لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لێبوردەیی لە سەر حیسابی حەقیقەت

Saturday, 09.18.2021, 01:56 PM


پێویستە ڕێزی بەرامبەر بگرین. پێویستە لێبوردەبین. دەبێت بڕوامان بە ئازادی دەربڕین هەبێت. ئەمانە کۆمەڵێک دەربڕینی هەنوکەین لە پانتایی ڕۆشنبیری کوردیدا، کە زۆرکەس "بێ توانایی و بێ جورئەتی" خۆی لەپەنایاندا دەشارێتەوە.
سەیر ئەوەیە ئەم بیرکردنەوەیە بۆتە دۆگما و شتی پیرۆز بەجۆرێک کە ناتواندرێت بیریشیان لێبکرێتەوە. ئەڵبەت ئاساییە بۆ عەوام کە بەسروشتی خۆی ڕواڵەتییە و ئەقڵی لەچاو و گوێیدایە، ئەوەی دەیبیستێت و دەیبینێ هەر ئەوە حەقیقەتە. بەڵام ئەمە بۆنوخبە ئاسایی نییە، شەرم هێنەرە و کارەساتیشە نوخبەی ڕۆشنبیرو عەوام یەک دونیا بینییان هەبێت یەک ڕوانگەو بۆچونیان هەبێت بۆ مەسەلە گشتییەکان یان بابەتە ئەبستراکتەکان . تەساموح ئەوەنییە من نەتوانم لەبەر ڕەزایەتی گشتی ڕەئی خۆم دەرببڕم. چونکە عەوام قسەکردن لەسەر دین و حیزب ئایدیۆلۆژیا و پیاوی ئاینی بە گوناه دەزانێت  منیش بەگوناهی بزانم. وەک جۆن ستیوارت میل دەڵێت "ڕەتی دەکەمەوە چاودێری فیکری خۆم بکەم بۆ ئەوەی لەگەڵ جەهلی تۆدا بگونجێت"
بەگوێرەی ئەم لۆژیکەی ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان باوە، فەیلەسوفە ڕۆشنگەرەکان ، ئەوانەی کەچرای ئەقڵیان هەڵکرد و بەرچاوی مرۆڤیان ڕۆشنکردەوە ، ئەوانەی توانییان پێبخەنە هەرێمی لاهوت و دەسەڵاتەکەی ، ئەوانەی کەوتنە بەرغەزەبی جەهلی عەوام و سوڵتەی دینی کەسانی نا لێبوردە بوون چونکە ڕێزیان لە بۆچونی خەڵک نەگرت و دەستیان بۆ پیرۆزیەکان برد!بەڵام لەڕاستیدا ئەوە گاڵتەجاڕییە گاڵتەجاریەک کە کەمتەرخەمی و بەکێشە نەبونی پرسی حەقیقەتە لەلای ئەو ئەفەندیانەی خۆیان ناوناوە نوسەرو ڕۆشنبیر. ئەوانە نەسەربەخۆن لەبیرکردنەوەدا ، نە ئەو جورئەت و توانایەشیان هەیە سەربەخۆبن. کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ناڕەسەنمان هەیە کە لە عەوام دوڕوتر مەراییکەرترن بۆ دەسەڵات . لەژێرناوی تەساموح و ڕۆشنبیریدا بونە پارێزەری عەوام و ڕۆژی پێنج جاران بەڵێن دوپات دەکەنەوە کە ئەوان قسە لەسەر پیرۆزیەکان ناکەن، کاریان بەسیاسەت و فیکری خەڵک نییە. " . لەڕاستیدا زۆربەی هەرەزۆری نوسەرو شاعیرو ڕۆشنبیرەکانمان توانای وەستانیان نییە لەبەرامبەر حەقیقەتەکانی عەوامدا، و حیزبین، یانیش خۆبەکەم زانن، یانیش هەرلەبنەڕەتدا باڵۆنێکن عەوام فوی تێکردون، ئەترسن پوچ ببنەوە، بۆیە بەردەوام مەرایی عەوام دەکەن و نزیکی قەرەباڵغین. ئەم جۆرە نوسەرو ڕۆشنبیرو وتاربێژ و کۆڕگێڕانە جۆرێکن لە مامۆستای ڕاهێنەر ی گەشە پێدانی مرۆیی نەک ڕۆشنبیر.
هەرکەس ئازادە و ڕەئی خۆیەتی ئۆکەی، منیش دەڵێم هەرکەس ئازادە، لێ کاتێک تۆ بۆعەوام دەنوشتێیتەوە، کاتێک جورئەتت نییە لەبەرامبەر عەوام بوەستی کاتێک وەک ئەوان بیردەکەیتەوە کەواتا نازناوی ڕۆشنبیرو توێژەر و  هتد . . . لەخۆت بکەرەوە. ئەمە بەو واتایە نییە کە نوسەر یان ڕۆشنبیر دەبێت دونیایەکیتر بۆخۆی دروستبکات و لوتبەرز بێت لەئاستی خەڵکی ئاسایی، بەڵکوو بەو واتایەیە هەموکەس نازانێت ، ناتوانێت دروست بیربکاتەوە لەهەمووی گرنگتر هەموکەس ناتوانێت لەئاستی حەقیقەت بوەستێت ڕەنگە ئەرکی هەمووکەسیش نەبێت! کەواتا ڕۆشنبیر بیرمەند واتا ئەو کەسەی بیردەکاتەوە، لەسەروی دین و حیزب و ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوەی لەپێناو باشترکردنی ژیانە لەپێناو حەقیقەتە.   بەڵام کایەی فیکر ئەوەندە داڕوخاوە کە مرۆڤ بە زەحمەت دەتوانێت خۆی بگرێت و قاقا پێنەکەنێت بەرامبەر ئەم تەرزە لەبیرکردنەوەیەی ڕۆشنبیرو نوسەرانێک کە ڕەخنەو جنێو دان لێک جودا ناکەنەوە. جیاوازی نێوان بۆچون و حەقیقەت ناکەن. وەک هانا ئارێنت دەڵێت :خەڵکی ئاسایی پێیان وایە حەقیقەتیش هەربۆچونێکە وەک بۆچونەکانیتر . هەربۆیە دەبینین ئەمڕۆ زۆربەی تاکەکان پێیان وایە هەموو حەقیقەتەکانیان دەرخ کردووە، هەموان لەسەرحەقن هەرکەس دەنوسێ بۆخۆی دەنوسێت و ڕای خۆیەتی و تەمام!ئیتر جیاوازی دانایەک و گەمژەیەک نیە! ئەوەی فەیلەسوفێک دەیڵێت وئەوەی کادرێکی "حیزبی کوردی "دەیڵێت هەر یەک شتە. مرۆڤ وەک چۆن حەزی لەجۆرە سێوێکە ئاواش حەزی لەجۆرە بیرو باوەڕێکە ، وەک چۆن کەس ناتوانێت ڕەخنە لەسێو خواردنەکەمان بگرێت کەسیش بۆی نییە ڕەخنە لەبیروباوەڕەکانمان بگرێت. بەم شێوەیە لەناو غروری زانینی ساختەدا نقوم بوین. ئەم دۆخە  لە بێ پرەنسیپی لەبیرکردنەوەدا ، ئەم جۆرە لۆژیکە ساختەیە، ئەم سەفسەتەیە دونیابینیەکی خراپی دروستکردوە، وای لێهاتووە کە خەڵکێک بەشانازییەوە جاشایەتی فیکری بکات بۆتورک، بۆ عەرەب و . . . نەمانی جدیەت و پرەنسیپ لە بیرکردنەوەو قسەکردن، لە گوێگرتن و گوێنەگرتن ئەو دونیا خراپ و وێرانەی بۆ خوڵقاندویین . . .
حەقیقەت و ڕاستیەکان بەژمارە دەپێورێن، هەرشتێک زۆرینە حەزی لێبوو حەقیقەتە!ئەم گەمژانە لە لایەنگری حەقیقەتیشدا دیموکراسی پەیڕەو دەکەن، هەربۆیە ئەمڕۆ حەقیقەتیش بۆتە قوربانی پڕوپاگەندە و جەماوەر کۆکردنەوە بۆی ئەگەر بەکڕینیش بێت!لەم ناوەندەدا ئەوەی دەبێتە قوربانی ڕاستیەکانن، ئەوانەن کە وێڵی حەقیقەتن تەنانەت جدیەت لەبیرکردنەوەدا وەک شتێکی نامۆ سەیر دەکرێت و قسەکردنیش بەهایەککی نەماوە، ئەم دۆخە دەسەڵات و میدیاو دەربارەکانی لەپشتییەوەن. کاتێک بیرکردنەوەو قسەکردن بەهای نامێنێت دەسەڵات ئەرخەیان دەبێت چونکە ئیدی کەس ناتوانێت کارێک بکات ، چونکە وتنی ڕاستی لەبەرامبەر درۆکانی دەسەڵاتداران یەکسان دەبێت. کۆمەڵێ درۆزنی گەورە کەخاوەن توانای نائاسایی درۆکردنن دەتوانن وڵامی هەموو پرسیارێک بدەنەوە! بەیەک نمونە سەدان مەلەفی دزی و خیانەت لەبەرامبەر وڵامێکی درۆینەدا پوچ دەبێتەوە یان ئەسڵەن نابێتە کێشە بەڵام هەواڵێکی موچە زۆرترین خوێنەری هەیە . ئیتر هەرکەس بتوانێت وڵامی تۆمەتەکان بداتەوە بێ بەرییە. تاکیکورد لەسەر چاوکراوەییەکی ساختە ڕاهاتووە ئەوەی کە دەیخوازێت ئەوەی لەبەرژەوەندیەتی ئەوە حەقیقەتە ! ئیتر سەرکردەیەک کە نیوەی نیشتیمانەکەشی فرۆشتبێت ئەو پشتیوانی دەکات، دژایەتی ئەوەش دەکات کە هەموو ژیانی ببەخشێتە نیشتیمانو چاکەی گشتی مادام ئەو حەزی پێناکات . بەم شێوەیە سیاسی بچوک وخائین گەورە دەکرێن و خەڵکانی هەلپەرست و بێ مێشک  دەبن بە پێشەنگ. . . هیچ گەمژەیەکیش خۆی بەسوقڕات ناگۆڕێتەوە لەکۆتایدا ئەوەی قوڵبێتەوەئەوەی دور بڕوانێت و ئەوسەری کێشەکان ببینێت، ئەوەی نەی هەوێت لەسەرحیسابی داهاتو ئێستای خۆشبکات، ئەوەی جدی و بەپرەنسیپ بێت دیکتاتۆرو توند ڕەوە!هەر خۆی پێ ڕاستە. بەم شێوەیە جدیەت و تەتەڕوف و تەخەلوف لەتەرازوی عەوامدا یەک قورساییان هەیە. فەیلەسوفێکی ڕۆشنگەرو بیڕمەندێکی دینی لەتای یەک تەرازودان ، بۆچون هەربۆچونە!لێرەدا جیاوازی بیرکردنەوەی ئەقڵانی و نائەقڵانی، فەلسەفی و دینی، بەیەک چاو سەیر دەکرێن. بەڵێ هەمووشتەکان وەک یەکن کاتێک ئێمە کوێرین. هەموو ئەو قسانە بەواتای ئەوەنییە کە دژی ئەودەربڕینانەی سەرەتابین، بەڵکو بۆئەوەیە  تێبگەین کە تەساموحی ناپێویست ئەنجامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە و لەسەر حیسابی حەقیقەت دەبێت. لەئەنجامدا جیاوازی زانین ونەزانین کاڵ دەبێتەوە و نەزانینیش خۆشترە، بۆیە بەرەو نەزانی زیاتر دەڕۆین، کە دواجار هەموو کوێرایەتیەکان لەنەزانیەوە سەرچاوە دەگرن. دەمەوێت بڵێم ئەوەی کە لەبەر ڕێزی ئەوانیتر سازش لەسەر بۆچونەکانی دەکات، ڕێزی خۆی نەگرتوە، ئەوەی باوەڕی بە ئازادی ڕەئی بۆخۆی نەبێت درۆزنەو باوەڕی بەازادی ئەوانیتریش نیەو ئەنگێزەی تری هەیە!  ڕێزگرتن لەخەڵک و دینی خەڵک شتێکە و بیرکردنەوەی لۆژیکی و ئەقڵانیە ت شتێکیتر .  


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟