لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

قەیرانی دەسەڵات لەعێراق‌و بنبەستی هەڵبژاردنی پێشوەخت!

Friday, 09.17.2021, 08:23 AM


بەدوای رووخانی حکومەتی بەعسی ناسیونال فاشی و پاکردنەوەی دەسەڵاتی سەدامێک کە نمونەی گەورەترین کەسایەتی سەرکوتگەرو دڕندەو دژی ئینسانی بوو، عێراق پێشوازی لەگەورەترین ئاڵوگۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو جیاواز لەمێژووی خۆیدا کرد، ئاڵوگۆڕێک کە هەموو شتێک لەیەک ترازاو لەبەریەك هەڵوەشایەوە.

نەخشەکانی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکاو خوڵقاندنی شەڕی کەنداو، عێراقی خستە بەردەم چارەنووسێکی وەها نادیارو سەرگەردانەوە کە لەتوانای هیچ لایەن و هێزێکدا نیە سەقامگیری سیاسی بۆ عێراق لەئایندەیەکی  نزیکدا بگەڕێنێتەوە. ئەو هێزە سیاسی و میلیشیایانەی بوونە پێکهاتەی ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتی حکومەتی بەعس، لەهێزە ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستەکانەوە، خەڵکی عێراقیان خستە ناو چوارچێوەی دۆخێک پڕاوپڕ لە گێژاوی سیاسی وەها نائینسانیەوە کە بەردەوام لەبەرامبەر چاوەڕوانیەکی بێ ئاسۆو تاریکدابن.


پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستانە، ئەو بەڵایەی بەرهەم هێنا کە تائێستاش کابوسێکی مەترسیداری بێ کۆتاییە بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقەوە، ئەمانە عێراقیان لەزەلکاوێکی وەهادا چەقاندووە کە هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوەبکات کەی ئەم زەلکاوە وشک دەکات و دەپوکێتەوە!.



پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستانە، ئەو بەڵایەی بەرهەم هێنا کە تائێستاش کابوسێکی مەترسیداری بێ کۆتاییە بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقەوە، ئەمانە عێراقیان لەزەلکاوێکی وەهادا چەقاندووە کە هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوەبکات کەی ئەم زەلکاوە وشک دەکات و دەپوکێتەوە!.

حکومەتی تەوافقی ئەو هیزە میلیشیا کۆنەپەرست و دژە ئینسانی و جەردانە، نوێنەری خوڵقێنەری گەورەترین دۆخی دزی و جەردەیی و تاڵانی و قۆرخکردنی تەواوی سەروەت و سامانی عێراقن، کە لەلایەک کەڵەکەکردنی سەرمایەیەکی بێشوماری بەسەدان ملیۆن دۆلار بۆ بەرپرسە حزبیەکان و پلەباڵاکان، لەلایەکی ترەوە تەشەنەی هەژاری و نەداری و بێکاری بۆ ڕیزێکی بەرین لەدانیشتوان کردۆتە ئەمری واقع، جگە لەخوڵقاندنی ژیانێکی ڕۆژانەی نائارامی پڕمەترسی لەتەقینەوەو شەڕی تائفی و کوشتارو تیرۆری بەردەوام.

هەژدە ساڵە دانیشتوانی عێراق لەسایەی نەخشەو سیاسەت و دەخالەتی دەوڵەتی ئیمپریالستی ئەمریکاوە بێبەش نەبوون لەهەموو ئەو سیناریۆ جەنجاڵ و تاریک و کارەساتانەی کە کۆماری ئیسلامی ئیڕانیش بەشێکی سەرەکی بووەو دەوری لەوێرانکاری عێراقدا گێڕاوە، حکومەتی تەوافقی عێراق هەمیشە ملکەچ و پاشکۆی تەواوی ئەو سیاسەت و دەخالەت و ململانیانە بووە کە دەوڵەتی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە لەمەیدانی سیاسی عێراقدا ڕۆڵیان تیێدا گێڕاوە، بەمانایەک قەیرانی دەسەڵات و ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی هێژمونی ناوەند، کێشەیەکی گەورەی دۆخی نالەباری پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسییە لەعێراقدا.

هەر بۆیە هەڵبژاردنەکانی عێراق جگە لەوێنایەکی کاریکاتۆر شتێکی ترمان نیشان نادات، پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق لەڕیزی نموونەی هەرە گەندەڵترین و ڕیسواترین دەسەڵاتی سیاسیە لەجیهاندا، لە هەمان کاتدا بینیمان کە بەشدار بوون لە هەڵبژاردنەکاندا جار بەدوای جار کەمترین ڕێژە لەدەنگدەر چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کە دوایین هەڵبژاردن، نموونەیەکی بێوێنەی ئابڕوبەرانەی بایکۆت درا بە رووی حزبەکانی بەشدار لەو هەڵبژاردنەدا، قەیرانی دەسەڵات و ناجێگیری سیاسی و نەگونجان و قڵشتی فراوانی بەینی دەسەڵات و خەڵک هەمیشە ڕوکنێکی بنەڕەتی دەسەڵاتی سیاسی بووە لەعێراقداو کاریگەری تەواوی لەسەر مەزاجی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک داناوە.

بەهەر جۆرێک لەدرێژەکێشانی هەژدەساڵ لەهەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی نالەبارو بێ ئومێدی لەعێراقدا، ڕیزی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری توڕەی عێراق سەرهەڵدان و پێشڕەویەک لەنموونەی ڕاپەڕین و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەی مافیاکانی سەر بەئێران و ئەمریکای نیشانداین، کە توانی قەیرانی دەسەڵات بگەیەنێتە ئاستێکی زیاتر لە بنبەستی ڕێکەوتنی هێزە میلیشیاکانی بەشدار لەدەسەڵاتی سیاسیدا، تا ئەو رادەیەی ناچار بوون حکومەتەکەیان هەڵوەشێننەوە و حکومەتێکی کاتی پێکبهێنن، لەهەمان کاتدا بەهیچ جۆرێک دەستیان نەپاراست لەتیرۆرکردنی ڕیزێکی بەرین لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتییەکان.

کێشەیەک کەپێویستە ئێستا لەمەیدانی سیاسی عێراقدا بەهەند وەربگیرێت کێشمەکێشی توندو ڕانەوەستاوی نێوان جەماوەری خەڵک و دەسەڵاتە، بەجیا لەوەی هێزە میلیشیاکان دوای چەندین ساڵ لەئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی گەورەترین شکست و قەیرانی سیاسی و دەسەڵاتیان نیشاندا، لەهەمان کاتدا دەرگیرو مایەپوچ بوون لەسازدانەوەی حکومەتێک کە بتوانێ ڕێکەوتنی تەواوی لایەنەکان بگونجێنێت، ڕاپەڕینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لەبەغداو شارەکانی خوارووی عێراق ڕۆڵێکی شایستەو بەرچاوو گرنگی بینی لەزیاتر شکست پێهێنانی ئەو دەسەڵاتەی هۆکاری گەورەترین نائارامیە لەهەلومەرجی سیاسی عێراقدا، حکومەتی کازمی و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەهیچ جۆرێک ناتوانێ ڕۆڵ و پێگەی ئەو هێزە سیاسیانەی دەیانەوێت حکومەت ڕێکخەنەوە جارێکی تر پێکەوە بگونجێنێت، چونکە لەلایەک هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکە لە ڕاستای ئاڵوگۆڕێکدا خۆی نیشاندەدات کە دەوری جەمسەرە ئیمپریالیەکان و وڵاتانی ناوچەکە هاوکێشەیەکی سیاسی وەهای فەراهەم هێناوە، ئاستی هاوسەنگی هێز ناڕۆشنە کە بە قازانجی چ لایەک دەگیرسێتەوە، واتە گێژاوی سیاسی دژوارترو  نالەبارتر دەردەکەوێت، لەلایەکی ترەوە بەهەر جۆرێک لە پاشەکشەو ڕاگرتنێک لە ئەزمونی ڕاپەڕینەکانی مەیدانی ئازادی بەغداو شارەکانی خوارووی عێراق، ئاشتبوونەوەی جەماوەری ناڕازی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەو هیزە میلیشیاکاندا بەمەحال سپێردراوە، کوشتاری بەکۆمەڵ و تیرۆرو سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان دوژمنایەتیەکی بێهاوتای لەنێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵاتی هێزە میلیشیاکان دروستکردووە. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین قەیرانی دەسەڵات لەهەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق و لەسایەی دەوری هێزە ئیسلامی و تائفی و بزوتنەوەی عروبەو کوردایەتیدا ئاسۆیەکی ڕۆشنیان نیە.

ئەوەی پێویستە دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دەورەیە قسەی لەسەر بکەین، ئەوە گرنگ نیە کە دەتوانن هەڵبژاردن لەکاتی خۆی یان لەهەرکاتێکی تردا ئەنجامی دەدەن، یان بەهەر ساختەو فروفێڵک ئەم هەڵبژاردنە تێدەپەڕێنن، بەڵکو پێویستە کێشەکە لەو لایەنەوە بۆی بڕوانین کە ناتوانن وەڵام بە قەیرانی دەسەڵات بدەنەوەو ناتوانن حکومەتێک لەسەر بنەمای ئەم هەڵبژاردنە پێکبهێنن، هەلومەرجەکەو پێگەی سیاسی هەریەک لەو هێزە میلیشیایانە بەجۆرێکە لەناو زەلکاوی بنبەست و شکستدا گەمەو ململانێی سیاسی دەکەن، ئیمکانی ئەوەیان نیە بتوانن هیچ جۆرێک لە ڕێکەوتن ئەنجامبدەن، ئەم هەڵبژاردنە تەنها گاڵتەجاری نیە، بەڵکو ئەگەری ئەوە زۆرهەیە کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت.

سیناریۆی لوتکەی بەغدادیش تەنها ڕیکلامێک بوو و ویستیان ئەوە نیشان بدەن دۆخی عێراق ئاساییەو  دەتوانن هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەن. هەر بەم شێوەیە خەڵک کێش بکەن بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام نە ڕیکلام و نە هەڵبژاردن و نە پێکهێنانی حکومەتی دوای هەڵبژاردن، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ڕۆشنایی و ئاسۆیەک نیشان بدات، کەئەو هێزە تائفی و مەزهەبی و نەتەوەپەرستانەی چەندین ساڵە ئەزمونی گەورەترین کێشەی قەیرانی دامەزراندنی حکومەتێکی سەقامگیریان هەیە، تا بتوانن دۆخی عێراق ئاسایی بکەنەوە. ئاسایی بوونەوەی عێراق پەیوەستە بە ڕاماڵین و کۆتایی هێنان بەو هێزە میلیشیا تائفی و مەزهەبی و نەتەوەپەرستانە، هەربۆیە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ ئەم هەڵبژاردنە!

ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە پێویستە مانای پەرچەکرداری جەماوەری ناڕازی لەبەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا چۆن خۆی بنوێنێت. جەماوەرێک کە چەندین سەعات و ڕۆژو مانگ لەمەیدانەکانی شاردا ڕاوەستان و داوایان کردو ڕایانگەیاند دەبێت ئەم دەسەڵاتە هەمویان بڕۆن، کۆتاییان پێبێت و بڕوخێت. جێگای خۆیەتی لەبری ئەوەی بڵێین بایکۆت یان نەچوون بۆدەنگدان، ئەوە دروسترو عەمەلی ترە بۆ هەر هێزێکی سیاسی و ناڕازی بەم هەلومەرجەی ئێستای دەسەڵاتی سیاسی لەعێراقدا، لەبەرامبەر تەواوی پرۆسەی سیاسی ئەم گروپ و دەستەو تاقم و هێزە میلیشیایانەدا بوەستێتەوە، دروشمی نەخێر بۆ هەڵبژاردن بەرزکەینەوە، بە مانایەک لەهەوڵی هاندان و دووبارە رێکخستنەوەی راپەرین و جەماوەری ناڕازیدا بین لەگەرەکەکان و مەیدانەکانی شاردا بۆ بە شکست گەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەو هەوڵدانی بۆ ڕووخان و ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتەو کۆتایی هێنان بەهێزی میلیشیا. پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە بایکۆت بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەک کارساز نیە بەڵکو لەباری عەمەلییەوە گەڕانەوەیە بۆ قۆناغێک پێش ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانی جەماوەری ناڕازی شارەکانی عێراق، چونکە سیاسەتی بایکۆت لەم دەورەیەدا دامرکاندنەوە و ناردنەوەی جەماوەری ناڕازیە بەدەستی بەتاڵ بۆ ماڵەوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟