وتار
٣١ ی ئۆگۆست نێوان خیانەتو " الافسد" دا
Wednesday, 09.01.2021, 09:42 AM
لە گەڵ مندا زۆرینەی مەردەم تێناگەن و سەرسامیشن چۆن حوکمرانی هەرێم لە بنەرەتدا بە دو هێز دروستبوە و بەرێوەدەچێت کە هەندێک کردار و رەفتاری یەکتر بە خیانەت و فاسدترین پێناسە دەکەن. لە ساڵرۆژی کارەساتی ٣١ ئۆگۆست رونکردنەوەی فەرمی پارتی و یەکێتی بەو ناوەرۆکە نەشیاو و قێزەوەنە دارێژراون.
با بە یەکێتی دەست پێبکەم
یەکێتی خۆی بە وارسی شۆرشەکانی کورد پاش شکستی شۆرشی ئەیلول، کە بە ئاشبەتاڵ پێناسەی کردوە، ناساندوە. یەکێتی لە شۆرشی هەڵساندنەوەدا نزیکەی بیست هەزار شەهید و ژمارەیەکی زۆرتر لە بریندار و پەککەوتە و زیندانی بە خاک و نەتەوە بەخشیوە، ئەمە بێجگە لەو ماڵویرانیەی رژێمەکەی سەدام بەسەر کوردستاندا هێنابوی. یەکێتی خۆی بە سۆشیاڵ دیموکرات و قەڵغانە پۆڵایینەکەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیەکان پێناسە کردوە.
کاتێک یەکێتی کارێکی هەستیاری پارتی بە خیانەت ناودەبات چیان دابو لە رێکەوتنی ستراتیژی و چەندین رێکەوتنی گرنگی تر بۆ حوکمران هەولێر و پێگەیان لە بەغدا، یەکێتی حزبی شەهیدان چۆن جورئەت دەکات، چۆن ماف بەخۆی دەدات لە گەڵ هێزێکی دەسەڵاتداری یەکەم کە بە قسەی خۆیان خاوەنی گەورەترین کرداری خیانەتە ماف و خەونەکانی شەهیدان بپارێزێت و کاریان بۆ بکات.
کاتێک باسی کارەساتی ٣١ ئۆگۆست دەکات پێویستە باسێکی کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەریش بکات، ئەمە بەرگریکردن نیە لە هیچ هێز و کەسێك بەڵکو حوکمی مەنتقی دروست و واقیعی ئەو ئیلتزامە سیاسیەی چەسپاندوە.
بۆ خۆم ٣٤ ساڵ ئەندامی یەکێتی بوم بۆیە باش تێدەگەم دژایەتیکردنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی زەمینەیەکی پارادۆکسی بەهێز و لەرزۆکیش بوە بۆ بەهێزبونی یەکێتی، لەلایەک چەمکەکە یەکێتی بەهێزتر کردوە و لەلاکەشی ترەوە یەكێتی ئەو بەهێزبونەی کردۆتە چەکی شەر و ئاشتی و پچراندنی پشکی خۆی و دەسەڵاتدارانی لە گەڵ پارتیدا. جا بەشێکی دژایەتیکردنەکە رەگ و ریشەی لە کێڵگەی سەردەمی جەلالی و مەلایی یەوە هاتبێت یاخود لە گەردەلول و گێژاوی فکریەوە یاخود وەک ئیرسێکی خولەکانی شەرە ناوخپۆییەکان بێت هیچ لەو واقیعە ناگۆرێت کە یەکێتیش چاوپۆشکەر و بەهێزکەری پارتین کە بە وتەی خۆیان گەورەترین خیانەتی لە پرسی کوردایەتیدا ئەنجام داوە. خۆ یەکێتی دەیتوانی ببێتە هێزێکی ئۆپزسیۆنی بەهێز و بە وردی و مەنتقی چاودێری حوکمرانی پارتی بکات و لێشی بپرسێتەوە.
کاتێک یەکێتی بۆ بەرژەوەندی میللەت چاوپۆشیان کردوە و لە ناچاریەوە هاوپەیمانی پارتین کارێکی باشیان کردوە، بەڵام ئیتر پێویست ناکات هەمو جارێک زامەکان بوروژێننەوە و زامەکان سەرهەڵدەنەوە، خاڵی کۆتایی بەدوایدا دانێن.
پێموایە وروژاندنی ٣١ ی ئۆگۆستی ئەمساڵ بەو شێوەیە زیاتر بۆمەرامی سیاسی ناوخۆی یەکێتیەکانە، هەڵبژاردنی عێراق ئەوەندەی نەماوە، کێشەی خەستی سەرکردایەتیان هەیە، باڵە نەرم و نیانەکەی یەکێتی بەم وروژاندنە و بەو زمانە دەیەوێت پێگەی خۆی لای دەنگدەر بەهێز بکات و بە رکابەرە ناوخۆییەکەی باڵەکەش بڵێت بەس تۆ بەرامبەر پارتی توند نیت، ئێمەش بەقسە ئەوەمان پێدەکرێت بەڵام دەروازەی دەسکەوت و پلە و پایە بە روی خۆماندا داناخەین.
با بێمە سەر پارتی
پارتی لە دامەزراندنیەوە تا شکستی شۆرشی ئەیلول بەتەمەنترین و گەورەرترین هێزی باشور و بگرە کوردستانی گەورەش بوە، بنەماڵەی بارزانی لە پێش دروستبونی پارتیشەوە رۆڵی گرنگیان لە چەند شۆرش و سەرهەڵدان و روداوی هەستیاردا هەبوە و قوربانی زۆریشیان داوە، دوای بەرپابونی شۆرشی هەڵساندنەوە و لێژبونی پێگەی پارتی بێئۆقرەیی و نیەت و کرداری تۆڵەکردنەوە سەریان هەڵدا، بێگومان تاوانەکانی پارتی لە بادینان لە سەرەتای شۆرشی هەڵساندنەوە و لە کارەساتی هەکاری دژ بە یەکێتی ئاوێنەی ئەو نیەت و کردارانە بون.
پێش راپەرین پارتی و یەکێتی لە ماوەی ١٦ ساڵدا نزیکەی ١٠ ساڵ لە شاخ خەریکی شەرکردنی یەکتر بون، دوای راپەرین و لە حزوری ئەمریکا لە کوردستان هودنەیەکی سەربازی و سیاسیان سازکرد بێئەوەی چارەسەری کێشە بنەرەتیەکانی نێوانیان بکەن، قایڵ بون بە دابەشکردنی دەسەڵات و نیشتمان، ئەنجامەکەی فیفتی بە فیفتی و دو ئیدارەیی بە مەرجی برامان برایی و کیسەمان جیایی.
ئەو کاتەی یەکێتی هەستی بە هێزبون کرد و هەولێریشی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە پارتی بە پاساوی مەترسی لە فەوتان و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق پەنای بۆ سەدام برد تا دەسەڵات و پێگەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ٣١ ی ئۆگۆست زیاتر لەوەشی بۆ بەدەستهێنا و توانی بۆ ماوەیەکی کورت کۆنترۆڵی سلێمانیش بکات.
ئەم پەنابردنە و کارەساتی ٣١ ئۆگۆست پەڵەیەکی رەشە لە مێژوی ئەو حزبەدا و هەر پاساو هێنانەوەیەک بۆی دەچێتە چوارچێوەی بەرگری کوێرانەی حزبی و چەواشەکاری، باشترە پارتی دان بەو راستیەدا بنێت وپاش چارەکە سەدەیەک ئاوێک بەسەر ئەم ئاگرەدا بکات و بۆ نەوەکانی ئایندەی جێهێڵێت.
پارتی ئێستا گەورەترین و بەهێزترین هێزی باشورە و دەشتوانێت بێ یەکێتی حوکمرانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بکات، هاوکاتیش پارتی خۆی بە خاوەنی خەزێنە و جومگە هەستیارەکانی حوکمرانی دەزانێت و هەر ئەویش چەندین کارئاسانی بۆ بەشێک لە دەسەڵدارانی یەکێتی و گۆرانیش کردوە تا بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان پاریزراو بن، وەک وتراوە کێ پارە بدات ئەویش خاوەن بریارە، بۆیە قبوڵی ئەو زمانە زبرەی ناو یەکێتی ناکات، بەڵام خۆشی هەڵەیەکی گەورەی سیاسی کردوە کاتێک یەکێتی لە سەر کارەساتی ٣١ ئۆگۆست بە " دفع الافسد بالفاسد " وەسف کردوە. ئەمە زمانی بەرگری لە خۆ و زمانی هاوپەیمانیەتیش نیە لە گەڵ هێزێکی خاوەن مێژویەکی خەستی خەبات و سەروەری، گەر پارتی ئێستاش لەو باوەرەدایە با حکومەتێک بێ " الافسد " دروست بکات و ئەمەش تاقی بکاتەوە.
کار بەمجۆرە بەردەوام بێت بێگومان کارەساتی تر چاوەروانمانە.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٣١ ئۆگۆست ٢٠٢١
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
شهریف ههژاری: ھاتنەکەی ماکرۆن بۆ ھەولێر لە نێوان: گەورەکردن و، بچوکردنەوە دا!
دەشتی جەمال: دەبێ چ دەرسێك لەکارەساتی ٣١ ئاب وەر بگرین!
ئاشتی برایم ئەفەندی: ٣١ئابی بارزانی و ٣١ئابی ڕێبەرانی تاڵیبان!
گۆران قادر: متمانەی سیاسی لەنێوان (لەدەستدان وبنیادنانەوە)
خۆشەوی کەمال: ئەفغانستان و گەمەی نێودەوڵەتی بە خوێنی ئەفغانیەكان
جهعفهر عهلی: تا درزەکە گەورەتر نەبوە
سامانی وەستا بەكر: ترسێکی مەشروع
دلێر محەمەد نوری: پەلەی مەرگی یەکێتیان چی بوو؟
هیوا خۆشناو: پێکدادانی تورکیا و ڕوسیا ئەگەرێکی زۆر بەهێزە
عەبدوڵای مەلا نوری: یەکێتی و مافی خەڵک!