرێت و بە بەیاننامەی حەماسی و کرچ و کاڵ وەڵامی روداوەکان ناداتەوە. ئەوانەی کە غروری شۆڕشگێڕانەو هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیان دەرفەتی ئەوەیان پێنادات روداوەکان بکەنە ئەزمونی ژیانیان، دەبێ دوبارەبونەوەی روداوەکانی لە شێوەی ئەفغانستان لە وڵاتەکانیان وەک خەیاڵێکی ناواقیعی نەبینن، چونکە رونە درز چارەسەری بۆ نەدۆزیتەوە دەبێتە شەبەقێکی گەورەو توانای قوتدانی غروری سەرۆک و جەنەڕاڵیشی بە یەکەوە دەبێت.

نە ئەفغان دوای بیست ساڵ لە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، نە کورد دوای سی ساڵ لەو هاوکاری و پشتیوانییەی رۆژئاوا، نەیانتوانی ببن بە مۆدێلێکی دیموکراسی و دەسەڵاتێکی نیشتیمانی دادپەروەر، نەیانتوانی کۆی هاوڵاتیان بە جیاوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیتنیکییەکانەوە، لەژێر سێبەری دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیدا یەکبخەن و دەوڵەت بکەن بە داکۆکیکارو پارێزەری هەموان. کۆی ئەو کۆمەک و پشتیوانییە دەرەکییە تا ئێستا لە بونیادنانی نەتەوەو تێپەڕاندنی یەکە بچوک و لۆکاڵییەکان لەناوەوەدا، ئەنجامێکی سیاسی جێگە متمانەی نە لە ئاستی دەرەکی و نە لە ئاستی ناوەکیدا، بە دەست نەهێناوە.

دوای بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان قسەکانی بایدن رێک و راست پێیگوتین، ئێمە لە بونیادنانی دەوڵەت بۆ هەموان، لە بونیادنانی نەتەوە لە ئەفغانستان سەرکەوتو نەبوین، ئامادەش نین دەوڵەت و نەتەوە لەسەر خوێن و سامانی ئەمریکاو ئەمریکییەکان بۆ کەس دروست بکەین، پەیامێک دەبێ بەغداو هەولێر، وردترو عاقڵانەتر مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا بکەن، چونکە شکستی ئەمریکا لە پێکهێنانی دەوڵەت و دامەزراوەی نیشتیمانی لە کابول، هەمان شکستە کە لە بەغداو هەولێر دوچاری بوەتەوە. ئەو مۆدێلی دەسەڵاتە سیاسی، ئیداری، ئابوری و سەربازییەی لە بەغداو کوردستاندا بونی هەیە ناکۆکە بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی و مافی هاوڵاتیبون، مۆدێلەکەی کابولیش هەر ئەوە بو، بۆیە کارێکی عەقڵانی و بەرپرسیارانە نییە، دوبارەبونەوەی روداوەکان لە ژێر تەپوتۆزی دروشمی شۆڕشگێڕانەو بەیاننامەی حەماسیدا، وەک مەحاڵ پێشانبدرێن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟